عێراق گۆڕەپانی گەمەی هاوبەشی ئەمریکاو ئێرانە!

Saturday, 17/02/2024, 20:29

2730 بینراوە


عێراق نەک شوێنێکی ستراتیژی گرنگ و تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابینکردوە، بەڵکو بەهۆی ئەو سامانەی لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشایانەی کە سەربەخۆیەتی و کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیان کردوە، ئێران گەورەترین سودیان لێ بەدەست دەهێنێت، بەمشێوەیەش سەرچاوەی توانا داراییەکانی بۆ دابیندەکات، تاڕادەیەک قەرەبوی سزا ئابوریەکانی ئەمریکای پێدەکاتەوە.
پرۆژەی فراوانخوازی ئێران، ڕەهەندێکی جوگرافی نوێ و فراوانتری وەرنەدەگرت ئەگەر ئیدارەی جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ڕێگەی هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانەوە عێراقی ڕادەستی ئێران نەکردایە، کە ئێستا بۆتە بنکەی هێرشکردنە سەر شوێنە سەربازیەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق و سوریا و ئەردەن.
ڕووخانی حکومەتی بەعس و گۆڕینی تەنها بۆ ژێردەستی ئێران، ڕێگایەکی لە بەغداوە بۆ بەیروت لە ڕێگەی دیمەشقەوە کردەوە، هەروەها بە پشتیوانی بەشار ئەسەد هێزە میلیشیاکان بەتەواوی خۆیان ڕادەستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” و پلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، کە تا ئەمڕۆش ووڵاتانی عەرەبی باجی کەوتنی عێراق بە دەستی ئێران ئەدەن.
  ئەگەر ئەو بومەلەرزە عێراقیەی کە بە داگیرکاری لەلایەن ئەمریکاوە پێشهات، نەبوایە، کە دواتر لەسایەی دەورو دەخالەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی گێژوای سیاسی هەموو ناوچەکەی گرتەوە، “کۆماری ئیسلامی” ئازاد نەدەبو کە ڕاستەوخۆ دەورو دەخالەتی لە عێراق و ناوچەکەدا سەرکەوتوانە بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا توانی لەم هەلومەرجە تایبەتەشدا بەوشێوەیە هێرش بکاتە سەر ئەمریکیەکان لە سنوری سوریاو ئەردەن. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئاشکرایە ئێران بەبێ سەپاندنی خاوەندارێتی عێراق، نەیدەتوانی بونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان کات و دەخالەت بکات.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئێران توانای مومارەسەی ڕۆڵی پارێزەری عێراق و سوریا و لوبنان و بەشێکی یەمەنی هەیە. هەرچەند ئەمریکا دەستی بە هێرشە موشەکیەکانی کردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئیدارەی بایدن چۆن ئەم پرۆسەیە یەکلایی دەکاتەوە، یان چۆن بەو لێدانە لە سنووری سوریا و ئوردن گرفتەکانی لەبەرامبەر ئێراندا ساغ دەکاتەوە. گرنگ ئەوەیە هیچ وەڵامێکی ڕۆشنی نییە کە بتوانێت لە سەر زەویدا ئەنجامی هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق و هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، کە لەڕێگەی حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محمد شیاع ئەلسودانیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەم سەرۆکایەتیەش ئەجێندایەکی ئێرانیە و هیچی تر.
 هێرشێکی لەمشێوەیە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران زیاتر بەرەوپێش دەچێت لە هەوڵەکانیدا بۆئەوەی ئەوە دووپات کاتەوە کە دەسەڵاتی باڵای بەسەر ناوچەکەدا بپارێزێت، ئەو هەوڵانەش بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا و بەتایبەت لە باشووری سوریا دەدرێن تائێستا هیچ سوودێکی نییە.
هه ڕوه ها ئەوەی تائێستا جێگیر بووە ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بەگشتی بە بەرژەوەندی ئێران شکاوەتەوە، لەکۆتایدا ئەوانەی ئێستا حوکمڕانی عێراق دەکەن میلیشیای تائیفی عێراقین کە ئێران لە ڕابردودا لە باوەشی گرتبون، هەر ئەم میلیشیایانەن، کە دەیانەوێت هێزی ئەمریکی لە عێراق دەربکەن و هێرشە موشەکی دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
هەرکەسێک لە پراکتیکەکانی ئەمریکادا بپشکنێت، بۆی دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە نیە ڕۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی غەززەدا،  وەک ئامادەکاریەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتووی کەرتی غەززە، کە بەرەوڕووی شەڕێکی وێرانکەری ئیسرائیل بۆتەوە، ئەمریکا لەم بارەیەوە لە گێژاوێکدایە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی نییە، لەهەمانکاتدا بەدوای ئەوەشەوە نیە و لە بەرژەوەندی نیە ئەم شەڕە فراوان بێتەوە.
ئەمریکا باجی پراکتیزەکردنی سیاسەتێک دەدات، کاتێ کە مامەڵەی لەگەڵ حوسیەکان کردووە، وەک ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی نزیک و دووریان لەگەڵ ئێراندا نەبێت،  لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان واشنتۆن و تاراندا، باڵادەستیەکی ڕونی ئێرانی هەیە کە هاوتای بێتوانایی ئەمریکایە کە ڕەنگدانەوەی نائامادەیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی پاش ئەو شکستانەی لە چەندساڵی رابردودا بەسەری هاتووە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق هێمای سروشتی ئەو گێژاوەیە کە دەرگیرە لەگەڵ  هێزە میلیشیاکانی "حەشدی شەعبی" کە دەست بەسەر عێراقدا توندتر دەکەن، هەروەک چۆن "سوپای پاسداران" زۆر بەتوندی دەستیان بەسەر ئێراندا توندتر کردوە. حەشدی شەعبیش فەرمانێکی بەسەر حکومەتی عێراقدا سەپاند بۆ چوونە ناو دانوستانەکان بە ئامانجی کردنەدەرەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، ئەم ئامادەبوونە بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆشنە کە لەسەر بنەمای نەخشە و خواستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” ە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا دەڵێت؛ سەرۆک نەبوە هێندەی بایدن سیاسەتی رازیکردنی ئێران درێژە پێندات.
بەپێی ئەو زانیاریەی کە حزبوڵای عێراق پلاندانەرو جێبەجێکاری هێرشی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردنە، ئەمریکا دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد.
ئەم هێرشەی پێشتر باسمان کرد لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکەمین هێرشی لەم جۆرە نەبووە و دواهەمین هێرشیش نابێت، هەروەها ناتوانرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دوایین پێشهات لەم هێرشەدا ژمارەی کوژراوانی ئەمریکیەکانە،  ئەمەش وردەکاریەکە واشنتۆن ناتوانێت پشتگوێی بخات، چونکە وەڵام نەدانەوە بە مانای لاوازی ئەمریکا و بوێری ئێرانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە داهاتودا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا.
لەکاتێکدا واشنتۆن ڕایگەیاند کە وەڵامی ئێران دەداتەوە، و ئامانجی داناوە کە بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە، ئایا بژاردەکان لەنێوان بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی ئێرانە، یان بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی ناو دڵی ئێران دەگۆڕێت!؟، هەرچەندە ئێستا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان ئێران دەستپێکردوە، ئایا واشنتۆن شەڕێک هەڵدەگیرسێنێت کە لەگەڵ ئاستی هەڕەشەکاندا بگونجێت؟ گەر پێداچوونەوە بە ڕاستیەکاندا بکەین، ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بە قازانجی نیە خۆی لە شەڕێکەوە بئاڵێنی، کە بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران، ئەمریکا بەدوای سەرنەکەوتن و چەقینی نەخشەکانی لە بەرامبەر روسیا لە ئۆکرانیا، هەروەها تێوەگلانی لەگەڵ بنبەستی ئیسرائیل لە غەزەدا، گواستنەوەی شەرەکە بۆ ناوخۆی ئێران، حەتمیەتی شکستێکی گەورە دەخاتە بەر ئایندەی دابەزینی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا ناچارە جێبەجێکردنی ‌پەرچەکردار و هەرەشەکانی، جگە لە ئاستی ڕوبەروبونەوە لە بەرانبەر هێزە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران نەچێتە ناو شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، لەمەشدا چەند سەرکەوتو دەبێت، دەرگایەکی کراوە لەبەردەمیدا نیە تا هەنگاوەکانی چونە پێشەوەی بسەلمێنێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە یەکەم هێرشی ئەمریکی – بەریتانیا بۆ سەر گروپی حوسیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانیان حوسیەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کاتێکی تەواویان پێداوە بۆ چۆڵکردنیان! ئەمەش دەگۆڕێت بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ قۆڵێکی هاوپەیمان لەگەڵ تاران.
هەربۆیە هێرشەکان کاریگەریان لەسەر توانا سەربازیەکانی حوسیەکان نەبوو، لەهەمانکاتدا ئامانجی واشنتۆنیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشتیوانی دەریای سوور بەدی نەهێنا!
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی بوونی سەربازی و سیاسی هەردووکیان لە یەک وڵاتدا تێکەڵاو بوون، ئەوە دەبینین ئەو بەرژەوەندیانە بەهۆی هەندێک جیاوازیەوە تێکدەچن، بەڵام زۆری پێناچێت دەگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی و ئارامی.
ئەم ململانێ و گەمە سیاسیەی ئێران و ئەمریکا بەدوای شەڕی کەنداو و داگیرکاری عێراق، لە ماوەی سێ دەیەدا مایەی پێشهاتی گەورەترن کارەسات و وێراکاری و نەهامەتی بوە بۆ دانیشتوانی عێراق و کوردستان، تا ئێستاش، بەتایبەتی لە هێرشی دڕندانەی ئیسرئیل بۆ سەر غەزە ئەم ملاملانێیە، توندپێچی و دۆخێکی پێچیدەتری بە خۆوە نیشانداوە، جگە لە ئیسرائیل لایەنەکانی تر لایەنگری فروانبونەوەی شەرەکە نین، بەڵام مامەڵەیان لە گەڵ دۆخەکەدا مەترسی گەوروبونەوەی ئەو شەرە دەخاتە بەر ئەگەرێکی مەترسیدارەوە.
بەگشتی لە پەیوەند بە دۆخی ناوچەکەوەو دەوری جەمسەرە جیهانیەکان بەتایبەتی روسیاو چین، واپێدچیت دواجار ئەمریکا بژاردەیەکی تری نەبێت جگە لە ناچاری تەسلیم بوون بە ئێران، گەر هێرشیش بکاتە سەر چەند بنکەیەکی هێزە میلیشیاکان کە دەستیپێکردوە، بەڵام لەپەیوەند بە فراوان نەبونەوەی شەڕی غەززەوە، ناهاوسەنگیەک پێشهاتوە کە کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکە داناوە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەدوای کەوتنی عێراق بۆ باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا ناتوانێ بەرەی شەڕی دژی ئێران گەرم کات، هەروەها شەڕی پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە لە لایەن ناتانیاهۆوە، ریسوایی و گۆشەگیریەکی بێوێنەی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ئاستی جیهاندا نیشانداوە، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش تەواو ئاڵۆز بووە، تا ئەو ئاستەی کە بەریتانیا نزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لەڕێڕەوی نیشاندانی جیاوازی سیاسیە لە بەرامبەر ئەمریکادا.
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆتایی ئەم ململانێ و بارگرژیە، چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە