کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن کۆماری سێدارە و تیرۆریستی ئێران بۆتە تاوانکاری بە کۆمەڵ

Saturday, 08/06/2024, 17:07

813 بینراوە


هەموو دەزانین کۆماری سێدارە ی ئێران ، بە هەموو شێوەیەک  شەڕی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران ڕاگەیاندووە، دەیەوێت بە زەبری هێز و کوشتن و تیرۆر و سێدارە ، دەنگی ناڕەزایی و ئیرادەی گەلان تێک بشکێنێت، بێگومان هەموو دەزانین لە زیندانەکان و شەقامەکانی ئێران ڕۆژانە خەڵکی سڤیل ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی فیزیکی و دەرونی دەبنەوە، بە پێی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی دزەدەکەنە دەرە ڕۆژ نییە لە ئێران دەیان کەس لەلایەن دەسەڵاتی مەلاکان و وولایەتی فەقێ نەکرێنە قوربانی، بێگومان لەسەروبەندی داڕمانی ئابووری ئێران و ئەو گرانییەی ڕووی لە ئێران کردووە ، چۆن لەهەناویدا تووشی داڕزان و داڕمان بۆتەوە و ڕۆژانەش بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم نەهامەتیە بڵنگۆی ڕاگەیاندنەکانی کردۆتە خیتابی چەواشەکاری  بۆ شاردنەوەی هەموو شکست و برسێتی و توڕەی گەلانی ئێران. 
بەڵام من لەم کورتە نووسینەدا دەمەوێت ئیشارە بەو کۆمەڵکوژیە بدەم کە ڕۆژانە چەندین گەنج و لاوی  ڕۆژهەڵات ی کوردستان دەبێتە قوربانی شەهید دەکرێن، بێگومان ئەم ڕەشەکوژییەی پەیڕەو دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری سێدارە بەرامبەر خەڵکانێک کە بۆ بژیووی و لەتێک نانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە ئازار بەخشە و هیچ لایەنک  ناوخۆی و نێودەوڵەتی خاوەن هەڵوێستەیەکی  ڕوون و بەهێزنین کە سنوورێک بۆ ئەم کۆمەڵکوژیە دابنرێت، بێگومان کوشتنی سەدان کەسی سڤیل لەم ساڵانەی دوایدا، هیچی لە کوشتن و زیندانی و سێدارەکانی پەیڕەو دەکرێت کەمتر نییە، 
چونکە ئەم کەسانەی دەبنە قوربانی باگکراوەندێکی سیاسیان نییە بەجدی لە ڕۆژەڤدا جێگای خۆی پێنادرێت، بەردەوام وەک هەوڵێک ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە گرنگە ڕاوەستە لەسەر ئەم تاوانی کۆمەڵکوژییە بکرێت و دەوڵەتی ئێران دەست لەم کۆمەڵکوژییە هەڵگرێت، ئەم گەنج و لاوانەی دەبنە قوربانی خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگای کوردین و هەوڵدەدەن هەرچۆنێک بێت لە خاک و ووڵات و خێزانی خۆیاندا ژیان بکەن، بۆیە ڕووبەڕووی  ڕێگایی مەرگ و نەهامەتی ترسی سەرسنوورەکان دەبنەوە، لە ڕێگایی سەخت و دژوار تا زەحمەتی کەش و هەواو  ترسی مین و کوشتنی بەئەنقەست دەگرنە پێش چاوی خۆیان بۆ ژیانی خۆیان و خێزانیان و مانەوەیان لە زێدی خۆیان.
ئەگەر ئەم هەڵوێستە لەبەرچاوبگرین و خۆێندەنەوەی بۆ بکەین زۆر مانایی نیشتمانی و نەتەوەی لە خۆی دەگرێت، بەڵام بەداخەوە چونکە چینی هەژار و کەمدەرامەت و کەسانی ئاسایی کۆمەڵگان کوشتنی بە کۆمەڵیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی تاوانکاری ئێران باست و خواستیان لەسەر ناکرێت، ئەگەر کرابێت و بشکرێت زۆر لاواز بووە و جێگای ڕەخنەیەکی جدییە، بۆیە داواکارم لە هەموو ڕۆشنبیر و سیاسیەکان بە جددی بێنە سەرخەت و هەوڵێکی جدیی بدرێت بۆ ڕاوەستاندنی ئەم کۆمەڵکوژیەی کە بەرامبەر بە گەنجەکانمان دەکرێت و پێوویستە ڕاگەیاند و سۆسیال میدیا هەڵمەتێکی بەرفراوان گشتیر دەست پێ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەم تراژیدیە خەمناکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە