هەولێر لا إله ألا الله، محمد رسول الله…

Thursday, 28/09/2023, 18:39

3098 بینراوە


 لەدوای ئیفرازاتی سی و یەکی ئابی ساڵی١٩٩٦ی شەڕی براکوژی پارتی و یەکێتی. نەریت و هەڵس و کەوتی دانیشتوانە نامۆیەکەی خەڵکی شاری هەولێرێ، گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەرداهات. لەمێژووی زوو درەنگی ڕابردوو وێنای نەبووە. لەزووە وە تایپە خۆڕسکە سروشتیەکانی نەریتی ژیانی خەڵک، بریتی بوون لەخەڵکی کەسابەتی ناو قەیسەری شاری و دیندارو ئەهلی جەماعەت و مزگەفت و سەرقەبران. ئەوەی دیش زیاتر خەڵکی خوێندەوارو نێزیک لەبیری نەتەوەیی یان چینایەتی فەرمانبەرو وەزیفەداری میری و شاعیرو ئەهلی زەوقی هونەری و گەعدەی نادی مۆزەفین بوون. تایپێکی دی خەڵکی ڕمەکی هەژارو ئەهلی عەمەلەو عارەبانچی و شێخەڵاو گەڕەکە هەژار نشینەکانی هەولێرێ بوون کەبێ دەخل و دینداری ماڵی خۆیان بوون. بەگشتی، هەرسێ توێژەکەی خەڵک بێ زەڕ بوون هەر لایەنەی بارتەقای خۆی دەستی لەکاری خێرێ نەدەگێڕایەوە. لەناو هەموو ئەوانەش، بەڕێژەیەکی زۆر کەم، هی شەڕانگيزو شەقاوەو لۆتی و خۆڕی و دزو جەردەی قۆڵبڕ هەبوو. کەزیاتر یان لەحەپسخانەی دابوون و ناوو وێنەیان لەهەموو مەخفەرەکانی شورتەی دا هەبوو. بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هەتا ئەو وەرچەرخانەی ساڵی١٩٩٦ گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر تێفکرینی خەڵکدا نەهات. ئەوانە بەگشتی کەس دەخلی کەدی نەبوو، زیانیان لەبۆیەک نەبوو. لەهەموو مەسیرەکانی زووی شیوعیەکان و ئیخوانەکانی ئەودەمی ساڵی پەنجایەکانی هەردوو تەکیەی شێخ موستەفاو شێخ موحێدینی گەڕەکی عارەبان و هوتاف و مەسیرەکانی گوندی دارەتوو جادەو بانەکانی کۆتری سەلام و پێش نادی و بەر بەنزینخانەی ڕێی کەرکوکێی پێشمەرگەو جەماوەری حیزبی پارتی و حیزبی شیوعی ساڵی١٩٧٠ی پاش بەیانی یازدەی ئازار. کەخەڵک بەخوایشتی خۆی بەشداریان تێدادەکرد. هەتا گەیشتە، دوای ساڵی١٩٧٥و چەسپاندنی ئەوحوکمەزاتیەی حیزبەکان پێیان دەگۆت کارتۆنی. ئیتر لەوێوە مەسیرەکانی حەفتی نیسان و حەڤدەی تەمووزو دواتر میلادی صەدام و خەڵک بەتایبەت فەرمانبەرو قوتابی بەزۆری دەبرانە ئەو مەسیرەو خۆپیشاندانانە. فرقەی حیزبی ئیتیحادەکان و سەندیاکایەکان بەژن و پیاوە بەعسیەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لەڕاپێچکردنی ئەوخەڵکە. ئەوەی ئێستا دەبینرێت، کەسانەکەی سەر بەحیزبی دەسەڵاتداری شار لەئەهلی کەسابەت بەڵام ئەندام و دۆست و نێزیکی دەزگا حیزبیەکان و ئاسایش کەڕۆڵی چاودێری جموجۆڵی خەڵک دەبینن لەئەخباری کردنیان. هەمان ئەو دەم و چاوو بچمانە، نمایشکەری سەرسەختی سەرۆک و حیزب و لەهەمان کات لەڕۆژە بۆنە جیاجیایەکانی تایبەت بەدەسەڵات جا شکست بێ یان سەرکەوتن لەهەمان کات هەر ئەوکەسانە لەڕۆژی ڤیستیفاڵە جیهانیەکانی وەک ڕەنگەکان و سەری ساڵ و هەروەها هەر بەخۆیان خۆیان بەمیراتگری خواو پێغەمبەریش دەبینن لەئەوپەڕی کرانەوەی شایی و سەماو خۆبادان و هەڵپەڕین لەبۆ ئەوپەڕی دەست بەنزاو دوعاو پاڕانەوە لەباری تەعالا. هەر بەخۆیانن و بەس، ئەوانە لەبیروباوەڕ تەواو خاڵی کراینەوە، وەک رۆبۆتە مرۆڤێک بەکەمترین تێجوو باشترین ڕۆڵی شانۆگەریانەی نمایشی ساختە دەبینن. لۆیە، لەیەک کات پڕ بەگەروویان هاوار دەکەن پێشڕەوی کورد پارتیە سەرۆکمان بارزانیە و موحمەد پێشەوامانە و لا إله إلا الله محمد رسول الله.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە