ترس و هۆکارەکانی لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Tuesday, 13/02/2024, 2:32

2337 بینراوە


- بۆچی لە مار پتر دەترسین وەک لە سواربوونی ئۆتۆمبیل، هەرچەندە ڕێژەی مردن بە ڕووداوی هاتوچۆ سەدان هێندەی ڕێژەی مردنە بە پێوەدانی مار؟
- بۆچی بەشێوەیەکی گشتی ژنان لە پیاوان زیاتر دەترسن لە مار و دووپشک و جاڵجاڵۆکە و هەموو ئەو شتانەی دیکەی کە دەبنە هۆی ئازاردان و بریندارکردن و مردن، هەرچەندە پیاوان زۆرتر ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەمان زیانیشیان پێ دەگات؟
- بۆچی منداڵی بچووک لە پیاوانی بێگانە پتر دەترسێت وەک لە ژنە بێگانەکان؟
زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی (علم النفس التطوري - Evolutionary Psychology)، هەوڵێکە بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە و چەندانی دیکە، هەروەها تێگەیشتن لە چۆنەتی پێکهاتن و سەرچاوەی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤ لە درێژەی مێژووی پەرەسەندنیدا. بەگوێرەی بنەماکانی ئەم زانستە دەتوانین ترس و هۆکارەکانی لەسەر بنچینەی چەمکەکانی خۆگونجاندن و مانەوە ڕاڤە بکەین. تۆژینەوەکان پێمان دەڵێن، پێشینەکانمان لە ژینگەی دەوروبەریاندا بەبەردەوامی ڕووبەڕووی گەلەک هێرشی جۆراوجۆر دەبوونەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە پەلاماری ئاژەڵە دڕندەکان، بۆ ئەمە هەستکردن بە ترس و دڵەڕاوکێکان بوونە یاریدەرێکی کاریگەر بۆ بەرگری لەخۆکردن و خۆلادان لەو مەترسیانە. بەتێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژی ملیۆنان ساڵی لە پەرەسەندن، ئەو هەست بەترس کردنانە لەناو مێشکماندا گل درانەوە کە تا ئەمڕۆکەش ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن و دەبنە هۆی هێنانە کایەی کۆمەڵێک کاردانەوەی ناوەکی و ڕەفتارەکییەکان، ئەوانەی وەک نیشانەیەک بەکار دەهێندرێن بۆ ئاگەدارکردنەوەمان و پاراستنمان لە مەترسییەکان، دەرەنجام هەلی مانەوەمان لە ژیاندا زێدەتر دەبێت.
هەموو مرۆڤەکان بە ئەزموونگەلەک لە ترس و تۆقین و نائارامی تێ دەپەڕن، ئەوانەی پێشبینی مەترسییەکان دەکەن لە کات و ساتی دیارکراودا. ترس یارمەتیمان دەدات لە شەڕی دوژمنەکانمان، لە لێخوڕینێکی باش و وریای ئۆتۆمبیلەکەمان، لە نیشتنەوەیەکی ئارام بە پەڕەشوتەکەمان، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانمان، گوتاری جوان و واتادار بەرانبەر بە گوێگرە ڕەخنەگرەکانمان، پێمان لە شوێنی پتەو دابنێین کاتێک بە شاخان هەڵ دەگەڕێین.

پێناسەی ترس و ڕێکارەکانی خۆپاراستن

ئیزاک مارکس (Isaac Marks)، زۆر بەکورتی و بەوردی کار و فەرمانی ترسی پەرەسەندنەکی بەم شێوەیە دادەڕێژێت: ترس پێکهاتەیەکی بەجێماوە، زیندەوەران بەرەو ئەوە دەبات لە هەڕەشەکان بەدوور بن، بەهایەکی بەرچاوی هەیە بۆ مانەوە لەژیان. ترس جۆرە هەڵچوونێکی بەسوودە دەبێتە هۆکار بۆ زانین و هەستکردن بە مەترسییە هەنوکەیی و داهاتووەکان، بۆیەش ژمارەیەکی کەم لە ئاژەڵان لە هەلومەرجە سروشتییەکاندا دەتوانن بەبێ بوونی ترس بۆ ماوەیەکی درێژ لەژیاندا بمێننەوە.
مارکس پێناسەی ترس دەکات بە: ئەو هەستکردنە ناخۆشەیە سەرهەڵ دەدات وەک وەڵام و کاردانەوەیەکی سروشتی بۆ مەترسییەکی ڕاستەقینە. ترسان جیاوازە لەو نەخۆشی و نائارامییە دەروونییانەی پێیان دەگوترێن، تۆقینەکان، یاخۆ فۆبیاکان (phobias)، ئەوانەی برێتین لە ترسێکی تووند و زێدەڕۆیانە بەرانبەر بە مەترسییەکی سنووردار کە گەلەک جار کەسەکان کۆنترۆلی خۆیان لەدەست دەدەن، دەرەنجام بەبێ پێویستبوون دوور دەکەونەوە لە شتەکان و شوێنەکان کە لێی دەترسن.
مارکس و براچا (.Bracha H. S)، شەش ڕێکار دەستنیشان دەکەن کە لەڕێیانەوە ترس و دڵەڕاوکێ دەتوانن خۆپاراستن بۆ زیندەوەران بەدەست بهێنن، ئەوانیش؛
1- بەستن (Freezing): ئەم کاردانەوەیە یارمەتی هەڵسەنگاندنێکی وریایانەی دۆخەکە دەدات، هاوکات یاریدەدەرە بۆ خۆشاردنەوە لە ڕاوکەرەکان، هەندێ جاریش ڕێگری لە هێرش و پەلاماری دوژمنان دەکات. ئەگەر دڵنیا نیت لەوەی ڕاوکەرەکەت تۆی بینیووە، یان پێت ناکرێ شوێنی ڕاوکەرەکەت بزانیت، ئەوا بەستان و نەجووڵانت لە شوێنی خۆتدا باشترە لە ڕووبەڕووبوونەوە، یاخۆ هەڵاتنت.
2- هەڵاتن (Fleeing): کاردانەوەیەکە دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی زیندەوەران لە هەڕەشە جۆراوجۆرەکان. بۆ نموونە، ئەگەر تووشی مارێک بوویت، لەوانەیە هەڵاتنت باشترین و ئاسانترین بژاردە بێت بۆ ڕزگاربوونت لە گازگرتنێکی ژاراوی.
3- شەڕکردن (Fighting): دەشێ هێرشکردن، پیاکێشان و لێدان پەلاماری ڕاوکەرێک بوەستێنێت، ئەمەش بەوە دەکرێ ڕاوکەرەکە بکوژی، یان ناچاری بکەی هەڵ بێت. بەڵام دەبێ ئەگەری مسۆگەربوونی سەرکەوتنت بەسەر ڕاوکەرەکە بەچاکی لەبەرچاو بگریت، چونکە پلیشاندنەوەی جاڵجاڵۆکەیەکی ژاراوی گەلەک ساناترە لە شەڕکردنی ورچێکی برسی.
4- ملکەچکردن و ئارامگرتن: ئەم کاردانەوەیە سوودەکەی زیاتر لەو کاتەدا بەدەست دێت، ئەگەر ڕووبەڕووی هێرشی ئەندامێکی جۆرەکەی خۆت ببیتەوە. دیاردەی ملکەچکردن زۆر باوە لەناو شیمپانزییەکان، ئەو دەمەی شیمپانزییەک خۆی دەپارێزێت لە شەڕ و پەلاماری نێرینەیەکی بەهێزی کۆمەڵەکەی، هەمان شت لەسەر مرۆڤیشدا پێڕەو دەکرێت.
لە بیردۆز و تۆژینەوە نوێیەکانی براچا و مۆسکۆویتز (Moskowitz)، دوو کاردانەوە ڕەفتارەکییە پەرەسەندووەکەی دی بەرانبەر بە هەڕەشە تووندەکان دەخەنە ڕوو.
5- مردووی ساختە، یان خۆکردن بەمردوو (Fright): کاردانەوەیەکە تێیدا کەسەکە خۆی بە مردوو نیشان دەدات، لەڕێی خۆگرتن و نەجووڵانەوە. پەنا دەبرێتە بەر خۆگونجاندنێکی لەم شێوەیە، لەو کاتانەی هیچ بوارێک بۆ ڕاکردن و شەڕکردن نەبێت، بەجۆرێک ڕاوکەرەکە گەلەک خێرا و دڕ و بەهێز بێت. هەندێ لە ڕاوکەرەکان فرە هەستیارن بۆ جووڵەی نێچیرەکانیان، زۆر جار بۆ ماوەیەک نێچیرە نەجووڵاوەکان فەرامۆش دەکەن و بایەخێکی تەواویان پێ نادەن، دەرەنجام بە خاوبوونەوەی ڕاوکەر ڕەنگە نێچیرەکە هەلی ڕاکردنی بۆ بڕەخسێت.
6- لەهۆشچوون (Faint): لەهۆشچوون پەیام و هێمایەکە بۆ ڕاوکەر، یان هێرشبەر کە ئێمە جێی هەڕەشە نین بۆت. فەرمانی لەهۆشچوون لەوەدا چڕ دەکرێتەوە کە کاردانەوەیەکە بۆ بینینی خوێن، یاخۆ چەکێکی بریندارکەر، بەتایبەتیش یارمەتی کەسانی شەڕنەکەر دەدات لە جەنگەکاندا، وەک ژنان و منداڵان (بۆ گەیاندنی پەیامێکی نابێژەیی کە ئەوان هەرەشەیەکی ڕاستەوخۆ نین بۆ دوژمنەکانیان، بۆ ئەوەی وازیان لێ بهێندرێت). کەواتە لەهۆشچوون بووەتە هۆکارێک بۆ پتربوونی هەلی مانەوەی شەڕنەکەران لەژیاندا و تێپەڕاندنی جەنگ و تووندوتیژییەکان کە پێ دەچێت گەلەک باو بووبن لە مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤدا. ئەگەر ئەم تێڕوانینە ڕاست بێت، ئەوا دەبێ ژنان و منداڵان زیاتر لە پیاوان دووچاری لەهۆشچوون ببنەوە کاتێک خوێن دەبینن، لەڕاستیشدا هەر بەو شێوەیە بوو و بەڵگەکان بەتەواوی پاڵپشتی ئەم پێشنیارە دەکەن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە گشت ئەو وەڵام و کاردانەوە ڕەفتارەکییانە بەرانبەر بە هەرەشە تووند و مەترسیدارەکان، چەشنە خۆگونجانێکی پەرەسەندوومان بۆ دیار دەکات، بەو واتایەی دەتوانرێ زۆر بەچاکی ڕیزبەندی و زنجیرەی هەنگاوەکان پێشبینی بکرێن.
بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەیەکی باشتر:
کاردانەوەی یەکەم کە بەستن و نەجووڵانە دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکە نەدۆزرێتەوە (ئەگەر بەختی هەبێت)، پاش ئەمە بواری بۆ دەڕەخسێت نەخشە بکێشێ بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ڕاکردن. هەر دەمێکیش هێرشبەر پتر نێزیک ببێتەوە، کاردانەوەی دووەم دێتە پێشی کە ڕاکردنە. کاتێکیش هەڵاتن سەری نەگرت و ڕاوکەر پەلامار دەدات، نۆرەی کاردانەوەی سێیەم دێت کە شەڕکردنە. خۆ ئەگەر هیچ چارەیەک نەما بۆ ڕاکردن و شەڕکردنێکی سەرکەوتوو، تاکەکە ناچارە ملکەچ ببێت، یان جووڵەی ببڕێت و خۆی بکات بە مردوو.
ڕیزبوونی ئەم کاردانەوە و بەرگریکردنانە هەر لە مرۆڤدا نابیندرێ، بگرە لە زۆرینەی شیردەرەکاندا ڕوو دەدات، بەرانبەر بەمانە لەهۆشچوون تەنیا بە مرۆڤەوە بەندە، دەشێ لە درێژەی دوو ملیۆن ساڵی ڕابردوودا وەک کاردانەوەیەک بۆ جەنگەکان پەرەی سەندبێ.
ترس، جگە لەو زنجیرە وەڵامدانەوە و هەڵسوکەوت و ڕەفتارانە، کۆمەڵێک کاردانەوەی فسیۆلۆجی پەرەسەندووی لێیەوە پێشبینی دەکرێت (مارکس و نێس Nesse .R. M). بۆ نموونە، لە کاتی ترسدا هۆڕمۆنی ئێپینفرین (Epinephrine) بەبەرهەم دێت، ئەمەش کار دەکاتە سەر وەرگرەکانی خوێن بۆ یارمەتیدانی خوێن مەیین ئەو دەمەی لەش بریندار دەبێت، هاوکات ئەو هۆڕمۆنە کاریگەری هەیە لەسەر جگەر بۆ دەردانی شەکر، بۆ پێدانی ئەو وزەیەی ماسولکەکان پێویستیانە لە کاتی شەڕکردن و هەڵاتندا. ترس لێدانی دڵ خێراتر و هەناسەدان تووندتر دەکات، بەمەش ڕێژەی گەیشتنی ئۆکسیجن بە ئەندامەکانی لەش و دەرهاویشتنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن چالاکتر دەبێت، دەرەنجام تەوژمی هاتوچۆی خوێن بەگوڕتر دەبێ و ئاراستەی خوێن لە گەدەوە دەگۆڕدرێ و بەرەو ماسوولکەکان دەچێت، لەبەرئەوەی دەکرێ کرداری هەرس تۆزێک دوا بخرێت ئەگەر ڕووبەڕووی مەترسی شێرێک ببینەوە.

باوترین ترسەکانی مرۆڤ

خشتەی خوارەوە باوترین جۆرە ترسمان نیشان دەدات، لەگەڵ کۆمەڵێک کرداری خۆگونجاندنی پێشبینیکراو کە بۆ مامەڵەکردنیان پەرەیان سەندووە (Nesse). زانای ناودار چارڵز داروین زۆر بەوردیی پێناسەی ئەرک و فەرمانی ترسی کردووە، کاتێک دەڵێت: "گومانمان نییە لەوەی، ترسەکان لەلای منداڵاندا بەتەواوی سەربەخۆن و بەند نین بە ئەزموونی ژیان، بەڵکوو شتگەلەکی بۆماوەیین بۆ مەترسییە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی هی سات و سەردەمی ڕابردوو و کۆنینەمانن." لەبەرئەوەشە ئەگەری زۆرە مرۆڤ بەرانبەر بە ترسەکانی ژینگە و ژیاری پێشینەکانمان پەرەیان سەندبێ، پتر لەو ترسانەی ئەمڕۆکە هەمانە. مار هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی لە ناوچە شارستانییە گەورەکاندا نییە، بەڵام ئۆتۆمبیلەکان بوونەتە گیروگرفتێکی ڕاستەقینەی مەزن. گەلەک بەکەمی گوێبیستی ترسەکان دەبین لە ئۆتۆمبیل، دەرچەکانی تەزووی کارەبا (سویچ)، چەکی ئاگرین و چەندان دیکە، چونکە تێکڕای ئەمانە بەگوێرەی پەرەسەندن بە مەترسی نوێ دەژمێردرێن، واتە شتانێکی نوێن بۆ میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتی، تاکوو بەرانبەریان پەرە بە جۆرە ترسێکی تایبەتی بدات. ڕێژەیەکی زۆر لە نیشتەجێبووانی شارەکان سەردانی پزیشکی دەروونناسی دەکەن لەبەر ترسیان لە مار و جاڵجاڵۆکە ژاراوییەکان و کەسانی بێگانە و نەناسیاو، بەڵام ترس لە ئۆتۆمبیل و دەرچەی تەزووی کارەبایی یەکجار دەگمەنە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ نیشاندانی مەترسییەکانی ژینگەی پێشینە دێرینەکانمان.

چەند چەشنە ترسێک بەرانبەر بە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوو بۆ کێشەکەیان؛

- ترس لە مار و جاڵجاڵۆکەکان (دووپشکەکان): بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی تووشهاتن بە پێوەدانێکی ژاراوی.
- ترس لە شوێنە بەرزەکان: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی زیان پێگەیشتن بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەسەر چیایەک، یاخۆ دارێک.
- تۆقین: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی نێزیکبوونەوە لە هێرش و پەلاماری بوونەوەرێکی دڕندە، یان مرۆڤ.
- ترس لە شوێنە فرەوان و کراوەکان: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی شوێنە گشتییەکان کە ناتوانرێ لێی ڕزگاری بیت.
- ترس لە ئاژەڵە بچووکەکان: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی خشۆک و ئاژەڵە بچووکە مەترسیدارەکان.
- ترس و وڕێنەی نەخۆشی: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی تووشبوون بە نەخۆشییەکان و دوورکەوتنەوەی لەو شتانەی ئەگەری نەخۆشبوونیان لێ دەکرێت. 
- ترس لە تەنیایی و دابڕان: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی دابڕان لە کەسوکار و لەدەستدانی ئەوانەی دەتپارێزن.
- ترس لە کەسانی بێگانە و نەناسراو: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی زیانی کەسانی نامۆ و بەتایبەتیش لە نێرینەکان.
- لەدەستدانی پێگە و ترسی کۆمەڵایەتی: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی ڕەتکردنەوەت لە کۆمەڵگەکەت.
ترسی هاوسەریەتی: بەرانبەرە بە خۆگونجاندن بۆ کێشەی ڕەتکردنەوەی گشتی هەوڵی پێوەندی خۆشەویستی.
زۆرینەی ترسە مرۆیییەکان لە قۆناخەکانی گەشەکردن و گەورەبووندا بەدەر دەکەون، لەو کاتانەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی مەترسییەکە دەبینەوە. بۆ نموونە، هەستکردن بە مەترسی جاڵجاڵۆکە لە تەمەنی پێنج مانگیدا سەرهەڵ دەدات.
ترس لە شوێنی بەرز و کەسانی نامۆش لەلای منداڵان، لە دەوروبەری تەمەنی شەش مانگیدا دێتە دیتن، ئەمانەش تەواو ڕێک دێنەوە لەگەڵ ئەو تەمەنەی کە منداڵان دەست بە گاگۆلکێ دەکەن، دوور لەو شوێنەی دایکیانی لێیە. لە تۆژینەوەیەکدا لەبارەی ترس لە شوێنە بەرزەکان، %80ی منداڵە بچووکەکان، ئەوانەی لە سێ حەفتە و زیاتر دەستیان بە گاگۆلکێ کردووە، دوور دەکەوتنەوە لە شوێنی تێپەڕبوون بە لێواری بەرازایییەک کە بەسەر نزمایییەکی بینراوی دەڕوانی، بۆ گەیشتن بە دایکیان (نزمایییە دیار و بەرچاوەکە لەڕاستیدا بە تەختەشووشەیەکی ڕەق داپۆشرابوو).
بوونی ترسی منداڵان لە کەسانی نامۆ، لە ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵگە جیاجیاکاندا دەستنیشان کراوە وەک، گواتیمالا، زامبیا، کونگ بوشمین و هیندە هوپییەکان. زانراوە کە مەترسی کوشتنی منداڵان لەلایەن بێگانان دیاردەیەکی باوە لە ئاژەڵە سەرەکییەکانی جگە لە مرۆڤ (سروشتێکی دوژمنکارانە). ئەوەی جێی سەرنجە منداڵان لە مرۆڤدا، لە پیاوانی بێگانە زێدەتر دەترسن وەک لە ژنە بێگانەکان، ئەمەش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بەڵگەکانی هەمانە لەسەر ئەوەی، نێرینە بێگانەکان مەترسیدارترن لە مێینە بێگانەکان.
ترسی دابڕانیش جۆرێکی دیکەی گەلەک ناسراوە و لە زۆرینەی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا بینراوە، ترسێکە لە تەمەنی هەشت مانگی و سێزدە مانگیدا دەگاتە لوتکە. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە چەندان فەرهەنگدا، ڕێژەی سەدی منداڵانمان پێ دەدەن کە دەستیان بەگریان کردووە، ئەوە دەمەی دایکەکانیان ژووری ئەزموونگەکەی جێ هێشتووە. لەو تەمەنانەدا دڵەڕاوکێ و ترسی دابڕان و جیابوونەوە لەم ئاستەدا بوو: 62 لەسەدی منداڵانی هیندییەکانی گواتیمالا، 60 لەسەدی منداڵی ئیسرائیلییەکان، 82 لەسەدی ئەنتیگوا گواتیمالاییەکان، 100 لەسەدی منداڵانی دارستانی ئەفریکا. 
ترس لە ئاژەڵەکان لە تەمەنی نێزیکەی دوو ساڵیدا بەدەر دەکەوێ، لەو دەمەی منداڵ بە ژینگەی دەوروبەرکەی ئاشنا دەبێت. ترس لە شوێنی فرەوان و کراوەکانیش، خۆدیتنەوەیەکە لە شوێنە گشتییەکان و ڕووبەرێک کە سەختە لێی هەڵ بێیت، لەوە بەدیار دەکەوێ کاتێک منداڵێکی بچووک ماڵ بەجێ دەهێڵێت.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە، هەندێ ترس هەن ڕێژەکەیان دەوەستێتە سەر جۆری ڕەگەز، بە نموونە، ژنان پتر لە پیاوان دەترسن لەو شتانەی دەبنە هۆی ئازاردان و بریندارکردن وەک، لێدان، دزی لێکردن، هەڵکوتانەسەر، دەستدرێژی سێکسی، تا دەگاتە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، هەرچەندە هەموو ئەم مەترسییانە جگە لە دەستدرێژی سێکسی، پیاوان زیاتر ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەمان زیانیشیان پێ دەگات.
هەریەکە لە فێچنهاوەر و بیوونک (Buunk - Fetchenhauer) جیاوازییە ڕەگەزییەکان ڕاڤە دەکەن، بەوەی میکانیزمی هەڵبژاردنی زایەندی (سێکسی)، چەند جۆرە ڕێکارگەلەکی بەبەرهەم هێناوە لەلایەن پیاواندا لەپێناو گەیشتن بە، پلەوپایە، بەروبووم و خۆراک و هەلی جووتبوون و زاوزێ، بەڵام لە ژناندا بایەخ زێدەتر دراوە بە پرسی دیکەی گرینگ و پێویست بۆ پارێزگاریکردن لە وەچەکانیان. تۆژینەوەی هاوشێوە هەن (Agras ،Sylvester ،Oliveau)، بۆ ئەم جۆرە بۆچوونانە و دەرخستنی بوونی جیاوازی لە مار ترسان، بە تۆمارکردنی ترسی ژنان بە 38 لەسەد بەرانبەر بە 12 لەسەدی پیاوان، لەگەڵ ئەوەش زانراوە کە ترس لە مار گەلەک بەربڵاوترە لە ترسەکانی دی. 
بنچینەی دەروونی پەرەسەندنەکی ترسەکان، تەنیا نابێتە هۆکاری ڕەفتار و کاردانەوە هەستەکییەکان، بەڵکوو درێژ دەبێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی دورەبەر و زانین و تێگەیشتن لێی.
لە زنجیرە تۆژینەوەیەکی نایاب و سەرنجڕاکێش، داوا لە بەشداربووان دەکرێ بەدوای ئەو وێنانە بگەڕێن کە پێوەندییان هەیە بە ترسان لە مار و جاڵجاڵۆکە، لە نێوان کۆمەڵێک وێنەی ئاسایی و ناوروژێنەر بۆ ترسەکان، وەک قارچک و گوڵی جۆراوجۆر. پاشان هەوڵ درا شێوازی ئەزموونەکە پێچەوانە بکرێتەوە بۆ بارێکی دیکە، بە شێوەیەک داوایان لێ کرا لە وێنەی ناوروژێنەری ترس بگەڕێن، لەناو وێنەکانی بەندن بە وروژێنەری ترسەکان. ئەوە بوو بەشداریکەران زۆر خێراتر وێنەی مار و جاڵجاڵۆکەکانیان دەدۆزییەوە بەراورد بە وێنەی شتگەلە بێ زیانەکان. فرە خێرا شوێنی وروژێنەرە ترسناکەکانیان دەستنیشان دەکرد، بەبێ ڕەچاوکردنی پشێوی و تێکەڵوپێکەڵ بوونی وێنەکان لە کاتێکدا پێکەوە نیشان دەدران، بەبێ گوێدانیش بە ژمارەی شتەکانی کە سەرنجی بەشداربووانی بۆ لای دیکە دەبرد. وا دەهاتە بەرچاو وێنەی جاڵجاڵۆکە و مارەکان لەناو بینراوەکاندا، بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و بەئامێرەکیی باز بدەنە هزر و هۆش. واتە ئێمە هەر دەمێک بڕوانینە باخچە و کێڵگەکان، میکانیزمەکانمان ڕاستەخۆ زانیارییەکان وەردەگێڕن بۆ ئەو تێزەی پێی دەگوترێت "ماری ناو گژوگیا". 
بابەتێکی دیکەی سەیروسەمەرە بۆ ئاستی وریایی و ئاگەیی مرۆڤ لە مەترسییەکانی پێشینانمان لە دیاردەیەکدا بەدەر دەکەوێت، ئەویش هەستکردنمانە بۆ دەنگەکان. بۆ ئەمە زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکی جۆن نویهۆف (John Neuhoff)، ناوی دەنێت بە "لایەنگیری خۆگونجاندنی پەرەسەندوو بۆ هەستکردن بە جووڵە دەنگدارەکان". ئەم زانایە گەیشتە ئەوەی کە جیاوازییەکی تەواو هەیە لە هەستکردن بە دەنگە (نێزیکبووەوە و بەرزبووەوەکان) بەرانبەر بە دەنگە (دوورکەوتووەوە و ونبووەوەکان)، بە جۆرێک هەست بە گۆڕانی دەنگەکانی نێزیک دەبنەوە دەکرێ، وەک ئەوەی گەورەتر و بەهێزتر بن لەو دەنگانەی دوور دەکەونەوە، ئەگەرچی ئاستی تووندی هەردوو دەنگەکان یەکسانیش بن. نویهۆف پێمان دەڵێت، ئەم "لایەنگیرییە بیستەکییانە" خۆگونجاندنێکی هەستەکییە، بۆ ئەوە پەرەی سەندووە تاکوو بوارێکمان پێ بدات لە پاراستن و خۆبەدوورگرتن لە سەرچاوەی مەترسییەکانی کە لێمان نێزیک دەبنەوە، هاوشێوەی ئاژەڵە دڕندەکان. واتە ئاستی بیستنمان، لایەنگیرییە لە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوو بە مەبەستی دوورخستنەوەمان لە مەترسییەکانی لە جیهاندا هەن، لەپێناو مانەوەمان لە ژیاندا.

خۆگونجاندن بە گشتگیری زێدەڕۆ بۆ مەترسییەکان

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە باوەکانی شڵەژان و دڵەڕاوکێی مرۆڤ بەگشتگیرکردنی زێدەڕۆیە، لە دەرخستنی ترس بە شێوەیەک کە گەلەک گەورەتر بێت لە قەبارەی ڕاستەقینەی هەڕەشە و مەترسییەکان.
ئەگەری زۆرە ئەو گشتگیرە زێدەڕۆیە بەرەبەرە ڕوو بدات، بۆ نموونە، ئەو کەسەی تووشی نەخۆشی دەروونی بووە بە ترسان لە شوێنە فرەوان و کراوەکان، سەرەتا لە ئاپۆرە و قەرەباڵخی دەترسێت، پاشان بە تێپەڕبوونی کات ترسەکەی پتر و ئاڵۆزتر دەبێتەوە، بە جۆرێک ترسەکەی گشتگیر دەکاتەوە و ناوێرێت بچێتە فرۆشگە گەورەکان، تا وای لێ دێت لە باخچەی دواوەی خانوەکەی خۆی زیاتر دوور ناکەوێتەوە، ئەو دەمەشی ئاستی ترسەکەی تەواو پەرە دەسێنێت، ئەوا دەبێتە دیلی ماڵەکەی.
بیرۆکەی پارێزگاری خۆگونجاندن بۆ ئەوە هاتە ناساندن کە بتوانێ ڕاڤەیەک پێشکێش بکات بۆ دیاردەی گشتگیری زێدەڕۆ. بۆ تێگەیشتن لەو بیرۆکەیە، با بیر لە دوو سیناریۆ بکەینەوە: یەکەمیان، کەسێک پێی وایە شتێک مەترسیدار نییە، کەچی شتەکە گازی لێ دەگرێت و کەسەکە دەمرێت، دووەمیان، کەسێک پێی وایە شتێک ترسناکە، کەچی لەڕاستیدا مەترسیدار نییە. بەگوێرەی بیرۆکەی پارێزگاری خۆگونجاندن، نرخی گریمانەیەکی هەڵە لەوەی شتێک بێ ترسە بەڵام لەڕاستیدا مەترسیدارە، زۆر بەرزترە لە بەهای مانەوە لەژیاندا بەرانبەر بە نرخ و تێچووی پێڕەویکردن لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن، بەوەی هەندێ لە شتەکان مەترسیدارن، ئەگەرچی لەڕاستیدا واش نەبن. بەم شێوەیە هەندێ کرداری گشتگیری زێدەڕەو بە خۆگونجاندن دەژمێردرێ، ئەگەرچی جاری وا هەیە بە هەڵە لە شتێک دەترسین و خۆمان لێی بەدوور دەگرین و شتەکەش هیچ مەترسییەکی نییە.
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر و سەلماندنی زێدەڕۆیی و گەورەکردنی قەبارەی مەترسییەکان، سەرنجێک دەدەینە ئەزموونێکی هاوشێوەی ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێی دا.
لە تۆژینەوەیەکدا چەند وێنەیەکی ترسناکی مار و جاڵجاڵۆکەکان و چەند وێنەیەکی ئاسایی گوڵ و قارچکەکان نیشانی چەند ژنێک دەدرێت. دوای هەر وێنەیەک بەشداریکەران ئەم شتانەیان لەگەڵدا دەکەن، یان بە تەزوویەکی کارەبایی ئازاریان پێ دەگەینن، یاخۆ دەنگی ئاوازێکی تایبەتییان پێ دەدەن، یانیش هیچ. تێکڕای ئەوانەش بەهەڕەمەکی و بەبێ بوونی ڕیزبەندی بەڕێوە دەچوون، سێ کاردانەوەکەش هەریەکەیان لە چەندجارەبوونەوەیان هەمان ڕێژەی سێیەک (نێزیکەی %33) بۆیان داندرا، بەو واتایەی کاتێک وێنەی گوڵ، یان مار نیشانیان دەدرا، سێیەکی جارەکان تەزووی کارەبایییان پێ دەکێشان، سێیەک بۆ ئاوازەکە، سێیەکیش بۆ هیچ.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەو دەمەی پرسیار لە ژنەکان دەکرا، بۆ دیارکردنی ژمارەی پیاکێشانی تەزووی کارەبایی لە بینینی دیمەنی مارەکاندا، هەر هەموویان زێدەڕۆیییان دەکرد لەم ئەگەرەدا. ژمارەی تەزووەکان دوای بینینی وێنەی مارەکان خۆی دەدا لە 42 تا 52 لەسەدا، هەرچەندە لەڕاستیدا ڕێژەی چەندجارەبوونەوەی تەزووەکان ڕێک 33 لەسەدا بوو، بەمەش زێدەڕۆیی و گەورەکردنی قەبارەی مەترسییەکان زۆر بەچاکی سەلمێندرا، لەلای ئەو ژنانەی زۆر لە مار دەترسان.
کاتێک هەمان ئەم ئەزموونە ئەنجام درا، بۆ وێنەی سویچێکی کارەبایی تێکچوو (ئەگەری کارەبا لێدانی زۆر بەرزە)، ئەوا ژمارەی وەرگرتنی تەزووی کارەبایی لەلای ژنە بەشداربووەکاندا 34 لەسەد بوو، بێگومان ئەمەش زۆر نێزیکە لە 33 لەسەد کە ڕێژەی ڕاستەقینەی تەزووەکانە.
دەرەنجانی ئەم ئەزموونانە پێمان دەڵێن، مرۆڤ پتر لەبار و ڕەخساوە بۆ گشتگیریکردنێکی زێدەڕۆ لە ئاکامە خراپەکانی شتگەلە ترسناکە مێژوویییە کۆنینەکان، بەڵام نەڕەخساوە بۆ گشتگیری زێدەڕۆ لەو مەترسییانەی بەگوێرەی مێژووی پەرەسەندن نوێن. دواجار زێدەڕۆیییەکە دەبێتە هۆی پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی ترسەکان تا ڕادەی چەسپاندنی ئارەزوومەندانەش، بەمەش کەسەکان وا لێ دەکات پەرەبسێنن و خۆبگونجێنن لەگەڵ شتانێک کە بۆ پێشینەکان مەترسیدار بوون، هەرچەندە واشیان لێ بکات جاروبار هەڵە و زێدەڕۆیی بکەن.

خۆگونجاندنی پەرەسەندوو دژ بە ئاژەڵە دڕندەکان

 ئاشکرایە ئاژەڵە دڕندەکان بەبەردەوامیی و بەدرێژایی تەواوی مێژووی پەرەسەندن، مەترسی و هەڕەشە بوونە لەسەر مانەوەی مرۆڤ. بەتایبەتیش گۆشتخۆرە ترسناکەکانی وەک، شێر، پڵنگ، ورچ، کەمتیار، هەروەها خشۆکە گەورەکان لە شێوەی، تیمساح (Crocodile)، ماری زلی جۆری پایتۆن (Pythonidae). لەگەڵ ئەوەش لە تۆژینەوەکاندا ڕێژەی تووندی و ژمارەی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەتەواوی دیار نەکراون، بەڵام زیانەکانی بەر ئێسکی نیوچەمرۆیە کۆنینەکان کەوتوون، لە کون و چاڵەکانی کەلـلەسەری بەجێ ماویاندا دەبیندرێن، ئەوانەی پڕاوپڕ هاویەکن لەگەڵ گازی کەڵبەی پڵنگەکان، ئەمانە دەبنە بەڵگە بۆ ڕوودانی پەلاماری ئاژەڵە دڕندەکان بۆ سەر پێشینەکانمان.
لە چاخی نوێدا، تۆژینەوەیەک لەبارەی هۆکاری مردن لە نێو هۆزی ئاچی (Ache) کۆکەرەوەی بەروبوومی خۆراکدا، %6یان بە هێرشی پڵنگەکان و %12شیان بەهۆی گازگرتنی مارەکانەوە مردوون. هەر دەمێکیش بڕوانینە ئەمانە وەک هەڕەشەیەک لەسەر ژیان و مانەوە، ئەوا پێمان سەیر دەبێت ئەگەر هەڵبژاردنی سروشتی هیچ خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووی دژ بە هێرشی ئەو دڕندانە، لەلای مرۆڤدا بەبەرهەم نەهێنابێ.
لەگەڵ ئەوەی ترس لە ئاژەڵەکان لەلای منداڵاندا بووەتە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی، کەچی تۆژینەوە هاوچاخەکان پتر پێدا دەگرن لەسەر میکانیزمەکانی بەکاربردنی زانیارییە پێویستەکان، بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵە دڕندەکان. بارێت (Barrett) و هاوەڵەکانی دەبێژن: منداڵان بۆ ئەمە بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە زانینی بە سێ جۆرە زانیاری گرینگ هەیە؛
1- ناسینی ڕاوکەرە دڕندەکان (ئاژەڵە مەترسیدارەکان)، ئەمەش بنچینەی بەرگری و خۆپاراستنە دژ بە ئاژەڵە دڕندەکان.
2- دەبێ لەوە تێبگەن کە ڕاوکەرەکە خاوەنی پاڵنەرێکە، یاخۆ ئارەزووی هەیە بۆ خواردنی نێچیرەکەی، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشبینیکردنی ڕەفتاری ڕاوکەرەکە (بۆ نموونە، ئەگەر ڕواکەرەکە برسی بوو و نێچیرێکی بینی، ئەوا بەدوای دەکەوێ و دەیگرێت و هەوڵ دەدا بیکوژێت).
3- هۆشکردن بەوەی پێکگەیشتن و بەرکەوتن بە ڕاوکەر ئەگەری مردنی لێ دەکەوێتەوە، دەرەنجام ئەو هەستکردن بە مردنە، دەبێتە هۆی زانینی ئەوەی کە نێچیرەکە چیدیکە ناتوانێ بجووڵی و بگەڕێ و هەڵسوکەوت بکات، ئەو توانا لەدەستدانانەش هەمیشەیین و ناگەڕێنەوە.
بارێت لە تۆژینەوەیەکی دیکەی گەلەک نایاب دەیسەلمێنێت کە منداڵان لە تەمەنی نێوان سێ و چوار ساڵییەوە زانیارییەکی باشیان هەیە و هۆشدارن لە چۆنەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی تێزی (ڕاوکەر-نێچیر). منداڵانی هەریەکە لە شارستانییە پیشەسازییەکان، فەرهەنگە کشتوکاڵی و ڕاو و شکارەکان، دەکارن پێناسەیەکی ورد و چڕ بۆ ڕێڕەو و هەنگاوەکانی بەیەک گەیشتنی ڕاوکەر و نێچیر بکەن. لەمەش زیاتر، تێ دەگەیشتن کە کاتێک شێر نێچیرەکەی دەکوژێت، ئەوا زیندوو نامێنێت و ناتوانێ جارێکی دی بخوات، یان هەڵ بێت، مردنیش دۆخێکی کۆتایی و یەکجارییە.
دواجار بە تێگەیشتنی منداڵان بۆ پرسی مردن، ئاگەیی و هۆشیاریی مرۆڤەکان لە بژارەکردنی مار و جاڵجاڵۆکەکان، لە لایەنگیریان بۆ دەنگە نێزیکبووەوەکان و چەندان کاردانەوە و ڕەفتاری دیکە، مرۆڤ زنجیرەیەک لە خۆگونجاندنی مانەوەی لەژیاندا پەرە پێ داوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی جۆراوجۆر، لەوانەی ژیانی پێشینەکانی خستبووە بەر مەترسی.
..............................................

سەرچاوەکان؛

Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss
د. مصطفی حجازي ... علم النفس التطوري

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە