خۆڕاگرترین سەرۆکی دونیا کوردە

Friday, 14/07/2023, 16:00

2939 بینراوە


بەر لەوەی بێمە سەر باسی سەرۆکی خۆڕاگر، باسێکی ئەو وڵات و میللەت و حکومەتە ئەکەم کە خۆڕاگرترینی سەرۆکی دونیای بۆ بەرهەم هێناین، لە وێنەی خۆڕاگریی (گاندی و ماندێلا!). 
لە دۆنیادا وا باوە، بابەت و کەسایەتییە هەرە سەیر و نەشاز و سەیرەکانیش بە وێنەی بابەت و کەسایەتییە بلیمەت و دیار و کاریگەر و نایابەکان، شانسی بوون بە ناوونیشانیان هەیە. بۆ نموونە ئوم کەلسومی گۆرانی بێژی میسر، بە ئەستێرەی ڕۆژهەڵات و وینستۆن چەرچڵی سیاسەتمەداری ئینگلیزیش بە نەعرەتەی شێر و قوتابخانەکەی نەجمەدینی مەلاش بە کەشتی نوح ناویان دەرکردووە. بەڵام ئەگەر ئێمە ناونیشانێک بۆ وڵات و میللەت و حکومەتەکەمان بدۆزینەوە ئەوا دەبێ بڵێین، پەڕترین میللەتی دونیا و بێ سەروبەرترین وڵاتی دونیا و ناتەباترین حکومەتی دونیا. خۆ ئەگەر سەرۆکێکیش خۆی لە بەردەم هەموو ئەم ناونیشانەدا ڕابگڕێ، هەڵبەتە شایەنی ئەوەیە ناوبنرێ "سەرۆکی خۆڕاگر"!
وا دەردەکەوێ کە لە نێو میللەتانی بێ بەرهەم و دواکەوتوو، لە جێی دەستکەوتی هەستپێکراو و مادی، ئەبێت هەر خەریکی داتاشینی ناوونیشان بین بۆ سەرۆکەکانمان. ڕەنگە هیچ میللەتێک لەم ڕووەوە، هێندەی کورد خاوەن سەروەتی ناوونیشانی گەورەی بێ ناوەڕۆک نەبن. لە وێنەی نازناوەکانی سەرۆکی ڕوحی و سەرۆکی نەتەوەیی و دەوڵەتمەدار و مەرجەعی نەتەوەیی و وا خۆڕاگریشی هاتە سەر. بەڵام کە ورد ئەبیتەوە لە بەرهەمەکانی ژێر ئەم ناونیشانانە، دەبینی هەر شکستە و هەر ئاشبەتاڵە و هەر خیانەتە و هەر دواکەوتنە و یەک بە دوا یەک، پاڵ بە یەکترییەوە دەنێن. ئێمە تاکە میللەتێکین کە لە پای کارەسات و شکستەکان ناونیشانی گەورە و مەزن ئەبەخشینە داهێنەرەکانیان. 
گەر بگەڕێێنەوە سەر سەرۆکی خۆڕاگرمان، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەگەر لە دۆزینەوەی هەموو ناونیشانەکاندا هەڵە بووبین، ئەوا لەم ناونیشانەدا پێکاومانە. ئەمەش لە بەر چەند هۆکارێکە:
١/چۆن خۆڕاگر نیە، گەر وڵات پڕ بووە لە دەزگای جاسوسی وڵاتانی دەوروبەر و دونیایەک سەربازگە و بنکەی ئەرتەشی تورک و بەڵام ئەم هێشتاش خۆڕاگر لە شوێنی خۆی وەستاوە و تەماشا ئەکات؟
٢/چۆن خۆڕاگر نیە، گەر کۆی دەسەڵاتی حکومەتەکەی سنۆری سێ شارە و ئەو دەسەڵاتی بە سەر زیاتر لە نیوەی ڕەعیەتی خۆیدا نیە و بەڵام لە کۆشکی سەرۆکایەتییەوە، خۆڕاگر دەستەوەستان وەستاوە و تەماشا ئەکات؟
٣/چۆن خۆڕاگر نیە کە ڕێکخراوێک و ئەمینستێکی جیهانی نەماوە، لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا، به چەند ڕاپۆرتێک سەرکۆنەی دەسەڵاتەکەی نەکردبێ و ئەمیش زۆر خۆڕاگرانە، لە دەمی وتەبێژێکی بۆ دەرەوەی وڵات، بە وشەیەک وەڵام دەداتەوە کە درۆ دەکەن، نە زیندانی سیاسیمان هەیە و نە کەسیش لە سەر بیروڕا گیراوە؟
٤/چۆن خۆڕاگر نیە، کە ناڕەزایەتییەکان هێند پەرەیان سەندووە تەنانە، لە وڵاتانی دەرەوەش ناتوانن ئازادانە خۆیان دەربخەن؟ بۆ دیدارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکانیش دەبێ، وەکو دەزگا جاسووسییەکان بە شارەوەیی بیانهێڵنەوە، نەکا چالاکوان پێ بزانن و بە هێلکەباران ڕوو بە ڕوویان ببنەوە.
٥/چۆن خۆڕاگر نیە کە ماوەی دەسەڵاتیدا نەوت و غاز و داهات و سنور و ئیدارە و ئێرادەشی لێ سەنراوەتەوە، بەڵام ئەم خۆڕاگرانە لە سەر کورسیی و لە پشت مێزێکی ڕەق و تەقەوە بێ ئیش وخۆڕاگر لێی دانیشتووە؟
٦/چۆن خۆڕاگر نیە لە کاتێکدا، زۆرترین کوشت و بڕی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە ماوەی حوکمڕانی سەرۆکدا، لە شەقامەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانیدا ڕوویان داوە، لە ژێر ناوی شەرەف و بیروڕای ئایینی و کۆمێنت و فوول لایت ...و بەڵام سەرۆک خۆڕاگرانە بە دیار ژماردنیانەوە لێی دانیشتووە؟
٧/چۆن خۆڕاگر نیە لە کاتێکدا، زۆرترین کچە مۆدێل و گۆرانی بێژ و کۆنە بەعسی ملیۆنێر و بزنسمان لە سایەی حوکمڕانی ئەمدا هەڵتۆقیون و ئەمیش حۆڕاگرانە لە میدیاکانەوە پاساوی بێبنەمامان بۆ ڕیز ئەکات؟
٨/سەرۆکێک بتوانێ بەرگەی هەموو ئەمانە بگرێ و بۆ جارێکیش نەیەت بە مێشکیدا سەری خۆی هەڵبگرێ لە سیاسەت، یان دەست لە کاربکێشێتەوە یان هەر نەبێت داوای لێ بووردن لە میللەت بکات، بەڕاستی سەرۆکێکی زۆر خۆڕاگرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە