ئەتاتورک دوژمنە ترسناکەکەی کورد

Sunday, 19/05/2024, 21:47

1675 بینراوە


ئەو بتە یەهودییەی کەوتە خوارێ، مستەفا کەمال ئەتاتورک

 ناونیشانی کتێبێکە دەربارەی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا. کتێبێکی ٤٠٠ پەڕەیەیی پڕ زانیاری و بیۆگرافی ئەتاتورک، کە پڕێتی لە ڕووداوی سەیرو ترسناک و سەرنجڕاکێش.
کاتێک لە لەخوێنەوەی بوومەوە هەستم کرد لە نوێژچووم بەو هەموو خوێن و شەڕو ڕووداو و ملشکاندنە، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە.
ئەتاتورک فیگورێکی هەڵخڵەتێنەر و بەتوانا بووە، زمانی سەرنچ ڕاکێشی هەبووە لە ووتارداندا، بۆئەو شتانەی، کە ویستوێتی پێیبگات. بۆ گەیشتن بەهێز و دەسەڵات زۆر شێوازی هەڵخڵەتهێنەری بەکار هێناوە. ئەو سودی لە هەموو پەیوەندییەکی ئاین و سێکس و نەتەوە و هەموو ئەوشتانە بینیوە، کە ووتوێتی پلانی بۆ داناوە بۆ دڵخۆشکردن و فریودانی بەرامبەری، هەمیشە لەنیگەرانی وحەزی چواردەورەکەی خولاوەتەوە و هاوڕێ و هاوسەفەر و برادەرەکانی کردۆتە بەردەباز بۆ سەرکەوتنەکانی.
کتێبەکە گەلێ ویزگەی ژیانی ئەتاتورکی تێدایە، کە بەپێی توانا تیشک دەخەمەسەر بەشەگرنگەکانی. 
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەم کتێبە تا بڵێیت کتێبێکی خراپە، چونکە نووسەرەکەی ئیسلامیەکی توندڕەوە و هەموو بابەتەکەی لە دەووری ئەوەدایە، کە خەمی قوڵی ڕوخانی خەلافەتی عوسمانیە و ئەو پیی وایە ئەتاتورک یەهودییەکی نەفرەت لێکراوە و لە ڕێگەی ئینگلیزو فەڕەنساو جولەکەکەکانەوە نەخشەڕێگای بۆ دانراوە، کە هەرەس بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بهێنێت.
 خراپی ئەم کتێبە لەوەدایە لایەنگری سەرسەختی ئیسلامیە و دەڵێ لەمینبەری مزگەوتێکی داعشدا نوسیویەتی. پاشان چاپە کوردێکەشی پڕە لە هەڵەی رێنووسی.
نووسەر مێژوونوسێکی فەڕەنسی دەکاتە شاهید "دین گروسیە" کە لەکتێبەکەیدا "ڕووی ئاسیا " دەڵێت: بۆ ڕوخاندنی خەلافەتی عوسمانی ٢٢٠ ساڵ کار کراوە. بۆیە ڕووخاندنەکەی وا درێژبۆتەوە چونکە دەوڵەتەکان لەسەر میراتی پیاوە نەخۆشەکە لە کێشەدابوون چۆن و چیان بەردەکەوێت.
عەرەب و ئیسلام گرفتێکیان هەیە، چاکترە بڵێم فۆبیایەکیان هەیە لەگەڵ جولەکەکاندا، ئەوەتانێ نووسەر دەڵێت : "سوڵتان عەبدولحەمید ڕازی نەبوو یەهودێکان کۆچ بکەن و خاکی فەڵەستین داگیربکەن، بۆیە پلانی جەهەندەمیان دانا تا خەلافەتەکە بڕوخێنن. 
کەوتنی خەلافەت لەپەیمانی "بلنور" بوو ساڵی ١٩١٧ز دەستی پێکرد و ساڵی ١٩٢٤ز کۆتایی بە حوکمی شەش سەدە زیاتر لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هات. 
 مستەفا عەلی ڕەزا ساڵی ١٨٨١ز کە دوایی بووە مستەفا کەمال لە (سالۆنیک)دا لەدایک بوو، لەوسەردەمەدا سالۆنیک سەر بەتورکیا بوو ئێستا شارێکی یۆنانییە. ئەتاتورک تەنها ٥٧ساڵ ژیانی کرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بۆم ئەم دوژمنە ترسناکە لە تەمەنی ١١ساڵییەوە دەچێتە قوتابخانەی سەربازی و پلەکان لەڕێگەی شەڕو بەشداربوونی لەشەڕەکاندا دەبڕێت و دەبێتە مارشاڵ و دوایش کۆماری تورکیا دادەمەزرێنێت، لە ساڵی ١٩٢٣ز کۆماری تورکیا و کۆمەڵەی مێژووی تورکیا دادەمەزرێنێت. لەساڵی ١٩٣٤ز نازناوی ئەتاتورکی دەدرێتێ. نووسەر لە دووجێگە باسی ئەم ناسناوە دەکات، یەکەم جار دەڵێت: خۆی ئەم تیتڵەی داوە بەخۆی، لەدوایشدا دەڵێت داویانەتێ.
 لەسەردەمی زووەوە تورکە مەغۆلییەکان لەسەر ملشکاندن و داگیرکاری و تێک شکاندنی یەکتر دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، ئەوان گەلێکی سەرنج ڕاکێشن و فەرهەنگی هەموودنیا بە هی خۆیان دەزانن و ئاین و باوەڕیش لای ئەوان تەنها کات بەسەربردنە، وەک تاک و دوایش وەک نەتەوە و دەوڵەت بەکارهێنانی ئاینە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان. 
لەناو کتێبەکەدا بەدەیان جەنەڕاڵ و پاشاو وەزیرو گزیر کە بیرەوەری خۆیان تۆمارکردووە وەک ژنی دۆڕژاو هەر خەریکی زەمکردن و سوککردنی یەکتر بوون، بەڵام کاتێک دێتە سەر نیشتمانی داگیرکراوی تورکیا، ئیتر یەکێتیەکی سەیر دەبینی و ئایدیا و باوەڕو ململانێ وەلا دەنرێت و دەکەونە ستایشی یەکتر و پاڵپشتی یەکتر.
لەناو ئەم کتێبەدا مێژوویەکی تێرو تەسەلی ئەوروپا دەبینیت هەندێک وڵات کە ئێستاکە هەر لەناو هاوکێشيکاندا دیارنییە لەو سەردەمەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە، چونکە پەیوەندی بەپەلکێشی خەلافەتی عوسمانڵێکانەوە هەبووە بەتایبەتی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشور " هەنگاریا، بولگاریا، ئیسپانیا، پورتوگال، پۆلۆنیا، نەمسا، یوگسلافیا و یۆنان.. ئەم دەوڵەتانە زۆر دەوڵەتی پێشکەوتوو نەبوون لەچاو ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا. ئیتاڵییەکان فاشی لەناویاندا پەرەی سەند و ئەڵمانیاش دوای مردنی سەرۆکی ئەڵمان "هندنبورگ" هێتلەر هات و نازناوی "فوهر"ی دابەخۆی و دەسەڵاتی گرتەدەست و جیهانی خستە ناوشيڕی جیهانی دووهەمەوە. 
 تورکیا و جوگرافیەکەی یان جیپۆلەتیکی تورکیا زۆر بۆ ئەورپییەکان گرنگ بوو، بۆیە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاویان لە کوشتارگای ئەرمەنەکان و کوردەکان نوقاند و لەگەڵ ئەتاتورکدا بوونە هاوپەیمان، تەنانەت پشتیان کردە گرێکێکانیش و ئەوانیشیان بەدۆڕاندن دا لە شەڕەکانداو تورکیایان پێ چۆڵکرد و ئەتاتورکییان کردە دەسەڵاتدار.
ئینگلیزەکان دەستیان هەبوو لەدروستکردنی "ئەتا تورک "دا تا ببێتە قارەمانی نەتەوەیی، ئەویش دەستی کردە پلانە داڕێژراوەکان کەنەخشەیان بۆ کێشابوو.

لەیەکەم هەنگاودا بەرەو کورسی سەرۆکایەتی و نەهێشتنی خەلافەتی ئیسلامی. لەکاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا مستەفا کەمال سەرۆکی ئەرکانی فەیلەق بووە. لە کتێبی گورگە بۆرەکاندا کە نووسەر ئاماژەبە "ئەرمسترونگ" نووسەر دەکات لەوێدا دەڵێت کە مستەفا کەمال نەخۆشی دەروونی هەبووە و، چونکە دایکی شوی کردۆتەوە دوایی مردنی باوکی مستەفا پەنا دەباتە بەرقەشەکانی بەڵتک تا لەو بارە دەرونییە قوتاری بکەن، دوایی ئینگلیزەکان دەزانن کە مستەفا حەزێکی زۆری بۆ ناوبانگ و پیاهەڵدان هەبووە چەند چیرۆکی وەهمیان بۆ هۆنیوەتەوە و کورد ووتەنی فویان پیا کردووە.
 مستەفا کەمال سەرسام بووە بە فەیلەسوفەکانی فەڕەنسا وەک ڤۆڵیتێرو جان جاک ڕۆسۆ. تەنانەت هۆنراوەشی نوسیووە.

 تورکیا لەسەردەمی مستەفا کەمالدا 

نەهێشتنی تەڕبووش، کەسیمایی ڕۆشنبیری عوسمانییەکان بوو لەسەدەی ١٩دا کە مەحمود ی دووهەم ‌هێنابوویە ئاراوە، لەجێگەی ئەوە شەپقە بووە ناسنامەی حکومەتەکەی مستەفا کەمال و یەکەمین جار خۆی لەسەری کرد و خۆی پێوە بادا.
تەکێ و کۆبونەوەی سۆفێکانی داخست، یاسایی مەدەنی دامەزراند و حیجابی قەدەغەکرد 
فرەژنی قەدەغەکرد.
 ژن و مێردایەتی هەڵوەشێتەوە ئەگەرپیاوەکە ژنی خواستبێت، یان ژنەکە شوی تربکات 
ژنی موسڵمان بۆی هەیە شو بە یەکێکی جیاواز لەئیسلام بکات، هەروەها لە میراتیشدا یەکسانن و خوشک و برایی شیریش لەیەک مارەدەکرێن.
 قورئانیان کردە تورکی و نوێژو نزاکانیش بەتورکی بێت.
مستەفا کەمال دەڵێت : ئێمە شتێکی جیاواز ناکەین، بۆچی خوا تورکی تێناگات ؟ 
پاشانیش وەزارەتی ئەوقاف و شەریعەتی هەڵوەشاندەوە، ئەیا سۆفیاشی کردە مۆزەخانە، چونکە خۆی کەنیسە بوو کە بێزەنتینەکان دروستیان کردبوو. دواجار ئەتاتورک شەریعەتی بەتەواوەتی کڵۆم دا و یاسای مەدەنی سویسری هێناو پیادەی کرد.
 نووسەر دەڵێت : لەمێژوودا هیچ سەرۆکی عەرەبی یان ئیسلامی کاری وای نەکردووە.
عیسمەت ئینۆنۆ کە نازناوی بە ئینۆی دوایی شەڕ کە بەسەر یۆنانییەکاندا سەرکەوت لەشەڕی ئینۆنۆدا لەساڵی ١٩٣٨دا ووتی : ئەو مادە دەستوریەی دەیووت" ئیسلام دینی دەوڵەتی تورکیایە لابرا و هەرچی قوتابخانەی دینێکانیشە داخرا. لەهەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەتاتورک کە نوسین و پیتی عەرەبی بوو، لای بردوو پیتی لاتینی کردە جێگرەوەی و نوسینی تورکی.
 لای ئەتا تورک هۆکاری دواکەوتنیان نوسینی عەرەبی بووە، ووتی ئێمە هەموو چەکێکی ڕۆژئاوامان قبوڵە تا وەک ئەوان پێش بکەوین...دوایی نزیکی ١٠٠ساڵ تورک نەک هەر پێش نەکەوتووە، بەڵکو گەلێکە لەناو زەلکاوی نەتەوەپەرستیدا گنگڵ دەدات بەتایبەتی بەرامبەر بە کورد. 
 ئەتاتورک و کێشەی کورد .
لەڕاستیدا کورد کێشە نییە، بەڵکو خاوەنی نیشتمان و زمان و مێژووە لەپێش تورکە مەغۆلەکانەوە، بەڵام سادەیی و ئاینی ئیسلام بۆتە بەربەستێک لەبەردەم کێشەکەیدا. کورد و ڕابەرانی نەیان توانیوە بە ئێستاشەوە ئاین بخەنە خزمەتی نەتەوەکەیان، وەک تورک و عەرەب و فارس، بەپێچەوانەوە کورد بۆتە غولامێکی هەڵخڵەتێنراو بۆ ئاینی ئیسلام.
 دەبینین چۆن مەلاکان دەڵێن دایکانی کورد دەبێت بەعەرەبی قسە بکەن، نزاکردن بەکوردی قبوڵ نییە، ئێمە ئەتاتورکێکمان دەوێت بپرسێت بۆ خوا لە کوردی ناگات ؟
 لە دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی خیهانی بەناچاری حوکمەتی عوسمانی کە تەنها قاوغەکەی مابوو لەشاری ئەستەمبوڵ بەڕێکەوتنی پەیمانی "سیڤەر" رازی بوو. هاوڕێیەکم هەیە لەخۆشەویستی ئەو دەسکەوتە مێژوویەدا کچەتاقانەکەی ناو نا سیڤەر.
 لە١٠ی ئابی ١٩٢٠دا سیڤەر مۆرکرا، بەڵام حکومەتەکەی ئەتاتورک هەر زوو هاواری لێ هەڵساو بەو ڕێکەوتنە ڕازی نەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ یاخی بوونی ڕاگەیاند، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلانەکانی بەریتانیا و دابەشبوونی تورکیا.
ئەتاتورک هەوڵی دا لەکۆبونەوەی ئەرزەڕۆمدا کوردەکان بەلای خۆیداڕاکێشێ، چەکەکەشی ئاینی ئیسلام بوو، کە کورد و تورک برای دینین و ئینگلیز و فەڕەنسا کافرە نەفرەتلێکراوەکەن. وەرن برا کوردەکان باکێشەی کورد دوابخەین تا کو تورکیا لەداگیرکاری ڕزگار دەکەین و ئاشتەوایی بەهەردووگەلی برا پێک دێت. 
 ئەتاتورک بەڵێنی دا، کە دان بنێ بە کوردا و کوردستانیش سەربەخۆ بکات. کوردەکان یەکسەر دەستیان لەو پەیمانە هەڵگرت و تورکیان بەبرای موسڵمانی خۆیان دانا بەتایبەتی ئەو کاتە باشوری کوردستان لەژێر دەستی ئینگلیزدا بوو.
کورد لەساڵی ١٩١٩دا داوایان کرد کە سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەنرێت، شیخ عەبدولقادر لەدژی ئەم پێشنیارە ڕاوەستا و ووتی:" لەم کاتە ناسکەدا کورد نابێت دژی برا موسڵمانەکان ڕابوەستێت".
 بۆیە هاوپەیمانان ئەم قسەپوچەی شیخ عەبدولقادریان لەپاریس بە جەنەڕاڵ "شەریف پاشا: ڕاگەیاند کە سەرۆکی وەفتی کوردبوو بۆ کۆنگرەی ئاشتی.
جەنەڕاڵ "ماک ئەندرۆ" فەرماندەی هێزەکانی ئینگلیز بە زمانی کوردی بڵاو کراوەیەکی بڵاو کردەوە تێدا هاتبوو 
"لەبەر ئەوەی پاشەڕۆژی خاکی عوسمانی کە کورد تێیدا زۆرینەیە لەکۆنگرەی ئاشتەوایی بڕیاری لەسەر ئەدرێت، کەخواستەکانی نەتەوەی کوردی تێدا دێتەدی و مافی سروشتی کوردە و کوردستان دیاری دەکرێت، بۆیە پێویستە کوردەکان ئارام بن، دەبێ دڵنیابن کە عەدالەتی ئینگلیز مافەکانیان دەپارێزێت ".
 لە حەڵەب " سورەیا بەدرخان" کە سکرتێری کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان بوو. نیازەگڵاوەکانی ئەتاتورکی بڵاو کردەوە بەڵام عەقید "بیل" بۆهەڵخلەتاندن ووتبووی گەورەترین خزمەت بۆکورد ئەوەیە لەم کاتەدا بێدەنگی هەڵبژێرن و هیچ جوڵانەوەیەک نەکەن. 
کامەران بەدرخان، ئەکرەم جەمیل پاشا، جەلالەدین بەدرخان لەچیای "کاختە " خەریکی کۆکردنەوەی هێزەکانیان بوون بۆڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، ئیتر ئینگلیزەکان "نویڵ راید ئەدوار " بۆلای کوردەکان دەچن و تکایان لێدەکەن کە بڵاوە بەو لەشکرە بێنن. ئیتر کوردەکان بێدەنگ بوون و فریودران بە بەڵێنەکانی داگیرکەرە ئینگلیزەکان. 
بەم جۆرە هاوپەیمانان بەتایبەتی ئینگلیزەکان ئەم هەلە زێڕینەیان لەدەست کورد دەرکرد و خەونی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەهاتە دی.
ئەتاتورک لەساڵی ١٩٢٢ پرسیاری لە نوێنەری کوردەکان کرد کە وەڵامی پرسیارەکەی عیسمەت پاشا بدەنەوە بۆئارەزووی میللەتی کورد لەناو توکیا ژیان بکەن.
جاشێکی خۆفرۆش "حوسێن عەونی بەگ" لەوەڵامدا دەڵێت :"ئەم ووڵاتە هی تورک و کوردە ئێمە برای ئاینی یەکین و قسەکردن لەم مینبەرەوە هی هەردوو نەتەوەیە ". ئیتر دوای ئەم خۆفرۆشیە نوێنەرە کوردەکانی دیکە ی ئەنجونمەنی نیشتمانی پشگیریان کرد. داوای ئەم هەرەسە ئەخلاقیەی ئاغاو دەرەبەگی کورد چونە ناو ڕێکەوتن نامەیەکەوە کە وەک ڕەگی گولی لەگەلەکەمان نابێتەوە ڕێکەوتن نامەی "لۆزان"ە کۆنگرەی لۆزان بانگی ئەوەی دا بەگوێ جیهاندا کە کورد نایەوێت لە تورکیا جیابێتەوە. 
ڕێکەوتنی لۆزان ڕێکەوتنی سیڤەری هەڵوەشاندەوە. ئیتر ئینگلیزو تورک ڕێکەوتن لەبارەی کوردەوە. 
سێ مادە ٣٨.٣٩. ٤٤ 
لە٣٨ هاتوە کە تورک بەڵێن دەدات هەموودانیشتوانی تورکیا ژیان و ئازادیان بپارێزێت.
٣٩ هیچ ئاستەنگێ ناخرێتە بەردەم هیچ هاولاتیەکی تورکیا بە چ زمانێک دەدوێن لەپەیوەندی تایبەتی و بازرگانی یاخود بواری ئاین و چاپەمەنی.
٤٤ ئەم بەڵێنانەی تورکیا بەڵێنی نێودەولەتین نابێ لێی پەشیمان بێتەوە.
بەم جۆرە ڕێکەوتنی لۆزان مافەکانی کوردی لە تورکیا ونکرد. بە بەراورد لەگەڵ ڕێکەوتنی سیڤەردا کورد کرایە پۆڕی خوراو.
 ئینگلیزەکان ولایەتی موسڵیان لە تورکیا وەک دەسکەوت و فرۆشتنی گەلی کورد مامەڵە پێکرد تورک دەستی لە ولایەتی موسڵ هەڵگرت و دەستی کردە پلانە جەهەندەمییەکەی بۆ کپکردنی گەلێک و ڕاگواستنی.
کەمالیستەکان لە سەرەتاوە تورکیایان بە ووڵاتی تورک دەزانی بۆیە دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی پلانەکانیان بە تورککردنی هەموو نەخشەی تورکیا، بڕیاریان دا کە هەموو نەتەوەکانی ناوتورکیا دەبێ بکەنە تورک، سەرەتا بەکوردەکانیان ووت : تورکە شاخاویەکان و زمانی کوردییان قەدەغەکرد، لە قوتابخانە تەنانەت لەشەقامە گشتێکانیشدا کوردی قسەکردن باجی دەویست. 
بۆ تێگەیشتن لەم تراژیدیایە بیرەوەرییەکانی" موسا عەنتەر " شاهیدی ئەو هەموو ئازارەمان بۆ دەگێڕێتەوە. 
کاتێک فەرماندەی لیوای جاشەکانی حەمیدییە " فەریق خالید بەگی جبرانلی" بە ئاگا هاتەوە لیژنەی سەربەخۆی دامەزراند بەناوی کۆمەڵەی "ئازادی"وە نوێنەری بۆ هەموو جێگەکانی کوردستان نارد" شیخ سەعید" هاتە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە، بڕیاردرا کە لە ڕۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٢٥دا شۆڕش بەرپا بکەن بەڵام هێزێکی سوپایی تورک گەیشتە گوندی "پیران " دێیەکەی شیخ سەعید 
شەڕبەرپا دەبێت، شەڕەکە تەشەنەدەسێنێت بۆ زۆر ناوچەی تری نیشتمان، نوسەر دەڵێت ئامانجی ئەم شۆڕشە بۆ گەڕانەوەی فەرمانڕەوایەتی خەلافەتی عوسمانی بووە. 
 ڕاستی لەم قسەیەدا تا کوێیە ؟ نایزانین، چونکە هەم لیوا خالید و هەمیش شیخ سەعید غەرقی ئاین بوون.
 خالید جبرانلی نەگەیشتە شەڕەکە و لە ڕێگا دەستگیرکرا و بەخێرایی لەداریان دا و ڕۆحیان کێشا، بەم جۆرە ئەوەی پلانی شۆڕشەکەی دانابوو بەشدار نەبوو گوللەیەکی نەتەقاند لەدار درا، بەڵام شەڕی بۆ مانەوەی عوسمانییەکان کرد لە یەمەن و عێراق و ئەلبانیا و جێگەی تریش. بەدبەختی کوردە هەمیشە هەرزان دەبێتە قوربانی.
 شیخ سەعید وهاوڕێکانی لەدادگایەکی قەڕەقوشیدا بەناوی "دادگای سەربەخۆ" دادگایی کران و حوکمی هەڵواسینیان بۆ دەرچوو تورکە فاشییەکان چەند ڕۆژێک لاشەکانیان بەهەڵواسراوەی هێشتەوە تاچاوی خەڵکی پێبشکێنن.
هەندێک لە شۆڕشگێرەکان هەڵهاتن وچوونە چیاکان یان خۆیان گەیاندە ڕۆژئاڤا و باشور.
 سەرۆکی دادگا حوکمی ٥٣ شۆڕشگێڕی کوردی دەرکرد کەهەموویان سەرکردەی ئەو شۆڕشە بوون لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ز.
 حوکمەکەش ئەوە بووکە ئەمانە بەرگریان لە خەلافەت کردووە و داواشیان کردووە کە کوردستانی سەربەخۆ دابمەزرێنن. 
لەو کاتەدا ئەتاتورک بۆ تۆقاندنی کورد لەشکرێکی ٣٥٠٠٠ سەربازو ١٢ فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنا لەشەڕەکەدا دوای ئەوە ٢٠٦ گوندی کوردیان خاپورکرد و ٨٧٥٨ خانویان سوتاند و لەگەڵ زەویدا تەختیان کرد و ١٥٢٠٠ مرۆڤی کوردیشیان شەهیدکرد.
 ڕۆژنامەی وەقت زمانحاڵی تورکە کەمالیستە فاشیەکان نوسیبووی "کە توند و تیژی هاتە ئاراوە، مەسەلەی کورد لەئارادا نامێنێ".
 دوایی ووتیان شێخ و هاوڕێکانی بۆ گەڕانەوەی خەلافەت شۆڕشیان کردووە نەک بۆ سەربەخۆی نیشتمانی کورد.
پاش ئەم هەرەسە لەساڵی ١٩٢٧ز کۆنگرەیەک بەسرا هەموو هۆزەکانی کورد بەشداربوون کۆنگرەکە لەسەر سنور بەسرا چونکە کورد دوای ئەم هەرەسە پەرت و بڵاو بوون. بڕیار درا.
* کۆمەڵەکان خۆیان هەڵبوەشێنەوە سەرکردایەتیەکی یەکگرتوو دابمەزرێنن.
** ڕاهێنانی جەنگاوەرە کوردەکان لەسەر چەک و شەڕی نوێ بۆ بەرگری کردن لەگەلی کورد، بنکەکانیان ببەنە چیا سەرکەشەکان. هەربەڕاستی ئەوە ڕاستە کە دەڵێن تەنها چیاکان پشت و پەناو هاوڕێ ڕاستەقینەمانە.
*** پەیوەندی ببەستن لەگەڵ حکومەتە کانی عێراق و ئێران و سوریا.
 ڕێخراوی "خۆییبوون" چەند لقێکی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان کردوە ئیتر فەریق " ئیحسان نوری پاشا " دانرا بۆ دامەزراندنی ڕێخراوێکی سەربازی کوردی لەناوچەی ئارارات " شۆڕشەکەش ناو نرا شۆڕشی "ئاگری داغ" لەساڵی ١٩٣٠ دوای شەڕێکی خوێناوی تورکەکان توانیان ئەو شۆڕشەش تێک بشکێنن و بەهێزی فڕۆکەو تۆپ و جبەخانەیەکی بێشومار.
ئیحسان نوری پاشاش هەڵهات بۆ ئێران ماوەیەکی زۆر لە ئێران پەنابەر بوو تا ڕۆژێک ساواک لەشەقامێکی تاراندا بەماتۆڕ شەهیدی دەکەن و بێدەنگ بەتەمەنێکی زۆرەوە ماڵئاوای لەستەم دەکات. 
لە٣٠ئابی ١٩٣٠ عیسمەت ئینونۆ دەلێت :" لەم وڵاتەدا هیچ کۆمەڵەیەک نییە مافی ئەوەی هەبێت قەوارەی نیشتمانی نەتەوەی بینا بکات جگە لەتورک نەبێت ".
مەحمود ئەسعەد ئورامیش وەزیری دادی تورک لەساڵی ١٩٣٠ڕایگەیاند " کەوا گەورەیی ئەم وڵاتە تورکە کەسی تر نییە، ئەوەی لە خوێنی تورک نەبێت لە وڵاتی تورکیادا تەنها یەک مافی هەیە، ئەویش ئەوەیە بێتە خزمەتکار و کۆیلە. ئەم وڵاتە ئازادی تێدایە، منیش هەستەکانی خۆم لەکەس ناشارمەوە ".
نازانم سەرانی کورد و ئەو مرۆڤە بێناموسانەی کە دەچن تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی ئەتاتورک دادەنێن ئایا ئەمە دەزانن ؟
 دوای لەناو بردنی شۆڕشی "ئاگری داخ" هەڵوەشانەوەی و خۆیبوون تورکیا دەستی کردە پلانە جەهەندەمییەکانی و یاسای عورفی پەیڕەوکرد و هێزەکانی بۆ ناوچە کوردییەکان نارد.
یاسایەکیان دەرکرد و ووتیان ئەوانەی زمانیان تورکی نییە مافی دروستکردنی گوندیان نییە.
 ئیتر ناوی دەرسیمیان بۆ تونجەلی گۆڕی و ناوی گوندە کوردییەکانیان یەک بەدوای یەکدا گۆڕی بۆ تورکی.
 لە ساڵی ١٩٣٧ز "سەید ڕەزا ڕاپەڕینێکی بەرپاکرد و بەخێرایی هەموو دەڤەڕی دەرسیمی گرتەوە و شۆڕش دەستی پێکرد
 "بنکەی پشکنینی گشتی " لە ولایەتەکە دامەزراند.
 جەنەڕاڵ ئەلب دوغان " ئابڵوقەی ناوچەکەی دا لە خۆمەوە هەستم کرد ئەمە بەخزمایەتی بە ئەردۆغان بگاتەوە، هەمان ناوە لەسەردەمێکی جیاوازدا.
سەید ڕەزا نامەیەک بۆ دۆغان دەنێرێت وداوای لێ دەکات کە بڕیاری ئابڵوقەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ وەڵامی نامەکە تیپێکی پیادە و فەوجێک دەنێرێتە دەرسیم، گەرچی ١٠فڕۆکەی جەنگیان لەگەڵ بوو بەڵام سروشتی کوردستان لەشکری بەفر هێرشی دڕندە تورکەکانی دواخست و سەختی زستانەکە بواری بەدەستدرێژی تورکان نەدا.
 تورکە فاشیەکان هونەری فریودانیان زۆرە مێژووی کورد پڕە لە فریوخواردن دۆغان داوا دەکات کە بێت بۆ گفتوگۆ کردن، سەید ڕەزاش کوڕەکەی دەنێرێت : بەڵام بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدی دەکەن.
 ڕاپەڕین دەست پێدەکات، تورکیای فاشی دەهری دەبێت دڵڕەقانە بەرسیڤ دەداتەوە دارستان وئەشکەوت وچیاو دێهاتەکان بۆردمان دەکات.
جارێکی تر بەفڕ و فێڵ داوای دانوسان دەکەنەوە لەگەڵ سەید ڕەزادا بەڵام لە ٥ئەیلولی ساڵی ١٩٣٧سەید ڕەزا دەستگیر دەکەن کە بۆ دانوسان بەڕێوە بوو.
لە ١٠تشرینی ١٩٣٧ خۆیی و هاوڕێکانی درانە دادگا و ١٨ شوباتی ساڵی ١٩٣٨ لەسێدارەدران و شەهیدیان کردن.
ئیتر وەزیری ناوخۆی تورکیا"جەلال بەگ " ووتی:
" کێشەی کورد لەم ڕۆژە بەدواوە بوونی نییە، یاخی بوونمان فێری شارستانی کرد لەڕێگەی هێزەوە".
 تورکە فاشیەکان توانیان بۆ ماوەی ٥٠ساڵ گەلی ئێمە لە باکور بێدەنگ بکەن.
ترسناکترین ڕێکەوتن "پەیمانی سەعد ئاباد" بوو لەساڵی ١٩٣٧ز دا کە لەنێوان تورکیا عێراق ئێران و ئەفگانستان کرا کە خاڵێکی سەرنج ڕاکێشی تێداهاتووە کە دەڵێن " هەریەکێک لەبەشداربوانی ئەم پەیمانە، بەڵێنی ئەوە دەدات ڕێگەی چالاکی چەکدارەکان نەدا سەر هەڵبدات.
ڕەنگە بپرین ئەفگانستان بۆ چۆتە ناو ئەم پەیمانەوە، وەڵامەکەی ئەوەیە ڕێگە بە بەلوجەکان نەدات کە لەئێران و ئەفگانستاندا بیر لەئازادی بکەنەوە و خۆیان ڕێکبخەن.
 
لەتورکیادا کار گەیشتە ئەوەی کە قسەکردن بەزمانی کوردی تاوان بوو، تا ساڵی ١٩٨١ ڕێگە نەدرا کە نەتەوەکانی ناو تورکیا هیچ جۆرە حیزبێک یان بەشداری سیاسیان هەبێت، ئەو کوردە خۆفرۆشانەی وەک "بڵند ئەجەویید، تورکۆت ئۆزال، ئێستاش وەک هاکان فیدان و زۆری تریش وەک خزمەتکارێک و کۆیلەیەک لەخزمەتی تورکیادان و لە تورک تورکترن. 
لە تورکیادا مێنتاڵی تەنها کەمالیستەکان نەبوو کە دژی کورد بوون، بگرە زۆری تورک حاشایان لە بوونی نەتەوەکەمان دەکرد.
لە تورکیا کتێبێک بڵاو کرایەوە بەناونیشانی "ڕاپۆرتێک " عیسمەت پاشا نووسەرەکەی بوو، کە باسی کێشەی کورد و بوونی کورد دەکات. کتێبەکە قەدەغەکرا دەرکیان بەوە کردبوو لای ڕۆژنامەنوسێک هەیە بەناوی 'ئوغور مومچو" بەئۆتۆمبیلەکەوەی تەقاندیانەوە..
چیرۆکی ئەم کتێبە زۆر سەرنج ڕاکێشە هیوادارم کتێبەکە بخوێننەوە تا بزانن تورک چۆن بەوردی لەسەر نەمانی کورد کاری کردووە، دوای ئەو هەموو ئەزمونە تاڵە، کورد چاکتر بڵێم سەرانی کورد واز لە غوڵام بوون ناهێنن بۆ ئەم دوژمنە ترسناکە کە دەیەوێت گەلی ئێمە لەناو بەرێت و بیسڕێتەوە.
 تاکە شانسی کورد ئەوەبوو کە تورک بەر لە چەند سەدە دەستی نەکردوە بە لەناو بردنی کورد ئەگینا ئێمە وەک هیندە سورەکانی کیشۆری ئەمەریکا تەنها لە کتێبە تۆزلێنیشتوەکانی مێژوودا ناومان دەهات. 
بەلای منەوە هۆی سەرنەکەوتنی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە بە ئێستاشەوە لۆکاڵی بوون و پارچە پارچە بوونمانە، جگەلەوەش ئاینی ئیسلام ئێمەی کردۆتە کۆیلەی مەرگێکی ترسناک. بیرتانە مەلا کوردەکان چۆن خەڵکیان هان دەدا کە بچنە تورکیا ؟ بیرتانە چۆن ستایشی ئەیا سۆفیایان دەکرد کە کراوەتەوە مزگەوت ؟ بیرتانە مەلا ڕیش چەرمۆکە دەیووت ئەردۆغان دەستی بە دەستنوێژە؟ 
 بێنەوە سەر باسەکەمان دواجار کەمال ئەتاتورک نەخۆشی تەنگی پێ هەڵدەچنێت و ٤٧ کیلۆ جەستەی دەمێنێتەوە، بەڵام وەستنامەیەکی هەیە و لەدواڕۆژەکانی تەمەنیدا نوسیوێتی لەسندوقێکدا کڵۆم دراوە هەر سەرەک کۆمارە و دەیەوێت ئەو جادوە ئاشکرا بکات و ڕێگەی پێنادەن بەتایبەتی سوپا لەخوێن هەلكێشراوەکەی تورک ڕاستر جەنەڕا ڵەکان. نوسەر دەڵێت : دواجار گەڕاوەتەوە و پەشیمان بووە لەوەی کە خەلافەتی ئیسلامی ڕوخاندووە و ویستوێتی شەریعەتی ئیسلام بگەڕێنێتەوە گوایە لە وەسێتەکەیدا ئەمەی ووتووە. ئەمە یە ئاین تۆ لەخوێندا خۆت بشۆ فەسادی بکە وەک لەکتێبەکەدا نوسراوە ودەیان سەرچاوەی ئامەژە پێداوە کە ئەتاتورک تەنها خەریکی ڕابواردن بووە. شەهرەزادی هەزارو یەک شەوە لەچاویا هەر مەلایکەت بووە، بەڵام مادام ژوان بۆتەوە لە کردوەکەی ئێستا لە بەهەشت پێکی شيراب هەڵدەدات تۆش پێت وانییە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە