کچە گەریلاکانی یەپەگە و پەکەکە

Sunday, 20/11/2022, 18:26

4432 بینراوە


خۆ ئەگەرمن  کچ بوومایە لە دێهاتێکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی، بێ یەک و دوو دەبوومە  گەریلایەکی پەکەکە، ئانژی شەرەڤانێکی یەپەگە.


لەم لاو لەولا دێتە بەرگوێمان گوایە پەکەکە کچان بەکار دەهێنێت بۆ مەبەسی خۆی. بێگومان من باسی ئەو کچانە ناکەم کە لە دانشگاکانی باکوری کوردستان دەخوێنن و بە کارامەیی و بە باوەڕەوە بەشدارن لە بڵاو کردنەوەی فکرەی فەمینیستی بە مەبەسی ڕزگارکردنی کچان لە چەپۆکی پیاوسالاری و لە یاسا کۆمەڵایەتییە زەبرەکان، چونکا پەکەکە تەنھا پارتی سیاسییە کە ئایدیۆلۆژییەکەی ئازادکردنی ژنانە. وەک ئەو خاتوونەی کە لەم داوییەدا لە کوردستانی باکورەوە هاتبوو بۆ هاندانی کچانی باشور بەو ئارەستەیەدا، ئەوە بوو بە دەستی چەپەڵی میت تیرۆر کرا. من باسی ئەو کچە دێهاتییە دەکەم کە پێی باشترە لەو دەشت و کێوە بە ئازادی بژی لە بری ئەوەی باوکی لەسەر نامەیەکی دڵداری، لە گەوڕی ئاژەڵەکانیا زیندە بەچاڵی بکا، پاش ئەوەی کە دەچێتە نهۆمی سەروە و چەند سورەتێکی قورئان دەخوێنێت هەتا خودای تەعالا ڕازی بکا بە کارەکەی، پاشان بە مرخە مرخ  بێ خەم لێی دەخەوێ لە جێگەدا. پشکنینی پزیشکی پشتڕاستی ئەوەی کردۆتەوە کە کچە زیندەبەچاڵ کراوە، چونکا خۆلیان لە سینەیدا دۆزیوەتەوە. لەو کاتەدا کە باوکی پرخە پرخی دەهات لە نهۆمی سەرەوە و ئەویش لە ژێرزەمینەکەدا بە هێواشی دەخنکا. مەلابانگانیش پێش ئەوەی بچێت نوێژی بەیانیانی بەکۆمەڵ بکا، لە مزگەوتێ، سەرێکی لە ژێر زەمینەکەی داوە، هەتاوەکو دڵنیا بێت لەوەی کە کچەکەی هەناسەی تێدا نەماوە ! ئاسودە دەبێت کاتێک دەبینێت کە گۆڕیشتەکەی نەجوڵاوە. 
ئەم كچە دێهاتییانە ڕێژەیەکی زۆری گەریلاکانی پەکەکە پێک دەێنن، کە خۆیان لەو سیستەمە باوکسالارییە دڕندەیە ڕزگاردەکەن، باشتر وایە بەو شاخەوە بە ئازادی بژیێیت هەتاوەکو زیندەبەچاڵ بکرێیت لە گەوڕی ئاژەڵاندا، یان بتکەن بە سەبایەو هەرجارەی لەباوەشی شیخێکی ڕیشداری داعشدا ڕۆژبکەیتەوە، زارۆکەکەت لەبەردەمتا سەربڕن. 
خۆ ئەم کچانە وەکی ئافرەتانی چواردەوری قەزافی بۆ دیکۆر و خۆ نواندن دانەنراوان، کە هەر یەکێکیان لەلایەن قەزافیی خۆیەوە  لاقە کراون،  یان وەکی کچە نەجمە بەشانەکانی باشور، سوێند دەخۆم بە چل قورحان، کە بۆ هەرنەجمەیەکی سەرشانیان، چەندەھا شەو بە ناچاری ناوگەڵی بەرپرسیارانیان ئاوداوە. نا ئازیزم، من بەرگری لە پەکەکە ناکەم بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کچانی پەکەکە بەتەنیشت پیاوانەوە لە ڕیزی ئەوان و وەک ئەوان ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت و کراوە، وەک دیکۆر بۆ ڕازاندنەوە دانەنراون. بێشک سەربازن و وەک هەموو سەربازێک دەبێت لە سەختترین ئەزمونی سەختی جەستەییدا بژیێن. ئەوانەشی پییان وایە کە شۆڕش و ڕاپەڕین بە گوڵ دەکرێت، خەیاڵیان خاوە، ئیتۆپیستن، هەر هەمان ئەو کۆڵکە ڕۆشنبیرانەن کە فڕێدانی عەمامەی ئاخوندەکان بە تاوان و بە بێ رێزی دەزانن، یان ئامۆژگاری کچانی باشور دەکەن، نەکەن لەچکەکانیان توڕ بدەن چونکا لە باشور نەسەپێنراوە.
کچانی لادێ ھەناسە سەردن،
وەک بەھار ئەڕوێن وەک پاییز زەردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە