مەسروری دوولەتبوو

Monday, 08/07/2024, 16:54

1570 بینراوە


لە دونیای ئیتالیۆ کالڤینۆ دوولەتبوون هێمای دابەشبوونی ئینسانە بەسەر دوو دیوی مۆڕاڵی و نامۆڕاڵی. یاخود دیوی ئینسانی و حەیوانیمان. لە ڕۆمانی (ڤیکۆنتی دوولەتبوو)دا کارەکتەری ڤیکۆنت بەهۆی جەنگەوە دوولەت دەبێت. کاتێک دەیانەوێت ڕزگاری بکەن تەنیا لەتێکی جەستەکە کە دەکاتە یەک دەست و یەک چاو و یەک قاچ ڕزگار دەکرێت. جەستەکە لەناوەراست بەشێوەی درێژی دوولەت دەبێت. لایەکی جەستە دوولەتبووەکە لە جەنگدا بەجێدەمێنێت و لایەکیشی ڕزگار دەکرێت. کارەکتەری ڤیکۆنت کە خانەدانێکی ناوچەکەیە توشی ئەو موسیبەتە دەبێتەوە. ئەوەی سەیرە ئەو بەشەی جەستەی کە ڕزگار دەکرێت دەبێتە مایەی دەردەسەری بۆ خەڵکی ناوچەکە، چونکە ئەوە بەشە خراپ و دڕەندەکەی ڤیکۆنتە گەڕێندراوەتە نیشتمان و بەشە باشکەی کە لەجەنگدا بەجێماوە بێ سۆراغ دەمێنێت. بەو شێوەیە ڤیکۆنت وەک ئاژەڵێکی دڕندە دەکەوێتە گیانی خەڵکی و نوقمی بڕین و کوشتنی ئینسان دەبێت. ڕۆمانەکە بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت تا لەکۆتاییدا لەتە باشەکەی دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە جەنگ لەگەڵ لەتە خراپەکەی. دواجار ئەم شەڕە زاتیە بەیەکگرتنەوەی هەردووک بەشەکەی جەستەکە کۆتایی دێت و ڤیکۆنتێکمان دەست دەکەوێت نەباشە نە خراپە. دونیای مەسرور مەجازیانە لەدونیای ڤیکۆنت دەچێت. سایکۆ سادیستێکی وەک مەسرور چێژێکی ناکۆتا لە خوێن و دیلکردن وەردەگرێت. مەسرور دابەش دوو بووە، بەڵام  نەک دەقاو دەق وەک ڤیکۆنت. کێشەی مەسرور ئەوەیە هەردووک لەتەکەی خراپن. کوشتنی سەردەشت ڕووبەرێکی فراوانی  دڕندەیی ئەوجانەوەرەمان بۆ ئاشکرا دەکات. هیچ تاوانێکی ئەم پیاوە ناتوانێت گەورەتر بێت لە تاوانی  کوشتنی سەردەشت. وێڕای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان هاوکات ئەم پیاوە سەرسامێکی بێسنوری خوێن و برینە. کاتێک دەڵێم مەسرور واتا کۆی هاوبەش و بکەرە سیاسیەکانی تەنیشت ئەم تیرۆریستە. مەسرور زەینی تیرۆری حوکمڕانی یەکێتی و پارتیە لە سیساڵی ڕابردوودا. ئەم پیاوە نەک تەنیا دەیەوێت دێیەکە وێران بکات بەڵکو چيژێکی بێسنوور دەبینێت لە وێرانکردنی خۆشیدا. دەستەواژەی (من خۆڕاگرم)  سەرنجراکێشە. دوای ئەو هەموو تیرۆر و دیلکردنە هێشتا وەک پاڵەوانێکی نەبەزیوی دونیای کوشتن ماوەتەوە. هێشتا دەتوانێت بەرگەی خواستە حەیوانیەکانی بگرێت و دەستی بەتەواوی نەچۆتە خۆی. هاوتاکردنی ڤیکۆنت و مەسرور بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ فەزای سیاسیمان. ئێمە لەگەڵ ڤیکۆنت تەنیا لەبەردەم لەتە نەگریسەکەی مامەڵە ناکەین، بەڵکو چاوەڕوانیێکمان هەیە لەگەڵ بەشە باشەکەی. هێشتا لە نەستی دەستە جمعی دێیەکەدا چاوەڕوانیێکی قوڵ بۆ  گەڕانەوەی لەتە باشەکەی ڤیکۆنت لەگۆڕێیە. هێشتا خەڵک چاوەڕێن ڤیکۆنتێکی بێ گرفت دروست بێتەوەوە پارچەکانی لەشی یەک بگرنەوە. 
دۆخی مەسرور سەدبار کارەساتبارترە بەراورد بە ڤیکۆنت. کێشەی ئەم سیاسیە ئەوەیە پارچەی باشی نییە. دوولەتە بەڵام دوولەتی هاوشێوە. گەورەترین ئیشێک بتوانین بیکەین بریتییە لە جێهێشتنی چاوەڕوانی یەکگرتنەوەی مەسرورەکان. نابێت چیتر چاوەڕێبکەین پارچەکانی یەک بگرنەوە. هەرساتێکی ئەم نەخۆشە سیاسییە ساتی پڕ لە توندوتیژین کە تەنیا ژیان تەرجەمە دەکاتە سەر خوێن و برین. ترسانکترین کۆمەڵگا ئەوانەن کە چاوەڕوانی گەورەیان لەو سیاسیە عەنتیکانە هەیە. جگە لەوەی دەبێت چاوەڕوان نەبین، گرینگیشە کەرستەی ڕەخنەمان بۆ ئەو فەزا و کارێکتەرە سیاسیانە بگۆڕین و بەزمانێکی سادە بانگەشەی دوولەتبوونی بکەین. زۆر کۆمیدی دەکەوێتەوە کاتێک وەک مرۆڤێک ڕەخنەی بکەین و  وەک حەیوانێکی سیاسی ناو گۆمی خوێن نەیبینین. دەبێت هەر جوڵەیەکی ئەم کائینە وەک تاوانێکی نادیار تەماشابکەین کە خۆی لەچاوی کامێرای گشتی دووردەخاتەوە. ڕەخنەکردنی مەسرور وەک نەخۆشێکی پارچە پارچە کە تەنیا مەکینەی کوشتنی تێدا زاڵە ڕەخنەکردنی کۆی ڕووبەری سیاسەتە لە باشوور. هەموو ئۆرگانەکانی دەسەڵات و سیاسەت خنکاون بەدەست ئەو فیگەرە دوولەتانەی کە هەردووک پارچەکانیان هاوشێوەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە