بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


بوون بە ژن کەی کێشەیە، پیاو بەس نەبێ بە پارتی !

Monday, 01/01/2024, 21:23


من و دکتۆر زمناکۆ خەسرەو لە مێژبوو هاوڕێ بووین ، دە ساڵێک دەبێت.  زۆرجار وتوێژمان کردووە لەسەر زۆر باس و خواسی جیاواز. هەمیشە ڕێزی گەورەم هەبووە بۆ ئیرادە و جورئەت و سەنگ و قورساییەکەی. ئەو لەو مرۆڤانە بوو کە بۆ فرۆشتن نەبوو. خاوەنی کاراکتەر و کەسێتیەکی گران و سەنگین بوو.  ئەویش بەهەمان شێوە زۆر ڕێزی لێدەگرتم ، قسەمان لەسەر ئەوەیش کرد جارێک بێن سەردانێکمان بکەن  بە ماڵومنداڵەوە…
بەداخەوە ئەمڕۆ بیستم و بینیم  دکتۆر لە ئۆپەراتسیۆنێکی چاوەڕوانکراودا و لەبەردەستی ستافیکی بکوژدا  ژیانیان لێسەندە و لە فۆڕم و ناو و جێندەرێکی تردا کەسێکیان لێ دروست کردووە بە ناوی لانە کرمانج. من ئەم لانەیە ناناسم تەنها یەک وێنەیم بینیوە. دڵنیام کە ئەمە چیتر زمناکۆ نیە و کەسێکی ترە. 
لێرەدا نامەوێت دژایەتی لانە بکەم ، چونکە نایناسم و نازانم کەسێتیەکی چۆنی لێ دەردەچێت. ئەگەر ژیان بواری دا بیخوێنمەوە و  بیناسم و هەڵیسەنگێنم ئەوسا بریار دەدەم دەبمە هاوڕێی یان نا. دیارە ئەویش ئازادە من  هەڵسەنگێنێت .. 
گۆڕینی جێندەر ئەگەر نەکرێتە ئامراز و ڕیکلام و کاڵا و بانگەشە و ئەجیندایەکی قێزەون کە کار لەسەر تێکشکاندنی کۆمەڵگا و ئینسانەکانی ناوی بکات  ، ئەوە مافێکی تاکەکەسیی و پرایڤتی هەر ئینسانێکە، نابێت هیچ تاکێک لەسەر ئەم مافە ئیهانە بکرێت. 
بێگومان بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک کورد کە هێشتا تەنەکە بۆ مانگ گیران لێدەدات و هێشتا دڵنیا نیە زەوی خڕە یان تەخت، ئەم جۆرە ڕووداوانە نامۆ و ناپەسەندن  و مەحکومن بە پەلامار و ئیهانە و لێدان لە کەسێتی ئەو تاکە و هەروەها بەکارهێنانی لەلایەن کۆنەپەرستانەوە بۆ خۆشکردنی ئاگری دواکەوتوویی.  لەهەمان کاتیشدا جێگای خۆشحاڵیە تروسکاییەک لەو کۆمەڵگایەدا کە دەتوانن ئەم بڕیارە تاکەکەسییە وەک ماف ببینن و قوبوڵی بکەن . 
لەم کۆتاییانەدا  تا ڕادەیەک لە نووسینەکانی دکتۆر دوورکەوتبوومەوە بەهۆی ئەوەی منیش وەک ئینسانێک کە خاوەنی ڕای خۆمم، دژی ئەو ئەجیندا وێرانکەرەی جەندەریزم و  ئەو ئایدۆلۆجیستانەم کە دەیانەوێت لە کۆمەڵگاکاندا پەرەی پێبدەن.  بەڵام ئەمە هەرگیز نەبووە هۆی ئەوەی لێک دابڕێین و هەمیشە ڕیزم بۆی هەبووە. 
لێرەدا ئەگەر ڕاو ڕەخنەی خۆم بۆ دکتۆر بخەمە ڕوو هەرگیز ئەوە نابێت کە دژایەتی بکەم و سوکایەتی پێبکەم و نەفرەتی لێبکەم ! بەڵکو زیاتر لە دوو  دێڕ گرنگە من بیڵێم! 
یەکەم : بەداخەوە دکتۆر باوکێکی میهرەبانی کوشت، برایەکی باشی کوشت، کوڕی دایک و باوکێکی کوشت، هاوڕێیەکی منی کوشت و بۆخۆیشی لەمەودوا بێباکانە سەیری دڵی شکاومان دەکات . زۆر درەنگ بوو ! ئەم تەوقیتە زۆر هەڵەبوو! ئەم بڕیارە زۆر خۆپەرستانە بوو!  ڕۆحییەتی قوربانییدان لە دکتۆردا نەبوو . 
دووەم: هیوادارم نەهێڵێت خاوەن و وەگەڕخەر و دەڵاڵەکانی ئەجیندا و ئایدیالۆجی جێندەر  بیکەنە کاڵای ڕیکلام و وەک کەرەستەیەک بەکاری بهێنن بۆ سەرلێشێواندنی خەڵک. 
لە کۆتاییدا دەڵێم (بوون بە ژن کێشە نیە!  پیاو بەس نەبێ بە پارتی لەژێرەوە، خوایدەکرد دەبوو بە حوشتر)
تێبینی کوردستانپۆست: د. زمناکۆ خەسرەو، چوار نووسینی لە کوردستانپۆستدا بڵاوکردۆتەوە، ئەمەی خوارەوە ئەرشیفەکەیەتی:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&authorid=11265

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە