مانا لە نێوان شێروانی و دادوەردا

Thursday, 08/02/2024, 23:16

9147 بینراوە


میسرییەکان وتەیەکیان هەیە کە دەڵێن: "یاما في السجن مظالم!" واتا زۆرجار ستەملێکراوان لە زینداندان! هەڵبەت نەك هەر بە وتەی نەستەق و پەند، بگرە میسرییەکان لە زۆرێك لە دراما و شانۆ و فیلمەکانیان تیشکیان خستۆتە سەر ئەم ناوەڕۆکە کە ستەملێکراو لە ژێر ناوی تاوانکار و بە بڕیاری ستەمکار دەخرێتە کونجی زیندانەوە. 
هەموو پیشەیەك لە دونیادا ناونیشانێکە. هەموو ناونیشانی پیشەیەكیش پێناسەیەکی هەیە. هەموو پێناسەیەکیش چییەتی ئەو ناونیشانەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە. داد واتا عەدالەت و دادگاش واتا جێگەی عەدالەت. خودی عەدالەتیش هاوسەنگی تای تەرازووە و ناکرێت ئەوەی سەرپەرشتی ئەو هاوسەنگی کردنە دەکات، بە ملیم لێی لا بدات. ئەمەش لە پێناو ئەوەی کە پڕۆسەی عەدالەت پڕ بە پێستی ماناکەی خۆی بەڕێوە بچێت. 
لە بەر تیشکی ئەمانەی سەرەوە، ئەو کەسەی هاوسەنگی تەرازووەکە ڕادەگرێت، پێی ئەڵێن دادوەر. گەر لە وشەی دادوەر وردبینەوە دەبینین پێك هاتووە لە داد و پاشگری وەر. بە وێنەی وشەی بەختەوەر کە بە واتای خاوەن بەخت دێت. بەم پێیەش بێت دادوەر دەبێت خاوەن داد بێت. بەڵام ئاخۆ دادوەرانی کەیسی شێروانی و هاوڕێکانی، خاوەن دادن؟
دادگاکان لە کۆشك و ئاپارتمانی گەورە گەوەرەی بێ گیان پێهاتوون. هەموو دادگاکان بەوانەی کۆریای باکور و سەردەمی بەعسیشەوە  سیمبولی دادپەروەری "تەرازووەکە"یان پێوە هەڵواسراوە. دادگای هەولێریش بە هەمان شێوەیە. بگرە لە دادگای هەولێرجیاواز لەوەی کۆریای باکور، تابلۆیەکیش لە پشتی دادوەرکان هەڵواسراوە و وتەیەکی خودای لە سەر نووسراوە: "واذا حکتم بین الناس، فاحکموا بالعدل" واتا ئەگەر داوەریتان لە نێوان خەڵکیدا کرد، ئەوا با دادگاییەکەتان دادپەروەرانە بێت! بەڵام ئاخۆ دادوەرەکانی نێو دادگاکەی هەولێر دادپەروەرانە بڕیاریان داوە، لە کەیسی شێروان شێروانی و هاوڕێکانیدا!؟
شێروان وشەیەکی دیکەی نێو ئەم باسەیە. پێك هاتووە لە وشەی شێر و پاشگری وان. بەوێنەی شاخەوان. بە پێی (فەرهەنگی خاڵ)یش بێت پاشگری وان بە هەرچ ناوێکەوە بلکێ پسپۆری ئەبەخشێ بەو ناوە. بە واتای شاخەوان کەسێکە پسپۆرە لە شاخدا، یان لە کاری سەرکەوتن بە سەر شاخدا. هەر بەم پێیەش بێت شێروان ئەبێت پسپۆر بێت لە ئازایەتی و خۆڕاگری و سووربوون لە سەر بیروباوەڕی خۆی. هەرچۆن شێریش بەو سیفەتانە بووە بە پادشای ئاژەڵان لە دارستاندا، تەنانەت لە قەفەزیشی بنێی، هەر سامناك و ترسناکە و کەس زاتی ئەوە ناکات ئازادی بکات. دە شێروان شێروانی و هاوڕێکانیشی، هەر وان. ئەدی لە خۆڕا نیە کە دەسەڵاتی تۆقیو لە شێروان شێروانی،  ئاوها حوکمی نادادپەروەرانەی خۆی بە سەر کەسانی بێ تاوان ئەسەپێنی. حوکمێك لە ڕێگەی دادوەری دەستەمۆی دەسەڵات و ئیمتیازات، لە دادگایەکی پڕ لە ستەم و لە ژێر سایەی تەرازوویەکی لاسەنگ و لە ژێر دروشمی "ئەگەر داوەریتان کرد لە نێوانی من و شیروان شیروانیدا، ئەوا بە مەزاجی من داوەری بکەن".
 لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١دا وتارێکمان بڵاوکردەوە له ژێر ناوی (حوکمی دادپەروەر یان قەرەقووش!؟)دا، یەکەم نووسین بوو کە یەکەم پڕۆسەی دادگایی کردنی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی بە قەرەقووشی ناوزەکرد. ئەمڕۆش ئەڵێین: دەی سەدد ڕەحمت لە کفن دز!  چونکە قەرەقووش بە نەزانی حوکمە سەیر و سەمەرەکانی بە سەر خەڵکیدا ئەسەپاند، بەڵام قەرەقووشەکانی هەولێر بە زانایی و بێ دەسەڵاتی و زەلیلی و لایەنداری، حوکمەکانی خۆیان بە سەر شێروان شێروانی و هاوڕێیانیدا ئەسەپێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە