واتای چەمکی هیچ لە زانستی فیزیکدا

Wednesday, 03/01/2024, 0:34

3081 بینراوە


"ئەندێشەمان بەرەو دوورییەکی یەکجار گەورە و بێسنوور دەڕوات لە گەردووندا، بەڵام نابێ هاوشێوەی چیرۆکە ئەندێشەییەکان وامان لێ بکات شتانێک بهێنینە بەرچاومان کە بوونیان نییە، بەڵکوو لەو شتانە تێ بگەین کە بەڕاستی لەوێدا هەن." ڕیچارد فاینمان

داوات لێ دەکەم بۆ چرکەساتێک بیر لە هیچ، یاخۆ نەبوون بکەیتەوە، چاوەکانت دابخە و لە مێشکتدا لێی ورد ببەوە، هەوڵ بدە هەستت تیر بکەیتەوە لەسەر نەبوونایەتی ... شتێکی یەکجار سەختە، وایە؟
وشەی هیچ لە زانستی فیزیکدا بەندە بە چەمکی بۆشایی، بۆیە لێرەدا دەشێ بپرسین، ئایا دەبێ لەم گەردوونەماندا شوێنێک هەبێ بەتەواوی بەتاڵ بێت و هیچی لێ نەبێت، لە بۆشایییەکانی نێوان ئەستێرە و گەلەستێرەکان، یان نێوان گەردیلەکان؟
لە ڕاستیدا چەند چەمکێک هەن وەک، هیچ و سفر و بێسەرتا و بێکۆتا، ئاسان نییە بتوانین بەتەواوی پێناسەیان بکەین و واتایەکی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، تا بگەینە ڕاڤەیەک بۆ هەندێ پرسی شاراوەی سەخت و ئاڵۆز. چەمکی نەبوونایەتی و هیچ لە مێژووەکی یەکجار کۆنەوە مێشکی مرۆڤ پێیەوە خەریک بووە، لەبەرئەوەشە گەلەک لە ئەفسانەی شارستانییەتەکانی بەر لە هەزاران ساڵ و زۆربەی ئاینەکان خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێکن لەبارەی سەرەتای دروستبوون و واتای نەبوونایەتی.
هەر لە سەرەتاوە دەکارین بڵێین، دەشێ ئەم چەمکەی ناسراوە بە "هیچ" تەنیا پرسێکی هزریی بێت، چونکە بەگوێرەی زانست ئەستەمە گەردوون هیچ لەخۆ بگرێت، بۆیەش زاناکان لە بیرکردنەوەیاندا لەبارەی گەردوون لەڕێی تەقینەوەی مەزن و بیردۆزی هەڵاوسانەوە، چەندان پرسیاریان لەلادا دروست دەبوو وەک، بۆچی بوون هەیە، یان بۆ ئێمە بوونمان هەیە لەبری نەبوونمان؟ پێش گەردوون، یاخۆ تەقینەوەی مەزن چی هەبووە؟ ئایا ئەو هیچەی ناو دەنرێت بە بۆشایی کوانتەمی پەتی، یان پاک هۆکاری سەرهەڵدانی گەردوونە بەو شێوەیەی کە لە بیردۆزی هەڵاوسانی نوێدا هاتووە، یاخۆ هەر بەڕاستی لە هیچەوە بووە؟
ئەمڕۆکە بە بەرەو پێشەوەچوونی زانستی هاوچەرخ، چەمکی هیچ پتر بایەخی پێ دەدرێت و پەلی هاوێشتووەتە ناو چەندان بیردۆزی مەزنی بوارە زانستییەکان، بەتایبەتیش لە فیزیکزانی و لکە فرە گرینکەکەی کە گەردوونناسییە.

  قۆناخەکانی پێشکەوتنی چەمکی هیچ

بۆ تێگەیشتنێکی باشتر، دەکارین مێژووی چەمکی هیچ لەم پێنج قۆناخەدا چڕیان بکەینەوە؛
قۆناخی یەکەم: مرۆڤ پێش سەدان و هەزاران ساڵ بە تێگەیشتنێکی کلاسیکی دەیڕوانییە چەمکی هیچ، بە واتای ڕووبەرێکی بەتاڵ بەبێ بوونی ماددە، هاوشێوەی ژوورێک کە هیچ شتومەکێکی تێدا نەبێت. تا ڕادەی ئەوەی بیریان لە هەوایەکەی ناویشی نەدەکردەوە، بۆیە تا سەدەی شازدەیەمی زاینیش پێیان وابوو ئەگەر دوو باڵ بەکار بهێنن ئەوا دەتوانن بگەنە ناو مانگ، نەیان دەزانی بۆشایی نێوان زەوی و مانگ هیچ هەوایەکی لێ نییە.
قۆناخی دووەم: لە دوای هەوڵەکانی گالیلێیۆ و پاسکال و چەند زانایەکی دی، توانرا کەلێنێک لە بۆشایی بەدەست بهێندرێ کە بەتاڵ بێت لە هەوا و گازەکان، کاتێکیش کاریگەریی پەستانی هەوا لەسەر ئەو بۆشایییە و پێوەندی بە پلەی گەرمییان دۆزییەوە، ئەمە بووە نێزیکبوونەوەیەک لە چەمکێکی هزریی پێشکەوتوو بۆ بۆشایی و هیچ.
قۆناخی سێیەم: دەرەنجامی بەرەو پێشەوە چوونی پتری فیزیک و بیردۆزەکانی ڕێژەیی، چەمکێکی دیکە بۆ هیچ سەری هەڵدا، بۆ ئەو بۆشایییەی کە بەتاڵە لە هەوا و گازەکان، بەڵام دەشێ پڕ بێت لە تەنۆلکەی ژێر گەردیلەیی وەک، ئەلیکترۆن و پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان، کایە کارەبایی و موگناتیسییەکان، هاوکات کۆمەڵێک لە فۆتۆن و تیشکی هاوشێوەی، ئەلفا و بێتا و گامای پێدا تێپەڕ ببێت، بەبەردەوامیش تەنۆلکەی نیوترینۆی بەر بکەوێت. کەواتە بۆشایییەکەی وامان دەزانی هیچ لەخۆ ناگرێت، پڕە لە چەندان جۆرە تیشک و تەنۆلکە، خۆ ئەگەر وای دابنێین توانیشمان تێکڕای ئەمانەی ناومان بردن لایان ببەین، دیسانەوە ئەو شوێنەمان هێزی کێشکردن دەگرێتە خۆی و بەهیچ شێوەیەک ناکرێ نەهێڵدرێت، چونکە ئەمەیان هێزی ڕاکێشانە و بەندە بە پێکهاتەی شانەی گەردوونیی و هەرگیز ڕێی لێ ناگیرێت.
قۆناخی چوارەم: پاشان چەمکی هیچ بەرەبەرە گەیشتە ئاستێکی زۆر سەخت و ئاڵۆز، ئەو دەمەی بنەما سەرەکییەکانی فیزیکی کوانتەم لە چوارچێوەی بیردۆزی کایە کوانتەمییەکان خۆی دەبینییەوە، ئەوانەی پێناسەی پێکهاتەکان دەکەن لە نموونەی تەنۆلکە سەرەتایییەکان، یاخۆ یەکەمینەکان و سروشتە دووانەکییەکەی ماددە. واتە لەم فیزیکە نوێیەدا تێڕوانینمان بۆ تەنەکان بووە شێوەیەک لە بچووکترین یەکە، یان بڕ (کوانتەم) لە کایەکان، نەک تەنۆلکەکان (گۆییە ڕەقەکان)، چونکە لە بیردۆزی کایە کوانتەمییەکاندا پێناسەی هەموو شتەکان لە بوار و کایەکاندا دەکرێن. پاش ئەوانە تەنۆلکەکان بە دۆخێک لە کاریگەری بۆ سەر کایە کۆانتەمییەکان هاتە هەژمار کردن، بەمەش چەمکی هیچ تا دەهات دژوار و ئاڵۆزتر دەبوو لەوەی ئێمە بۆی دەچووین، بەوەی هەر بیرکردنەوەیەک لە زاراوەی هیچ بەرەو ئەوەمان دەبات، گشت پێکهاتە هەرە وردەکان و بڕەکان بەلاوە بنێین بۆ گەیشتن بە چەمکی هیچ و نەبوونایەتی.
قۆناخی پێنجەم: زاناکان دووچاری گەلەک کێشە و گرفتی سەخت بوونەوە بۆ تێگەیشتن لە هیچێکی فرە پێشکەوتووی هاوچەرخانە، دواجار وای لێ هات هاودەنگییەک لەلایاندا دروست ببێت، بە جۆرێک ئەگەر پێمان بکرێت سەرلەبەری تەنۆلکەکان، بڕە وزەکان، هێزی کێشکردن و ...هتد. لە سیستەمێکدا لا ببەین، ئەوا بۆشایییەکی ڕاستەقینە (True vacuum) بەدەست دەهێنین. زۆر چاکە، کەواتە خۆشبەختانە پاش ئەو هەموو هەوڵە گەیشتینە بۆشاییەکی تەواو و پێناسەیەکی ڕاستەقینە و دوایەکی بۆ چەمکی هیچ.
پێش ئەوەی ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین، فیزیکزانی دیسانەوە پەنجەی خستە ناو ئەو بۆشایییە و لەو ئاستە یەکجار نزمەی وزە شتێکی گەلەک سەیر و سەرنجڕاکێشی تێدا دۆزییەوە، ئەوەی ناو دەنرێت بە لەرینەوە، یان هەژانی کوانتەمی (Quantum fluctuation). لەم بۆشایییە، یاخۆ شانەیەی کاتشوێن (Spacetime)، دۆخێک دێتە ئاراوە و دەبێتە هۆی بەبەرهەمهێنانی خۆبەخۆی دوو تەنۆلکە (تەنۆلکە و دژەتەنۆلکە) کە پێیان دەگوترێت تەنۆلکە گریمانەکییەکان (virtual particles)، هۆکاری ئەو ناوەشیان لەبەرئەوەیە تەمەنیان لەڕادەبەر کورتە و هەست بە بوونیان ناکرێت. زاناکان لەو باوەڕەن بۆشایی، یان هیچی کوانتەمی پڕە لە چالاکییەکانی لەرە و هەژانی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان، ئەوانەی لە گشت شوێنێکدا هەن و هەرگیز ناتواندرێ بەتەواوی لایان ببەین، هاوشێوەی شەپۆلی زەریاکانن ئەستەمە ڕابگیرێن. ئەو شەپۆلانە بە هەموو درێژییە جۆراوجۆرەکان بوونیان هەیە، هەبوونەکەشیان هەمیشەیییە و بەندە بە ڕووبەرێکی بەتاڵی خاوەن بڕێکی دیارکراو لە وزەیەکی یەکجار نزم کە نەکارین هەستیان پێ بکەین، ئەوەی بە وزەی خاڵی سفر (Zero-point energy) دەناسرێت.
 

گەردوونێک لە هیچەوە

بەکورتی، هاوتای گەلەک لە بیرۆکە فەلسەفەیییەکان، چەمکی نەبوونایەتی لە کۆندا پێوەندی بە سروشت و جیهانێکی ڕاستەقینەوە نەبوو، بیرمەندەکان پشتیان دەبەست بە سەرچاوە ئەندێشەیی و هۆشەکییە ڕووتەکان، لەلایاندا بەهایان پتر بوو لە هەستپێکردن و ئەزموونە بەکاردارەکییەکان. ئاشکرایە مرۆڤایەتی پێویستی بە کاتێکی یەکجار دوورودرێژ هەبووە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و زانستییەکان، بۆ بەدەستهێنانی ڕاڤەیەکی گونجاو بۆ دیاردە و چەمکە ورد و ئاڵۆزەکان، ئەمەشە وای لە زۆربەمان کردووە بەئاسانی نەتوانین واز لە تێگەیشتنە باوەکەی نەبوونایەتی ڕەها بهێنین، ئەوەی دابڕاوە لە گشت بوون و پێکهاتەیەک، زیاتریش لەبەر بەندبوونی بە بنەما هزری و فەلسەفەیی و ئاینییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا لە هەنگاوەکانی ڕەوتی بەرەو پێشەوە چوونی بیرۆکەکانی زانست هیچی فیزیکی شتێکی نامۆ نییە، بە نەمانی دژکاران یەک بەدوای یەک ڕاڤەی ڕاست دەمێنێت و پتر بڵاو دەبێتەوە، وەک چۆن لە گوتەیەکی زانای ناودار ماکس پلانک هاتووە.
لەسەر بنچینەی ئەو پێناسانە و شیکردنەوانە زانای فیزیکی لۆرانس کراوس (Lawrence Krauss)، پێمان دەڵێت، "گەردوونێک لە هیچەوە" شتێکە ڕێی تێ دەچێت و ئەگەرێکی شیاو و گونجاوە. دەبێژێت، ئەم گەردوونە دێتە بوون، ئەو دەمەی تێکڕای ماددە و وزەی لە گەردووندا هەیە، لەگەڵ کێشکردنەکەی شانەی چەماوەی کاتشوێن و سەرلەبەری شتەکانی دیکە پێکەوە کۆ دەکرێنەوە، دەرەنجام دەبێتە گەردوونێک کە کۆی گشتی پێکهاتەکانی یەکسانە بە سفر.
بنەماکانی لۆرانس کراوس ئەگەری زۆرمان پێ دەدات بۆ سەرهەڵدانی گەردوونەکەمان لە هیچەوە، کاتێکییش ئەم دەستەواژەیە ڕاست و سەلمێندراو بێت، واتاکەی بەرەو ئەوەمان دەبات "هیچ" لەڕاستیدا هەموو شتەکانی دەوروبەرمانە، هاوکات "هەموو شتەکان"یش هیچن.
.............................

سەرچاوەکان؛



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە