چۆن رەوشتی کۆمەڵگا و کەلتوری کوردیان نەهێشت

Friday, 06/10/2023, 20:21

2243 بینراوە


کوڵتوری کوردەواری خۆمان لەشەڕێکی دەستەویەخەی دوژمنکارانەی تایبەت و نادیاری ئیسلامی سیاسی تورک و عارەبی کەنداوە. هەولێر ژنی خاتوون و مارداریکەری کوردەواری… وێناکردنی پیشەی دەستی خۆماڵی ژنی جەسووری کورد لەڕابردوو (ساڵی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو) کیژ و ژنی نەخوێندەواری کورد لەو کولتورە داخراوەی خۆمان قەت دەستەوەستان نەبووە لە پەرە دانی زەوق و توانا ژنیێکەی خۆی لەدابین کردنی ئابووریەکی ئەگەر چی زۆر سنوورداریش بەڵام گرنگ لە دروست کردنی کەسایەتی بەهێزی ژن لەناو خێزانەکەی. لەگەڕەکەکانی شاری هەولێرێ ئەو ژنە خاتوونە مارداریکەرانە دیاربوون بە پیشە سادەکانیان. - زەرف دروست کردن. هەندێک کیژ و ژنی گەڕەکە هەژار نشینە شەعبیەکانی هەولێرێ لەبەرەنگاربوونەوەی نەبوونی پەنایان دەبردە بەر ئەو خانی و باڵەخانانەی دروست دەکران و کیسەی چیمەنتۆی لێبوو بەتایبەت لەدەمی سەبە و کۆنکریت. بە بێ ئەوەی گرنگی بەخۆیان بدەن لەژەهری کیمیاوی چەمەنتۆ لەسەر پیستەی ناسکی ژن هەموو ئەو کیسانەیان دادەتەکاند و لە سەر یەکیان سەفت دەکردو دەیانبردەوە ماڵێ. دیارە پێش داهاتنی زەرفی تەنکی مەعمەلی پەڕ زەرد کە لەبۆ بەرگ کردنی دەفتەرو کتێبی مەکتەبیش بەکاردەهات دووکانەکان دەیانفرۆشت و عەلاگەی نایلۆنیش هەر بوونی نەبوو. پاشان لەماڵێ بە مەقەستی هەموو ئەو کیسانەیان بە قەبارەی زەرفی شت و مەکی دەبڕی و بە هەویری یان شەکراوی سێ لایان بەیەکەوە دەنووساند و لای زارکی وارا بوو. زیاتر هی گەورە و گچکە هەبوو لەبۆ دوو سێ کیلۆ شت و یان هەتا پێنج کیلۆشی دەگرت. ئەوانە لەبۆ شەکر و برنج و ساوار و میوەی لە دووکانەکان هەبوو بە بێ ئەوەی لەمەترسی بوونی چەنەنتۆیەکەی بزانن. هەشیان بوو لەمەکتەبەی ناو بازاڕی کتێبی بێکەلکیان خڕ دەکردەوە یان دەفتەر و کتێبی مەکتەبێ بە قەبارەی گچکە بەو هەویر یان شەکراوەی بەیەکەوەیان دەلکاند دووکان هەبوو تایبەت بوو بەفرۆشتی ئەو زەرفانە کە ژن بەسەفتە لۆیان دەبرد و دوایێ دوکاندارەکان و عەتارەکان بەوێنەی دەستە عەلاگەی نایلۆنی هەوکە دەیانکڕی. گچکەکان زیاتر لەبۆ تۆخم(گوڵە بەڕۆژە)و بەدامچەی سوور و تۆ کودی و شفتی لەپێش سینەماو شەکەرات فرۆشەکانیش هەیان بوو. 

- گەروو هینانەوە. لە منداڵی ئەودەمەی پیلی منداڵیان ڕادەکێشاو یان جۆلانەیان پێ دەکردن و بەدەستەکی بڵندیان دەکردن زۆربەی جاران چاویان خێل دەبوو. دەبووا سوبەینان زوو پێش نانخواردنێ بیبەنە لای ئەو پیرەژنانەی کە مەرازەیان دەهینانەوە بە بسمیلایەک پەنجەی لەهەوکێ دەناو مەرازەی دەتەقاند و بەیەک دوو جەلسەی چاوی بەڵای لێ نەدەما. هەشبوون موسەقەف بوون دەیانگۆت کوو دەبی پلکە مێرەم یان پلە بەسێ ئەو پەنجە پیسەی بەو نینۆکانە لەدەوی ئەو منداڵەی نێ! دەیانبردە کن دکتۆری چاوی و ئەویش دەیناردە خەستەخانەی لەسەر رەسمی کێروشکەکی ڕاهێنیان پێ دەکردن تەمرینیان بەچاوی دەکردن، بەڵام هیچیان چاک نەدەبوونەوە و هەیانە هەوکەش هەر خێلن! عادەتەن ئەو ژنانە پارەیان وەرنەدەگرت. 
- کڵاو چنین و جەمەدانی هۆنینەوە. زیاتر ئەو ژن و کیژانەی کۆڵانێ کڵاوی بن جەمەدانی سەری پیاوانیان دەچنی کە دەست ڕەنگین بوون زیاتر بەمەخمەڵی مۆر و ئۆیە بوو دوایێ لەسەر جۆنیەکی لە هەویریان دەگرت قاڵبی وەردەگرت. هەشیان بوو ئێواران لەودەمەی لەگەڵ ژنان لەپێش دەرگای ماڵەکی لە کۆڵانێ خڕ دەبوونەوە ئەوان جەمەدانی تازەی پیاونیان لۆ دەهات و لەسەر چۆکیان دادەنا و پشتیان بەدیواری وەدەناو لێوارەکەیان بە مقەسی دەبڕی و ڕیشوەکانیان دەهۆنیوە هەشیان بوو ڕیشوەکانی دەکردە گوڵینگ(گورینگ)هەموو گۆیی بوون بەهەر چار دەورەی لێواری جەمەدانیەکەی ئەوانە دەست حەقیان گرانتر بوو. سەرچاوەیەکی گرنگی بژێویان ئەو خێزانانە بوو. 
- بەرگە بالیف. زیاتر ئەو کچ و ژنە هونەرمەندە خۆڕسکە پەنجە رەنگینانە بوون کەبەرگە بالیفیان دەنەخشاند زیاتر هی جیهازی بووکێ بوو لە ڕوانگەی هونەری خۆی ڕەسمی گوڵ و پەپوولە و چاو و ئەژدیهایان دەکرد بە ئۆیەی ڕەنگاو ڕەنگ و خڕیلەی داوەدەزی رەنگاو ڕەنگ دەیانچنی و لەبالیفیان هەڵدەکێشا. دواتر ووردە ووردە ئەوەش نەما کە بەرگە سەرینی سینی صباح الخير و أحلام سعيدة هات ئەو ئیشەش نەما. ئەوانە کوولەی سەر ئەستێڕک و کەنتۆڕیشیان دەنەخشاند. - خەیات. ژن و کیژی خەیاتی گەڕەکێ ڕەغبەتی زۆری خواستنی لەسەر بوو لەبەر داهاتی زۆری کە هەموو جلکی کوردی کراس و کەوێیان بە مۆدەی سەردەم دەدووری و پوولەکە و لێواری عەبای ڕەشی ژنانیان دەچنی کە هەموو گەرەک پێویستی پێ بوو پێش ئەوەی وەک ئێستا دووکان و مەحەلی خەسار کردن و حەیا بردنی جلی کوردی پەیدا بی. زۆر جاران دەبوو زۆر چاوەڕێ بکەن هەتا تەواو دەبوون. بێجگە لەوانە جلی منداڵیشیان دەدووری و کوولەی سەر لانک و دەسترازە و بەرگی دۆشەک و پەردەی پەنجەرە و سەر نوینیشیان دروست دەکرد. زۆر ئیقتیسادیش بوون لەو تیلمە پەڕۆ جۆراو جۆرە ڕەنگاوڕەنگانە بوغچە و دەستگریشیان دەکرد. زیاتر مەکینەی درومانی پەپوولەی ئینگلیزی و سینی کەبە پێی ئیشی دەکرد دوایێ لەساڵی١٩٨٠مەکینەی بڕازەری جانتای یابانی هات کە بە چل و نۆ دیناری بوو درومان و نەخش و تەطریز و کوونی قۆپچەشی دروست دەکرد ماتۆڕی دینەمۆی هەبوو کارەبایی بوو. ژنیش هەبو لەماڵێ کوتاڵی دەفرۆشت. 
- گێسک دروست کردن. پێش داهاتنی گێسکی کارەباو ماسیحە و فڵچەی. زیاتر ئەو ژنە ڕەواندانە بوون لەو دەو بەستانەی ئەودەمی بەستۆڕەی کە هەموو دەمێ ڕووبار بوو گەزیان دەهیناو گێسکی گەزیان دروست دەکردو لەگەڕەکێ دەگەڕان لەناو تێلەگەیەکیان دەکردو هەموو ماڵەک پێویستی پێبوو. سیستەم بوو گێسکی قەسەر لۆ ماڵینی سەر ڕایەخ و ژۆرێ بوو. گێسکی عارەبان کە لەلق و گەڵای هیشکی دارخورمای بوو رەق و تیژ بوو جاری وا هەبوو وەک مووسی دەستی دەبڕی، ئەوە لەبۆ خاوێن کردنەوە و شووشتنی چیمەنتۆی حەمام و پێش بەرمیل و بەلۆعە و حەوشەی بوو، هی گێسکە گەزەکەی لۆ خاوێن کردنەوەی قوڕە شینی جۆگەی کۆڵانێ بوو. بەو دواییەی هونەریان تێدا دەکرد(تەفەنوون)جێی دەستگرتنیان بە داوی رەنگاو رەنگ دەنەخشاند. 
- باوی شکاندن. هاوینان زیاتر لەو گەڕەکانەی خۆشناوی لێبووجوەک سێتاقان و گرکەندو سەیداوە و بەستەپیازەش باویان لەماڵێ هەڵدەداوە. خەڵک دەچوون بەتەنەکان وەریاندەگرت لەبەرامبەر بڕە پارەکی دیانشکاند و ناوکەکەیان دەردەهینا ئەگەر باویەکان جمک بوایە لۆ جوانی دەیانکردە خەناوکە. ئیشەکی ناخۆش بوو دەنکی باوی ڕەق و گچکە بوو دەردەپەڕی یان چەکوچیان لە پەنجە و نینۆکیان دەدا. پەلکە پورتەقال و گوڵە چاشیان بەداوی وەدەکرد و بەنەینۆکیان وەدەکرد لۆجوانی.
- تەون کردن. ژنی کورد لێهاتوو دەست رەنگین بوو لە تەونکردن و دامەزراندنی جیهازی تەدارەکی تەونی لە ماڵێ زیاتر ئەو کیژوکارانەی مەعمەل مافوری بەینی سێتاقان و شەهیدان و بەستە پیازەی بوون کە فێرببوون. خۆڕسکانە بەو پەنجە هۆنەرە خواییانەیان لەبەرامبەر ئەو تۆپی ئەو ڕیشوە بەنە ڕەنگاو ڕەنگانە بەس بەیەک دیتن تەواوی ئەو وێنە و نیگار و نەخشانەیان هەڵدەگرتەوە. 
- ڕوو هەڵگرتن. ئەلبەت ئەوەش پێش داهاتنی صالۆنی تێکدانی ژنان بوو، کە گەلێکیان موعتەمەدی بەعس بوون لە بەکار بردن و خەڵەتاندنی ژنی ڕوو سووری کورد. ئەو ژنانە لەگەڕەکەکان یەک دووانێک بوون لەبەرامبەر بڕە پارەکی کەم ڕووی ژنانیان هەڵدەگرت و برۆیان باریک دەکردنەوە و زیاتر ئەو ژنانەی لەخۆیان دەخەفتین و دڵ تەڕ بوون موشتەریان بوون. 
- سەردولکە. ئەوەش لە دەمی تازیمانەی دەرووی خێر لۆ ئەو ژنە دەنگ خۆش و لێزابانە دەکرایەوە کە دەیانزانی کوو گەمە بە هەست و سۆزی کەس و کاری نێزیکی مردیەکە بکەن. بەتایبەت ئەگەر جوانەمەرگ بووایە ئیتر لێزانانە وێنای پەیوەندیەکانی مردیەکە و کەس و کاری بە دەنگ و ئاوازێکی غەمناکانە دەهۆنیە و هەمووی دەهێنانە گریان و کۆی ژنەکان دەگریان هەر یەکە بەغەمی خۆی داکەوتبوو لەبۆ خۆی دەگریا. ئەو ژنانە لەبەرامبەر بڕێک پارە دەهینران. 
- ژنی کەونە فرۆشی دەرارخانەی. زیاتر ئەو ژن و پیرەژنە کۆست کەوتیە بێوەژنانە بوو کە هەتیمیان هەبوو مشورگێریان نەبوو بەخۆیان لە بن پەردەی عەباو پێچەی ڕەش و تانە و تەشەری خەلک لەناو پیاوان سەودایان بە جلی کەونە و هی مردییان دەکرد. دوایێ دەرارخانە نەما بازاڕی پیرەژنان لە شێخەڵای کرایەوە. 
- ژنی شینایی. ئەو ژنانەی گەڕەکەکان بوون هاوینان لەگەڵ گەردی بەیانیان دەچوونە بیستان و شیناییەکانی دەشتێ بژار و ڕنینەوەیان دەکرد. سوبەینان بە پیکابی دەیانبردن و ئێواران دەگەڕانەوەو هەموو لە شەرمان بە چەفیەی سەریان دەماکیان دەدا لەسەر ئەو هیلاکیەی لەتەشەری خەڵک دەرباز نەدەبوون، کە دەیانگۆت چەندی بە دەرهەمەک یان ڕوبعەکی! 
- مامانی. ئەو پیرەژنە بەسۆزە میهرەبانانە بوون بە وێنەی دکتۆرە و سستەرە بێ بەزەییەکان لەو داکانە تووڕە نەدەبوون کە لەناو ئازاری منداڵبوون دەتلانەوە. داپیری کیژ و کوڕی هەموو شاری بوون ئەوانەی ناوکیان دەبڕین. هیچ عەمەلیات و موغەزی و دەرزی ئەترۆپینیان پێویست نەبوو. هەر بە بسمیلاو تەڕە حەلواو بۆنکردنی جەرگ و هەناوەکەی ڕزگاریان دەبوو. ئەوانەی منداڵیان بەزەحمەت دەبوو. هاواریان دەبردە کن مەلای دوعای یا قاریئل فەرەجیان بەدەنگەکی زۆر بەسۆز لە موکەبیرەی مزگەفتێ لۆ دەخیندنەوە و زۆربەی جاران ڕزگاریان دەبوو بەسەلامەتی یان بەسەر منداڵەکانیان دەمردن و زۆر جاران منداڵەکە بێ داک دەمایەوە. 
- قەسەر و گیشە هینان. هاوینان پاشەوەی دروونە دەکرا و پەرێزیان بەردەدا ژن بە کۆمەڵ دەچوونە قەسەران. بە داسی دەیاندووریەوە و بە کەژی باری پیکابەکیان لەپشتی خۆ باردەکرد. دوایێ بە جەنجەڕی دەیانکووتایەوە و بە بایان دەکرد یان بە مەکینەی کاکووت دەیانکردە کا. زیاتر عارەب پاییزان دەهاتن بە شلفی گەورە دەیانکڕی و بەلۆریان دەیانبردەوە. زۆر جاران ڕەنجیان بەخەسار دەچوو کە بە دنکە شقارتەکی یان بە قونکە جغارەکی هەمووی دەسووتا. 
- تەشی ڕێسی گلۆرە بەنی خوری. لیفکە و دۆخینی شەڵواری پیاوان و دەسترازە. لە دووکانەکانی قەیسەری و گەڕەکەکان هەر هەموو دەستکردی بەسەلیقەی ژنی کورد بوو. ژنە بارزانیەکانیش لەدوای جینۆسایدی مێردو براو کوڕەکانیان بێکەس مانەوە. بژێوی خۆیان لەدروست کردنی پووزەوانە و لیفکە و تورەگەی دەستچنی خۆیان بەدەست دەهیناو هەر خۆشیان لە پێش گازینۆی کرێکارانی بەردەم باغی شار و دەرارخانە و بن دیواری قەبرستانی چراغ و نادی مۆزەفەین ساغیان دەکردەوە. 
- کاری بژار و بەباکردنی گەنم و ساوار و نیسک و نۆک و بڕووش بەسەرەند و بێژینگ و هێڵەنگ سێنی و دروست کردنی هەڕشتە هەر لەژنی کورد دەهات. 
- زەمبیلە. لە پێش هەشتایەکان هەندێک کیژی عازەب و منداڵکار لە سۆندەی ڕەنگاوڕەنگ کەپارچە پارچە دەکرا لە شێوەی ئەڵقە زەمبیلەی دەستیان لێ دروست دەکردو هەر لەو سۆندانە لەناوەڕاستی نەخش و نیگاریان لێ دروست دەکرد و جزدانی ژنان بە زەنگیانەی ڕووپۆش دەکرا و ناوو ألله ی لێ نەخش دەکرا. ژنیش زۆر لێزانابە زەمبیلەی حەسیری دەخستە سەرسەری و بێ دەست پێوەکردن لە بازاڕی دەگەڕایەوە. خەناوکەی مەرجان و قەرنەفلیان بە خۆیان دەهۆنیەوە. 
- ژنە دۆمەکانی سەیداوەی ددانیان لێدەنایەوە و پیاوەکانیان فڕفڕۆکەی ڕەنگاو رەنگ و مزراعیان دروست دەکردو بەخۆشیان لەگەڕەکەکان لەتەک دەرۆزە و نان خڕکردنەوە و فاڵگرتنەوە و ناو لەپ خیندنەوە دەیانفرۆشت و بەنان و گەنم دەیانگۆڕیەوە. 
- چوونە ئاشی. ژنی کورد تەواوی باراش لێکردن و چوونە ئاشی و سراوێ و ساوار و گەنمە کوتاو پیرخەنی و ئاوی تەماتە و هەڕشتە و داندۆک دروستکردن هەر بە دەستی خۆیان بوو. 
- پیرەژن هەبوو لە گەڕەکەکان دەگەڕا گرەسەر(گڵەسەر)ی لە پاشۆلی بەرامپیلی دەکرد بەتێلەگە دەیانهیناو بەسەرک دەیانفرۆشتەوە ژنان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە