پارادۆکسی ڕایەڵ !

Wednesday, 13/03/2024, 19:19

477 بینراوە


١_ئەوەڵ پرسیار: ماناێ ڕایەل چیە؟ گرینگی لە چ دایە و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بۆ چ دەگەڕێتەوە؟!
ڕایەڵ بە مانای پێکەوە گرێدان و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی پۆزیتیڤە لە دیاردەکاندا_ سەبارەت بە چەمکی کۆمەڵگە، دروستکردنی ڕایەڵ گرنگ دێتە ئەژمار لە بەر ئەوەی کە کۆمەڵگە لە چەندین چەمکدا لە یەکتری جێان! پەیوەست بە کۆمەڵگەی کوردەواری، تەنانەت لە باری زمانەوانیدا، دەبینین کە لە کوردستانی گشتی، خەڵکان بە زاڕاوە جۆراوجۆرەکان، دەدوێن. بە هۆی نەبونی زمانێکی ئیستاندارد(کە خۆی بابەتێکی جێایە) زۆرێک لە خەڵکان کە بە ڕەچەڵەک کوردن، فامی دەقیقی کەسانیتر ناکەن، بۆ وێنە ئەگەر ئاماژە بدەین بە جگەرخوێنی شاعیر لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبینین کە جێا لەو کەسانەی کە لە سەر ئەو زمانەدا کاریان کردوە و ئاشنان پێ، خەڵکانیتر تێناگەن! ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر دوکیان کوردن. لێرەدا دروستکردنی ڕایەڵ، بۆ گرێدانی خەڵکان وبەرەوپێشبردنی ژیانی کۆمەڵانی کوردستانی، گرنگە . ئەگەر گۆرانیبێژێک یان هونەرمەندێک وەکو حەسەن زیرەک کە خەڵکی بوکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵدەستێ بە خوێندنی سرود یان گۆرانی نەورۆز( کە هەر چوارپارچەکە لە ڕۆژی نەورۆز گۆێ لەو سرودە دەگرن) تیکست یان بڵین شیعرەکەی هی پیرەمێردە کە خەڵکی باشوری کوردستانە. لێرا دەبینین کە ڕایەڵێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان دروستبوە کە پیشاندەری زۆر بابەتە و هەر ئەم وێنایە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو دوبەشەی کوردستان لە باری زمان و کلتوریەوە ئەگەر دەقیقەن وەکو یەک نین بەڵام زۆر زۆر لێک نزیکن و لە لائێکیترەوە حاشاهەڵنەگرە کە هەر ئەم سرودە ڕایەڵێکی لە نێوان ئەم دو پارچەدا دروستکردووە کە بە نرخە و بایەخێ کلتوری و هیزری هەیە. لەولاوە ئەگەر کەسێک وەکو کاک ناسر ڕەزازی یان شوان پەروەر لە شیعرەکانی جگەرخوێنی شاعیر لە ڕۆژئاوا، کەڵکیان وەرگرتوە، دروستکردنی ڕایەڵە لە نێوان باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. یان شیعرەکانی محەمەدی خانی، کە لە هەر چوارپارچەکەدا بە خاتری نوسینی مەم و زین، ڕایەڵی دروستکردوە و خەڵکانی پێکەوە گرێداوە. بە جۆرێک کە دوو ناوی مەم و زین، لە شیعری زۆر لە شاعیرانی هەر چووار بەشی کوردستان ڕەنگدانەوەێ هەبووە و بە کار هاتووە و هەموو کوردێک ناوی کاکی مەم و خاتوو زینی وەکوو دو خۆشەویست بیستووە.  ئەگەر بکرێت بە شکسپیەر ئاماژە بدرێت لە وڵاتی بریتانیا، دەبینین کە شکسپیەر توانیویەتی جێا لە ڕایەڵ دروستکردن لە نێوان زاراوە جۆراوجۆرەکانی بریتانیا و گرێدانیان پێکەوە، تاکو ڕادەئێکی جیهانیش کاریگەر بوبێت لە سەر ئەوەی کە زمانی ئینگلیسی لە تەواو جیهاندا ببێت بە زمانی ئیستاندارد لە هەمو بوارەکاندا! گەرچی ژاک دەریدا لەم بارەوە ڕەخنەی خۆی هەیە و دەڵێت: من زمانی دایکیم فەرەنسییە، بەڵام کە دەڕۆم بۆ هەر وڵاتێکیتر، ناچارم بە زمانی ئینگلیسی سمینارەکان ببەمە پێشەوە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە من بە سەر زمانی دایکی خۆم دەسەڵاتی کارام هەیە و بەیانی چەمک وبابەتەکان بە فەرەنسی بۆم زۆر هاسانترە وبە پێچەوانەوە، زمانی ئینگلیسی تا ڕادەئێک کۆسپم بۆ دروست ئەکات!
ئەگەر خواستی ڕایەڵ دروستکردن، بگوازینەوە بۆ ناو خودی مرۆڤەکان و بپرسین: چۆن دەکرێت لە نێوان ژن و پیاودا، ڕایەڵێک دروست بێت کە ڕەهەندی مرۆڤایەتییەکەیان بە ڕونی بکەوێتە بەرچاو؟ وڵام چیە؟ ئایا ژن و پیاویان لە درێژایی هەزاران ساڵدا لێک جێا نەکردوتەوە، بە مەبەستی تایبەت؟! وە ئایا هەر لەمخاڵەدا بە چەوسانەوەی ژنانی کۆمەڵگەی جیهانی، مرۆڤایەتی مرۆڤ چەواشە نەکراوە؟ و ئەستەمە جۆراوجۆرەکان ڕویان نەداوە؟! دیارە کە ڕویداوە و مرۆڤ بە ڕاستی لەمبوارەدا توشی کێشە بوە. لە ڕاستیدا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت وشەی ژن یان پیاو بە کار ببات، ئەبێت هیزری زۆرتر بە لاێ مرۆڤ بونی ئەو وشە یان دیاردەیە بێت. ئەگینا دابەشکردنی مرۆڤەکان بە سەر دو ڕەگەزدا هاسانە هەر وا کە ئەرەستو وەها دەکات و ڕەهەندی مرۆڤبونی ژنان دەخاتە پشت گوێەوە کە هەڵەئێکی کارەسات خوڵقێنەرە. لێرەدا گرنگی دروستکردنی ڕایەڵ زۆرتر زەق ئەبێتەوە. بەمپێیە ئاشکراش ئەبێت کە بە دروستکردنی ڕایەڵ و بەرچاوخستنی، جەوهەری مرۆڤ و مرۆڤایەتی گرنگە و هەر لەم خاڵەدا بەرچاوە کە چەندین کێشە چارەسەر دەکرێت!
٢_ئایا ڕایەڵ دروستکردن لە ناو کۆمەڵگە، زەرورە؟ زەرورەتەکانی چین؟ ئەگەر زەرور نیە، واتە پارادۆکسەکە ئەبێت هەر لەمخاڵەدا حەل بێت، بەڵام ئەگەر زەرورەتی هەیە لە جێ خۆیەتی.
   ٣_ سیکولاریسمی فەلسەفی بە تەواوی شتێک بە ناوی خودا ڕەتدەکاتەوە. لە بەر چەندین هۆ: لەوانە، هەر ناخی وشەو باسەکە  دەگەڕێتەوە بۆ سۆلۆم بە مانای دونیا - جیهان- سروشت- یان گەردون. کە سروشت خۆی چەند تایبەتمەندی زۆر گرنگی هەیە، یەکەم ئەوەی کە کامیلە. واتە هەر لەمخاڵەدا کەمالی خودای میتافیزیایی خاوەنی هیچ جێگە و پێگەئێک نییە چونکی ٢ کەمال ناتوانن بونیان هەبێت ( سپینۆزا) . دوهەم ئەوەی کە سروشت یان گەردون، ماتریاڵە - وە بارودۆخی ماتریاڵ وەهایە کە بەردەوام گۆڕانی بە سەردا دێت و لە لائێکیترەوە وێستاو نییە، یانێ هیچ سۆباتێکی نییە - بە پێچەوانەی خوداوەند کە ئەڵێن سابیتە و هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نایەت و ماتریاڵیش نییە و تەواو ڕۆحیە! کە هەر لەم خاڵانەدا پێچەوانەی ماتریاڵ و سروشتە، کە بەمپێیە دژ بە یەکن و یەکدی ڕەتدەکەنەوە، یەکیان یانێ ماتریاڵ ئەکرێت کە بکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوە و تاقی بکرێتەوە- دەبینرێت بە شێوازی جۆراوجۆر بە پێ زانست و فیزیا لە ٢ ڕێگەوە، ئەنشتەینی و کوانتۆمی- خاسییەتەکانی لە بەرچاوە- گۆڕانکارییەکانی بەدی ئەکرێت- بونی قەدیمە و ئێستەش هەر بونی هەیە و لە داهاتوش بونی ئەبێت- لە گۆڕانکارییەکان پەیوەست بە سەدان و هەزاران یان میلیونەها ساڵ، ژیانی لێ ساز بوە- وەکو باکترییەکان و و بونەوەرەکانیتر کە مرۆڤ و گیاندارەکانیتر لەوانەن.
خودای میتافیزیا دەقیقەن پێچەوانەیە- لە بەرچاو نیە- ناکرێت ئیمتەحانی بکەی یان بیخەیتە ژێر لێکۆڵینەوە- خەیاڵی دەرەوەی سروشتە _ ماتریاڵی نییە و بە ڕۆح پێناسە کراوە( مۆناد _ لایپنیتس) - جاروایە بە نور یان ئاور پێناسە کراوە( کێوی تور و موسا). کە ئەمانە هەردوکیان ماتریاڵن _ شاراوەیە و خەجاڵەتی و شەرمنە _ بە ناوی ئەو میلیونەها گیانلەبەر کوژراون و لە ڕادە بەدەر کارەسات خوڵقێندراوە ( شەڕەکانی مەسیحییەت لە سەدەکانی ناوەڕاست کە سەلاح الدین ئەیوبیش  بەشدار بوو تێادا _ یان سیستەمی داعش و و فرۆشتنی کچان و ژنان لە بازاڕەکاندا و هتد...)  _ جێگا و مەکانی دەرەوەی سۆلۆم و سروشتە بۆیە بە ماوەرا التەبیعە بانگهێشت کراوە_ دەرەوەی سروشتیش ناکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەدا وەکو فیزیا! دەرەوەی سروشت یان سەرو سروشت، بە بێ توانایی تاقیکردنەوە و ناسین و زانینی، ئەکەوێتە بەرەی ئایدیاڵ و ئایدیای ئەفلاتونی _ مرۆڤەکان بەردەوام ناوی خودایان گۆڕیوە! و لە هەر سەردەمێکدا بە شتێک شوبهاندویانە کە ئەو شتانە هەمو ماتریاڵ بوگن وەکو لات و مۆنات و عوزا یان خۆر یان گوێرەکە  _ وای لێهاتوە کە بە تەواوی ئیتر مایەی پێکەنین و گاڵتەیە لە بەر ئەوەی کە لە فیلیپین، خەڵکان ئامێری پیاوەتی پیاویان کردوە بە خودا یان پێچەوانەکەی ئەندامی ژنیان کردوە بە خودا و ئەیپەرەستن_ لە هیندیش مانگای ئاپیس  خودایە _ بودا، ئەو شازادە هیندییەش کە مرۆڤ بوە هەر بە خودا پێناسە دەکرێت!(بودیسم). ( بودا بۆ هەوەڵجار لە ژێر دارێک دادەنیشێت کە ئەو دارە ناوی مەردۆمە ، خاسییەتێکی سەیری ئەو دارە ئەوەیە کە لق و پۆەکانی کە دەڕۆنە سەرەوە سەرلەنوێ بەرەو خوار دەکشێنەوە و بە چەسپاوی لە گەڵ خودی دارەکە دێنە خوارەوە و دەڕۆنە ناو خاکەکە، بۆیە درەختی مەردۆم زۆر زۆر پان و بەرینە! ئەو تایبەتمەندییە جێا لە جوانی، سەیرە بە هۆی سروشتییەوە بەڵام بۆچی بودا ئەوەڵجار چوە ژێر ئەو دارە؟ من وڵامەکەی نازانم!
٤- سکولاری فەلسەفی نەک بەس دینەکان کە خودی خوداکان ڕەتدەکاتەوە! بەڵام کە باسەکە دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤەکان و کۆمەڵگە، تێئەکۆشێت خەڵکان پێکەوە گرێ بدات و هارمۆنیائێکی مرۆڤانە و هاواهەنگی لە نێوان خەڵکدا دروست بکات بە مەبەستی ژیانی باشتر و پۆزیتیڤ بون و ... بەڵام چۆن خەڵکان لە ڕاستیدا بڕوایان بە خودا جۆراوجۆرەکان و دینە جۆراوجۆرەکانە و لە لاێکیترەوە سیکولاری فەلسەفی دژ بەمانەیە، دەی ئەبێتە هۆی دژە ڕایەڵیش!! پارادۆکسەکە لێرەدایە. لەمخاڵەدا سیکولاری فەلسەفی یان ئەشێ لە سەرەوە بۆ خوار، ئامانجەکانی بپێوێت( کە لە گەڵ فەلسەفەدا بە مانای خۆشەویستی بۆ زانیاری و زانست  وە هەر وەها واقیع، جۆر نییە _ خوێندنەوەئ من بۆ فەلسەفە بەمجۆرە یە  کە ماناێ فەلسەفە بەو شێوازەی پێشووتر ئاوەژوو ئەکات: سوفیا فیلۆ، زانیاری بۆ خۆشەویستی بە مەبەستی دەرخستن وئاشکرا کردنی و پیشاندانی  واقیع یان دەقیقتر بڵێین واقیعی گەردوونی)
وە لە لائێکیترەوە جۆرێک دیکتاتۆرییەتی لێ ساز ئەبێت کە لە گەڵ ڕەهەندەکانیتری یان هیزرەکانیتر و خواستە مرۆڤانەییەکانی ڕێک ناکەوێتەوە لە بەر ئەوەی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیکولاری فەلسەفی ڕێکخستنی زانستییانەی تاک و کۆمەڵگە و ژیانی باش و ئازادییە! کە ئەگەر دەست بدات بە ئەوەی کە لە سەرەوە بەرەو خوار بە یاسا یان زۆرەملی ئەو ئامانجانە بە سەر خەڵکدا بسەپێنێت، دەی لێرەش توشی پارادۆکسەکە دەبێت!  
٥_ بە حوکمی هەبونی تەزاد لە خودی سروشتدا، ( لۆگۆسەکەی  هیراکلیتۆس) _  خودی تاکی مرۆڤیش سەدان تەزادی تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ خودی جەوهەری سرووشت،  دەی ئەگەر دەزانین کە خودی تاک لە تەزاددایە، بۆچی نابێت قبوڵبکەین کە تاکەکان لەگەڵ یەکدیدا  لە ناو کۆمەڵگە تەزادیان هەبێت؟ ئایا هەیانە یان نا؟ بەمپێیە ناچارین واقیعی کۆمەڵگە قبوڵ بکەین کە لە ناو خودی کۆمەڵگە و مرۆڤەکان، لە چەندین ڕەهەندەوە تەزاد و کێشمەکێش بوونی هەیە. زۆرجاریش ئەو تەزادانە بە زەقی سەرهەڵئەدەن و خەڵکان دژ بە یەک، هەڵدەستنەوە بە شەڕکردن. لێرەدا ئەبێت باکۆنین بە دروستی بابەتەکەی فامکردبێت لە دژایەتی مارکس دا، سەبارەت بە خواستی دەسەڵات و ڕەقابەت لە نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگە وبە گشتی تەواو کۆمەڵگە! مارکس چی ئەڵێت؟ ئەو بڕوای وایە کە بە دروستکردنی دەسەڵاتێک کە ناوی ئەنێت دیکتاتۆریاێ پرۆلیتاریا و لابردنی چینەکانی ناو کۆمەڵگە و تەنیا یەک چین هێشتنەوە، مرۆڤەکان لە باری هیزری و کلتوریەوە وایان لێدێت کە چیتر دژ بە یەک ناوەستن و تەزادەکان لادەچێت! _ بەڵام باکۆنین  دەقیقەن بە پێجەوانەوە ئەڵێت ئەو خواستی دەسەڵات و هیزی تاکەکان شتێکی سروشتیە و تەنانەت بە درووستکردنی یەک چین بۆ تەواو کۆمەڵگە، ئەو کێشەیە چارەسەر نابێت. هەر بۆیە لە بەین المەلەلی دوهەم لە شاری پاریس دەرکرا، لە حاڵێکدا خودی باکۆنین یەکێک لەوانە بوو کە کاپیتاڵی مارکسی ئەدیت کردبو! ئەمڕۆکە دیارە باکۆنین لایەنگری واقیع بوە و مارکس لەوبارەوە لە هەڵەدا بوە. لەبەر ئەوەی کە تەجروبەی ١٩١٧ ڕوسیا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر، نەیتوانی ئەو هیزرەی مارکس لە واقیعدا، بچەسپێنێت. تەنانەت کارەساتی کرۆنشتات خوڵقێندرا و سەدان شۆڕشوانی دلسۆز کە بۆ پێکهێنانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کاری جیدیان کردبوو، بە دەستی دەسەڵاتدارانی نوێ کوژران! 
تاکو ئەم خاڵە، هێشتا پارادۆکسەکە لە جێگای خۆی ماوەتەوە لە بەر ئەوەی کە دروستکردنی ڕایەل گرنگە، گەرچی هێشتا من بە خواستێکی زەروور پێناسەم نەکردوە_ لەملاشەوە خواست و کرداری سیکولاری فەلسەفی کە لە بنەڕەتەوە دژ بە میتافیزیایە، و یەکێک لە بەرنامەکانیشی دروستکردنی هارمۆنیائێکی پێشکەوتوخوازانە و ژیانێکی باشە بۆ کۆمەڵگە، یەک ناگرنەوە! 
لەم خاڵەدا و پێشتر ئاماژە دراوە بەوەی کە ڕایەڵ دروستکردن، هەم باشە و هەم کاریگەری ئەرێنی باش دابین ئەکات بۆ کۆمەڵگە _ بەڵام هێشتا بە ڕونی دیار نیە کە خواستی دروستکردنی ڕایەڵ لە ناو کۆمەڵگە، زەرور بێت!هاوکات کە ئەم کێشەیە حەل نەبوە، پرسیارێکیتریش قوتبوتەوە کە بریتیە لە پرسیاری شەشەم:
٦_لەم فەلسەفەدا، ڕایەل چ پێگەئێکی هەیە؟ بون و نەبونی چ کاریگەرییەک دەکات لە مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانیان؟
من هیوادارم لەم فەلسەفەیەدا، توشی بازنەی بێ دەرەتانی تیکرار و دوپاتکردن نەبمەوە!
سەبارەت بە پێگەی ڕایەڵ بە تایبەت لە بواری کومەڵدا، پێشتر چەند باسێک ورووژێندرا. دیارە کە ئەگەر بکرێت ڕایەڵ بە تەواوی ماناوە لە ناو کۆمەڵگەدا درووست بێت یان جێ بکەوێت و لە کردەوەدا بکرێت، کاریگەری ئەرینی باشیشی ئەبێت وەکوو ئەو وێنایانەی کە پێشتر باسمان کرد. 
سەبارەت بەوەی کە بون و نەبوونی ڕایەڵ چ کاریگەرییەک دەکات لە مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانیان، ناچارین تۆزێک وردتر بوەستین. ئەگەر ڕایەل درووستکردن باشە، ئەبێت ئەو چەمک و دیاردانە دیاری بکرێن کە لە ڕێگای ئەوانەوە ڕایەڵی ناو کۆمەڵگە درووست بکرێن. ئەتوانین هەر لەمخاڵەدا بەوە ئاماژە بدەین کە بە فەرزێکی فەلسەفی، لە ڕێگای حکومەت و دەوڵەت دەکرێت ڕایەڵ لە ناو کۆمەڵگەدا درووست بێت! بەمپێیە بەڵێ درووستە ڕایەڵێک درووست ئەبێت و بە شێوازی لە سەرەوە بۆ خوار( دەوڵەت و حکومەت و ئۆرگانەکانی) کۆمەڵگە لە زاهیردا دەخاتە ژێر چەتری ڕایەڵ. بەڵام هەر ئێستە دیار و بەرچاوە کە لە هیچ کام لە دەوڵەت و حکوومەتەکانی سەر زەوی، وەها ڕایەڵێک درووست نەبووە کە تەواوی خەڵکان پێکەوە گرێ بدات. ئیشکالی دووهەم وەکوو وێنا دەتوانین بە سیستەمی نازی هیتلەری ئاماژە بدەین کە تەواوی ئاڵمانیای ئەوکاتەی لە ژێر چەتری ڕایەڵ و پێکەوە بووندا بنیاد نا! و دواتر تێکۆشا کە وڵاتەکانی دەرەوەی ئاڵمانیش بهێنێتە ژێر ئەو چەترە! هەر بۆیە شەڕی دووهەمی جیهانی هەڵگیرسا. بەمپێیە وەها ڕایەڵێک کە لە ڕێگەی دەوڵەت و حکوومەت و ئایدیۆلۆژیاوە بێتە ئاراوە، ناتوانێت لە ناو کۆمەڵگەدا ڕایەڵ درووست بکات. هەبوونی ڕایەڵ لە وێناکەی ئاڵمانیا و هیتلەر، دژ بە خەڵکان و بیر و بڕواکانیتر لە مێژوودا دەرکەوت و نووسرا. هەر بەمپێیە و لەم وێنایەدا، نەبوونی ڕایەڵ بۆ خەڵکان باشتر دێتە ئەژمار کە دەقیق پێچەوانەی ئەو بەحسەیە کە لە ئەوەڵەوە کرا و ڕایەڵ بە باش پێناسە کرا.
وا دیارە کە ئەگەر کۆمەڵگەئێک بکەوێتە ژێر چەتری ڕایەڵێکی ئایدیۆلۆجیکی، ئاکامەکەی خوڵقاندنی کارەسات دەبێت. کە کاریگەری نەرینی لە ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکاندا دەبێت. واتە ئەگەر باس لە ڕایەڵ دەکەین، هەر حەتمەن ئەبێت لە ئایدیۆلۆجیا جێای بکەینەوە. ئێنجا تێبکۆشین لە ڕێگای کەلتوور و دیاردە فەرهەنگییەکانەوە ڕایەڵەکان درووست بکەین. وەکوو چارەسەر کردنی کێشەی زمان لە کوردستانی گشتیدا. واتە بەردێک هەڵبگرین کە بکرێت و بتوانین هەڵی بگرین. جێا لەوەی کە خودی ئەو هەڵگرتنە چکۆلەش هاسان نیە. یانێ ئایا تۆ ئەتوانیت لە نێوان کوردستانی گشتیدا، ڕایەڵی زمان درووست بکەیت بێ ئەوەی ببیتە هۆی لە ناو چوونی زاراوە و زمانیتری ناو خودی ئەو کوردستانە؟! ئایا درووست کردنی وەها ڕایەڵێک هاسانە؟!
من هەر لەم خاڵەشدا ناچارم ددان بەوە دابنێم کە هەبوونی زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ناو کوردستانی گەورە، خۆی لە خۆیدا نەک هەر خراپ نیە، کە باشیشە. لە بەر ئەوەی کە منی ڕۆژهەڵاتی، ئەگەر دەرگیری نووسینێک بم بە زمانی کوردی و لە چەند وشە و بابەتەوە گیر بکەم، ئەو زاراوەکانیتر یاریدەرن بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بێت و زمانەکە دەوڵەمەندتر بێتە ئاراوە لەو نووسراوەدا. بەڵام لەوەی کە ئەگەر کەسێکی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵات، ڕێگاێ بخواتە ناوچەکانی ڕۆژئاوا یان باکوور، دیارە کە لە باری قسە کردن و فام کردنی خەڵک و چۆنیەتی ژیان و هەڵسوکەوت، تووشی گرفت ئەبێت و دەقیق پێچەوانەکەشی ڕاستە و ئەگەر کەسێکی خەڵکی قامشلی بڕوات بۆ شاری سنە، هەر ئەو گرەفتەی بۆ درووست ئەبێت. 
٧_ ئەم پرسیارەی کە ئایا درووستکردنی ڕایەڵ زەروورە یان نا؟ پرسیاری دووهەمیش هەر بەم باسەوە پابەند بوو. من لاموایە کە درووستکردنی ڕایەڵ لە ناو کۆمەڵگە زەروور نیە. بەمجۆرە ئەم پارادۆکسەم بۆ حەل بووە. لێرا دەلیلەکانی ئەم تێگەیشتنە بەیان ئەکەم.
هەر کەسێک کە تەواشاێ خودی سرووشت ئەکات، بە ڕوونی ئەبینێت کە هەموو دیاردەکانی ناو سرووشت لە ڕەنگی جۆراوجۆر پێک هاتوون. ئەگەر لاپەڕەی سپی کاغەزێک بەس بە سپی بێت و هیچی لە سەر نەکێشرابێت یان نەنووسرابێت، کە تەواشاێ وەها لاپەڕەئێک ئەکەین لە ناویدا شتێک نابینین جێا لە ڕەنگی سپی. وەکوو وایە کە ئەو لاپەڕەیە چاوەڕوانە کەسێک لە سەری شتێک بنووسێت تاکوو مانا پەیدا بکات. هەروا لەوح یان تابلۆێ ڕەسمێک ( نەقاشی)، ڕەسامەکان تەنیا لە یەک ڕەنگ بۆ دەرخستنی بیر و تێگەیشتنی ستاتیکایی خۆیان، کەڵک وەر ناگرن، بەڵکوو لە چەند یان چەندین ڕەنگ کەڵک وەر ئەگرن تاکوو پەیامێک بگەێننە بینەر. کۆمەڵگەش هەر وایە، هەم تاکەکان لە تەواو بوارەکاندا وەکوو یەک نین و هەم بە گشتی لە ناو کۆمەڵگە، بۆچوون و هیزر و ئایین وبڕواکانیان فەرقی هەیە. ئێمە ناچارین ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەین... تەنیا یەک خاڵی گرنگ سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵگە زۆر گرنگ دێتە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە کە خەڵکان بە هەبوونی ڕاو و بڕوا و ئایینی جێاوازیان، پێکەوە ژیانیان بڕواتە سەر، بێ ئەوەی کە لە لایەن هیچ بیرو بڕوای جێاوازیترەوە بکەونە کێشە و سەختی و ژیانی مەترسیدار. بەمپێیە ئەبێت جەخت بکرێتە سەر ئەوەی کە لە باری فەرهەنگییەوە، ئەو کۆمەڵگە ئەبێت هەر دەم بکۆشێت کە بگاتە ڕادەی سەرووترەوە تاکوو تەواو ڕادەکانی مرۆڤایەتی و ماڤی ڕەسەن و سرووشتی مرۆڤەکان لە بەرچاو بگیردرێت و ژیانیان بە باشی بڕواتە پێشەوە. بەڵام هاوکات جێاوازییەکانیش بە هەبوونیان کاریگەری خراپ لە سەر ژیانیان نەکات.
لێرەدا بەم هیزرە ئەگەم کە سووربوون لە سەر ئەوەی کە لە نێوان خەڵکان و کۆمەڵگەدا، ڕایەڵ درووست بێت، ئەگاتە شتێکی خەترناک بە ناوی ڕەهاگەری و بە گشتی میتافیزیایی. هەر بۆیە لە کۆبەندی باسەکەدا ناچارم بڵێم جۆرێک لە هەواهەنگی درووستکردن لە نێوان خەڵکاندا باشە، بەڵام یەک ڕەنگ کردنیان و یەکدەست کردنیان شتێکی نەک هەر مەحاڵە کە میتافیزیاییە و پێشتر لە چەند کتێبدا بە تایبەت کتێبی جێاوازییەکان ئەوەم سەلماندوە کە ڕەهاگەری خۆی یەکێک لە سەرەکیترین دیاردەکانی میتافیزیایە و بە گشتی میتافیزیا لە هەزاران شێوازی جۆراوجۆردا دژ بە خەڵک و تاکی مرۆڤە. بەمپێیە من ئێستە قبووڵمە کە کۆمەڵگە خاوەنی چەندین بیر و تێگەیشتن و ئایین و ڕاێ جێاوازە و ڕایەڵ ئەکەوێتە خانەی میتافیزیاوە. بەڵام هاو کات ئەبێت بەوەش ئیشارە بدەم کە بەم تێگەیشتنە ئەخیرەشەوە، هێشتا بڕوام وایە کە سەرخستن و بەرەو پێشبردنی ڕادەی فەرهەنگی تاک و کۆمەڵگە،  درووستکردنی جۆرێک لە هەواهەنگی و هاوکاری لە نێوان تاکەکان و گشت کۆمەڵگە پێویستە...دەقیق لە کاتێکدا دەبینین کە تەنانەت تاکەکان هەرگیز و دەقیق لە هیچ بارێکەوە وەکوو یەک نین و نابن. کە باروودۆخی تاکەکان وەها بێت، سیما و ڕوومەتی گشتی تەواو کۆمەڵگە سەبارەت بە ڕایەڵ و چۆنیەتی ژیانیان ئاشکرا ئەبێت. 
------------------------------------------------------
  بندیکت سپینۆزا = بە دوونیا هاتووی ٢٤ نوامبەری  ١٦٣٢ لە شاری ئامستردامی هۆلەند. وەلە تەریخی ٢٤ فیبرەوەری ١٦٧٧ لە شاری دنهاخی هۆلەندا مردووە. هۆکاری مەرگی سپینۆزا ئەوە بووکە شیشەێ تیلسکۆپی تەراش ئەدا  و گەردی ئەو شووشانە لە ڕێگاێ هەناسەیەوە ڕۆیشتبووە ناو سییەکانی هەر بەم بۆنەوە گیانی لە دەست دا.  ژیانی  سپینۆزا لەو ڕێگەوە دابین دەکرا وە تەنیا ٤٤ ساڵ ژیاوە. سپینۆزا بە خاتیری تیز و بەیان کردنی ئەوەێ کە دوو کەمالی خودایی و گەردوونی ناتووانن بوونیان هەبێ  و دوو کەمال دژ بە یەکن، وە لە ڕووی ناچارییەوە خوداێ ئایدیالیسم ئەبێ لە گەڵ گەردوونی ماتریاڵی و کامیلدا تێکەڵ بێ یان یەکێک بن، لە لایەن کاربەدەستانی جوولەکەێ ئەو سەردەمە بە تەواوی لە کۆمەڵگە سڕایەوە و ڕاگەیندراوە جیانیە بە ناو بەنگەکەیان دەر کرد! لەو ڕاگەیندراوە جیهانیەدا ئاماژە دراوە بەوەێ کە هیچ کەس مافی ئەوەێ نیە لە گەڵ سپینۆزا لە ژێر سەقفی ماڵێک بنوێت. هیچکەس مافی ئەوەێ نیە لە یەک میتری سپینۆزا قەرار بگرێت و تەواو فریشتەکانی خواوەند لەعنەتی سپینۆزا دەکەن و ... هتد.
  سەلاح الدین ئەیوبی= کوڕی نەجم الدین ئەیوبی لە ساڵ ٥٣٢ هیجری ( ١١٣٧ زائینی ) لە شاری تەکریت لە بنەماڵەئێکی کوردا بە دونیا هاتووە. فاتیحی شاری بەیتۆلموقەدەسە و لە شەڕەکانی سەلیبی سێهەم یەکێک لە سەرەکیترین  لەشکردار و جەنگاوەرەکان بوو. ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەیوبییەکان بریتی بوون لە میسر، سووریە، بەین النەهرەین، حیجاز، یەمەن و نەوبە. سلاح الدین لە شاری دەمیشقی سوریا وە لە تەرێخی ٤ مارسی ١١٩٣زائینی لە تەمەنی ٥٥ یان ٥٦ فەوتی کردووە. و هەر لەو شارەدا لە مزگەوتی ئۆمەوی دەمیشق نێژراوە.
  لە متوونی ئایدیالیستی جۆراوجۆر وا هاتووە کە لەو کاتەدا کە مووسا دەڕوات بۆ کێوی تووڕ کە لە گەڵ یەهووا قسە بکات، براکەێ لە غیابی ئەودا زێڕی خەڵکان کۆ دەکاتەوە و لەو زێڕە گوێرەکەئێک ساز دەکات و وەکوو خودا بە خەڵکی پێناسە دەکات.
  مانگاێ ئاپیس = مانگاێ ئاپیس ڕەگەزێکی تایبەتە لە نێو مانگاکاندا لە هێندستان کە تایبەتمەندییەکەێ لەوەدایە کە بە پێچەوانەێ ڕەگەزەکانیتر، تەنیا ئەم مانگایە زمانی خاڵدارە. یانێ چەندین خاڵ لە سەر زمانیەتی و خەڵک لە ڕووی ئەوەوە دەیناسنەوە.
    لۆگۆس = هیراکلیتۆس ئەڵێت: ئەو هێزەێ کە لە ڕێگاێ کۆنترۆڵکردنی کێشەکان ( تەزادەکان ) تەواوی سرووشت کۆنترۆڵ ئەکات ئەوە لۆگۆسە و ئیزافە دەکات کە بە تەواوی وجوودەوە بە خودی لۆگۆس گوێ بدەن. دیارە هەر لێرەوە ماناێ لۆگۆ لە هیزری قسەکردن دا هاتووتە ئاراوە. لۆگۆ - دیالۆگ... لەو لاوە هایدەگەر ئەڵێت: لۆگۆس لە ڕیشەوە بە ماناێ کۆکردن دێتە ئەژمار وەکوو ئەو کەسەێ کە دەڕوات و گەلێک چێو کۆ دەکاتەوە و لە دەوری تەنوورێک دایدەنێت بە مەبەستی درووستکردنی نان. _ لۆگۆس لە ڕاستیدا پەیوەستە بە تەزادەکانی ناو گەردوون. ڕوون دیارە کە لە ناو گەردووندا تەزاد خاوەنی جێگەو پێگەو جەوهەرێکی زۆر تایبەتە و بە بێ تەەزاد یان کێشە لە نێوان دیاردەکاندا، خودی دیاردەکان لە مانا بەتاڵ ئەبنەوە و هەبوونیان دەکەوێتە ژێر، خانەێ خەتەر و گۆمان. تەنانەت لە تابلۆیەکی یەک ڕەسام دەبینین کە چەند یان چەندین ڕەنگ تێکەڵکراون تاکوو بە گشتی تابلۆەکە ماناێ پەیدا کردووە و ئەگەر ئەو تابلۆە تەنیا بە یەک ڕەنگ کێشرابێ، مانا و هەبوونی خۆێ لە دەست ئەدات. بەمپێیە تەزادی گەردوونی لە نێو تەواوی دیاردەکاندا نەک هەر دیار و بەرچاوە کە هەبوونی پێویست و زەروورە.
  میخائیل باکۆنین : بە دونیا هاتووی  ٣٠ مانگی مەی ١٨١٤ لە ڕووسیا. فەیلوسۆفی ڕووسی و هاوکاری مارکس لە بەین المەلەلی یەکەمی پاریس. گرنگترین فەیلەسۆفی ئانارشیست کە هیزرەکانی لە گەڵ مارکسدا دژایەتی هەیە. لە تەرێخی ١ جوولای ١٨٧٦ لە شاری بەرن سەر بە سویسڕا و لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کوژرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە