کورد لە کەرکوك لە قەراغی سەرکەوتنەوە بەرەو...؟

Friday, 22/12/2023, 12:10

1910 بینراوە


ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕووی دا، سەرکەوتنێکی تەواو نەبوو. بەڵکو ڕزگارکردنی کوردستانی بوونی کەرکوک بوو، لە لە دەست چوونی یەکجارەکی. ڕاکان جبوری و کوتلەی عەرەبیش سەلماندیان کە توانییان بە شەش ساڵ هێندەی سی و پێنج ساڵی دەسەڵاتی بەعس کاریگەری تەعریب لە سەر کەرکوک دابنێن. ئەوان توانییان بە شەش ساڵ دوو هێندەی پانزە ساڵی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک کاریگەری لە سەر ژمارە و دەنگدەری عەرەب دابنێن. ئەو کراسی خیانەتەش کە لە ژێر مارکەی ١٦ئۆکتۆبەردا، لە وەرشەکەی پارتی، بۆ بەخشینەوەی خیانەتەکان، ویستییان  کت ومت بە بەری یەکێتییدا بیبڕن، لە دوای ٢٠١٧ەوە پێچەوانەکەی سەلمێندرا. مەقاسەکەی هێندە کورتی هێنا، کە بۆ بەری خۆیان گونجاوترە تا یەکێتی. دەرکەوت کە ئەوەی خیانەتی لە کەرکوک کرد خودی پارتی بوو کە پەکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان خست و وتە بەناوبانگەکەی خۆیان سەلماند کە ڕاکان شۆڤێنییان لە پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک پێ باشترە. ئەوەتا ئەمڕۆ بەری پیلانی ئەو ڕۆژگارانەی دوای شانزەی ڕیفراندۆم (بە قەولی فەرهاد سەنگاوی) ئەچنینەوە.
ئەو نیمچە سەرکەوتنەش کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەرکەوتووە و جارێ دیار نیە چارەنووسی هەژموونی کورد لەو شارەدا بەچی دەگەیێنێت، بە هۆی پەرۆشی و دلسۆزی شەقامی کوردی نەبوو لە کەرکوکدا، بۆ یەکێتی و پارتی، هێندەی ترسی ئەو شەقامە بوو لە سەرکەوتنی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی. هەق وایە حزبە کوردییەکان هێندەی سوپاسی شەقامی کوردی بکەن بۆ بەدەنگەوەهاتنیان، دوو هێندەش سوپاسی گیانی شۆڤێنی کوتلە عەرەبی و گیانی ڕەگەزپەرستی بەرەی تورکمانی بکەن.
ئەوەی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی لێی دڵنیان ئەوەیە کە نەهێڵن کورد لە کەرکوکدا بگاتە دەسەڵات، نیو هێندە کورد ڕژد نیە لەوەی چۆن دەسەڵات لەو شارەدا بەدەست بێنێتەوە. دەنا خێرە یەکێتی و پارتی نەتوانن، هاوپەیمانێتییەک پێک بێنن لە دژی ئەو هەموو مەترسییە؟ خێرە نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست لە بری ئەوەی خۆیان بەلایەکدا ساغبکەنەوە، دەچن چەندین هەزار دەنگ بە فیڕۆ دەدەن؟ 
کورد ئەڵێ ئەوەی چوو چوو بەڵام بۆ جارێکیش وانەیەک فێر نابێ بۆ داهاتوو. ئەوەی گرنگە لێرە بوترێ کورد هیچ دەرفەتێکی نیە لە ئێستادا لە کەرکوک، جگە لە لێکدانی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی لە یەک کوتلەدا. لە ئێستاشەوە کار بۆ مۆرکردنی پەیمانەمەیەکی کوردستانی بکەن، بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێم، کە ڕێگە نەدرێ هیچ حزب و گرووپێک لە دەرەوەی کوتلەی کوردستانی بەربژێری هەبێت. کەرکوکییەکان و کوردانی ئەو جوگرافیایەش، دەبێ هیچ کاتێک ڕازی نەبن کە حزبەکانیان بە پەرتەوازایی بچنە ناو، هیچ کێبڕکێیەکی هەڵبژاردن بۆ لەمەودوا. چونکە شەڕی ئەو ناوچانە شەڕی خاک و ناسنامەیە و لە کێبڕکێی ناو سنوری هەرێم دەبنە نەیار و ڕکابەری یەکتری کێشەی بۆ کوردبوونمان نیە.
ئاشکراشە کە کورد خاوەن ماڵێکی لە مێژینەی ئەم خاکە دابڕێنراوانەیە. تورکمانیش میوانێکی کۆنە و تازە بووە بە شەریکی ئەو خاوەن ماڵە. عەرەبەکان هاوردەن، سەپێنراون، داگیرکەر ونوێن لەم خاکەدا. هەرچی خراپەکارییە کردوویانە. سیاسییە تورکمانەکان کەوتوونەتە ناو هەژموونێکی ئەقلیمی مەترسیدارەوە کە هەر خودی گەلی خۆیان زەرەرمەندی گەورەن تێیدا. چونکە کورد و تورکمان خۆیان خاوەن ماڵن گەر دژ بە یەک بوەستن ئەوە میوانە ڕەزاقورسەکە، ئەتوانێ ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام ئەکات. ئەوەی لێرەدا سەیرە کە هەمیشە و بە شێوەی جۆراوجۆر تورکمان کراوە بە دژی کورددا، جارێک بە نێوی مەزهەبەوە لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەویدا و جارێکیش بە ناوی قەومییەوە وەکو سەردەمی حەرەس قەومی. بەڵام نە کورد بەم کردەوانە لە ناوچووە و نە تورکمانیش زیادی کردووە. هەمیشە لەم گێرمە و کێشانەدا وڵاتانی ئیقلیمی و داگیرکاری عەرەبی سودمەند بوون. من لێرەدا ئەپرسم کە ئاخۆ ناکرێت بۆ جارێکیش سیاسییەکانی کورد و تورکمان هاوپەیماێتییەک تاقی بکەنەوە لە سەر بنەمای ماف و ئەرکی یەکسان لە نێوان گەلی کورد و تورکماندا. ئایە وتارێکی لەم جۆرە باشتر‌نیە کە بۆ هەتایە کورد و تورکمان بکات بە خاوەن ماڵ و دەستی داگیرکاری عەرەب ببڕێت لەو ناوچانەدا!؟ ئایە سیاسیە کوردەکان هێندە هۆشی سیاسیان نیە کە گەلی تورکمان لەو ناوچانە لە ئەجێندای بەرەی تورکمانی جیا بکەنەوە یاخود بەرەی تورکمای بهێننە سەر ئەو بڕوایە!؟  ئەمە ئەگەر خودی سیاسییە کوردەکان خۆیان بەشێک نەبن لە هۆکاری پەرتەوازەیی و ناکۆکییە هەمەجۆرەکان و ڕێگرییەکانی بەردەم چارەسەری ئێگجاری کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان!؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە