• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ئەم حیزبانە لە دراوسێیەکی کۆنمان دەچن

Tuesday, 08/06/2021, 0:01

1060 بینراوە


کە منداڵ بووم بیرمە دراوسێیەکمان هەبوو، کە تەنها دیوارێکی بلۆک لە یەکتری جیایکردبووینەوە، دوو داری هەنار و لاولاوێکی عەجولی حەوشەی ئەوان و شۆڕە بیەکی ژەنگاوی و لەوحێکی ڕەزا قورسیش کە بەردەوام جیڕەی لێدەهات پەرژینی هەردوو ماڵەکە بوو. ئەو دراوسێیەمان ژن و مێردێک بوون بە ناوی پورەئامە و حەسەنە درێژ.
 پورە ئامە و مام حەسەن، نەدەیانتوانی پێکەوە بژین، نە دەیانتوانی لە یەکتر دووربکەونەوە، دانویان پێکەوە نەدەکوڵا، هەر کە ڕۆژ دەبۆوە ئەم ژن و پیاوە، جنێو و سوکایەتی نەدەما بەیەکتری نەدەن و نەکەن .. جنێوی وایان بەیەکتر دەدا، کە لە هەر فەرهەنگێکی جنێودانادا سەد ساڵ شەن و کەوت بکردایە بەرچاوت نەدەکەوت ..
 شەڕەکەشیان ئەوەبوو، کە پورە ئامە دڵی لە مام حەسەن پیس بوو. کە شەڕدەستی پێدەکرد مام حەسەن ڕایدەکرد نانێکی تیریی دەهێنا و لەناو هەردوو دەستیا ورد و خاشی دەکرد، سوێندی پێدەخوارد کە داوێنی پاکە و ئامە دەتوانێت نوێژی لەسەر بکات، ئیتر نانەکەی هێواش هێواش بەدانە شاشەکانی دەکرماند.
بیرمە باوکم و پیاوانی گەڕەک چەند جارێک سەرکۆنەی مام حەسەنیان کرد بە پورە ئاماشیان دەووت، لەبەر دەمپیسی و دەنگە بەرزەکەیان و جنێوەکانیان منداڵەکان خویان خراپ دەبێت و فێری بێڕەوشتی دەبن. تکایان لێکردن کە واز لەو شەڕە جنێوانە بێنن و ڕێز پیشانی یەکتر بدەن . 
ئامۆژگاری پیاوانی گەڕەک و باوکم یەک دوو ڕۆژ شەڕی ئەم ژن و پیاوە داماوەی ڕادەگرت .. دوایش دەستی پێدەکردەوە وەک ئەوەی نەبایان دیبێت نە بۆران!
سەمەرە لەوەدا بوو، کە مام حەسەن زۆربەی ڕۆژەکان لە پورە ئامینی دەدا و لاچاوی پورە ئامینی دەکردە قۆخ، پورە ئامەش بۆ بەرگری لەخۆی جگە لە جنێوە ناشرینەکانی ... شەکرشکێن و دەستکەوان و خڕکە بەرد و داری تەنور و تاکە نەعلی دەگرتە مام حەسەن.
دوایی ماوەیەک لە سوکایەتی و جنێودان و شەڕکردن، پورەئامە چاوەکانی کل دەکرد، لەگەڵ مام حەسەنە درێژدا دەچونە بازاڕ کە دەگەڕانەوە، شەڕ و جنێودان دەستی پێدەکردەوە. ئەم شانۆ بێتامە لە فیلمە کانی سەدام دەچوو کە هەردوو کەناڵی تەلەفیزۆنەکەی مۆنۆپۆڵ کردبوو. پورەئامە و مام حەسەنە درێژیش مۆنۆپۆڵی گەڕەکیان کردبوو.
پێتان سەیر نەبێت: دوای چەندین ساڵ، کە گەڕامەوە نیشتمان و هەواڵی پورە ئامە و مام حەسەنم پرسی کە داخۆ ماون، چی دەکەن. پیربوون ، هەر لە جێگەی خۆیان ماون؟ لە وەڵامدا ووتیان: مام حەسەنە درێژ مرد و دوو ڕۆژ دوای ئەویش پورەئامەش دنیای بەجێهێشت، وەک ئەوەی کە مام حەسەن چاوەڕێ بکات .. یان بزانێت خیانەتی لێناکات لە دنیایی فانیدا.
 ئەم حیزبە کوردیانەش کە تێیان دەڕوانم دەڵێی مام حەسەن و پورەئامەی دراوسێمانن،جنێو و سوکایەتی و تاوان و ناوناتۆرەی دنیا بەیەک دەڵێن ، بەڵام کە دەکەونە دزینی نیشتمان و هێنانی لەشکری بێگانە و بێدەنگیان لەئاستی داگیرکەراندا، وەک پورەئامە وایە چاویان پرکل دەکەن و هەموویان لەسەر مێزێک دادەنیشن و گەلێک و خاکێک دەدۆشن.
 بیرمە کە دراوسێکەمان بە ڕۆژ یان بەیانیان بەگژ یەکدا دەهاتن و جنێویان بەیەکتر دەدا، دایکم دەیووت : منداڵان خێرا لۆکەکان بکەنە گوێتان یان بچنە ژوورەوە تا تۆفانی جنێوەکانیان بەیەکتری دەنیشێتەوە. ئەمڕٶش کە لەمێدیای حیزبەکانیش دەڕوانم دەمیان وەک پورە ئامە و حەسەنە درێژی دراوسێمانە ، ئەوەتانێ تورک داردەبرێت و بۆردومان دەکات و نیشتمان سوتماک دەکات و چەکدارەکانیان دەکوژێت .. کەچی گازندە لە کورد دەکەن گەریلا تاوانبار دەکەن و جنێو بە قەندیل دەدەن کە تورک لەبەر ئەوان سوپایی هێناوەتە سەریان، بۆیە دەپرسم:
 ئەرێ بەڕاست تۆ بڵێیت دراوسێکەمان و حیزبەکان بەسکێک لە دایک نەبووبێتن ؟

پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە