• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ئایا کەمپەکانیان پێ چۆل دەکەن؟

Tuesday, 14/09/2021, 14:11

748 بینراوە


قورسایی ئاکار و کردەوەکانی دووبنەماڵەی دەسەڵاتدارلە باشووری کوردستان بە بارتەقای پووشێک گرانیی هەیە. بۆ هەرکەس ئاشکارایە ئەوانە تەنیا بۆ مانەوەی خۆیان هەول دەدەن نەک چارەسەرکردنی کێشەی کورد.
ئەو رۆژانە مستەفاکازمی بانگهێشتی تاران کرا. بەهۆی ئەو بانگکردنەش ڤیزا بۆهاتوچووی هاووڵاتیانی هەردووک وڵات هەڵگیرا. سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدە و بستێنەیە! سەفەری ئەوجارەی کازمی بۆ ئیڕان ودانیشتن دەگەڵ رەییسی سەرۆککۆمارو عەلی شەمخانی ، کەسی یەکەمی کۆگای بەرزیی ئەمنییەتی نەتەوەیی ، جەوهەریی بنەڕەتی وتووێژەکان بووە.
شەمخانی بۆ ئەو داوایەی لە کازمی کردوە؟
خۆی باش دەزانێ کازمی دەسترۆشتووی هەرێمی باشووری کوردستان نییە، بەڵام باشووری کوردستان بە بەشیک لە عێڕاقی عەڕەبی دەزانێ و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش بۆ تاران تەنیا پێگەیەکن بۆ نۆکەریی وگوێ لەمستیی!
بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ئاست خیانەت ونیشتمان فرۆشیدا لە ریزیی یەکەمی ناودارانی ئێران و تورکیەدان. بۆ ئەرکی نۆکەرییش ئیزن بەکەس نادەن وەپێشیان بکەوێ. زۆر هاسان زیندان بۆ رۆلەی ئازادیخوازی کورد دروست دەکەن و زۆر هاسانیش کەمەریی نۆکەرایەتی بۆ داگیرکار دەبەستن.
عەلی شەمخانی زۆر ڕاکشاوانە بە کازمی گوتووە کە حیزبەکانی دژبەری ئێران کە لە کەمپەکاندا لە باشوور قەتیس کراون، دەبێ عێڕاق (مەبەستی باشوورە) جێهێلن. پاشان بۆ کوێ دەچن با بچن! هەڕەشەکانی چەند رۆژی رابردوو بە سەر دیمۆکراتەکانی کۆیسەنجەق هەروا رەمەکی نەبووە. کازمی و شەمخانی دۆستی نەتەوەی کورد نین. بە مافی خۆیان دەزانن هەڕەشە بکەن، بەڵام بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خۆ بە ناو کوردن، دەبێ ئەوان چۆن هەڵویستێک لە خۆیان نیشان بدەن؟
ئەو پرسیارە دەبێ لە دوولایەن بکرێ. لایەنێک دەسەڵاتداریی کوردە لە باشوور، لایەنەکەی دیکەش حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە چۆن دەگەڵ ئەو پرسە گرینگە مامڵە دەکەن؟ ئایا باشووڕی کوردستان جێ دێڵن؟ یان رێگای بەرخۆدان هەڵدەبژێرن؟ ئەدی ئەگەر وێنەی سازمانی مجاهیدنی خەڵكیان بەسەربێ بە زەبری فشار و زۆر دەرکران، یان راستەو راست ئەو ئەرکە قڕێژە دەخەنە ئەستۆی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی؟ 
دەسەڵاتدارانی عەڕەب لە بەغدا دەگەڵ دەسەڵاتدارانی جووت بنەماڵە لە سەر کام سات وسەودای سیاسیی پێکەوە دەسازێن تا رێکاری دەرکردنی حیزبەکانی دژبەری ئێران لە شوێنی خۆیان پەراوازە بکەن؟
لە ئاست ئەو بارودۆخە دژوارەدا تا ئێستێ هەم دیمۆکراتەکان و هەمیش بەشێک لە کۆمەڵەکان سیاسەتی پاڕانەوە و کڕووزانەوەیان رەچاو کردوە و دەڵێن: ئێمە سنوورەکان نابەزێنین وهێرش ناکەینە سەر کۆماری ئیسلامی! تا ئێڕە تارادەیەک دانیان بە مەترسیی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا هێناوە کە رەنگە هێرشی تووندیان بکرێتە سەر، بەڵام ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی.
بۆیە کۆماری ئیسلامی زۆر بە خێرایی هێز بەرەو سنوورەکانی باشووری کوردستان جووڵاندوە. ئایا بەزاندنی سنوورەکان لە ساڵی  ١٩٩٦ کە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان کرا، لە ٢٠٢١یشدا دووپات دەبێتەوە؟
لەو کاتە ئەستەمەدا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشورن، ئایا ئەو توانایەیان هەیە شەڕە دندووکەنانی رابوردوویان وەلابنێن و ببنە خاوەن سیاسەتێکی یەکدەستی ئیستڕاتیژیی؟ ئایا ناکۆکیەکانی ناو خۆیان وەلادەنێن؟ ئەگەر کەمپەکانیان پێ چۆل کردن، روولە کوێ دەکەن؟ وەڵامی دەیان پرسیاری دیکە دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.

 پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (جەعفەر کەریمی) نووسراوە