کوردایەتیی لە عەلیاغای شەروێتێ تا دکتۆر قاسملوو

Sunday, 04/02/2024, 19:18

2325 بینراوە


١- عەلی ئاغای شەروێتی خەڵکی مەنگوڕایەتی باشووری کوردستان بە قسەخۆش و نوکتە زان ناسرابوو.
نزیک شەست ساڵ لەوە پێش عەلیاغا سەفەری بەغدا دەکات.
لە بەغدا شۆرتەیەک (پاسەبان) عەلیاغا ڕادەگرێ و شەپێکی تێ هەڵدەدات.
دوایە عەلیاغا کە دەگەڕێتەوە کوردستان لە نێو بازاڕی قەڵادزێ شۆرتەیەک وەبەر شەپان دەدات.
پێی دەڵێن خۆ ئەم شۆرتەیە هیچ گوناهێکی نەکردووە. بۆ لێی دەدەیت؟
عەلیاغا لە جواب دا دەڵێت "شۆرتە هەر شۆرتەیە، لە بەغدا بێ یان لە قەڵادزێ"
***
٢- بەهاری ١٩٧٩ دوو مانگ دوای ڕووخانی دەوڵەتی شای ئێران دکتۆر قاسملوو هەزاران چەکدار لە مەهاباد و شار و دێهاتەکانی دیکەی کوردستان دەباتە نەغەدە و لە ناوەڕاستی ناوچەی تورکان میتینگێکی گەورە دادەمەزرێنیت.
(لە پێشدا چەندین کەسایەتی و خەڵکێکی زۆر تکای لێ دەکەن ئەم میتینگە لەم شوێنە بەڕێوە نەبات، تا شەڕی کورد و تورک هەڵنایسێ. بەڵام جوابی کەس ناداتەوە)
چەند چەکداری تورک لە دەستپێکی میتینگەکە لە سەربانی ماڵەکانی خۆیان ڕا چەند فیشەکیان بە حەوا دا تەقاند.
میتینگ هەڵوەشا و هەر کەس ئازا بێ و خۆی دەرباز بکات بۆ ناوچەی کوردنشینی نەغەدە و لەوێش ڕا بۆ دێی باڵغچی و لەوێش ڕا بۆ مەهاباد.
زیاتر لە سەد ماشێنی(سەیارە) کوردەکان لە شوێنی میتینگ بەجێ مان و کەوتنە دەست تورکەکان. یەکێک لەم ماشێنانە پەیکانی دکتۆر قاسملوو بوو.
ڕۆژانی دوایی نوێنەرانی کورد و تورک و دەوڵەتی ناوەندی کۆبوونەوەی و تەوافوقی ئاگربەس و ئاشتیان ئیمزا کرد.
یەکێک لە بەندەکانی ئەم تەوافوقە ئەوە بوو کە کەسانی ماشێن دزراو بە نیشاندانی سەنەد و بەڵگەی ماشێنەکەیان دەتوانن ماشێنی خۆیان وەرگرنەوە.
پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە دێی لکبنی پیرانشار تووشی تورکێکی نەغەدە دەبن کە ماشێنێکی پەیکانی زەردی پێ دەبێت. پەیکانەی لێدەستێنن و ئازادی دەکەن.
پێشمەرگەکان پەیکانەکە دەدەن بە دکتۆر قاسملوو.
د. قاسملوو لە جیاتی پەیکانەکەی کە لە نەغەدە کەوتبۆ دەست تورکان، خۆی کردە خاوەنی پەیکانە زەرد.
ڕۆژێک د. قاسملوو لە مەهاباد نابێ. کابرای تورکی ساحیب پەیکانە زەرد ماشێنی خۆی لە بەر دەم بنکەی حیزبی دێموکڕاتی مەهاباد دۆزیبۆوە. نامەیێکی فەرمانداری نەغەدەی پێ بوو کە نوسرابوو بە پێی تەوافوقنامە ئەم ماشێنە بدرێتەوە بە خاوەنەکەی.
کەریم حیسامی بە دیتنی سەنەد و کارتی کابرا ماشێنەکەی دەداتەوە.
دوایە دکتۆر قاسملوو دێتەوە مەهاباد و دەبینێت پەیکانە زەرد نەماوە. دکتۆر قاسملوو دەست دەکات بە هات و هاوار کە بۆچی ماشێنی منتان داوەتەوە کابرا.
کەریم حیسامی و مامە غەنی بلوریان دەڵێن ئێمە لە گەڵ تورک و دەوڵەتی ناوەند تەوافوقمان کردوە کە هەر کەس ماشێنی خۆی بناسێتەوە و سەنەدی پێ بێت، دەبێ ماشێنەکەی بدرێتەوە.
بە پێی ئەم تەوافوقنامەیە تا ئێستا ٥٠ کورد ماشێنی خۆیان لە تورکی نەغەدە وەرگرتۆتەوە.
دکتۆر قاسملوو دەڵێت با کابرا ماشێنی منی هێنابایەوە، ئەو دەم منیش ماشێنی ئەوم دەدایەوە.
پێی دەڵێن دوکتور خۆ ئەو کابرایە کەسێکی سڤیلە و ماشێنی کەسی تاڵان نەکردووە، ماشێنی تۆ لە کوێ بهێنێتەوە؟
ئاخری دوکتور بە ناڕەزایی وازی هێنا...
***
٣- بۆ بزەی لێوان: ئەگەر مامەنداغای شەختانێ زیندوو مابایە دەیگوت هەر شەش تەڵاقم کەون بە گوێ دەخۆم گوێم لێ بووە کە دکتۆر قاسملوو گوتوویەتی "تورک هەر تورکە و پەیکانیش هەر پەیکانە"

سەرچاوە. 

حیسامی. کەریم- لە بیرەوەیەکانم- پی دی ئێف-سوێد- ستەکهۆڵم ١٩٩٢ بەرگی شەشەم- لاپەڕەی 6٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە