کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بیرەوەرییەکانی مستەفا چاوڕەش (بەشی چوارەم)

Tuesday, 02/07/2024, 21:03


ناوەندیی شۆڕش

ئه و سەردەمە لە ناوەندیی شۆڕش بووم، مەکتەبەکەمان لای خەستەخانەی سەرەوە بوو و دیوارەکەی بە دیواری خستەخانەوە بوو. لە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان خوالێخۆشبوو شەوکەت فەندی بوو، سدارە یەکی ڕەشی لەسەردا بوو. هەتا بڵێیت پیاوێکی باش بوو. مامۆستاکانیش خوا لێیان خۆشبێت ئەمانە بوون: مامۆستا غەفووری مەلا عەلی مەڵکەندی، مامۆستا لەتیف میرزا مەحموود کە دوایی بوو بە بەڕێوەبەر، مامۆستا جەمال عەبدول، مامۆستا مەحموودی مەلا عیزەت و هەندێک مامۆستای بەڕێزی تر. ئێمە خەریکی خوێندن بووین و شۆڕشی کوردیش بەردەوام بوو. له و سەردەمەدا ڕۆژانە کێشەی شیوعییە کان و پارتی لە قوتابخانەکەدا هەبوو و بەرۆکی ئێمەشی گرتبوو، بەتایبەت ساڵی 1963دا ڕۆژ نەبوو لە قوتابخانەکەمان دەنگەدەنگ نەبێ لەسەر سیاسەت و پارتی و شیوعی. دۆخی ئه و کاتەش وای کردبوو ئێمەی شیوعی لە قوتابخانە ژمارەمان کەم بێت لەچاو پارتییەکان، بەڵام جوڵەمان هەبوو و به و ژمارە کەمەشەوە خۆڕاگر و نەترس بووین. ئێستا ئەگەر ئه و هەڤاڵ و برایانەی ئه و سەردەمە ئەمە ببینن، ڕاستیی ئه و ڕۆژگارەیان دێتەوە پێش چاو. کێشمەکێش و ناکۆکیی شیوعی و پارتی بەسەر مەسەلەکاندا بۆ هەموو چین و توێژەکان ڕەنگی دەدایەوە، نەک هەر خوێندکارەکان. باسی ڕۆژ و شۆڕشی کورد و هەڵوێستی شیوعییە کان لە هەموو کوچە و لایەک هەبوو، تەنانەت لەناو خوێندکارانیشدا.
هەموو ڕۆژێک دەنگەدەنگ بوو و ئێمەش دیار بووین. بڕوا ناکەم ڕۆژێک لەبەر کاری حیزبی و به هۆی کۆبوونەوە و ڕاکردن بە دڵسۆزی بۆ کاری حیزبی دەرسی پێنجەمم خوێندبێ. هەر به و هۆیەشەوە لە خوێندن دواکەوتم و سەرکەوتوو نەبووم.
ئه و کاتە برادەرێک بە ناوی وەهبی لێپرسراوم بوو. ئێستاش ماوه و جارجارە دەیبینم. دەمزانی کۆمەڵێک لاوی گەڕەک که لە خوێندنیش پێکەوە بووین، کەسوکاریان شیوعییە. هەوڵم دەدا خۆمیان لێ نزیک بکەمەوە و بیانهێنمە ناو حیزبەوە، وەک شەهید کەمال جەمال، عومەر مام تۆفیق، کە ئێستا هونەرمەندێکی سەرکەوتووە عومەر دڵپاک مامی کەمال جەمال بوو. کەمال شاکر ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەیە. محەمەد ڕەحیم دوایی بە هەڤاڵ جووجەڵە ناسرا و لەبەر بچکۆلەیی و زەعیفی ئه و ناوەیان لێنابوو، کە چووه دەرەوه، بوو بە پارتی و دواتریش خاڵە حاجی. دیارە من پێش هەموویان چوومه دەرەوه. ئەوان خوێندکار بوون، بەجێم هێشتن.
هەر له و ساڵانەدا ئەوانەی لە ناوەندیی شۆڕش بووین، پێکەوە شیوعی بووین، من بەرپرسیان بووم لە شانەیەکی حیزبیدا، چەند کۆبوونەوەیەکیشمان کرد پێکەوە. کەسەکان ئەمانە بوون: شێخ جەعفەر مستەفا کە ئێستا وەزیری پێشمەرگەیە، مەنسووری شێخ کەریم حەفید، موعتەسەم عەبدولکەریم خاڵی شێخ مەنسوور بوو، محەمەد ڕەحیم، کەسێکی تر ناوی عوسمان بوو، هەروەها محەمەد ناوێ له گەڕەکی سابوونکەران. دەمانچەیەکی بچکۆلەمان هەبوو و لای محەمەد ڕەحیم بوو، ئیتر نازانم برادەرانی پارتی چۆن پێیان زانیبوو، چووبوون لە پۆلدا لێیان سەندبوو، لەسەر ئەوە تووشی شەڕ و قڕەقڕ هاتین. هاتنە سەر من و شەڕ دەستی پێکرد. نەتیجەی شەڕ چەقۆیەک بەر پەنجەم کەوت، ئەوەی چەقۆکە یان خەنجەرەکەی پێبوو، کاک ئاسۆی شێخ نووری بوو، ئێستا لە ئەنجومەنی ناوەندە و زۆر برای بەڕێزە.
ساڵی 1964 هەر لە قوتابخانه بووین، شەوێکیان تاکو بەیانی بە شەونخوونی دروشممان دەنووسی. ئەوەی حیزب داوای دەکرد، پێمان سپێردرابوو کە به کاغەز و کاربۆن له ژێریدا بینووسینەوە. ئەوەی نووسیبوومان، دابەشمان کردبوو. لە پۆلەکان خستبوومانە ناو مێزی خوێندکارەکان، هەندێکیشی لای من مابووەوە. ئه و سەردەمە بوو کە حیزبی شیوعی بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە بکوژێتەوە، داوای ئاشتیی دەکرد لە کوردستان. زۆر لە دروشمە کانیم لەبیر نەماوه، ئەوەندەی بزانم هەمووی باسی ئاشتی بوو. برادەرانی پارتی کە ئەمەیان زانی، ئیتر بوو بە دەنگەدەنگ، هاتنە پۆلەکەی منیش و بردیان بۆ شەوکەت ئەفەندی، کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو. شەوکەت ئەفەندی بانگی کردم وتی ڕۆڵە تۆ کوڕی هەژاریت، چیت داوە لەم سەرئێشەیه؟ بڕۆ خەریکی خوێندنی خۆت بە. لە هۆڵی قوتابخانەکەش زۆر لە خوێندکاران و مامۆستاکان وەستابوون و قەرەباڵغی دروست بووبوو. شەوکەت ئەفەندی قسەی بۆ دەکردین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. لە یەکێک لە قسەکانیدا وتی: ئەم جەمال عەبدولناسرە موزاهەرات و شتی هێنایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆر قسەی تریشی بۆ قازانجی هەموومان کرد.
ئەوەش دۆخی خوێندن بوو. لەڕاستیدا هەر خەریکی کۆبوونەوە بووین، خوێندنی چی؟ ئەم دۆخە ڕۆژبەڕۆژ توندوتیژتر دەبوو. هەر له و ساڵەدا بوو کە لە سلێمانی بکوژوببڕ بوو. زەعیم سدیق داوای لە مامۆستایان کرد بروسکە بۆ حکومەت بنێرن، تەئیدی عەبدولکەریم قاسم بکەن و لە بروسکەکەدا دژی شۆڕشی کورد قسە بکەن. باشم لە بیرە مامۆستا مەحموودی مەلا عیزەت هەزار ڕەحمەتی لێبێت، وابزانم هەر ئه و ساڵە دامەزرابوو، مامۆستامان بوو، بروسکەی نەکرد. ئەوە بوو ئیتر قاچاغ بوو و چووه دەرەوە. مامۆستایەکی عەرەبیش هەبوو ناوی فائیز زوبەیدی بوو، ئەویش بروسکەی لێنەدا، هەڵوێستێکی تری هەبوو و شیوعی بوو. دوور خرابووەوە بۆ سلێمانی. ئێمە لە ناوەندیی شۆڕش لیژنەیەکی حیزبیمان هەبوو، کە لێپرسراوی ناوەندیی شۆڕش بووین و پێک هاتبووین لە چەند هەڤاڵێک. شێخ حسێن شێخ عوسمانی نێرگزەجار لێپرسراومان بوو و کاتبی قوتابخانەکەمان بوو له و سەردەمە شلۆق و کێشمەکێشمەدا. پاش ماوەیەک کارکردن پێکەوە سەرپەرشتیی کارەکانی حیزبمان دەکرد، من پلەکەم بەرز کرایەوە و بووم بە ئەندامی لیژنه. هاوڕێیەکی تر بوو بە لێپرسراومان، هی من و کاک شێخ حسێن و کەمال جەمال کە لیژنەکەمان پێک هێنابوو. شێخ حەمەتایەر خەڵکی ئەحمەدبڕنه بوو. بنەماڵەیەکی تێکۆشەر بوون، له و سەردەمەشدا دێی ئەحمەدبرنە زۆریان شیوعی بوون. شێخ حەمەتایەر کەسێکی خاکی بوو، لە ڕووی حیزبییەوە لە ئێمە هۆشیارتر بوو، کۆبوونەوەکانی باش بەڕێوە دەبرد. من لەبەر کاری حیزبی دیار بووم. پاش ئەوەی قوتابخانەم بەجێ هێشت و خواحافیزیم کرد و چوومە دەرەوە، بیستم شێخ حەمەتایە ڕ به هۆی هەندێک کەسی ناسیاویەوە چووەتە دانشگای سەربازی و بووه بە ئەفسەر لە سوپای عێراق. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بیستم وەفاتی کردووە. بەڕاستی کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ حیزب و زیرەک بوو، ئیتر دۆخەکەش ڕۆژبەڕۆژ بەره و توندوتیژی و ناخۆشی دەڕۆیشت.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سلێمانی 9/6/1963
با بێینەوە سەر وەزعی ناو شاری سلێمانی. لە بەرەبەیانی 9/6 هاتوچۆ قەدەغە کرا. هەر لە نیوەشەوەوە سەربازەکان بە کوچه و کۆڵانەکانی شاردا بڵاو بوونەوە. بە سەرکردایەتیی زەعیم سدیق، کە هەموو خەڵکی بە هۆی خراپییەکانی و ئازاردانی خەڵکەوە ناویان بیستووە، دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵبەماڵ. زەعیم سدیق ئامرلیوای سەربازی بوو و هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ خەڵکێکی یەکجار زۆر ڕەشبگیر کران و هەزاران گەنج و پیر ڕاپێچ کران بۆ حامیەی سلێمانی و لەوێش تیرباران کران. خەڵکی زۆر ناوداری تێدا بوو و خەڵکی تێکۆشەر بوون، وەک کەمال حاجی فەرەج ئەفەندی، مامۆستا یاسین حاجی باقی، زیاتر لە سەدوپەنجا کەس شەهید کران بەبێ ئەوەی بچووکترین تاوانیان هەبووبێ. ئەم کوشتوبڕەش بۆ چاوترساندنی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. ئەوانەی گیران، ماوەیەکی زۆر لە سەربازگەکەی سلێمانی حامیەی سلێمانی له ناو وڵاخ و ئه و جێگەیانەدا زیندانیان کردن، نزیکەی سێ ڕۆژ زیاتر نان و ئاویان نەدانێ، ئازارێکی جەستەیی زۆریان دابوون. زۆر باشم لەبیره هەر له و بەرەبەیانەدا خودەبەسەر و سەربازەکان خۆیان کرد بە حەوشەکەی ئێمەدا و ڕیزیان کردین. جیایام کردینەوە و دوو کەسی خزمی ئێمەیان برد. نازانم چۆن منیان نەبرد، ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە منداڵ دیار بووم. کەس ئاگای لە کەس نەبوو، نەتدەزانی لە خزم و کەسوکار و برادەرت کێ گیراوە و کێ براوه. لەبەر ئەوەی چوونەدەرەوە نەبوو. کەس نەیدەوێرا سەر لە دەرگا بەرێتە دەرەوە. پاش ئەوەی حکومەت بڵاوی کردەوە بۆ چەند سەعاتێک دەتوانن بێنە دەرەوە، هەر کەسه و هەواڵی کەسوکاری خۆی دەپرسی. ژمارەی گیراوەکان لە چەند هەزار کەسێک تێپەڕی کرد، شار بۆنی خوێنی لێدەهات، ئەمە گرانی و قاتوقڕی لەولاوە وەستابێ. ژیان زۆر زەحمەت بوو، ئەگەر کەسێک نەگیرابێت یان نەکوژرا بێت، دەبێ بڵێیت شانسی هەبوو.
ئەوانەش کە لە سەربازگەی سلێمانی گیرابوون، وەجبەوەجبە ڕیزیان دەکردن، هەر لە سەربازگەکەوە بە شەقامی کانێسکاندا دەیانهێنان و دەبوایە هوتافیان بکێشایە بۆ سەروەریی حکومەت. یەکێک لە پێشەوە هاواری دەکرد و دەبوایە ئەوانی تریش بیڵێنەوه، ئەوانەی لە ڕیزەکەدا بوون، هەموویان لەبەر برسێتی و ئازار ڕەنگی مردوویان لێنیشتبوو.
پاش ئەوەی خەڵکەکە بەربوون، دەرکەوت دەیان و سەدان خەڵکی ئەم شارەیان گرتووە. مامۆستا یاسین یەکێک بوو لە شەهیدەکان، کە یەکەم وەرزشکاری سلێمانی بوو و مامۆستای وەرزش بوو، خۆشەویستی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. به دەستی تاوانبار زەعیم سدیق غەدرێکی یەکجار زۆر و تاوانێکی گەورەیان دەرهەق بەم خەڵکە کرد لە شاری سلێمانی.
ئەوەی ڕاستی بێت بە پێشمەرگەیان نەدەوێرا، داخی دڵی خۆیان بە خەڵکی بێدیفاع ڕشت، کەسیش نەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، چونکی حاکمەکانی بەغدا لەوان زیاتر دژی میللەتی کورد بوون. لەم ڕەشبگیرییەدا پرسیار نەدەکرا کێ پارتییە یان شیوعییە یان شتێکی ترە، هەموو خەڵکیان پێ دوژمن بوو. هەر لەسەر ئه و سیاسەتەش ڕۆیشتن و عێراقیان غەرقی خوێن کرد، خۆشیان پاشان بە جەهەنەم چوون. ئەم گرتن و ڕاونانە هەموو عێراقی گرتەوه، بەتایبەت شیوعییە کان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. بەعس درێغیی نەکرد لە کوشتن و بڕین و ڕاونان و گرتن. دەیان سەرکردەی حیزبی شیوعییان کوشت و تیرباران کرد.
هەڵوێستی حیزبی شیوعی لەسەر شۆڕشی کورد ناڕۆشن بوو. بۆ خۆڕزگارکردن لە م شاڵاوەی ڕژێم بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی، بڕیاریان دا پاش چەند ڕۆژێ لە ڕەشبگیر بچینە دەرەوە. منیش به هۆی خزمەکانم کە لە خۆم گەورەتر بوون و شیوعی بوون، خۆم ئامادە کرد لەگەڵیان بچمە دەرەوه. ئه و کاتە هێشتا تەمەنم نەگەیشتبووە هەژدە ساڵ، چاوم لە گەورەکان دەکرد و ملەقوتێی سیاسەتم دەکرد. ئه و سەردەمە شەقامی ئیبراهیم پاشای ئێستا دەرەوەی شار بوو، ڕەنگە چەند ماڵێک لەولاترەوە هەبووبن. لەگەڵ وەستا محەمەد بەنای پوورزام، خوالێخۆشبوو وەستا عومەری عەلی قەساب، کە سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی بوو، خوالێخۆشبوو جەبار عەلی قادری پوورزای دایکم و دەیانی تر، له و مەوعیدەدا کە حیزب داینابوو، هەموومان شه و یەکمان گرتەوە. بە ترس و ناڕەحەتییەکی زۆر بە ناوشاردا ملی ڕێگەمان گرت و به بێدەنگی بە بەینی دوو ڕەبایەی عەسکەریدا ڕۆیشتین. دەستی یەکمان گرت و چووینە دەرەوە بەره و شاخی گوێژه و بە شاخەکەدا سەرکەوتین.
ڕۆژی یەکەم نزیکەی پەنجا کەس دەبووین له هاوڕێیانی حیزبی شیوعی. یەکەمجار بوو لە ژیانمدا دەرەوە ببینم وەک لادێ. قۆناغی یەکەممان گەیشتینە دێی چنگیان. ئەمەی باسی دەکەم، چەند ڕۆژی دوای قەدەغەکردنی هاتوچۆ بوو. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ لە چنگیان ماینەوە. برادەرانی پارتی و پێشمەرگە و بەرپرسانی ئه و سەردەمە لەوێ جوابیان ناردبوو چۆن هاتوون بۆ ئێره؟ من وردەکاریی ئه و سەردەمەم نەدەزانی. بە تەمەن بچووکترینی ناو ئه و هاوڕێیانه بووم. زەختیان کرد و وتیان دەبێ لێرە نەبن. لای ئێوارە وتیان خۆتان ئامادە بکەن دەڕۆینە دێی ئاڵاسیاو. ئه و کاتە بارەگای جەنابی شێخ لەتیف لەوێ بوو. زۆر دۆستی حیزبی شیوعی بوو و ئەوانەی دەوروپشتی کەسانی شیوعیی تێدا بوو. شێخ لەتیف پیاوێکی دڵسۆز و پاک بوو.
ئێوارە بەره و گوندی ئاڵاسیاو بەڕێ کەوتین. شه و تاریک بوو، چاوساخێکمان لەگەڵدا بوو، وتیان ئه و شارەزای ڕێگەیه. شیوعی بوو و ناوی غەریب سمێڵ بوو. پاش ماوەیەک ڕێکردن دنیا تاریک بوو. غەریب لە دۆڵێکدا ڕێگەکەی هەڵە کرد. وتیان مادام وایە، با تاکو بەرەبەیان لێرە بین، ئەوسا دەڕۆین. هەرکەسە لە جێگەی خۆی شوێنکی تەختانیی دۆزییەوە بۆ ئەوەی ڕاکشێ. ئەوەی ڕاستی بێت، من لە هەموو خشەیەک دەترسام، دەرەوەم نەبینیبوو. شتێک کە بیرم ناچێتەوە، مێشوولەیەکی بچووک هەبوو، بە هەواوە هاتوچۆی دەکرد، وەک فسفۆر وابوو، لە ترسی ئه و میشولەیە تاکو بەیانی خه و نەچووە چاوم. وتیان ئەوە باڵەکانی وایە زیانی نییە. ڕۆژ بووەوە و به هۆی شارەزاکەمان ملی ڕێگەمان گرت و گەیشتینە گوندی ئاڵاسیاو. پێش ئێمەش هەندێک لە شیوعییە کان گەیشتبوونە ئەوێ، دیارە بڕیاری حیزب بووە لەوێ یەک بگرینەوە. هەر بندار و سێبەرێک چەند هاوڕێیەکی لێبوو. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوه و بردمانە سەر. خواردن هەر زۆر کەم بوو، نان و دۆ بوو. بە یاسای شیوعی هەمووی وەک یەک بەری دەکەوت. هەریەکەی دۆلکەیەک دۆ و کەمێک شەکر و چای دەدرایە.
ئه و ماوەیەی لەوێ بووم، دوو کۆبوونەوەی فراوان کرا. ئەوانەی لەوێ بوون، ئەگەر هەڵەم نەکردبێ، سەد هاوڕێیەک دەبوون. کۆبوونەوەیەکیان دکتۆر فارس خواڕەحم کە شیوعییە کی ناسراو بوو، بەڕێوەی برد. دکتۆر فارس تاکو وەفاتیشی کرد، هەر شیوعی بوو. لە ساڵەکانی هەشتاکان لە مۆسکۆ وەفاتی کرد و هەر لەوێش بە خاک سپێردرا. باسەکەی لەسەر دیموکراتیی مەرکەزی بوو. هەموومان گوێبیستی بووین، لە بن ئه و دەوەنە و له و برسێتی و نائومێدییەدا کە شیوعییە کان بەسەریان هاتووە، من هەر تەقەی سەرم دەهات. چونکی تازە چووبوومە حیزبەوە. دیارە شیوعییە کان لە هەر جێگەیەک بن، خۆیان ڕادەهێنن، مەسەلەی فکر و خوێندنەوە شتێکی گرنگە لایان. دانیشتنی دووەم شێخ جەعفەر عەبدولکەریم کۆبوونەوەی پێکردین. خیانەتی کرد و تەسلیم بووەوە، بوو بە بەعسی و لە ساڵەکانی دواتردا بوو بە پارێزگاری سلێمانی. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس عێراقی بەجێ هێشت. وتیان ئەندامی لیژنەی محەلیی سلێمانییە. ئه و کاتە ئه و پلەیە گەورە بوو. ئه و ڕۆژگارە سیاسەت ئاوا بوو. دیارە برای قارەمانی حیزبی شیوعی شێخ مەعروف بەرزنجییە، کە مەردانە گیانی خۆی بەخت کرد و بەعسییەکان لەگەڵ برایەکی تریدا لە سێدارەیان دا. من لەچاو ئەوانی تر منداڵ بووم کەمئەزموون بووم. دوای چەند ڕۆژێ پێیان وتم تۆ بڕۆرەوە. بەڕاستی خۆشم حەزم دەکرد. خۆ لەوێش هەر دانیشتن بوو له بن دارودەوەن. خوا بەوە ڕەحمی کرد مانگی شەش بوو و دنیا سەرماوسۆڵە نەبوو، ئەگینا لە کوێ جێگەمان ئەبووەوه. لە ڕێگەی حیزبەوە لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە هاوڕێکان گەڕامەوە بۆ سلێمانی. دواتر وتیان ئه و برادەرانەی لە ئاڵاسیاو بوون، لەوێ نەماون و ڕۆیشتوون بۆ دەوری دێی ئاشی بارام. لەوێش برایانی پارتی ئه و سەردەمە زەختیان لێدەکردن. وابزانم تاکەتاکەش لێیان گرتبوون. دۆخی شیوعییە کان به و شێوەیە بوو له و ناوچەیەدا. لە شاخی بەمۆش لە ناوچەی هورێن و شێخان چارەنووسیان زۆر لەوە خراپتر بوو. لەوێ بارەگایەکیان کردبووەوە و لە دەستی ڕژێمی بەعس هەڵاتبوون. بەڵام پارتی پەلاماری دان، بارەگاکانیان گرتن و چەند شیوعییە کیان کوشت. هەندێک لەوانەی ڕایان کردبوو، خۆیان دابوو بە دەم ئاوی سیروانەوه، مەللەیان نەزانیبوو یان ئاوەکە خوڕ بوو و خنکابوون. ئەم زەختەش لە هەموو جێگەیەک نەبوو، زیاتر لە دەوری سلێمانی وابوو.
له و سەردەمەدا لەگەڵ ئه و هەموو ماڵوێرانی و دەربەدەرییەدا حیزبی شیوعی هەر پاشکۆی سۆڤێت بوو. دیارە ئەمە بووە هۆی ئەوەی کێشە لەناو حیزبدا دروست ببێت. بەتایبەت لە ساڵی 1964دا، کە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ویست و بڕوایان وابوو ڕژێم بەره و ئیشتراکییەت دەڕوا و بەنیاز بوون حیزبی شیوعی لەناو اتحاد اشتراکی عر بیدا بتوێننەوه. بۆ ئه و مەبەستە چەندین بەیان نووسران، کە لەم ڕێگەیەوە دەڕۆن بۆ ئیشتراکییەت. ئەوانەی هەڵگری ئەم ئاڵایە بوون لە مەکتەبی سیاسی، عامر عەبدوڵڵا و مامۆستا بەهادین نووری بوون. نازانم کێی تریش لەگەڵ ئه و بیروباوەڕە بوون. ئەمە بووە بنەمای کێشە لەناو حیزب. پێشتریش لە زەمانی عەبدولکەریم قاسمدا دوو باوەڕ لەناو حیزبدا هەبوو. لایەک پێی وابوو کە هەقە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم بڕوخێنن. سۆڤێت بەمەی زانی، به پەلە بەتاڵی کردەوە و سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی ناچار کرد کە واز له و سیاسەتە بهێنن، وای لێکردن لە قسەی سۆڤێت دەرنەچن و بە پاشکۆیی بمێننەوە. ئه و بەیانەش کە ساڵی 1964 دەرچوو، لەناو حیزبدا پێیان ئەوت خەتی ئاب. ئەوانەی ئه و کاتە له ناو حیزبی شیوعیدا ئیشیان کردبێ، زۆر باش لە بیریانە. ئیتر لەناو حیزبی شیوعیدا دژی ئه و بەیانە وەستانەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دەیان شیوعی لەناو زیندانەکاندا بوون. دەیان کەسی تریش کە نەگیران و نەکوژران، هەڵاتن. دەیان ئەفسەر و کادێری عەرەب ڕوویان کردە کوردستان. من لەبیرمە کەسێکی عەرەب به ناوی ئەبووعەلی ڕای کردبوو و لە ماڵی ئێمە بوو. ماوەیەکی زۆر مایەوە لامان و زۆریش خزمەتی پێکرا.
کێشەی شیوعی و پارتی هەر بەردەوام بوو، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی. بە هەقی دەزانم بڵێم زۆر دڵسۆز بووین بۆ حیزب و به دڵ و گیان ئیشمان بۆ دەکرد. خەڵکیش دابەش بووبوون بەسەر حیزبەکاندا. لە مەیدانەکەدا هێزی پارتی هێزی گەوره بوو و پێشمەرگەی هەبوو. له و سەردەمەدا شۆڕشی کورد پەناگایەکی باش بوو بۆ شیوعییە کان.
ساڵی 1964 هەر خوێندکار بووم، بەڵام وەک لە پێشەوە باسم کرد هەر خەریکی کۆبوونەوە و کاری حیزبی بووم. لە ساڵی 1964 لە گەڕەکی سابوونکەران برادەرێک هەبوو ئوتووچی بوو، ناوی قادری ئاتە بوو، زۆربەی کاتی بێئیشی لای دەوەستاین. کاتێکم زانی شەڕە، ئەکرەمی پوورم لەگەڵ چەند برادەری بە حساب پارتی بەشەر هاتووە و ئەکرەم خەنجەری بەدەستەوەیە. بەهەرحاڵ، منیش چووم و کەوتمە بەینەوە. خەنجەرێک بەر قۆڵم کەوت و خوێنێکی زۆری لێهات. منیان بەڕێ کرد بۆ خەستەخانە. لەوێ دکتۆرەکان خستیانم، ئەوەندەی پێنەچوو ئەکرەمیشیان هێنا. بەڵام ئەکرەم زۆر خراپ بوو. خەنجەریان لێدابوو و بەر سییەکانی کەوتبوو، خوێنی لەبەر دەڕۆی. بە هەرحاڵ، هەردووکمان بە تەنیشت یەکەوە لە خەستەخانە کەوتین. ئەکرەم چەند بوتڵێک خوێنیان تێکرد، تەرەفی دووەمیش برینداریان هەبوو. ئەوانەی لەسەر شیوعی و پارتی شەڕمان بوو، وەک برا وابووین هەم لە قوتابخانه هەم لە گەڕەک. ئەکرەم لەگەڵ بریندارەکەی تر بە منداڵی شیریان خواردووە. ئیتر شەڕەحیزب و سیاسەت برای لە برا کردووە. ئەوانەی شەڕمان بوو، ئەوسا و ئیستاش برایەتیمان لە هەموو کاتێک خۆشترە. ئێمەش به هۆی دڵسۆزیمان بۆ بیروباوەڕەکەمان بووبووینە سووتەمەنیی ئەم سیاسەته.
ئه و سەردەمە شەڕەخەنجەر باو بوو، دەمانچە هەر زۆر کەم بوو. من خۆم ماوەی چواردە ڕۆژ لە خەستەخانە کەوتم، چونکی دەمارەکانی قۆڵمی بڕیبوو. ئەکرەم زیاتر مایەوە، چونکە برینەکەی کاریگەرتر بوو. دیارە دوای ئەم هەموو شەڕەش هەر ئاشتبووینەوە. ئەمە دۆخی سەرجادە و شاری سلێمانی بوو. ئه و کاتەی من و ئەکرەمی پوورم کە لە خەستەخانە کەوتبووین، مفاوەزاتی پارتی و حکومەت دەستی پێکرد. کەسێکیان هێنا بۆ خەستەخانە. وتیان ئەمە شیوعییە و لە شەڕی سەری بەردی لای سیدەکان و ڕواندز قاچی بریندار بووه، ناوی نەجمەدین مامۆ بوو. ئێمەش بە حوکمی خۆشەویستیمان بۆ حیزبی شیوعی و بیروباوەڕ چووینە لای و خۆمان به یەکتری ناساند. ئەوەی بۆ خۆمان بوایە، بۆ ئەویش دەبوو. ئه و غەریب بوو و خەڵکی هەریر و باتاس بوو. خێزانی و خوشکی و خوشکەزای هاتن. ئێمەش بردماننە ماڵی خۆمان و لەوێ میواندارییەکی باشمان لێکردن. پاش دەرچوونی نەجمەدین مامۆ ئەویشمان بردەوە ماڵی خۆمان. ماڵی شەهید ئەکرەم و کەسوکارەکەشمان لە ئێمە زیاتر خزمەتیان دەکرد، چونکی قاچێکی بڕابووەوە، خوشکەزاکەی ناوی عەبدولڕەزاق و کچەکەی ناوی حەسیبە و کوڕەکەی ناوی فرسەت بوو. نەجمەدین مامۆ چەند مانگێک لامان مایەوه و تاکو ساڵی 1965 شەڕ دەستی پێکردەوه و بۆ جێگەی خۆی ڕۆیشتەوە. ئێمەش هەریەکە بەلایەکدا ڕۆیشتین.
لە سەرەتای 1965دا منیش لەبەر هەم لە قوتابخانە و گەڕەک دیار بووم، چووم بۆ سەربازی و ماوەی سێ مانگ لە کەرکووک سەرباز بووم. لە کەرکووک لە ماڵی خزمەکانم بووم، پووری دایکم پوورە حەلاو و کوڕ و کچەکانی ماڵیان هەر لە کەرکووک بوو. خۆیان خەڵکی سلێمانی بوون. هەموو شەوێک لە ماڵی پوورە حەلاوم دەنووستم، بەیانیان دەچووم بە پاسکیلی ئازادی پووزام دەچووم بۆ دەوام. لەوێش لە تیپی فتبۆڵێن بووم. دەوام هەر ئه و چەند سەعاتەی سەرلەبەیانیان بوو، ئیتر دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە. بەوەش بۆم نەچووە سەر. ڕۆژی 01-04-1965 لە ڕێگەی حیزبەوە نامەم وەرگرت. چوومە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی و یەکەمجار چوومە قەڵادزێ، لقی کوردستانی حیزبی شیوعی لەوێ بوو. ڕۆژی یەکەم لەوێ مامەوه. بۆ ڕۆژی دوایی بە بڕیاری حیزب وتیان بچن بۆ ئاوەگرد. ئاوەگرد لەسەر شاخی سەفین بوو بە بەرزاییەکەوە، بارەگای حیزبی شیوعیی لێبوو. لە ئاوەگرد کانییە کی باشی لێیه و ئاوەکەش زۆر سازگارە. باشم لەبیرە ئه و ڕۆژەی کە لە قەڵادزە بەڕێ کەوتین بۆ ئاوەگرد، من تەمەنم 18 ساڵ بوو. لە ڕانیە لەگەڵ هەندێک هاوڕێدا یەکمان گرتەوە. ئەوانەی پێکەوە چووین بۆ ئاوەگرد، ئەم کەسانە بووین: 1- ملازم ئەحمەد جبووری ئەفسەرێکی عەرەب بوو، لە دەست ڕژێمی بەعس هەڵاتبوو و بەر گرتن نەکەوتبوو، شیوعی بوو. دوایی بووین بە برادەر، لە چەندین بۆنەدا ناوبەناو یەکمان دەبینییەوە. 2- عەلی مەولوود خەڵکی داربەسەر بوو. بەداخەوە ساڵی 1974 کە شەڕ دەستی پێکردەوە، لە چۆمان به هۆی فڕۆکەکانی ڕژێم شەهید بوو. 3- ڕەئوف سلێمان، خوالێخۆشبوو خەڵکی ڕانیە بوو. 4- دکتۆر عەلی سلێمان. لە ڕانیە وە بەڕێ کەوتین بۆ ئاوەگرد، لە بناری شاخ لە جەلی دابەزیین. کەوتینە ڕێ و بە شاخەکەدا سەرکەوتین، پاش ماوەیەک گەیشتین. لەوێش بارەگای حیزبی لێبوو، هاوڕێیەکی لێبوو بە ناوی کەمال خدر، مامۆستا بوو و لێپرسراوی بنکەکە بوو، خەڵکی شاری کۆیە بوو. من لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ لەوێ یەکمان گرتەوە. ئەوانیش وەک من بوون و هەندێکیان خەڵکی سلێمانی بوون، زیاتر ئاشنا بووین بە یەک. ماوەی سێ مانگ لەوێ ماینەوه، پاش ئه و ماوەیە وتیان دەتاننێرین بۆ پێشمەرگایەتی، له لای گەڵاڵە بارەگای حیزبی لێیە و هێزەکانی پێشمەرگەش لەوێن.
ماوەی سێ ڕۆژ به ڕێگەوه بووین. بە چەند قۆناغێک گەیشتینە بناری شاخی هەندرێن له ڕێگەی سەرکەپکان و دۆڵەڕەقە و وەرتێ، لە دێی سەروچاوەش لامان دا. لەوێ بارەگایەکی پێشمەرگەی هەبوو و ملازم ئەحمەد جبووری لێپرسراوی بوو، لەوێ بینیمانەوە. دوایی بەره و سنووری ڕواندز ڕۆیشتین. ئەمەش ساڵی 1965 لە مانگی حەوتدا بوو. گەیشتینە ئەوێ و بەسەر پەلەکاندا دابەشیان کردین. ئه و کاتە چەند لقێک هەبوون و دابەش بووبوون بەسەر چەند پەلێکدا. هەمووی ڕێک خرابوو، هەر هەمووشی بە نۆرە لەسەر شاخی هەندرێن واجباتی دەگرت. شاخی هەندرێن پانترین شاخی کوردستانە، بەسەر ڕەواندز و سەربازگەکەی ڕواندوزدا دەڕوانێ. لە بنارەکەیدا بە دیوی بەرزیوەدا چەند گوندێکی بچووکی لێیە وەک جنراوە، میراجیان، هەوارەکۆن، بەرامبەری گوندی ماولیانه، لەولاشەوە دێی دەرگەڵه و له سەروویەوە گوندی سەلان لەگەڵ شاخی کاروخ لەیەک دەدا تەوە، کە بەسەر گوندی وەرتێدا زاڵە، وەرتێ ئێستا بووە بە ناحیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە