کوردستانپۆست و هەڵوێست

Monday, 01/01/2024, 22:24

8028 بینراوە


میدیا ئامرازێکی کارێگەری دەستی پارتە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانە، وەک تورکیا، ئیران، عیراق و ئیسرائیل، کە لە باشووری کوردستان هەموویان بۆ سەپاندنی هەژموون و گەیشتنیان بە زۆرترین تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، بودجەیەکی ئێجگار زەبەلاحیان بۆ دەزگەی میدیای کوردیی، بەتایبەتی کەناڵی تەلەفزیۆن، تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئیستگرام و تیکتۆک تەرخان کردووە.
ئەوان بە پارە نووسەر، میدیاکار، بێژەر، گۆڕانیبێژ، سەماکەر، موسیقاژەن، ژنەمۆدێل، لەشفڕۆش، هونەرمەندی تەکنیکی، تەکۆنۆلۆژیا و هاککەریان بە پارە بۆ دەکڕێت. هەنووکە لەشکرێکی زەبەلاح لە میدیای چەواشەکار، خۆفڕۆش و جاشقەڵەم ، کۆمێتنووس و جنێوفڕۆش دروست کردوە، کە لەنێو ئەو جەنجاڵیەدا تاک و تەرا، ماڵپەری بێلایەن، نووسەر و هونەرمەند و میدیاکاری بەهەڵوێست تێبینی دەکرێت.
لە باشووری کوردستاندا، دنیای میدیای کوردی پیسسترین گۆڕەپانە، کە تێیدا بە سەدان خۆفڕۆش، خۆی تێیدا دەدۆزێتەوە بۆتە سەرچاوەیەکی بەهێزی دەرامەت و ئابووریی ئەو کەسانە. میدیای ئەمڕۆی باشووری کوردستان، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوومان دەهێنێتەوە یاد، کاتێک کە ٣٥٠هەزار جاش، جگە لە سیخور و ئەوانەی لە دەزگەی دی بەعسدا کاریان دەکرد، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، لە نێو زۆرینەی شەقامی کوردییدا، قەوارەیەکی ئێجگار مەزنیان داگیر کرد بوو، بەبێ شەرم کردن لە مێژوو، ئاوازدانەرەکانی ئەو کات ئاوازی "سەدام زێرەیان" بەنێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە، چەند کێژۆڵەی ناسکی کوردیان هێنایە سەر شاشەی تەلەفزیۆن، بۆ گوتنی ئەو گۆڕانییە، بەڵام هیچ یەک لە کەسوکاری ئەو کچانەش لاریان لەوەدا نەبوو! ئەو کات ئەوانەی دژی بەعس کاریان دەکرد، دژی سەدام دەیاننووسی، بەرەو پەتی سێدارە هەنگاویان دەنا، هەندێکیان ببونە پێشمەرگە و لە سەنگەری شەرەفدا چەکیان کردبووە شان، بەڵام تەنیا نوخبەیەکی ئێجگار بچووکی نێو ئەو کۆمەڵگە پیسەی باشوور بوون، کە ئێستا وای لێهاتووە، نابێت ئەو مێژووە پڕ لە شەرمەزاریە، بە ڕووی خەڵکی باشووردا دابدەیەوە، نەوەکا هەستیان بریندار بێت! 
میدیای کوردیی لە باشووردا، زەلکاوێکی ئێجگار مەزنی پڕ لە مێشومەگەزە، کە بە سەدان مشەخۆر، بێهەڵوێست، بەرژەوەندیپەرست، ڕاڕا، نۆکەر و کۆیلە، تێیدا مەلەوانی دەکەن. هەواڵی درۆ، خۆدەرخستن، هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، بەشانوباڵی ئەم لێپرسراو ئەو لێپرسراو هەڵدەدەن و ئەمەش بۆتە پیشەیان. لەنێو ئەو دنیا میدیایە قێزەوەندا، چەند ماڵپەرێک و نووسەرێک بە زیندووی ماون، کە یەکێک لەوان "کوردستانپۆستە"، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی جەنگی ئەلکترۆنی دەبێتەوە و هەوڵی هاککردنی دەدرێت ، لێپرسراوانی گەندەڵ و میدیای خۆفڕۆش و جاشقەڵەم و زۆربڵێ دووبەرەکی دەکەن، لەنێو خەڵکدا پروپاگەندەی ئەوەی بۆ دەکەن کە ئەم ماڵپەڕە "جنێوفڕۆشە"! بە سەدان سەگ وسواڵ و کاسەلێسەی بەر دەرکیی گەندەڵکاران کۆمێنتبارانی دەکەن، قسەی نەشیاو و بوختانی نابەجێ دژی ستافەکە و سەرنووسەری ئەو ماڵپەڕە هەڵدەبەستن، خۆیان لەو ڕاستییە گێل دەکەن کە ئەو ماڵپەڕە بۆ نزیک لە سێ دەیەیە بە بێ وچان و کۆڵنەدان کار دەکات، ڕووبەرێکی مەزنی لە گۆڕەپانی میدیای ئۆپۆزسیۆندا داگیر کردوە، لە هەموو ڕووداوەکاندا گوتەی هەبووە، لە هەموو هێڕشی سوپای داگیرکەرانی کوردستاندا کە ئەنجام دراوە، هەڵوێستی هەبووە، پشتیوانیەکی سەرسەختی جەنگی کۆبانێ، داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا، بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژئاواو و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. کوردستانپۆست هەمیشە لە سەنگەری میللەتەکەیدا تا ئەو ساتە دژی گەندەڵکاران و خۆفڕۆشاندا هەڵوێستی مەزنی نواندووە. 
ئەزموونی نووسەرانی بێلایەنی کوردستانپۆست، پێمان دەڵیت، کە ئەم ماڵپەرە بە پلەی سەرەکی خەرجیەکەی لە گیرفانی سەرنووسەر دەردەهێنرێت، ستافەکەی هەموویان بە خۆبەخشی کار دەکەن، نووسەرەکانی کە لەم ماڵپەڕەدا بابەت بڵاو دەکەنەوە، بڕە پارەیەکیان دەستناکەوێت، بەڵام لەهەموو ئەمانە گرنگتر، نووسەر لە سەدا سەد خاوەن بابەتەکەی خۆیەتی، یەک وشە لە بابەتەکەی دەستکاری ناکرێت و لانابردرێت، هیچ فشارێک دروست ناکەن لەسەر قەڵەمی پاک، هیچ دەستەواژەیەک بەسەر نووسەردا ناسەپێنن، هەموو بابەتەکان لە کاتی خۆیدا بڵاودەکرێتەوە، مامەڵەیەکی ئێجگار نەرمونیانیان هەیە لەگەڵ ئەو قەڵەمانەی کە دژی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەنووسن، تا ئێستا ئەمانە بە پارە نەکڕاون، تا ئێستا ملکەچی و نۆکەری و تاسەلێسەی کەس نەبوون، ماندوون بەدەستی قەڵەمی ڕاڕا و ئەوبەر ئەوبەرکردن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان لە کوردستانپۆست و ماڵپەرەکانی سەربەدەسەڵات و سێبەرەکانیان.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هێشتا کوردستانپۆست بە پێوە ماوە، بۆیە لە سەرەتای ٢٠٢٤دا دەڵێن، کوردستانپۆست هەمیشەش دەبێت بەردەوام بێت، سەربەرز بێت و لە دنیای میدیای ئۆپۆزسیۆندا دانەبڕێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە