• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

لەهەمبەر داگیرکاری تورکیا دەتوانین چی بکەین!؟

Wednesday, 16/06/2021, 17:06

1167 بینراوە


لەم ڕۆژانەدا کتێبێکی "یوهان تێل"م خوێندەوە بە ناوی (100 ڕێگا بۆ رزگارکردنی جیهان).جیهان مەبەستی لە زەوییە، کە لەسەری ژیان دەکەین ..کتێبەکە سادەیە و ڕۆژانەش تاک بە تاکمان بەرخورد لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانماندا دەکەین، بەڵام نووسەر زۆرئاگایانە بیرمان دەخاتەوە، کە تاکی مرۆڤ دەتوانێت کامە بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ڕزگارکردنی ئەم زەوییە..!
 منیش پێم خۆش بوو، کە بەهەمان ڕێچکە بەبیری تاکی گەلەکەمی بێنمەوە، کە تاک دەتوانێت زۆرشت بکات، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە با واز لەگازندە و جنێو و هەڵچون و نووسینی پڕمەهزەلەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بڵاو کردنەوەی وێنەی داگیرکەران و کردەوەکانیان بهێنین، واز لە نزاکردن دوعاکردن بێنین.
تاکی کۆمەڵگای ئێمە، هەمیشە لە لاوازی خۆمانەوە ناتوانین بڕیارێک وەک تاک بدەین ...ئەوەش بەو مانایەی وا دەزانین ئێمە بەتەنیا هیچمان بۆناکرێت وهیچمان پێناکرێت، یان چاوەڕوانی ئەوە دەکەین، لە ڕێگەی خۆمانەوە کۆمەڵگا چاک بکەین و بگۆڕین، لەکاتێکدا ئێمە خۆمان "پێناگۆڕێت" خۆمان وەک تاکێکی ئازاد بەتەنیا ناتوانین هەنگاوێکی جیدی بنێین...ئێمە دەبێت لەو ڕاوکەرە بچین کە پلانی ئەوەی هەیە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ماسیە گەورەکە، ئەمەش ئەو کاتە دەبێت: مرۆڤ هەنگاوێک بنێت و بچێتە پێشەوە، دەبێت دووهەنگاو بە بەرامبەرەکەی پاشەکشێ پێبکات.
" ئێمە لەتورک توڕەین، جنێوی پێدەدەین، بەڵام هەموو شەوێک بەدیار درامای تورکییەوە دادەنیشین ...! بێئاگا یان بەئاگا ئەو کاڵایانە دەکڕین کە لە تورکیاوە بازرگانە ڕەوشت بەرزەکانمان هێناویانە بۆمان، خەو بە گەشتی تورکیاوە دەبینین و ڕۆژانە سەدان کەس گەشت دەکەن بۆ ووڵاتێک کە بەپلان لە هەوڵی داگیرکردنمان دادەنێن.ئێمە هەرگیز نەمان توانیوە لەگەڵ تەوژمی ئاودا سەوڵ لێبدەین.گوێ لەو هونەرمەندانە دەگرین کە خۆیان بەشێک بوون لەم قەیرانە ئەخلاقیە، کە ڕووبەڕوومان بۆتەوە ...گوێ لەو پەرلەمانتارانە دەگرین کە تا موچە هەبوو گەلێکیان دۆشی ئێستا باسی کەرامەت وخیانەت دەکەن ...! پشت بە چەکدارێک دەبەستین کە خۆی لە مزگەوتێکدا بەرماڵ دادەخا و دەرۆزە دەکات، بەتەمای ئەو چەکدارەین کە ئازادیمان بۆ فەراهەم بکات و سنورەکانمان بۆ بپارێزێت ..گوێ لە وەزیر و سەرەک کۆمارێک دەگرین کە لە عەرەبی شۆڤێنی خراپتر سەیری ڕەوشەکە دەکات و دێنەوە هەرێمە لاقەکراوەکەمان بەعەرەبی خیتابمان بۆدەدەن، یان ئەو هونەرمەندەنەی بە خەڵک دەڵێن : برا ئێمە چۆن ڕوو بەڕووی تورک ببینەوە خۆ ئێمە کڵاوەی ئەتۆمیمان نییە!
ئەمەنە هەمووی کۆمەڵێک قەیرانن، کە لە ماوەی ئەم ٣٠ساڵەدا بەپلان لەسەر شکۆی تاک بەتاکمان کراوە ..گەلێک بێئرادە، تاکی گەلێک لە ناو زەلکاوی داب و نەریت و ترسدا گاگۆڵکێ دەکەین ..ئێمە تا خۆمان ڕزگار نەکەین لە کۆت و پێوەندەکان مەحاڵە بتوانین ڕووبەڕووی داگیرکاری و نەخۆشی لەدەستدانی نیشتمان ببینەوە.تاک دەبێت هەڵگری بەرپرسیارێتی بێت ..دەنا ئەم ئاگرە هەموومان دەکاتە خۆڵەمێش.ئێمە دەزانین ژیان لەم دۆخەدا زۆر خراپە، بەڵام مردن بەو سەرشۆڕییە زۆر لەژیانمان لەسەر ئەژنۆکانمان خراپترە.لەو کتێبەی" یوهان تێل"دا سەد ڕێگا پیشان دەدات، کە تاک دەتوانێت چی بکات بۆ رزگارکردنی ئەو زەوییەی کە لە سەری دەژین.
ئێمە لە کەناڵەکانمانەوە لە نوسەر و هونەرمەندەکانمانەوە تەنیا گریان و درۆکردن و ساختەچێتیی فێردەبین، کە چۆن دەتوانین بە فێڵ کارێک ئەنجام بدەین، یان بە قسەی بێ مانای کۆمیدی پێ بکەنین، یان کچە مۆدێلەکان و کوڕە ڕیش ستایلی تورکەکان بەرنامە پوچەکانمان بۆ نمایش دەکەن، هەمووان دەزانین و دەبێت بزانین کە " مەترسی ترس و سڵەمینەوە هەزاران جار خراپترە لە خودی ترسەکە".ئێمە بیر لە ڕزگارکردنی جیهان ناکەینەوە، بەڵام ئەرکی تاک بەتاکمانە بیرلە ڕزگارکردنی خۆمان لەترس بکەینەوە، کاتێک تورکیا دارەکانت دەبڕێتەوە...ئێ خۆ تۆ دەتوانی لەحەوشی ماڵەکەت لە بەردەرگاکەت لە گەرەکەکەت لەگوندەکەت، لە هەرجێگەیەک بێت نەمامێکی تێدا بچێنی تا بەتورک بڵێ تۆ داردەبڕیتەوە من بەنەمام کوێرت دەکەم .

پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە