• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

نابینا و کوێرەرەنگەکانی ئێران

Thursday, 06/10/2022, 22:03

462 بینراوە


من هیچکات دژی نەتەوەی فارس نەبووم، بەڵام ناسیونالیزمیی ئێڕانی رێگا بە کورد نادا لە ئێڕان ببێتە خاوەنی دامودەزگای خۆی، زمانی خۆی، فێرگەی خۆی، زانکۆی خۆی ،کولتوری خۆی  و سەرخان وژێرخانی خۆی.
دوولایەن بوونەتە خوڵقاندنی ئەو کارەساتانە. دەسەڵاتی ناوەندیی لە تاران و ئەو حیزبە کلاسیکانەی کە ٧ دەیەیە بۆ خۆشیان نازانن چیان دەوێ، تەنیا لە بابەتێکیدا شارەزان، ئەویش بەکوشتدانی منداڵی کورد و  ێرانکردنی کوردستانە لە رۆژهەڵاتی وڵات.
دروشمی:(ژن .ژیان ،ئازادی) بە وتەی بەرپرسی یەکەمی پارڵمانی ئەوروپا گەیشتە گوێچکەی تەواوی دونیا. سەرچاوە و بناوانی ئەو دروشمەش روون و ئاشکرایە، کە لە چەند رۆژی رابوردوودا تاقمێک لە رووناکبیرەکانی دەرەوەی ئێران، کە خوێندنی باڵاشیان هەیە و خاوەن هزر و  ڕامانی سیاسیی خۆیان دێنە سەر مێدیا فارسەکان و دەڵێن: بۆ کورد ئەوەندە دەڵێ: ژن، ژیان، ئازادی؟ بۆ کورد دەخوازێ پێگەی پیاو لاواز بکات؟
ئەو خوێندەوارە فارسانە وەک مرۆڤێکی کوێرەرەنگ دەچن، کە راستیەکان دەبینن، بەڵام خۆیانی لێ گێژدەکەن!
وەک وتم من بەهیچ جۆرێک دژی نەتەوەی فارس نیم، بە مەرجێک پێمان نەڵێن؛ قەوم. ئەوانە لە داهاتووی ئیڕاندا کام مافیان هەیە دەبێ کوردیش بەرادەی ئەوان مافی خۆی وەرگرێ. ئیدی دەروازەی هەزارەی سێیە. ئەو رووداوانەی، کە لە چەند رۆژی رابوروودا لە ئێڕان رویان داوە دووتەوەر لە خۆی دەگرێ.
یەکەم: پێویستە هەرکەس بزانێ شەهید کردنی ژینای کورد دەسپێکێکی زۆر گرینگ بووە لە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی سەراسەریی لە رۆژهەڵاتی وڵات و لە ئیڕان.کەس ناتوانێ حاشای لێبکات،  دەسەڵاتداریەتی تاران لە داهاتوودا قەرزداری کوردن و دەبێ کورد داوای مافی سیاسیی فراوانتر بکات. کەس خۆی فریونەدا، کە مەرگی ژینا ئەگەر تڕاژیدیا بووە، لە هەمانکاتدا بۆتە سیمبولێکی پیرۆز لە سەراسەریی جیهان و ئێراندا کە ئاڵای فرەرەنگی (ژن، ژیان، ئازادی) بەدووی خۆیدا پەلکێش دەکات.
دووەم:هیچ رێکخراوێک، یان سەرکردەیەکی ئوردووگانشین لە باشوری کوردستان فیز و ئیفادەمان پێ نەفرۆشێ و  بڵێ: مانگرتنی سەرتا سەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان شاکاری ئێمە بووە.خەڵک ناڕازین و لە بیانوویەکدا دەگەڕان.مەرگی ژینا، دەست پێکێکی مێژوویی بووە، کە گیانێکی نوێیدا جوڵەی بە خەباتی رزگاریخوازیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا.
ناسیونالیزمی ئێرانی و روناکبیرانی فارس، ئەگەر لە زۆر بابەتدا پێکەوە ناکۆکن،کاتێک دەگەنە پرسی کورد و کێشەی کورد ناکۆکیەکانیان وەلا دەنێن،کورد لەو بوارەدا ئێستیشدا لاوازەیی پێوە دیارە بۆیە ناتوانێ یەکگرتووبێ.

جەعفەر کەریمی