دۆزەخساز و شەیتانەکانی!

Saturday, 24/06/2023, 14:15

3211 بینراوە


هەر دەسەڵاتێک لە جێی بەهەشتسازی، دەستی کرد بە دۆزەخ داخستن بۆ هاوڵاتیانی خۆی. ئەوا وردە وردە، نەوە دوای نەوەی بێ ئومێدو دڵشکاوو تێکشکاوو بێکار دەخاتە بازاڕی ژیانەوە. کاتێکیش دەسەڵات دەبێ بە دۆزەخساز کە تەنها بیر لە دروستکردنی بەهەشت بۆ خۆی و دار و دەستەکەی بکاتەوە. ئەو بەهەشتەش کە دەسەڵاتی دۆزەخساز بۆ خۆی و دارودەستەی خۆی دروستی دەکات، نرخەکەی داخستنی دۆزەخێکی گەورەیە بە دەوری ئەو بەهەشتە بچووکەی کە بە شوورای قایم دەورە دراوە. هەر بۆیە هەمیشە نەوەکانی بێ ئومێدی، چاویان لەو بەهەشتە بچووکانەی ئەودیو شوراکانەوەیە. 
دەرئەنجام زۆرینەی تێکشکاو، لە سایەی داخستنی ئەم دۆزەخە بۆیان، نەتەوە دۆستی و ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستییان تیا دەکوژرێ. وەکو ڕۆبۆتی گێل، بە دوای کەسانێکدا ئەگەرێن تا خاوەندارییان لێ بکەن و دەست بە دوگمەکانیاندا بنێن. ئارامییەک وەڵامێکی پێ بێ بۆ ون بوونەکانیان. بەر لەم چرکەساتی وونبوونەشدا، نەوەی بێ ئومێد لە لێواری تەقینەوە نزیک دەبێتەوە. تەقینەوە بە شورای بەهەشتەکانی  دەسەڵاتی دۆزەخسازدا، کە بووە بە هۆکاری ڕووخان و تێکشکانیان و داخستنی دۆزەخ بۆیان. باشترین ڕێگەش کە دەسەڵاتی دۆزەخساز، بۆ بەر گرتن لەم تەقینەوەیە بیگرێتە بەر، ڕادەستکردنی بێ ئومێدەکانە بە شەیتانەکانی بەهەشتی دوایی.
شەیتانەکانی بەهەشتی دوایی، زۆرینەی خەڵکی نائومێد و تێکشکاویان لە دەوریان کۆدەبێتەوە. کاری سەرەکی ئەمانە ئەوەیە کە ناڕەزایەتی نائومێدەکان لە دۆزەخسازەکانی دەسەڵات بەتاڵ بکەنەوە.  هەوڵ دەدەن کە هەموو ئەو کارەساتەنەی کە بە سەریاندا هاتووە، ببەستنەوە بە کردەوە نابەجێکانی خۆیانەوە. واتا هەرچ تاوانێک دەسەڵات ئەیکات لە ئەستۆی خودی ئێوەی تاوانلێکراوە. چونکە خودا لە ئێوە تووڕەیە بۆیە ژیانی کردوون بە دۆزەخ. هەروەکو د.فارووق ڕەفیق لە دیمانەیەکدا بەم دواییە ووتی: ئەمانە وەکو ئۆپۆسزیۆنی خودی خەڵک و کۆمەڵگا دەردەکەون نەک ئۆپۆسزیۆنی دەسەڵات.
 ئەمانە کاریان ئەوەیە دۆزەخسازەکان وەکو سزایەکی ئیلاهی بۆ کاروکردەوەی خراپی بێئومێد و تێکشکاوەکان لێکبدەنەوە. بۆ نموونە هۆکارە گەورەکەی نائومێدی کە کاراکتەری  دەسەڵاتە، ئەگۆڕنەوە بە هۆکاری ورد و بچووک و کارەکتەری بێکاریگەری بچووکتر. ئەمانە لێرە بە دواوە هەندێک لە هەرە تاکە هۆشیارەکان ئەکەن بە هۆکاری نائومێدی ڕۆبۆتە گێلەکانی خۆیان. بۆ نموونە  ئەمانە دێن نائومێدی و فەشەلی  پیاو هەڵئەواسن بە عەلاگەی ئەخلاقی ژن و کچەکانیانەوە. نائومێدی و کەوتنی گەنجەکان ئەبەستنەوە بە تاعەتنەکردن و نەپوشینی لەش و خۆسەرقاڵکردن بە کاری (نائەخلاقی!!) و کەیف و سەفای دونیاییەوە. ئەمانە کاریان ئەوەیە کە ڕەعیەت و دواکەتووەکانیان قایل بکەن بەوەی کە دونیای ئەمڕۆ پووچە و ئێمە ڕێگەی  پاداشتی گەورەی دونیای دواییتان نیشان دەدەین. ئەمانە خەونی ئەرخەوانی وا بە ڕۆبۆتەکانی  بەردەستیان ئەبینن کە ئامادەبن کچ و ژنی خۆیان ئەتک بکەن، ملی برا و باوکی خۆیان بپەڕێنن و فیشەک بنێن بە زمانی هاوڕێی و خزم و دراوسێوە. ئامادە ئەکرێن دژ بە هەر کەس و گرووپێک بوەستن کە دونیای بۆ گرنگ بێ نەک دوایی، کە دۆستی ژیان بێ نەک مەرگ، کە جیاواز بیر بکاتەوە نەک وەکو بە یەک هزر و یەکباوەڕ، کە نوێخواز بێ نەک کۆنەپەرست،...هتد. 
ئەمانە چەترەکانیان تەنها ئەوانە لە باران ئەپارێزێ کە تەنها لە خۆیان ئەچن. ئەمانە لە هەوڵی ئەوەدان هەموو سەرچاوەکانی زانست و مەعریفە و فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و ڕۆشبیری مرۆڤایەتی هەیە هەموویان وشک بکەن و بە کاری پووچ و بەدئەخلاقی بیاندەنە قەڵەم و تەنها لە یەک سەرچاوەی لێڵ و تەڵخ و نادیارەوە تینوێتی خۆیان بشکێنن. ئەمانە ئەو شەیتانانەی وڵاتن کە لە گەڵ دۆزەخسازەکانی دەسەڵات ڕێکەوتوون وەکو گەندە لە سەر یەک ئەژین و قازانج ئەگۆڕنەوە. شەیتانەکانی وڵات تاکەکان گێڵ و گێژ ئەکەن و بە یەکیانیان دەدەن، تا دۆزەخسازەکان لە بەهەشتەکەی خۆیاندا ئارام بژین. ئەمانە لە ڕووناکیدا کاریان جیایە و لە تاریکیدا لە سەر یەک سوفرەی گەندەڵ ئەخۆن و ئەخۆنەوە. 
ئەوەی کە ڕوون نیە بۆ دۆزەخسارەکانی دەسەڵات ئەوەیە کە شەیتانەکان هەمیشە لە ژێر کۆنترۆڵدا نابن و هەر کات زۆرینەی کۆمەڵگایان گێژ و گێل کرد ئەنجا دۆستانی دوێنیان دەبن بە دوژمن. دەنا هەی دەسەڵاتی دۆزەخسازی گەمژە وتەیەکی میسری هەیە دەڵێ (ٲتغذی بیك قبل ما تتعشی بيَّ) واتا بەر لەوەی بمکەی بە شیو من نیوەڕوانێ ئەتخۆم! ڕۆژگاری داهاتووش پێمان دەڵێ دۆزەخسازەکانی دەسەڵات یان شەیتانەکانی کۆمەڵگا، کامیان کامیان لە نیوەڕوانێ دەخوا و ڕێگە دەگرێ لەوەی خۆی ببێ بە شیو؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە