ماچی دیۆنیزۆسی!

Thursday, 15/06/2023, 8:51

2362 بینراوە


بەیانی زەماوەند ئەکات. لە گەڵ دۆستەکانیتری بە شۆخی و پێکەنین کۆڵان و شەقام دەپێون. من لە گەڵ دۆستێکیتردا لە کافەێ نووسەرەکان دانیشتووین. ئەوانیش دێن و لە سەر چەند کورسی دادەنیشن.
جلو بەرگی بووکینی و چەپکە گوڵێ دەستی، هەر بە ئەو ئەکەوێت. من و ئەم دۆستەم دەرگیری بەحسێکی جیدی فەلسەفین کە لە پڕا بووکەکە دێتە سەر مێزەکەێ ئێمە و هەر وا کە بە پێ وێستاوە دەڵێت: ماچێک بدە بە من!
دۆستەکەێ من بە تەواوی حەپەساوە و نازانێت باس چیە!بەو کچە جوانە تازە بووکە ئەڵێم: من دۆستی کچ یان هیچ ژنم نیە، بەڵام ئەگەر ماچی منت ئەوێت، ئەبێ ڕەنجی بۆ بدەیت! بە پێکەنینێکی زۆر جوان ئەڵێت: هەر ڕەنجێک بێت قبووڵی ئەکەم.
ئەڵێم: تەمەنی من زۆرە. من وەکوو مامی تۆم. 
ئەڵێت: ئەوە گرنگ نیە. گرنگ شتێکیترە !
ئەڵێم: باشە من ماچێکی تایبەت ئەدەم بە تۆ بە شەرتێ فەلسەفەێ خودی ماچم بۆ بەیان کەیت.
لەم نێوانەدا دۆستەکانیتری هەموویان هاتوون و لە دەور ئێمە بە پێکەنین و شۆخی وێستاون. ئەم بە دۆستەکانیتری ئەڵێت: هەموو کورسییەکانتان بێنن بۆ لاێ ئەم دوو کەسە. ئەوانیش وا ئەکەن و ئێمە هەموومان، بازنەئێکی زۆر گەورە پێک دێنین و خەڵکانیتری ئەو شوێنە هەموو تەواشا ئەکەن. کچە جوانە بووکەکە ئەڵێت: لە ماچ کردندا ٢٤ عەسەبی خوار و ژووری لێوەکان چالاک ئەبن و پێیان خۆشە.
ئەڵێم: ئیتر چی؟ تەواشاێ کچە دۆستەکانیتری ئەکات و دیارە بەو نیگاهەوە چاوەڕوانی یارمەتی ئەوانە! منیش تەواشاێ ئەوانیتر ئەکەم، کەسیان قسەئێکی زیادە لەوانەێ بووکەکەێ پێ نیە. ڕوو دەکەم لە دۆستەکەێ خۆم و پێ ئەڵێم: تۆ قسەئێکت لەمبارەوە هەیە؟
ئەو بە تەواوی حەپەساوە و بە پتە پت ئەڵێت: ماچ ... ماچ. نا!. ئەبێ فیکری لە سەر بکەمەوە!
ڕوو لە ئەم بووکە گەنجە ئەڵێم: ناوی تۆ چیە؟ تەمەنت چەندە؟ تۆزێک لە خۆت قسە بکە.
ئەڵێت: جوولیانام. تەمەنیشم ٣٣ ساڵە _ دووساڵ پێش ئێستەش لە زانکۆ پی-هیچ-دیم لە فەلسەفە تەواو کرد. دەسگیرانەکەشم هەر لەو زانکۆیە یاسا و سیاسەتی تەواو کردوە. بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەدایە. زۆریش دەوڵەمەندە. من خۆشیم ئەوێت بەڵام هێشتا کێشەئێکی گەورەمان هەیە. ئەویش کاتە! کەمتر پێکەوەین و ئەمە بۆ من زۆر تاڵ و خراپە!
تەواشاێ چاوەکانی ئەکەم. خەمگین و پڕ لە فیکرو گۆمان. دۆستەکانی هەموویان سەریان داخستووە. یەکێکیان دێتە دەنگ و ڕوو لە من ئەڵێت: من کریستینام. هەر لە منداڵییەوە لە گەڵ جوولی گەورە بووم. ئێنجا دەستی جوولیانا ئەگرێت و ئیزافە ئەکات: ئەمڕۆ کاتی خەم و پەژارەو گۆمان نیە. ئەمڕۆ ئاخرین ڕۆژی زکوورتی بوونی تۆیە، خۆش بەو ماچی ئەم مرۆڤە وەربگرە و دووبارە ڕوو لە من ئەکات و ئەڵێت: ببوورە ناوی ئێوە چیە؟ دیارە تۆخەڵکی ئێرە نیت. ئەشێ خەڵکی وڵاتێکی ئاسیایی بیت!
ئەڵێم: ژیژانا درسوو! کوردێکی ئاوارەم. بەڵام جیهان ماڵی منە. من هیچ سنوورێک ناناسم. هەموویان لە ژێر لێوەوە بە هێواشی دەڵێن: ژیژانا درسوو.
جوولیانا ئەڵێت: ئێستە ماچی من ئەدەیت یان بڕۆم؟ شتێک لە دڵما ئەڵێت ماچی ئەم پیاوە زۆر زۆر دەگمەنە!
کە وشەێ «دڵ» ئەبیسم. ئەلەرزم. پێ ئەڵێم: من چۆن خواست و دڵی تۆ ئەشکێنم؟ حەتمەن.  بەڵام هەروا کە وتم بۆ ماچی من، ئەبێ ڕەنج بکێشیت. هاوکات ئەوەش بڵێم کە من پیاوی تەنیا نیم، بەڵکوو یەکێک لە دیۆنیزۆسیەکانی ئەم ڕۆژگارەم. ئەوانیتر نازانن باس چیە بەڵام جوولیانا لە سەر کورسییەکەی هەڵدەستێ و لە بەرانبەرمدا چۆک ئەدات و بە ڕێزێکی هەرە زۆرەوە چاو ئەبڕێت لە چاوم و هیچ ناڵێت!
لێ ئەپرسم: ئەتوانی بێ وتن و جووڵەێ لێوەکان، لە گەڵ منا قسە بکەیت؟
لە حاڵێکدا شەوق و شادییەکی زۆر لە چاوانیدا دەردەکەون ئەڵێت: ئاخ! مەگەر تۆیش ئەتوانیت؟
دیارە لەو بوارەدا شارەزایە، بۆیە ئەڵێم: هەر دوودەستم بگرە. ئەویش بێ ئەملا و ئەولا دوو دەستی من ئەگرێت و تەواشام ئەکات. دەستی نە ساردە و نە گەرم. تەنیا تامەزرۆیە. تامەزرۆێ شتێکی بەعیدە و ئیحتمال ئەدات کە ئەوە ڕووبدات! پاش یازدە دەقیقە هیچ نەوتن. دۆستەکەیتری ئەڵێت: ئەوە چیە؟ ئێمە چاوەڕوانی ماچ بووین! جوولیانا ڕوو دەکاتە ئەو دۆستەێ خۆی و پێ ئەڵێت: سارا بێ دەنگ بە! تکایە بێ دەنگ بە! و بێ ئەوەێ دەستی. من بەر بدات تەواشام ئەکات و بە دوواێ سێ دەقیقە لە دڵەوە پێ ئەڵێم: جوولیانا ئێستە چاوت ببەستە. ئەویش چاوەکانی ئەبەستێت. چەند دەقیقە دوواێ ئەوە بە هێواشی سەری لە سەر ڕانی من دادەنێت و بە ئارامی گوێ ئەدات. بێ ئەوەێ لێوەکانم بجووڵێتەوە پێ ئەڵێم: 
ئەوەێ کە وتت ٢٤ نێرو یان عەسەبی خوار و ژووری لێوەکان چالاک ئەبن دەقیق و ڕاستە. بەڵام ئاخری چیرۆکەکە نیە.
حەتمەن ماچی فەرەنسیت بیستووە و ئەزانیت کە کاتی ئەو ماچە ئەگەر کەمتر لە ١٥ دەقیقە بێت، ئەوە بە ماچی فەرەنسی نائێتە ئەژمار. لەمانەش بەدەر، ماچی دیۆنیزۆسی لە ماچی فەرەنسی درێژخایەنترە لە باری کاتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکەوە بە تەواوی شتێکیترە. پڕە لە ئیحساس. پڕە لە خۆشەویستی. پڕە لە ڕێز و حورمەت بۆئەو کەسانەێ کە لێوەکانیان لە سەر یەکن. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا، مرۆڤ خاوەنی جێگەو پێگەێ سرووشتی تایبەت بە خۆیە. هیچ گەورە بوونێک دەر ناکەوێت، هیچ چکۆلەبوونێکیش ماناێ نیە. لەو ماچەدا دوو مرۆڤ، بە تەواوی ون دەبن. بە زاهیر لێرەن لە زەوی، بەڵام لە ڕاستیدا لێرە نین. ئەو دوو کەسە لە بینینی ئەویتر بە شێوازی فیزیایی ئاگایان نیە بەڵکوو لە ناوەوە، لە ناو جیهانی دەروونیەوە یەکتری ئەبینن. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا دوو کەس لێویان ئاشناێ یەک ئەبێت، بەڵام بە دواێ چەند دەقیقە، ئەو دوو کەسە ئەبنە یەک مرۆڤ. ماچی دیۆنیزۆسی ماچێکی گەردوونیە. ماچی سادە و ساکار نیە. کات لەو ماچەدا وێستاوە. 
لێم ئەپرسێت: کات چۆن لەو ماچەدا وێستاوە؟
پێ ئەڵێم: ماچی مرۆڤە ساکارەکان، ماچێکە کە لە کەمتر لە یەک دەقیقە تەواو ئەبێت. خۆتیش ئەمە ئەزانیت. وەها ماچێک بەس ماچێکی سادە و چکۆلە و ناگەردوونیە، ئەو ماچە دەسپێکی عەشقبازییە_ بەڵام لە ماچی دیۆنیزۆسی و مرۆڤی سەروومرۆڤی گەردوونی، کات دەوەستێت چۆن بە ڕاستی کات ناتوانێت لە سەریان کاریگەر بێت و ئەوە خواستی خودی گەردوونە کە دوو مرۆڤی ڕاستەقینە، لێویان بۆ کاتێکی زۆر درێژخایەن لە سەر یەک بێت تاکوو خۆشەویستی گەردوونی خۆی بنوێنێت و دەر بکەوێت. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا عەشقبازی بوونی نیە. تەنیا سەفەرە. ڕۆیشتنە. بینینی جیهانێکیترە. ون بوونە لە ناو ماناکانی مرۆڤ و گەردووندا. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا گوڵ و گیا لە بەر چاون، جووڵەێ گەردیلەکان دیارن، هیچ درۆئێک بوونی نیە، کات وێستاوە و ئەو یەک مرۆڤە کە پێشتر دوو بوون، لە جیهانێکیتردا سەیر ئەکات. خۆێ لە ناو خۆشەویستەکەێ ون بووە و خۆشەویستەکەێ لە ناو ئەوا ون بووە، بۆیە لەو ماچەدا تەنیا یەک مرۆڤ بوونی هەیە. خودی جوانی لەو ماچەدا بەرچاوە. لێرا مەبەستم شتی جوان نیە، مەسەلەن گوڵ و گەڵاێ جوان. بەڵکوو خودی جوانیە کە حازرە. ئەو یەک مرۆڤەش لەو جوانیەدا بە تەواوی ون دەبێت. لەم ماچەدا گەردوون لە حاڵی ڕەقس و سەمایە. خۆشترین بۆنەکان لە دەوروو بەر بڵاو دەبن. گوڵ و گیا و دار و بەرد، لە ڕەقسدایە. هەموویان بە دەور ئەم تاقانە مرۆڤەدا ڕەقس ئەکەن. لە ماچی مرۆڤی سەروومرۆڤی گەردوونیدا، کات هیچ مانائێکی نیە. لە ڕاستیدا کات بوونی نامێنێت. کات بۆ کەسانێکە کە ڕووکەشی دیاردەکان دەبینن. هەر بۆیە ئەم ماچە لە گەڵ ماچەکانیتری خەڵکان لە پۆلۆتۆنەوە تاکوو زەوی لێک دوورن. 
لێم ئەپرسێت: ئایا چێژ لەو ماچەدا بوونی هەیە؟
پی دەڵێم: بەڵێ. بوونی هەیە. چێژێکی فیزیایی سەیر بوونی هەیە، بەڵام هاوکات چێژێکی دەروونی زۆر سەیرتر دەر ئەکەوێت. تۆ ئەمڕۆ بە ماچی دیۆنیزۆسی ئاشنا ئەبیت. لەو کاتەدا خۆت ئەزانی مەبەست چیە! تۆ کە فەلسەفەت خوێندووە، حەتمەن دیۆنیزۆس بە باشی ئەناسیت. هەر بۆیە ئێستەش ئارام و دڵخۆشیت. بەڵام سەبارەت بە فەلسەفە ئەبێ بڵێم کە فەلسەفە تەنیا نووسین و خوێندن و قسە کردن نیە. فەلسەفەێ ڕاستی و واقع هیچ نەوتنە. دەقیق وەکوو ئەم کاتەێ ئێمە. بێ دەنگ بوونە. فیکری زۆر زۆر قووڵە. حیس کردنە. ناسینە. ونبوونە. تەمرینی مەرگە. ئەزانی بۆ؟ لە بەر ئەوەێ کە ئەو کاتەێ تۆ کاری فەلسەفی ئەکەیت و ون دەبیت لە فیکرەکاندا، لە ڕاستیدا لە لاێ خۆت نیت و لە شوێنێکیتری زۆر دوور لە خۆت، بۆیە فەلسەفە کارکردن یانێ مومارسەێ مەرگ. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا وەها شتێکیش بوونی هەیە بەڵام لەوپەڕی خۆشی و چێژەوە. فەلسەفە ئەوە نیە لە زانکۆەکاندا تەدریس ئەکرێت. فەلسەفە تێگەیشتنە لە دیاردەکان و لە ئاخرەوە فەلسەفە، فامکردنی «خود» و گەردوونە. بەڵام لە ڕاستیدا سوفیا فیلۆیە، نەک فیلۆسۆفیا. سەدان فەیلەسوف لەم ڕەمزە تێنەگەیشتوون. من لاموایە گەردوون لە ڕووی خواستێکی دەقیقی خۆی، ڕاستی فەلسەفەێ ئاوەژوو کردووە. هەروا کە زۆربەێ هەرە زۆری ڕووداوەکان و دیاردەکان ژیانی ئاوەژوو بە سەر دەبەن. بۆ وێنە ڕەنگی ڕەش لە ڕاستیدا سپیە، بەڵام بۆ دەورەئێک لە دیاردەئێکدا ڕەش دیارە. بەس لە ئاخرەوە دەگات بە خاڵی واقع و ڕاستی و سپی بوونی ئاشکرا ئەبێت. ئایا منداڵ لە سکی دایکیا شتێک دەبینێت؟ نا. دەورەئێک لە ژیان بە چاو دەبینێت، بەڵام لە پیریدا چاوەکانی لاواز ئەبن و لە ئاخرەوە سەر لە نوێ وەکوو ئەو کاتەێ ناو سکی دایکی، چاوی هیچ نابینێت چۆن دەمرێت. بەمپێیە بازنەکە تیکرار دەبێتەوە. جوولیانا تۆ بروانە بە جیهانی کەسەکان لە باری خۆشەویستییەوە. بزانە چەند تێکەڵی درۆیە! ئەم بە ئەو ئەڵێت، خۆشتم ئەوێت! بەڵام ڕاست ناکات. پێویستێکی هەیە لەو خۆشویستنە. کە دەگەن بەو خواستە، لە خۆشەویستییەکە هیچ ئەسەرێک نامێنێت. دیۆتیما لەمبارەوە ئۆستادی سوقراتە و زۆر شتی بەیانکردووە و تۆ ناشێ لە گەڵ قسەکان دیۆتیما نامۆ بیت. لە ماچی دیۆنیزۆسیدا ئۆرۆس منداڵی هەژاری و بوێری نیە. لەو ماچەدا ئۆرۆس خودی ئۆرۆسە کە منداڵی کەس نەبووە و نیە. من دەڵێم بێ دایک و باوکە. جوولیانا لە بیر مەکە. ئەوەش بزانە کە ئەگەر لێوێ مرۆڤێک جێا لە خۆشەویستەکەێ لە گەڵ دەیان لێویتردا ئاشنا بێت لە حاڵێکدا هاوسەرگیری کردووە، ئەو ڵێوە نەخۆشە و ئەبێت بیبەین بۆ خەستەخانە تاکوو چارەسەری وەربگرێت. بەمپێیە نە ژن لە مێردی خۆێ، نەک پیاو لە ژنەکەێ خۆێ خەیانەت ئەکات، لە بەر ئەوەێ کە ماچ خاوەنی تایبەتمەندییەکی هەرە گرنگە و ناکرێت هەر کەس ماچ بکرێت. هەر بۆیە ماچی دیۆنیزۆسی زۆر دەگمەنە و تۆ بە درووستی ئاماژەت پێدا.
کە دەگەینە ئەم نوقتەیە. جوولیانا چاوەکانی ئەکاتەوە و تەواشام ئەکات. هێشتا دەستی لە ناو دەستم دایە. ئێستە  نێو دەستەکانی گەرمائێکی زۆر زۆری هەیە. هەر بۆیە خز و خلیسکاوی بووە و سفت و سەخت دەستم ئەگووشێت کە ئەم دەستانە لێک جێا نەبنەوە. کە دەگەین بەم قسانە. ئیتر ئەوەستم و هیچ ناڵێم. بە نەرمی و هێواشییەکی تایبەتەوە وەکوو گەڵائێکی نەرم و نیان، هەڵدەستێ و سەری ئەخاتە سەر شانم و هەر دوو دەستی حەڵقە ئەکات لە دەوری سەرم. ئەزانم حاڵی چیە و چۆنە. بۆیە بەرگری لێناکەم. چۆن ئەو بە ئەوپەڕی ڕێزەوە منی لە ئامێز گرتووە و من ئارام و بێدەنگ، تەواشاێ ئاسمان ئەکەم. چەند پەڵە هەوری سپی لەو ئاسمانە شینەدا دەرکەوتوون. خۆر بە تەواوی هێزەوە دەدرەوشێتەوە. هەموو دەورووبەری ئێمە دانیشتوون و حەیران ماون. کە لە پڕا جوولیانا سەری بەرانبەر بە سەرم ڕادەگرێت و بەو شێوازە تایبەتە ئەڵێت: ئێستە ئەو ماچە گەردوونیە ئەدەیت بە من؟ من بێ ئەوەێ هیچ وشەئێک بڵێم بەس تەواشاێ ئەکەم. ئەویش تاقەتی نامێنێت و لێوەکانی دەنێتە سەر لێوم. 
ئەو دۆستەێ من دوو ڕۆژ دوواێ ئەو ڕووداوە زەنگی داو و گوتی: ئەو ماچە چی بوو؟! من خۆ شێت بووم! ٢٥ دەقیقە لێوی ئەو کچە لە سەر لێوت بوو. 
لە وڵامدا وتم: ئازیزم، ئەوە ماچی مرۆڤی سەروومرۆڤی گەردوونی بوو. ئەو ماچە بە ماچی دیۆنیزۆسی ناسراوە. 
پرسیارێکی جیدی هەیە کە لەو ٢٥ دەقیقە چی ڕوویدا؟ با ڕاستی بەیان بکەین و قسەکانی ئەو ٢٥ دەقیقە بۆ ئێوە باس بکەم.
هەر ئەوەندە جوولیانا لێوێ خستە سەر لێوی من، لە دەقیقەێ یەکەمدا وتم پێ : ئێستە ئەزانی ماچی دیۆنیزۆسی چیە و خاوەنی چ پێگەئێکە ودەرخەری چیە! با پێت بڵێم کە لە سەر ماچ لە وڵاتی من و زۆر شوێنی دیکەدا، هەزاران کەس کوژراون! لە ناو میللەتی منی کوردا لە سەر ماچی سادە نەک دیۆنیزۆسی، ژنان و کوڕانێکی زۆر گیانیان لە دەست داوە. 
جوولیانا بە سەرسووڕماویەوە دەپرسێت: چۆن شتی وا ئەبێت؟ مەگەر ماچکردن چیە؟ خراپەێ چیە کە لە سەری گیانی خەڵکان بکەوێتە خەتەر؟
پێ ئەڵێم چاوەکەم، لە وڵاتی منا، هەڵبەت ئەگەر بکرێت پێ بوترێت وڵات، ئەو کچ و کوڕانەێ کە خۆشەویستی یەکترن، ئەڕۆنە ناو دارستان و شوێنی دووری زۆر لە خەڵک دوور. ئەزانی بۆ؟ بەس بۆ ئەوەێ کە کەس ماچی ئەوان نەبینێت. لاێ ڕووناکبیرترینەکانمانیش تابۆئێکی زۆر زۆر گەورەیە! ئەگەر کچی نووسەرێکی گەورە، ماچی کوڕێک بکات، هەر لەو کاتە تەواو خەڵکی دەورووبەر بە گاڵتەجاڕی تەواشاێ ئەکەن و ڕاستەوخۆ بە یەکتری ئەڵێن: «ئەو دووانە چەند سووکن!! شەرم ناکەن! لە بەرچاو ئێمە خەریکن ماچ ئەکەن! ئێمە ئەم سووکایەتییە قبووڵ ناکەین، هەستە خانم با بچین! ئێرە شوێنی ئێمە نیە، هیچ ڕێز لە میوان ناگرن و ماناێ مرۆڤ نازانن»!
گوایە  ئەوان ماناێ مرۆڤ ئەزانن. گوایە ئەوان گەردوون ئەناسن! گوایە ئەوان لە مرۆڤبوون تێگەشتوون و خەڵکانیتر گەمژە و نەزانن. هەر بۆیە ماچکردن لە کۆمەڵگەێ وا زۆر خەتەرناکە. زۆرجار گیانی خەڵک لە سەر ماچێک لە دەست ئەچێت و ژیان و حەرەکتی ژیان ئەبێتە مەرگ و وێستان. من خۆم بینیومە کە لە سەر ماچێکی سادە لە زەماوەندێکا، چ شەڕێک هەڵگرساوە و چۆن خوێن لە حەوشەکەدا ڕژاوە. جوولیانا دەبینی؟! تۆ دێیت و ڕاستەوخۆ لە من داواێ ماچ ئەکەیت، ئێستەش لێوت لە سەر لێوەکانی منە و ئەم خەڵکانە خەریکن تەواشا ئەکەن و هیچ ڕوونادات و گرژییەک نابینیت. ئەگەر خەڵک تەواشا ئەکەن لێرا، بەس بە خاتری ئەوەیە کە تۆ جل و بەرگی بووکینیت لە بەردایە و هەموو ئەزانن کە ئەمڕۆ ئاخرین ڕۆژی زکورتی بوونی تۆیە و لە بەیانیەوە تۆ ئەڕۆیتە ناو خێزان و بنەماڵەئێک درووست ئەبێت کە لەو بنەماڵەدا چیتر ئەم ماچە بۆ غەریبە بوونی نامێنێت و تۆ لە باری کلتوورییەوە تەنیا ماچی مێردەکەێ خۆت ئەکەیت و ئەویش هەروا، غەیری تۆ ماچی هیچ ژنێکیتر ناکات. بۆیە ڕەسمەن و بێ ترس لە کۆچەو کۆڵان تۆ ئەمڕۆ ئازادی ماچی هەزار کەس بکەیت. و کەس هیچ گازەندەێ لێت نیە کە هیچ، زۆریش خۆشحاڵن. من لە تۆ ئەپرسم: بە ڕاێ تۆ بۆچی لە وڵاتە ئاسیاییەکاندا، ماچکردن قەدەغەیە و لە سەری  ماچکردن، مرۆڤەکان گیانیان لە دەست ئەدەن؟ تۆ لەمبابەتەوە چی لێ تێئەگەیت؟
لە وڵامدا ئەڵێت: من لەو وڵاتانەدا نەژیاوم. بەڵام بە ڕاستی و بە جیدی من ناتوانم بۆ یەک شەو وڕۆژ لە وەها وڵاتێکدا ژیان بە سەر بەرم. نەک بە خاتر ماچکردن و شتی وا. دیارە ئەوەێ تۆ باسی ئەکەیت یەک دیاردەیە، حەتمەن سەدان شتریتریش بوونی هەیە کە تاکوو ئێستە باست لێ نەکردووە و من بە ڕاستی تاقەتی بیستنی ئەوانەم نیە، چۆن دیارە بە یەک وشە ئەبێت بڵێم کارەساتە.
جوولیانا تۆ درووست ئەڵێیت. بەڕاستی کارەساتە. با شتێکت بۆ باس بکەم لەمبارەوە. پەردەێ کچینی لە وڵاتی من بۆ کۆمەڵگەکە لە بارەێ کچەکانەوە، خەتەرناکترین و جیدیترین بابەتە! زۆر زۆر لە کچەکان ئەو پەردەیانە لە دەست داوە بە هەر هۆئێکەوە، دەی لە سەر ئەوە ئەو کچە ڕاستەوخۆ کوژراوە. هیچ یاسا و ڕێسائێکیش بوونی نیە کە لەو جەنایەتە بەرگری بکات. جوولیانا تەواشا بکە لە وڵاتەکانی ئۆرووپی ئەگەر بە دواێ ١٨ ساڵیدا، و لە کاتی زەماوەند کردندا کچێک هێشتا پەردەێ کچییەتی مابێتەوە، زاواکە و بنەماڵەکەێ و تەواو خزم و کەس و کار ئەڵێن: ئەم کچە نەخۆشە. موشکلێکی جیدی هەیە! لە باری کۆمەڵناسی و دەروونناسیشەوە، هەر وایە. لە بەر ئەوەێ کە ئەگەر کچێک لە تەمەنی سەروو ١٨ بۆ وێنا لە ٣٠ ساڵیدا هێشتا پەردەێ کچینی هەبێت، ئەوە دیارە ئەو کچە ڕەفتارێکی دژ بە سرووشتی کردووە و لە کۆمەڵگە دابڕاوە. بۆیە لێرا واێ دەبینن. بەڵام لە ئاسیا وا نیە. لەوێ هەروا کە وتم کچەکان لە کاتی زەماوەندا ئەبێ بە خوێن ئیسباتی ئەوە بکەن کە لە گەڵ کەس نەبوونە. لە ڕاستیدا ماناێ قسەکە ئەوەیە کە وەها کچێک ئەساسەن خۆری نەبینیوە. دەی فەرموو ئەرکی گەورەکردنی منداڵیش بسپێرە دەستی وەها کەسێک. خۆ پیاوەکان ماشەڵڵایان لێ بێت، خۆیان هەر خەریکی سەرسەرین بەس کچەکان و ژنانن کە گرفتی گەورەیان هەیە و تووشی خەتەر ئەبن. لە ئاخرەوە پێت بڵێم کە هەر لەم ڕێگاوە، پیاوەکانیش خۆیان دەخەنە ناو بازنەێ تیکراری دژ بە گەردوونی و سرووشت و مرۆڤ و ڕاستی. لاێ براو باوک و کەس و کاری بووکی وڵاتی من، وەهایە کە بووک بە دەسماڵی خوێنێنی کچینی خۆێ ئیسباتی پاکبوونی خۆێ ئەکات و زاواو بنەماڵەکەێ و بنەماڵەی بووکەکەش پێیان ئیفتخارە کە وەها دەسماڵێک ئەبینن!! ئەگەر ئەو خوێنە لە سەر ئەو دەسماڵە نەبێت، ئەو ژنە بەدبەختە دەکوژرێت. لێرەدا هەناسەم تووند ئەبێت و فرمیسکەکانم دێنە خوارەوە.
کە دەگەم بەم قسانە، جوولیانا هەروا کە چاوەکانی بەستراوە، فرمیسکێکی تاڵی مرۆڤدۆستانە لە ژێر برژانکەکانی دەر دەچن و دەگەنە سەر گۆناێ من! فرمیسکەکانی هەردوومان تێکەڵی یەک دەبن. نەفەسی جوولیانا تەنگ بووە و هەناسەکانی زۆربە تووندی لێدەدەن...
جوولیانا ئەڵێت: ئەشێ چارەئێک بۆ وەها گرفتێکی گەورە بوونی هەبێت. من وەکوو کچێکی ئەرووپی، وەکوو مرۆڤێکی ناو کۆمەڵگەێ جیهانی، ئەڵێم: ئەمە جەنایەتە و ڕوو لە تەواو ژنان و کچانی ئەو وڵاتانە ئەڵێم، یەک بگرن و پشتی یەک بن بەرانبەر بە وەها سیستەمێکی پیاوسالاری و دەست بکەن بە جووڵە. ئێوە ئەشێ لە ماناێ مرۆڤ زۆر قووڵتر تێبگەن و بزانن کە پێش ئەوەێ کە کچ یان ژن بن، ئێوە مرۆڤن. ئەگەر پیاوەکان و سیستەمەکەیان بەمجۆرە دژ بە ئێوەیە، هیچ ڕێگائێک نیە غەیری ئەوەێ کە ئێوەش تێکۆشان بکەن بۆ ڕزگاری خۆتان و تەواو کۆمەڵگەکەتان. ئەوەش دیارە کە لە ژنی ناتێگەیشتووی هەر کۆمەڵگەئێک، منداڵ و جیلێکی وەکوو خودی ئەو ژنانە دێنە ئاراوە، بۆیە کار و فیکر و کردەوەێ ئێوە سەبارەت بە جێگەو پێگەێ مرۆڤ و مرۆڤبوون، زۆر گرنگە.
ئەڵێم: ئایا تۆ ئەو چیرۆکەێ تووتییەکەت بیستووە؟ 
ئەڵێت کام تووتی؟ نا. شتێکم لە خاتر نیە.
ئەڵێم: بازەرگانێک بووە کە بۆ ساڵەهاێ ساڵ تووتییەکی هەبووە و زۆر خۆشیویستووە. ڕۆژێک بەرنامەکەێ ئەگات بەو خاڵەێ کە سەفەر بکات بۆ هیندستان. دێت و بە تووتییەکەێ خۆێ ئەڵێت: من بەیانی ئەڕۆم بۆ هیندستان، ئەڕۆم بۆ وڵاتەکەێ تۆ. لەوێ هەزاران تووتی لە سەر لق و پۆێ دارەکان هەن. تۆ هیچ پەیغامێک، قسەئێکت نیە بۆیان؟ ئەو پەلەوەرە جووانە دیلەێ ناو قەفەسەکە ئەڵێت: ئەرێ. قسەئێکم هەیە. تکایە کە ئەو پەلەوەر و تووتییانەت بینی پێیان بڵێ: خۆش بە حاڵی ئێوە کە ئازادن و لە سەر دارەکان ئەخوێنن و باڵ لێدەدەن بەڵام من ساڵەهایە لێرا لەم وڵاتە دوورە، بە دیلی گیراوم و کەس خەمخواری من نیە. تکایە ئێوە بە جێ من قەدری ئازادی و ژیانتان بگرن و بیزانن. _ ساحیبی ئەو تووتییە ئەڵێت: باش بە سەر چاو، قسەکانی تۆ پێیان ئەڵێم. بازەرگانەکە دەڕوات و دەڕوات تاکوو دەگاتە هیندستان، لەوێ کار و باری خۆێ جێبەجێ ئەکات و ڕۆژێک پێش گەڕانەوەێ ئەڕواتە ناو جەنگەڵ و جەماعەتێکی زۆری تووتی و پەلەوەرانیتر ئەبینێت کە لە سەر دارێک دانیشتوون و ئەخوێنن. پێیان ئەڵێت من تووتییەکی دەقیق وەکوو ئێوەم هەیە لە ولاتی خۆم، پەیغامێکی هەبووە بۆ ئێوە. هەموو تووتییەکان گوێ ئەگرن و دانێکیان لە سەر دارەکەوە دێتە خوارەوە و لە نزیک بازەرگانەکە دادەنیشێت. کە قسە و پەیغامی تووتییە دیلەکە تەواو ئەبێت، ئەو تووتییەێ نزیک بازەرگانەکە، باڵێک لێدەدات و ئەکەوێت و ئەمڕێت. بازەرگانەکە زۆر سەرسام ئەبێت لەو بە سەرهاتە و بە خۆێ ئەڵێت: عەجەب شتێک ڕوویدا. ئەم تووتیە هەژارە تەواو کەوت و مرد_ ئەو کاتەێ بازەرگانەکە دەگاتەوە وڵاتی خۆێ و دێتەوە بۆ ماڵەوە، ئەو بەسەرهاتە بۆ تووتییەکەێ خۆێ بەیان ئەکات. تووتی ناو قەفەسەکەش باڵێک لێدەدات و ئەکەوێتە ناو کەفی قەفەسەکەوە. بازەرگانەکە ئەڵێت: ئەێ هاوار چ بەدبەختییەک ڕوویدا، ئەوە تووتییەکەێ خۆمیش کەوت و مرد. درگاێ قەفەسەکە ئەکاتەوە و ئەو پەلەوەرە دەردێنێت و لە سەر بانی ماڵەکەێ دادەنێت. کە لە پڕا ئەو پەلەوەرە باڵ لێدەدات و ئەفڕێت بە ئاسمانا. بازەرگانەکە زۆرتر لە پێشوو سەرسام ئەمێنێت. لە ڕاستیدا تووتییەکەێ هیندستان وەها ڕەمزێکی لە ڕێگاێ دۆژمنی ئازادیەوە یانێ خودی بازەرگانەکە، دەگەینێت بەو پەلەوەرە دیلەێ ناو قەفەسەکە. جوولیانا تۆ ئەو پەلەوەرەیت کە بە قسەکانی خۆت، پەیامی ئازادی و مرۆڤایەتیت بەیان کرد بۆ کچان و ژنانی ئەو وڵاتانە کە باسمان لێکرد. با لێرەدا جەخت بکەینە سەرشتێکیتریش کە بە ڕاێ من گرنگە. من واێ تێدەگەم کە ناکرێت و ناتووانین کوپی تێگەیشتنی وڵاتە ئۆرووپییەکان دەقاودەق لەو وڵاتانەدا جێگیر بکەین. خۆشت ئەزانی کە بە دواێ ڕۆنیسانسدا ئۆرووپا دەستی کرد بە گۆڕانی بناخەیی و گەشت بە ئەم ڕادەیە... لەلائێکیترەوە لێرەش هەر پیاو سالاری بە شێوازێکی کاڵتر بوونی هەیە و ئەمە حاشاهەڵنەگرە.
لەو کوردستانە گەورەشدا چەند ژن و کچی ئازا بوونیان هەیە کە ئەهلی قەڵەمن. من خۆم دوو سێ کەسیان ئەناسم لە نزیکەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەوانیش ئەسیرن، دیلی کۆمەڵگە و سیستەمەکانن. ئەگەر ئەو چەند کەسە زۆر زۆر کەمەێ لێ بەدەر کەین، دەبینین کە ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە خۆیان خەریکن جیلێکی وەکوو خۆیان ئەدەن بە دەستەوە. خەمی من ئەوەیە کە ئەو چەند کەسە دەگمەن و تاقانەیەش زۆر خراپ گیریانخواردووە و ڕزگارکردنی ئەوانیش بە ڕاستی هاسان نیە، ئەگینا من ئەزانم هەر ئەو چەند قەڵەم بە دەستەێ کوردستانی من ئەتووانن وەها شۆڕش و گۆڕانێکی بناخەیی و پەروەردەیی درووست بکەن کە بە ڕاستی لە ناو مێژووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکاندا بمێنێتەوە. ئەزانی سەیر ئەوەیە کە ئەو چەند کەسە کەمەش، لە ژنانیتری ناو کۆمەڵگەکە بەو پەڕی زانین و ئازایەتییەوە، ژیانێکی زۆر زۆر تاڵیان هەیە. یانێ لەوانیتر ژیانیان زۆر خراپترە و لە هەزار لاوە هێڕشیان دەکرێتە سەر و بەردەوام لە ژێر خەتەری مەرگ و نەمان و سووکایەتی و خەم و پەژارەن. جوولیاناێ ئازیز، خەمی ئەو چەند قەڵەمە لە ڕاستیدا منی لە ناو بردووە. لە لائێکیترەوە واێ تێئەگەم کە تەنیا مرۆڤی دیۆنیزۆسی ئەتوانێت زام و برینەکانی ئەوان ببینێت و لێیان تێبگات. هەر بۆیە خەمی دیۆنیزۆسیش خەمێکی زۆر قووڵە. دەقیق وەکوو ئەم ماچە کە هێشتا درێژەێ هەیە. بەس تکایە تۆ مەگری. حەتمەن پەیغامەکەێ تۆ وەکوو ئەو پەلەوەرە ئازادەێ سەر دارەکانی هیندستان ئەگات بە پەلەوەرەکانی ناو قەفەسەکە. من بەمە دڵخۆشم. تۆ چی؟
جوولیانا دەڵێت: ئەزانی. ئەوە ڕاستە. دەقیق وایە بەڵام هەروا کە خۆت ئاماژەت پێدا، حەلکردنی بناخەیی وەها کۆمەڵگەئێک زۆر کات ئەبات و ڕۆنیسانسی پێویستە کە بە ڕاستی کارێکی کارایە بەڵام کاتگیرە و دڵسۆزی مرۆڤی ڕاستەقینەێ پێویستە کە لە ماناێ مرۆڤ و گەردوون تێگەیشتبێت. دەی ئەمەش کەم نیە و سەختە! هەر بۆیە ناتوانم بەرگیری بکەم لەم فرمیسکانە. ئێستە تێگەیشتم کە لە ماچی دیۆنیزۆسیدا چێژ لەگەڵ ڕەنجدا تێکەڵە. درسوو تۆ بە جیدی ئەو مرۆڤەیت کە ئەکرێت تەواو جیهان بگۆڕیت و لارییەکان و چەواشەکان ئاوەژوو بکەیت. من ئەم بەڵێنەت پێ ئەدەم کە لە سەر ئەم چەمکانە و هاو ڕەگەزەکانی خۆم لە هەموو وڵاتەکاندا بنووسم. کە بەمپێیە درسوو تۆ تەنیا نابیت و دەنگت ئەگات بە خەڵکانیتریش. ئێستە ئەزانم ناخی تۆ چەند جوانە و ماناێ مرۆڤ و گەردوون چیە. ئەوەش ئیزافە بکەم کە ئەم ماچە ئاخرین ماچی منە و بەیانی بە تێگەیشتنی زۆر قووڵتر و خۆشەویستییەکی ناخدارتر ئەڕۆمە ناو ژیانی هاوسەرگیری. بەڵێنیشت پێ ئەدەم کە منی جوولیانا، لە ناخی دڵەوە ببمە ئەو پەلەوەرەێ کە بۆ مرۆڤەکانیتر پەیامی ئازادی بگەێنم و داکۆکی بکەم لە مانا ڕەسەنەکانی مرۆڤ و گەردوون و خۆشەویستی و واقع. چۆن هەموو ئەوانەی ئاماژەت پێدا دەرخەری واقع و ڕاستی ژیان و جێگە و پێگەێ مرۆڤ و کۆمەڵگە بوون.
کە دەگەینە ئەم نوقتەیە. جوولیانا لێوی لە سەر لێوم لا ئەبات و فرمیسکەکانی سەر گۆناێ پاک ئەکاتەوە. دۆستەکانیتری هەموو بە جۆرێک تێکچووگن. نازانن چی ڕوویداوە. بۆیە بە پەرۆشەوە ڕوو لە جوولیانا ئەپرسن: ئەوە چی بوو؟ بۆچی دەگریت؟ چی ڕوویداوە؟ ئەویش پێیان ئەڵێت: سەفەرێکی زۆر عەجیبم بوو لە گەڵ ئەم مرۆڤە. ئێستە ناتوانم هەمووی باس بکەم. بەڵام وەرن تاکوو بڕۆینەوە بۆ ماڵی ئێمە. لەوێ تەواو بەسەرهاتەکە باس ئەکەم. دۆستەکەێ منیش وەکوو ئەوانیترە و نازانێت بە ڕاستی چی ڕوویداوە! جوولیانا پێش ماڵئاوایی ڕوو لە من دەکات و بە زمان ئەڵێت: درسوو...! بەس بە دواێ ئەو وشەیەدا ئیتر ناتوانێت چیتر ئیزافە بکات و بە هیق هیقی گریانەوە بازنەکە بە جێ دەهێڵێت. هەموویان دەڕۆن و من تەواشایان ئەکەم. کۆمەڵێک پەلەوەری ئازاد ئەبینم کە لە نێویاندا دانێکیان جل و بەرگێکی شیری ڕەنگی بووکینی لە بەرە. قژی کاڵ و درێژی لە دەستی هەوائێکی نەرم و نیانەوە بڵاو بووەتەوە. بەڵام هەنگاوەکانی موحکەم و فیکرەکانی زۆر مرۆڤدۆستانەیە. ئەم کچە ئەو کەسەیە کە لە داهاتوودا جیلێکی زۆر تێگەیشتوو و دڵسۆز و گەردوونی پێک دێنێت. ئەم بووکە جووانە، ئەرکێکی زۆر قورسی لە سەر شانە. لە دڵەوە بە خۆم ئەڵێم: بریاباێ ئەم بووکەم بە ڕووباری ڕەوان ئاشنا بکردباێ. ئەوان دوو مرۆڤی سەروو مرۆڤی گەردوونین. من کێم؟ من تەنیا مرۆڤێکی دیۆنیزۆسیم کە ئەسیری خەمی مرۆڤ و کۆمەڵگەم. وە تەنیا ئەم دوانە ئەتوانن فرمیسکی سەر گۆناێ من پاک بکەنەوە و ئاخرین هەناسەکانم بژمێرن! بەڵام ئەشزانم کە من هەر وا کە ساڵەهاێ ساڵە تەنیا ژیاوم، هەر لە تەنیاییدا ئەڕۆم! لە شوێنێکی زۆر دووری ناو جەنگەڵێکی قووڵ کە هیچ مرۆڤێکیتر ئاگاێ لێ نیە. من لە مێژە کە قبووڵم کردووە و بەسەرهاتی خۆم بینیوە و ئەزانم چی ڕوو دەدات. بەڵام هیچ لام گرنگ نیە. تاکوو ئەو کاتەش ئەبێ ببینم کە جوولیانا و کەسانی وەکو ئەو چی دەکەن و چ گۆڕانکارییەک پێکدێنن؟! ئەمە بۆ من گرنگە. ئیتر بە دواێ ئەوە هەموو شتێک بۆ من وەکوو ڕۆژ ڕوونە. ئاخ مرۆڤ! ئاخ گەردوون!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە