ئەگەر خودا بوونی هەبێت ، تۆ چ پرسیارێکی لێدەکەیت

Wednesday, 13/03/2024, 19:35

3954 بینراوە


 ئەمە وەرگێڕانێکی باش نییە، دەتوانین بڵێن ئەگەر خوا بوونی هەبێت، تۆ چی داوادەکەیت . لە دیواری کەنیسەیەک هەموو ساڵێکی نوێ ئەم نوسینە هەڵدەواسن و ڕۆژانە چەند سەد کەسێک بەلایدا گوزەر دەکات، خۆشبەختانە لەم ووڵاتەدا جگە لەنابیناکان کە ئەم لافیتەیە نابینن، ئیتر هەمووکەسێک خوێندەواری هەیە و ئەم پرسیارە گوماناویە دەخوێنێتەوە . بەرامبەر ئەم دیوارە نوسینێکی گەورە بۆتە ناسنامەی شەقامەکەی بەرامبەری کە بەزمانی ئنگلیزی نوسراوە "عیسا هیوایەکە بۆ مرۆڤایەتی" 
Jesus, Hope for Humanity

مەسیح خۆی دەڵێت: 

"شانشینی خودا لە دەروونی تۆدایە، ئەمە پەیامی سەرەکی هەموو بەخەبەرهاتووەکانە لەدەرەوە بۆ خوا مەگەڕێ "
 هەر شوناسێک کە مرۆڤ هەڵی دەگرێت، ئەوە لەوانی ترەوە پێی بەخشراوە، بۆیە ڕاستی نییە  ئەم ناوە وەک ناونیشانێک بەتۆ دەدرێت . ئاین و باوەڕ بوونیش هەروایە، تۆ کەباوکت یان دایکت کە موسڵمان ئیتر تۆش هەمان کۆپی ئەوان وەردەگریت . هەموو ئاینەکان هەمان کۆپی خەڵکەکان دەکەن کە دێنە گەشتی ژیانەوە، ئیتر کەسمان ناتوانین جڵەو بۆ ئارەزۆکانی خۆمان شل کەین و دەبێت پەیڕەوی ئەو ئاینە بکەین کە بەمیرات بۆمان ماوەتەوە .
 کەچی لافیتەیەکی هەڵواسراو بە دیواری کەنیسەیەکدا پڕمان دەکات لەگومان و پێمان دەڵێت "ئەگەر خودا بوونی هەبێت، تۆچ پرسیارێکی لێدەکەیت" ؟
ئێمە دەزانین کە ئاین هیچ وەڵامێک ناخاتەڕوو، زانست وەڵام دەخاتەڕوو، بەڵام ئاین هیچ وەڵامێکی نییە . هەربۆیە پرسیارکردن مانای گومانە و ئەودەم هزر مشتومڕ دەکات، هەر هزرە کە گومان دەکات و تاقیکردنەوەدەکات.
 گومان بوون لەبوونی خوا مانایی بێ بڕوایی دەگەیەنێت، ئەمەش لەکۆمەڵگادا تابووە ڕێگە پێنەدراوە. 
لەم پرسیارەی کە بەم دیواری کەنیسەیەوە هەڵواسراوە، خوادای کردۆتە مەتەڵ،ئیتر ئاین ئاگایی گەردوونی لەدەست دەدات. کاتێک کێشە باس دەکەین مانایی وایە شتێک هەیە شایستەی چارەسەرکردن 
باشە ڕۆژگارێک بێت لەماڵێکی خوا بەدیواری مزگەوتێکەوە ئەم پرسیارە هەڵبواسرێت لەنیشتمانی ئێمەدا  داخۆ پەچەکرداری خەڵکە ناحاڵێکە چی بێت.... !؟
ئێمە لەڕێگەی ئاینەوە تۆقانیویانین،وایان لێکردووین ژیانمان لەبەر چاو کەوتووە، هەمیشە مۆتەکەی مردن بەچرکەش لێمان دوورناکەوێتەوە، گومان هەلاهەلای کردووین، کەسێکمان نەدیووە لەگەشتی مردن گەڕابێتەوە، لەخەیاڵی داماوماندا جەهەندەم و بەهەشتمان نەخشاندووە . بەیتێکم بیرکەوتەوە کەدەڵێت :" لەکێ خودا خەبەرپرسی بکەم من، کەهەرکەس بۆ خەبەرچوو بێ خەبەر کەوت".
ئەم پرسیارە هەڵواسراوە لەبوون و نەبوونی خودا، ئێمە پەرش و بڵاو دەکاتەوە . بیرمە جاران ئاین پەیوەندیەکی خۆشەویستی بوو ئەوسا نەململانێ نەشەڕ بوونی هەبوو، مرۆڤە دیندارەکان پڕبوون لەجوانی هێمن بوون لەتەماشاکردنیاندا دیداری خوات بیردەکەوتەوە، ئێستا کڵۆڵی و بێ دڵی لە هەموو نوێژکەرێکی تۆقیودا دەبینی و هەمیشە لەبارو دۆخێکی داماودا نوێژکەران دێن دەچن و ئاینیان وەک بەردەبازی ڕێگەی بەهەشت لێکردووە . هەموویان لەمە یموونێکی مەشق پێکراو دەچن کۆمەڵێ نزای کڕوزانەوەیان لەبەر کردووەو دەیڵێنەوە .
 هەر ئەمڕۆ خەریکی وێنەیەک بووم کە بیگرم بەتەلەفۆنەکەم وێنەی ئەولافیتەیە ، پیاوێکی بەرگ ڕەش هات بەرەوڕووم ، سڵاوی کرد بەلێواری کراسەکەیدا زانیم قەشەیە، بۆیە بێ دوودڵی لێم پرسی داخۆ ئەمە گومان نییە لەبوون و نەبوونی خوا کەلەم لافیتەیەدا نوسراوە ؟
 قەشەکەووتی: هەرچی تۆ دەهێنێت بۆ ئێرە، جا بۆ خەوتن بێت لەسەر کورسی یان پشوودان یان فشاری دەروونی ئەوە من تەنها دەمەوێت پێت بڵێم کە هەموو شتێک باش دەبێت دڵنیابە، پاشان هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو ووتی : ئەگەر ئێستا بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕیت، ئەوە ئاساییە کە بیرت بێت کە ئەمە کاتییە و چەندین ڕۆژی خۆش و پشوودان هەیە بۆ هەمووان، بۆ باوەڕدارو بێباوەڕەکان .
 هەربۆیە ئەگەر خەوت لێ دەکەوێت، هیوادارم جوانترین خەون و ئارامترین خەوت هەبێت. تۆ کەسێکی سەرسوڕهێنەریت و جیهان بەختەوەرە کە کەسێکی وەک تۆی تێدا هەیە کەبەدوایی وەڵامەکەدا دەگەڕێت . هیوادارم تەنها شتی باش و خۆشەویستی و هێز بە ڕێگای تۆدا بڕوات .
کەلەقسەکانی بووە بێ چاوەڕوانی وەڵامی من هەنگاوی ناو ڕۆی .
ئیتر ووتم هەبێ و نەبێت ئەمە ئیماندارێکی ڕاسگۆیە، تۆبایی و خەیاڵ داگیری کردووە .
تەنها بەهێزەکان دەتوانن لێبوردەیی لەخۆبگرن، کشانەوە هەڵبژێرن، لێخۆشبوون پێشکەش بکەن، دەرفەت بۆ بەرهەڵستکارەکەیان درێژ بکەنەوە لەجیاتی ئەوەی بەشداری لە شەڕدا بکەن .
 چونکە ئاین و حیزب دوو دووانەن کە مرۆڤەکان ئازار دەدەن،دەیان تۆقێن و فێری کۆیلایەتیان دەکەن . کەتۆ پڕ دەبی لەگومان ئیتر ناتوانی بیر بکەیتەوە . حیزب بەخائین و ئاینیش بەبێ باوەڕ لەقەڵەمت دەدەن و دەبێت باجی گومانەکەت بدەیت .
خۆشەویستی واتە بەخێوکردنی کەسێک بۆ ئەگەرێکی نوێ. هەربۆیە خۆشەویستی و بیروڕاکان ناتوانن پێکەوە بژین و پێکەوە ڕێبکەن .
نمایندەی مزگەوتەکانی ئێمە سۆفیەکن بەڕیش و جبەدا بەڵام سۆفیەکن لەحاڵەتی دڕەندەیدا . کێ ئازایەتی ئەوەی هەیە لەمەلایەک بپرسێ بەهەشت لەکوێیە ؟
 خوا چۆن دڵی ناتەقێت ئەم هەموو جەنگ و نادادپەروەریە دەبینێت ؟
 ئێمە نابێ هەتاهەتایە لەڕابردوادا بژین، باوەڕە مردۆکان و زانیاری مردوو بکەینە بنەمای ژیانمان . ئەو ڕابردووەی کۆمەڵێ چیرۆکی قەشمەری لەگەڵ خۆیداهێناوە بەمیرات بۆمان . دەبێت خۆمان لەم دنیا پۆخڵەقوتاربکەین و بپرسین گەر خوامان بینی و گەیشتین بەو ڕوناکیە کە ناوی "نێرڤانەیە " پرسیارەکانمان با لەسەر ژیان و مردن ئاراستەبکەین و نەترسین . 
 بۆیە پەیتا پەیتا هەنگاو دەنێین تاتێڕوانینێکی نوێ دەربارەی ئاسمان و زەوی بخوڵقێنین . بۆ ئەوەی جەژنی لەدایک بونی زەوی ببێتە ڕاستی و ئیتر مەرگ هێندە ژیانمان لەبەر چاو ڕەش نەکات .
داوا لەمردۆکان بکەین بەگەشتێک بێنەوە لامان و چیرۆکی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە کە لەکوێ بوون لە دۆزەخ لە بەرزەک یان بەهەشت . ئاخۆ لەوێ چاویان بە "دانتی ئەلیگیێری" کەووتووە؟ 
 ئێمەهیچ لەڕابردوو تێنەگەشتووین،کەچی دێین باوەش بەداهاتویەکی تۆباویدا دەکەین کە تۆقیووین لێی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە