چیرۆکەکانی_چیا

Wednesday, 06/03/2024, 21:25

3823 بینراوە


ئەم پەرتوکە بە نرخەی هاوڕێ و برای زۆر بەڕێزم کاک(ڕزگار ڕانگور) نوسیویەتی و لەم ماوەیەی ڕابردودا لەناوەندی جەمال عیرفان بینیم و حەزم بە خوێندنەوەی کرد و خوێندمەوە، خوێندنەوەی چیرۆکی ژیانی جەنگاوەرێکە لەو کاتەوەی نەوجەوانێکی تازە پێگەیشتو و خوێندکار و هێشتا بیر و هەستکردنی بە چەوساندنەوەی میللەتەکەی نەپشکوتوە، تا ئەو کاتەی هەر بە منداڵی بۆتە سەمونفرۆش و بەیانییەکی زو لەو کاتەی ئەو و هاوڕێ سەمونفرۆش و  دەستگێڕەکانی خۆیان لەبەردەم پاسارێکدا بینیوەتەوە و لەگفتوگۆی ئەو بەیانییەدا بون، کتوپڕ بە ستەمی جەللادەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق بە ئاگا هاتون و بە بەرچاویانەوە کوردێکیان چەوساندۆتەوە و بەبرینداری دەستگیریان کردوە و فڕاندویانە، پاش بینینی ئەو تاوانە و تاوانیتر و چرۆکردنی بیرکردنەوەکانی لەبارەی ستەمی سەر نەتەوەکەییەوە و زوڵمی دوژمن، ڕویکردۆتە چیا و بۆتە پێشمەرگە و جەنگاوەرێکی گەنج و تامەزرۆی شۆڕش و ئازادی، کە، نەک شۆڕش نەبو بەڵکو دژە شۆڕش و چەتەگەرێتی بو.
پێشمەرگەیەک لەگێڕانەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزەکەی بۆی بۆتە جەنگاوەر و هاوڕێیانی و جوانی و دیمەنی ئەفسوناویی کوردستان عەشقێک دەخوێنرێتەوە، ئەو چەند بە دڵپاکی و دڵسۆزی چەکی لەشان کردوە و چەند تامەزرۆی دروشم و ڕێبازی تێکۆشانەکەی بوە، چۆن خۆی بۆ هەمو قۆناغێک ئامادە کردوە و چەند گونجاو و ساز و بوێر بوە لەهەر هەنگاوێک لەو پێناوەدا، چەند بە ڕاستگۆیی سەرکێشیەکانی خۆی و هاوڕێکانی لەڕوبەڕوبونەوەی سیاسەتی ڕەشی دوژمن و تەنگپێهەڵچنینیان لەسنورە دەستکردەوەکانەوە باس دەکات و چەندی خۆشویستون، کە ئەم پەرتوکی بیرەوەریی یان یاداشتەم دەخوێندەوە، هەستمدەکرد هێشتا تاسەم لەخەبات و شۆڕش و تێکۆشان نەشکاوە و هێشتا بە بەرچاومەوە ڕایەڵەیەکی خاوەن پڕەنسیپ لەکۆڵنەدان و تێکۆشانی کوردی لەئانوساتدا چەخماخە دەدات و بەڕێوەیە، چونکە کاک ڕزگار سەرەڕای بینینی مەرگەساتەکانی چیا و ناڕازیبونی لەپراکتیکی ئەو تاقمەی ئەمڕۆیان لەبەرچاوی کورد تاریک و ناشیرین کرد، ئەو هێشتا جەنگاوەرێکی کۆڵنەدەر و عەشقی تێکۆشانە.
بەو بەڵگەیەی ئەو ڕۆژە سەختانەی گەنجانی پێواژۆی خۆیان لەسەرکێشی و ڕوبەڕوبونەوەی مەحاڵ، جارجار بە بێ بەرهەمی ئەو گەنجانە بەراورد دەکات، کە ئەمڕۆ لەسایەی ستەمکاری دەستەڵاتەوە دەست و پێ سپین و سەرکێشی ناکەن و ڕوبەڕوی واقیعی داسەپێنراوی ستەمکاری نابنەوە و داوای بوێری و جوامێریان لێدەکات و خەمی ئەمڕۆی کوردستانیشی لەکۆڵناوە.
ئەوانەی لەو ڕۆژەدا فیداکارانە خەباتییان کردوە و بە عەشقەوە بەرەوپیری ئەو جوڵانەوەیە لەپێناوی کورددا چون، ئەوانی گەنجی زەحمەتکێش و نیشتمانپەوەر و دڵسۆزی ئازادی کوردستان لەچین و توێژەکانی ناو کوردستان بون، کە ماندوبونییان نەزانیوە و گیانفیدایانە خەبتییون و سروشتی ئەو کاتە و دواتریش لەباشوری کوردستان هەروا بوە، بەڵام دزە گەورەکانی ئەمڕۆ لەچیایش هەر ستەمکار بون و بە ژیانی تایبەتی خۆیان و کورد کوژییەوە خەریک بون و دەربەستی ژیانی پێشمەرگە گەنجە زەحمەتکێش و دڵ پڕ لەتاسە و هیوای ئازادی کوردستان نەبون، چجای بگات بەوەی بە پیلان و خەبات و تێکۆشانی ڕزگاری گەلی کوردەوە خەریک بن، ئەنجامیش هەر ئەو چەتانەی شاخ لەشاریش بونەوە زوحاک و نەتەوەیەکییان نائومێد کرد، ئەوانی پێشمەرگە و گەنج چەند تامەزرۆی ڕزگاری ئازادی کورد بون و فیداکاریان نوندوە، ئەوانی چەتەیش چۆن لەساتی سەخت و لەقۆناغی تاوانی ئەنفال و کیمیایباراندا بە تایبەتی خۆیان قوتار کردوە و بەوانیشیان وتوە ئازادن بۆ هەر کوێیەک دەچن؟، واتە ئاشبەتاڵ..
وێڕای دەستخۆشی و هیوای بەردەوامی بۆ کاک ڕزگاری شۆڕشگێڕ و جوامێر، دو تێبینیم لەسەر پەرتوکەکە هەیە:
یەکەم: ئەو بەرهەمە جوانە بە داخەوە لەڕوی هەڵەچنییەوە کەموکوڕی تیایە و باش هەڵەبڕ نەکراوە، کە حەیفە پەرتوکێکی وا کەمتەرخەمی تێدا کراوە و دەکرێت لەچاپی دوهەمدا ڕەچاو بکرێت..
دوهەم: کاک ڕزگار زۆر جوان بیرەوەری و ڕوداوەکانی باسکردوە و هۆنیویەتەوە و دایڕشتۆتەوە، کە بەرهەمێکی نایابە و پڕە لەتاسە و بەردەوامی بۆ هێنانەدی ئامانجی نیشتمانی و دادپەروەری بۆ میللەت، بەڵام ڕێکەوتەکانی بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ کەمتر نوسیوە، هەرچەندە لەوانەیە من ناحەقی بکەم، مەرج نەبێت دوای ساڵانێکی زۆر هەمو وردەکاریەکی لەبیر مابێت، ئەگەر یاداشتی نەکردبێت، ئەگەر هەبوایە پەرتوکە بە نرخەکەی دەوڵەمەندتر دەبو، هەرچەندە نەبونی گرفتێکی وەهاییشی بۆ  دروست نەکردوە، ئومێد دەکەم بەردەوام بێت..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە