حکومەتی هیچگەرایی تاریکستان

Thursday, 25/01/2024, 20:45

6061 بینراوە


ئەوەی ڕۆژێك ئاهێکی بۆ کوردستان هەڵکێشابێ، دڵۆپێك خوێنی بۆ ڕشتبێ، ئارەقێکی ساردی بۆ کردبێتەوە، ناتوانێ خۆی لە هەواڵی ئەم وڵاتە لابدات و بێ خەم بژی.
وڵاتێك دوای درێژترین مێژووی، پڕ لە هەموو جۆرەکانی قورباندان، گەیشتووە بە هیچ. هیچێتییەك کە لە فەرهەنگی هیچ میللەت و خاك و دەڤەرێك، نە نموونەی هەیە، نە لە مێژوودا وێنەی میللەتی وا کۆست کەوتوو دەدۆزرێتەوە، نە حکومەتی وا بێ فەڕ و بێ کەڵکیش.
بەشێکی بچووکی گەلێك، کە بە حاڵ شەش بۆ حەوت ملیۆنێك دەبن، گەیشتن بە جۆرێک لە ئازادی و حوکمداری. بەڵام لە بری ئەوەی گەشەی پێ بدەن و پتەوی بکەن و بیبووژێننەوە. کەچی دوای زیاتر لە سی ساڵ سەربەخۆ بوون، تازە بە تازە دابەشکاری هەولێری و سلێمانی تۆخ ئەکەنەوە.
 بەشە خاکێك لە باشوری خاکی گەورەی کوردستان، هێندەی پینەیەکی بچووکی پانتۆڵێکە لە چاو نەخشەی دونیا، ئازادکرا. بەڵام لە جیاتی ئەوەی وەکو یەک جەستەی پتەو مامەڵە لە گەڵ دەرەوەی خۆیان بکەن، بوون بە دوو زۆنی ناشرینی، بە زۆر لە یەك دابڕێنراو. لە نێو ئەو دوو زۆنەشدا ئەجێندای ئێرانی و تورکی و قەتەری و ڕۆژئاوایی کاری خۆیان ئەکەن. بەڵام ئەوەی هیچ کاریگەری نەبێت لە سەر ئەم خاکی کوردە، ئەجێندایەکی کوردی یەکگرتووی پاک و بێگەردە.
گەلێك کە چوار دوژمنی ناحەز بە یەکتری و بەڵام یەکدەست و کۆك لە دژی کورد، دەوری داون. کەچی لە بری ئەوەی حوکمڕانانی لە هەر کاتێک زیاتر ببنە پشت و پەنای میللەتی خۆیان، بەڵام هەر لایەکیان بووە بە کەواسورەی بەر لەشکری دوژمنێک، دژ بە گەل و میللەتی خۆیان. دوژمنانێکی ستەمکار بەڵام دادپەروەر لە دابەشکردنی ئەم خاکە لە نێو خۆیاندا و کردنیان بە تاقیگەی درۆن و بالیستی و فرۆکە جەنگییەکانیان.
 بە جۆرێك درۆن و فرۆکەی تورکی بۆردوومانی بەشێکی ئەکات و هی ئێرانیش بەشەکەی دیکەی ئەکووتێ. درۆنی فیکری قەتەری و ئیخوانیش، بە بێ دەنگی خەریکی وێرانکردنی عەقڵی تاکەکانێتی. لە هەموو ئەمانەش نادادپەروەری تر، هەڵسوکەوت و نیەت پیسی حزب و بنەماڵە و دەسەڵاتدارانی کوردە، دەرهەق بە یەکتری، دەرهەق بە میللەتی خۆیان. 
هەرێمی هیچگەرای کوردستان لەو بەڕڕە ڕزیوانە ئەچێت، کە جەوری زەمانە هەلاهەلای کردوون لە هەرچ لایەکەوە دەستی بۆ بەریت، لە بەر یەک هەڵئەوەشێتەوە.  لە ئادەمیزادێک ئەچێت لە خانویەکی بیست قاتییەوە بەربووبێتەوە و تۆش چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکەی بە پێی خۆی بچێت بۆ تیمارگە.
دەسەڵاتێکی ناشرینی کەس بە کەس، کە لە سەر بنەمای ئۆخەی ئۆخەی، هەرچ کەس بۆخۆی، بەڕێوەئەچێت. بڕیاربەدەست و بەڕێوەبەرانی ئەمڕۆی ئەم دەڤەرە، هێندە نەزانانە و نەفامانە بەڕێوەی دەبەن لە هیچ فەرهەنگێکی سیاسی و لە پەراوێزی پەڕەی هیچ مێژوویەکدا، نموونەی وەهات دەست ناکەوێت. 
 ئەم حکومەتە عەنەتیکە هیچگەرایەی تاریکستان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە لۆگۆی هەڵۆیەکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، کە چڕنووکەکانی تیژ لە سەر زەوی داچەقی بوون. چاوەکانی تیژ و مڕومۆچ و توڕە دوور ئەیڕوانی. باڵەکانیش وەکو دوو دەستی پۆڵایین ڕەنگەکانی ئاڵا و خۆرە سیمبولەکەی کوردیان  بەرز ڕاگرتبوو. کەچی ئەمڕۆ ئەڵێی تەیرەکەی مەلای مەشهورە، بەڵام جارێک لە قەفەزەکەی  جوحای عەرەبدایە و جارێکیش لە قەفەزەکەی خەواجە نەسرەدینی تورکدایە و جارێکی دیکەش لە قەفەزەکەی مەلا نەسرەدینی فارسدایە. بە جۆرێک ئەمڕۆ پەڕ و باڵ و دەنووک و کلک و چڕنووکی بە تەواوی کراوە،  تا ئەم تەیرە ناحەزەی ئەمڕۆی لێ پەیدا بووە. 
مەحوی مەزن لە دوو بەیتی شیعریدا فەرموویەتی:-
"ئەمڕۆ لە کن زەمانە هونەر بۆتە قەشمەری  
شێری ژیانی بۆچیە، مەیموونیە گەرەك!
فیطرەت بڵندو پایە بڵندم نەدی، بە گوێش
گەردوون ئەوەندە دوونە کەهەر دوونیە گەرەك"
واتا: نە بە چاو کەسی سروشتی و پایە بەرز دیوە  نە گوێم لە باسیان بووە. پێم سەیر نیە چونکە خەڵکی لەم زەمانە هیچەدا دەژین و بۆیە لە خەڵکی هیچ بەولاوە پێناگەینن، چونکە خۆیان کەسانی وا دەخوازن.
پرسیارێکی جەدەلی هەیە کە زۆر دووبارە دەبێتەوە؛ کە ئاخۆ گەلان شایەنی سەردارانی خۆیانن!؟
ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارە بیڵێم ئەوەیە کە ڕاستە لە قوربانیداندا هیچ گەلێک نیە شان لە شانی کورد بدات، بەڵام ئاخۆ بۆچی زۆربەی کات کەسانێک ئەکەینە سەرداری خۆمان کە دۆزەکەمان دەدۆڕێنن بەهیچ و دەمانگەیێنن بەم هیچێتییە!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە