ریفۆرمخوازەكان كۆتایى بە دەسەڵاتى رەها دێنن؟!-راپۆرتى شیكارى

Thursday, 09/07/2009, 12:00

4904 بینراوە


ئەنجامى هەڵبژاردنى سەرۆكایەتى بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران لە نێوان (مەحمود ئەحمەدى نەژاد) باڵى (محافزكاران) و (موسەوى) باڵى (ریفۆرمخوازان) ناڕەزایەتیەكى زۆرى لە ناو گەلانى ئێراندا لێكەوتەوە، كە تا ئێستاش خۆپیشاندانەكان بەردەوامن، ئەمەش بەو پێیەى كە كارى ساختەكارى لە دیاریكردنى ئەنجامەكانى هەڵبژاردندا لە لایەن (محافزكار)ەكانەوە بۆ بەرژەوەندى خۆیان كراوە، ئەمەش زەنگێكى تەواو نیشان دەدات بۆ ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەى كە هەمیشە پەنا دەبەنەبەر شێوازە ساختەكارییە جۆراوجۆرەكان، كە دەیانەوێت گەلەكانیان بۆ مانەوى حوكم و دەسەڵاتیان كۆنتڕۆڵ بكەن و چیتر چاوەڕوانى رۆشنایى ئازادى تاكەكانى كۆمەڵگا نەكرێت.

دەسەڵاتى بنەماڵەى پەهلەوى
دواى كشانەوەى هێزەكانى (بەریتانیا) لە (ئێران)، یەكێك لە ئەفسەرەكانى سوپاى ئێرانى ئەو سەردەمە بەناوى (رەزا پەهلەوى) بوو، كە داواى سەربەخۆیى ئێرانى دەكرد، پاشان بووە وەزیرى جەنگ لەوكاتەشدا (سمكۆى شكاك) لە 6-10-1921 هێرشى كردە سەر شارى مهاباد و رزگارى كرد. لە ساڵى 1922 (رەزا پەهلەوى) بوە سەرۆك وەزیران و پاشان دواى (2) ساڵ بوو بە (شا)ى ئێران، لە ئەنجامى كۆبونەوەى كۆمەڵەى نیشتمانى كەوتە بەهێزكردنى دەسەڵاتەكەى لە ئێران دا بەگشتى و بە تایبەت لە كوردستاندا. لە 22-4-1926 رێككەوتننامەى دۆستایەتى نێوان (ئێران و دەسەڵاتى تورك) بەیارمەتى باڵیۆزى (بەریتانیا) بە ناوى (سیربرس مۆرن) لە ئێران بۆ دژایەتیكردنى جموجۆڵى كورد لە راپەرینەكانى (سمكۆى شكاك) هاتە ئاراوە، ئەوەبوو لە 21-6-1920 بە هۆى دەزگا سیخوڕیەكانى (رەزا شاوە) (سمكۆى شكاك) تیرۆر كرا, لە 22-1-1932 رێكەوتننامەى نێوان (ئێران و توركیا) بۆ گەمارۆدانى شۆڕشەكانى ئاراراتى بچوك بوو، ئەمەش لە پێناو ئاسانكردنى هێرشێكى تر بۆ سەر ئاراراتى گەورە، بە هۆى بەردەوام بوونى راپەڕینەكان لە لایەن (ئیحسان نورى پاشاوە).
ئێران تاكو 21-3-1935 پێى دەگوترا وڵاتى (فارس), بەڵاِم لە ئەنجامى بڕیارێك كە لە لایەن كۆمەڵەى نیشتمانیەوە درا، ناوى گۆڕدارا و بوو بە وڵاتى (ئێران) چیدى وشەى وڵاتى (فارس) لە كاروبارە رەسمیەكان و مامەڵەكردنى پەیوەندى ناوە و دەرەوەى وڵات نەما, دواى رێككەوتننامەى لە نێوان (ئێران و شانشینى عێراق) لە 18-7-1937 بۆ دژایەتیكردنى شۆڕشگێرە كوردەكان لە باشوورى كوردستان و سنوورى نێوان (عێراق و ئێران) پاشان هێزەكانى (روسیا و بەریتانیا) لە 25-8-1941 چوونە رۆژهەڵاتى كوردستان و وەك داگیركەر تیایدا مانەوە، لەوكاتەدا (رەزا شا)ى ئێرانیان لەسەر كورسى هێنایە خوارێ و (محمد رەزا شا)ى كوڕیان لە جێى دانا.
محمد رەزا پەهلەوى
بە هۆى بارودۆخى نوێى نێو دەوڵەتى و بەردەوام بوونى جەنگى جیهانى دووەم و گەشەكردنى بزوتنەوەى رزگاریخوازى نەتەوەیی و نیشتمانى بەگشتى، بە تایبەت بزوتنەوەى رزگاریخوازى كورد لە ناوچەكە و هەوڵدانیان بۆ گەشەسەندن و بەرخودان لە پێناو مافە رەواكانى گەلى كوردا، لەو سەردەمەدا قۆناغێكى نوێى دیكەى گەلى كوردبوو، كە هاوكات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەى رۆڵى سیاسەتى (ئەمەریكا) لە ناوچەكەدا هەر لەم روەوە دەتوانین بڵێین قۆناغ بە قۆناغ شۆڕشەكانى كورد لە پێناو بەرژەوەندى وڵاتە زلهێزەكاندا شكستى خواردوە و هەمیشە بۆتە قوربانى لاپەڕەكانى میژووى دەسەڵاتى سیاسیى وڵاتە زلهێز و هەرێمایەتیەكان، كە لەو سەردەمەشدا شكستى شۆڕشى كوردستانى رۆژهەڵات بە رابەڕایەتى (قازى محمد) و شۆڕشى (بارزان) لە باشوورى كوردستان دوو نموونەى زیندوون، كە لە 31-3-1947 (قازى محمد) و هەڤاڵانى لە گۆڕەپانى (چوارچرا) لە سێدارەدران, لە دواى شۆڕشى عێراقیش كە لە ساڵى (1958) عبدالكریم قاسم دەسەڵاتى گرتە دەست، حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران بە هۆى سەركوتكردنى دەزگاى (ساواك)ەوە چوونە قۆناغى نهێنیەوە، پاشان بە هۆى گەڕانەوەى (مستەفا بارزانى) لە یەكێتیى سۆڤیەتى پێشوو، چەند كەسێك لە رابەڕانى حیزبى دیموكراتى ئێران بۆ مەبەستى هاوكارى كردنى (بارزانى) بەرەو بەغدا رۆشتبوون، كە كەسایەتیە سیاسییە بەرچاوەكانى ئەوكات شەهید 0عبدالرحمان قاسملۆ) بوو, بەڵام لە هەمانكاتدا دەزگاى (ساواك) كە دەزگایەكى پۆلیسى نهێنى (شا)ى (ئێران) بوو، لە ئێراندا بەشێك لە رابەڕانى حزبى دیموكراتیان دەستگیر كرد، بە تایبەتى (عزیزى یوسفى و غەنى بلوریان) كە دوو ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى حزبى دیموكرات بوون و زیاتر لە بیست ساڵ لە زیندانى شاى ئێراندا ژیانیان بەسەر برد, یەك ساڵ دواتر واتە ساڵى 1959 دووبارە دەزگاى (ساواك) زیاتر لە 250 ئەندام و كادیرانى حزبى دیموكراتیان دەستگیر كرد، دواى سەرهەڵدانى ناكۆكى نێوان باڵى (مەكتەبى سیاسیى) و (بارزانى) لە ساڵى 1964پەیوەندیكردنى (بارزانى) بە دەوڵەتى (ئێران) لەوكاتەشدا ئەندامانى حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران كۆمیتەیەكى شۆڕشگێریان پیكهێنابوو، كە بریتى بوو لە (عبدالله و سلێمان)، كە كوڕانى وەزیرى ناوخۆى سەردەمى كۆمارى (مهاباد) بوون و (محمد امین رەوەند (سەراجى)و عبدالڕحمن قاسملۆ), لە ساڵى 1967 (بارزانى) بە (سامى عبدالڕحمن)دا ئاگادارى ئەو كۆمیتەیەى حیزبى دیموكراتى كردەووە و پێى راگەیاندن "یا لە بەغدا بمێننەوە و تەواوى كارى خۆتان رابوەستێنن، یا بۆ كوردستانى ئێران بگەڕێنەوە وهەموو پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێِمە بپچڕێنن"! ئەندامانى كۆمیتەى شۆڕشگێڕ رێگاى دووەمیان هەڵبژارد و لەگەڵ سەدكەس لە پەیڕەوانى خۆیان بە دوو جار لە مانگى مارس و تەموزى 1967 دا گەڕانەوە (ئێران, خەباتى ئەم گروپە لە سێگۆشەى نێوان (مهاباد، بانە، سەردەشت)دا قەتیس مابوون، ئەوەبوو لە ماوەى چەند مانگێك دا لە دواى كوژران و دیلبوونى هەندێكیان ئەنجامەكەى بە شكست كۆتایى هات، كە لە نێوان یانزە كەسى ئەندامانى كۆمیتەى شۆڕشگێڕ پێنج كەسیان كوژران و لە سێدارەدران، لەوانە (شریف زادە) و (ئەحمەدى شەڵماشى ناسراو بە مەلائاوارە) و (عبدالله ى معینى)، پاشان دەستگیركردنى (سلیمانى معینى) و شەهیدبوونى لە لایەن كوردانەوە، پاشان جەنازەكەى كە درایەوە بە دەسەڵاتى ئێران، دەسەڵاتى ئێرانیش لە شارى (مهاباد) پیشانى خەڵكیان دەدا، لەو روانگەیەشەوە كۆمەكى (ئێران) بۆ كوردەكانى عێراق بە باشى جێبەجێ دەكرا! هۆكارى ئەو پانۆڕامایەش هەمووى لەئەستۆى (عبداللەى ئیسحاقى)بوو، كە لە پاشان لە ریزكانى حزبى دیموكرات دەركرا.
هەڵوێستى حزبى دیموكراتى ئێران، بەرامبەر بە شۆڕشى ئەیلول
پێش پاشگەزبوونەوەى رژێمى بەعس لە رێككەوتننامەى (11)ى ئازارى ساڵى 1970 و راگەیاندنى خەباتى چەكدارى شۆڕشى كوردستانى عێراق لە لایەن سەركردایەتیەكەیەوە، لەوكات و ساتەدا حیزبى دیموكراتى ئێران بە رەسمى لە بەهارى ساڵى 1973بە هاوكارى حكومەتى عێراقى ئەوكات لقێكى بارەگاى مەكتەبى سیاسییان لە بەغدا كردەوە، كە كۆمەكى ماددى و سەربازیان لە حكومەتى عێراق وەردەگرت, ئەو هەلومەرجە زۆرى نەخایاند كە لە (11) ى مارسى 1974 دووبارە دژایەتى نێوان حكومەتى عێراق و شۆڕشى كورد سەرى هەڵدایەوە، لەوكاتەشدا حكومەتى عێراقى بەعسى داواى لە رابەرانى حیزبى دیموكراتى ئێران كرد، كە مەحكومكردنى شۆڕشى كورد و (بارزانى) رابگەیەنن, بەڵام حیزبى دیموكرات ئامادەنەبوون بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوە بنێن، لە بڵاوكراوەى (كوردستان) كە ئۆرگانى ناوەندى حیزبى دیموكرات بوو جێبەجێ بكەن، لە دەرەنجامى ئەو هەڵوێستەى رابەرانى حیزبى دیموكراتدا حیزبى بەعس هەموو هاوكارییەكانى خۆى لە حیزبى دیموكرات بڕى و پەیوەندى نێوانیشیان بەرەو نەمان چوو، جارێكى تر رابەرانى حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران بەرەو ئەوروپا و وڵاتانى دیكە بە رێكەوتن، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەشدا هاوكارییەكانى (ئێران) بۆ (شۆڕشى كورد) لە كوردستانى عێراق زیاتر بەرەو پێشتر دەچوو.
ئەنجامى رێككەوتننامەى جەزائیر
وەك هەموومان دەزانین و لاپەڕەكانى مێژوو پێمان دەڵێت هەمیشە كورد لە ناوچەى رۆژهەڵاتدا بۆتە قوربانى بەرژەوەندیەكان و لەو پێناوەشدا شۆڕش و سەرهەڵدانەكانى هەمیشە كپكراونەتەوە، ئەوەتا لە رێكەوتى 6-3-1975 رێكەوتننامەى نێوان (ێدام حسین و محمد رەزا شا) كە بووە هۆى شكست هێنانى شۆڕشى كورد، كە لە كۆبونەوەى 15-3-1975ى نێوان هەردوو وەزیرى ناوخۆى عێراق و ئێران (سعدون حمادى و عباس خلعت بەرى) لە ژێر چاودێرى وەزیرى ناوخۆى جەزائیر (عبدالعزیز بوتەفلیقە) بۆ پیادەكردنى ئەو رێكەوتننامەیە هەنگاو نرا، كە بووە هۆى توانەوەى ئەو شۆڕشە و ئاوارەبوونى سەدان خێزانى كورد لەناوچەكەدا, بەڵام خۆشبەختانە هێندەى نەخایاند گەلى كورد چۆكى دانەدا و لەماوەیەكى كەمدا سەنگەرەچۆڵەكانى شۆڕشى ئەیلوولى بە جوامێرەكانى میللەتەكەى پركردەوە و بانگەشەى شۆڕشى نوێى راگەیاند.
كۆتایى هاتنى دەسەڵاتى پەهلەوى
هەروەك سەرچاوە مێژووییەكان باس لە شێواز و پێكهاتەى وڵاتى ئێران دەكەن, كە ئێران لە رووى ئاینییەوە هەستێكى بە هێزى تێدایە، كە رێژەى ئەو هەستە ئاینییەش زیاتر خۆى لە مەزهەبى (شیعە)دا دەدۆزێتەوە, لەوكاتەشدا بە هۆى هەستى ئایینى دوورە ووڵات (ئایەتولڵا خومەینى) لە ئێران و مانەوەى چەندین ساڵ لە عێراق و فەرەنسا، پاشان دروستكردنى پارتى ئاینى لە ئێران، وایكرد رۆژ لە دواى رۆژ پێگەى خۆى لە نێو كۆمەڵگاى ئێراندا بە هێزتر بكات و رۆژێك لە رۆژان بتوانێت بیكاتە خۆپیشاندانێكى جەماوەرى و دەسەڵاتى پەهلەوى پێ لە ناو ببات، لەو سەردەمەدا تا دەهات گۆڕانەكان خێرا دەبوون و ئەوەبوو چەندین جار خۆپیشاندان لە زانكۆكانى تارانەوە دەستى پێكرد، رژێمى پەهلەوى بۆ ئەم مەبەستە و لە پێناو بەرگریكردن لە رژێمەكەى چەندین جار هەوڵى گۆڕان و چاكسازى لە دامودەزگاكانى دا كرد، بەڵام بێ سود بوو, چونكە كار لە كار ترازا بوو، رۆژ بە رۆژ خۆپیشاندانى میللەت و لایەنگرانى خومەینى بەرەو زیادبوون دەچوو، بۆیە لەوكاتەدا رژێمى پەهلەوى (شاهپور بەختیار)ى بەرهەڵستكارى لە 29-2-1978 كردە سەرۆك وەزیران، بەڵام دواجار ئەم هەنگاوەش سەرى نەگرت و لە 16-1-1979 (محمد رەزا شا) وڵاتى ئێرانى بەجێ هێشت و چووە میسر، پاشان دەسەڵاتى وڵاتى ئێرانى لە 1-2-1979 دایە دەست ئەنجومەنى وەزیران و خۆشى تا دوا تەمەنى لە(پاناما) جێگیربوو.
دامەزراندنى كۆمارى ئیسلامى
دواى سەركەوتنى شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران بە رابەڕایەتى (ئیمام خومەینى) لە 11-2-1979 كۆمارى ئیسلامى لە ئێران راگەیەندرا و دامودەزگا جۆراوجۆرەكانى وڵاتى ئێران لە 1-4-1979 بە ناو لەسەر شێوازى كۆمارى ئیسلامى نوێ بە سیستمێكى دیموكراتى لە پێناو چارەسەركردنى كێشە بنەڕەتیەكان دێتە كایەوە، بە تایبەتى كێشەى كورد لەو وڵاتەدا، ئەمە نەك هەروا دەرنەچوو، بەڵكو بە پێچەوانەوە بە پێى ئەزموونى 30 ساڵ دەسەڵاتى ئیسلامى لە ئێران زیاتر دژایەتى مافەكانى رەواى گەلى كورد كرا، بە ناوى ئەوەى دەسەڵاتى ئێران ئیسلامیە و لە ئاینیشدا مافى نەتەوەیى نییە، بەڵكو هەمووى لە ژێر چەترى ئاینى ئیسلام بە ناوى (ئووممەى ئیسلامى)یەوە لە پاشاندا لە راپرسیەكى گەلانى ئێراندا دەستووریان پەسەندكرد، ئەوەبوو لە 12-9-1979 دەستوورى كۆمارى ئیسلامى ئێران راگەیەنرا، ئەو دەستوورە بڕیارى سێ دەسەڵاتەكە وەك (جێبەجێ كردن، یاسا دانان، قەزایى), هەریەك لەوانە سەربەخۆیى تەواوى خۆى لە بەرێوەبردنى دەوڵەت دا هەیە.
السلام على من یتبع الهدى
دواى هاتنە سەرحوكمى دەسەڵاتى ئیسلامى لە ئێران، حكومەتى عێراقى بەعسى بە فەرماندەیى (ێدام حسین)ى لە ناوچوو نامەیەكى پیرۆزبایى سەركەوتنى شۆڕشەكەى ئاڕاستەى (ئیمام خومەینى) كرد، (ئیمام خومەینی)ش بۆ وەڵامى ئەم پیرۆزباییە بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە: "السلام على من یتبع الهدى"! رژێمى بەعس بە گشتى و بەتایبەتى (ێدام حسین) بەم وەڵامەى (ئیمام خومەینى) زۆر گرژ و تووشى هستریا بوون، بۆیە لە مانگى حوزەیرانى ساڵى 1980 لە گۆڤارى (الف با) كە ئۆرگانى ناوەندى حیزبى بەعس و حكومەت بوو، ئەوانیش بە شێوازێكى ئیستفزازانە وتارێكیان لە ژێر ناونیشانى (الشاە المعمم) وەڵامى خومەینیان دایەوە! لە ژێر رۆشنایى ئەم دوو بیركردنەوە سەقەت و ملهوڕییەى دەسەڵاتى عەلمانى (بەعس) و ئیسلامیەتى (ئێران) دا كارەساتى گەورەترین جەنگى ماڵوێرانى هەشت ساڵەى نێوان عێراق و ئێرانى لێكەوتەوە، كە بووە هاڕین و مەرگەساتى زیاد لە ملیۆنێك مرۆڤ لە كۆمەڵگاى عێراق و ئێران، ئەمە جگە لە زیان لێكەوتنى ژێرخانى ئابوورى بە ملیارەها دۆلار لە سایەى دژایەتیكردنى دەسەڵاتى سیاسیى هەردوو لا و خستنەوەى مرۆڤى پەككەوتە و دیارنەمانى هەزاران مرۆڤى بێ سەرو شوێن لە هەر دوولا و وێران بوونى ناوچە و ژینگە لە سایەى دروشمى نەخوازراوى سیاسیى هەردوولا، كە لە پاشانیشدا دەركەوت ئەم جەنگە جەنگى بەوەكالەتى وڵاتانى زلهێزە و دەرەنجامى ئەم جەنگەش جگە لە ماڵ وێرانى بۆ گەلانى عێراق و ئێران پشكى قازانج تەنها بەر وڵاتانى زلهێز كەوت.
چارەسەر نەكردنى پرسى كورد لە كۆمارى ئیسلامى ئێراندا
هەر لە سەرەتاى هاتنە سەر حوكمى دەسەڵاتى ئیسلامى لە ئێران، گەلى ئێران بە گشتى و كورد بە تایبەتى خوازیارى ئەوەبوون كە ئەو دەسەڵاتە هاوشێوەى دەسەڵاتى پێشووى ئێران نەبێت، هەوڵدانبێت بۆ چارەسەركردنى پرسە چارەنووسسازەكانى گەلى ئێران بە تایبەتى گەلى كورد, چونكە لە سەرەتاوە دەسەڵاتى ئیسلامى لە ئێران دروشم و هەڵسوكەوتەكانیان وانیشاندا كە لەم پێناوەدا كاردەكات، بەڵام بەپێى ئەزمونەكانى ئەو دەسەڵاتە نەك هەروا دەرنەچوو، بەڵكو زۆر بە خراپى بەرەو رووى داخوازییەكانى میللەتى كورد بوونەوە بۆ نموونە رووداوى مانگى مارسى 1979 شارى (سنە) گەورەترین رووداوى خوێناوى بوو، كە لە ئەنجامى ناكۆكى نێوان مەلایەكى شیعە بەناوى (ئایەتولڵا سەفدەرى)، كە لەگەڵ (ئەحمەدى موفتى زادە) كە نوێنەرى (ئیمام خومەینى) بوو، لە رۆژى هەژدەى مارس دانیشتوانى شارى (سنە) بەرەو رووى هێزەكانى (خومەینى) و هێلیكۆپتەرەكان بوونەوە، كە (178) كەس كوژران، بۆ بەیانى لە رادیۆى ئێران (خومەینى) بۆ راگرتنى ئەو شەڕە بانگەوازى كرد, دواى ئاگربەست وەفدێك پێكهات لە (ئایەتولڵا تالەقانى و ئایەتولڵا بەهەشتى و بەنى سەدر)، كە لەوكاتەدا (بەنى سەدر) راوێژكارى سەرۆك وەزیران بوو لە دواى ئەو رووداوەش وەفدێكى كورد لە (28)ى مارس چوونە شارى (قوم) بۆ لاى (ئیمام خومەینى), كە شەهید (عبدالرحمن قاسملۆ) یەكێك لە وەفدەكە باس لەوە دەكات سەرەتاى دانیشتنى گفتوگۆ لەگەڵ (ئیمام خومەینى) بە باسى گشتى دەستى پێكردوو بە هیچ شێوەیەك نەدەچوونە ژێر بارى ئەوەى، كە باس لە چارەنووسى ئایندەى كورد بكات, هەموو ئەو رووداوانەى كە لە سەرەتاى دەسەڵاتى ویلایەتى (فەقیە) باس دەكرێت، لە رووى چاكسازى و گۆڕانەكان هیچى وا دەرنەچوو، بگرە جگە لە دژایەتیكردن بە كورد هیچى دیكە نەبوو، كە سەرەنجامى هەنگاوەكانى ئەم دەسەڵاتە سیاسییە ئیسلامیە لە (ئێران) تەنها نەخشە رێژكردن بوو بۆ شەهیدكردنى رابەڕانى كورد لە كوردستانى ئێراندا، ئەوەبوو رۆژى سێزدەى تەمموزى ساڵى 1989 (عبدالرحمن قاسملۆ) سكرتێرى گشتى حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران و هاورێیانى لە (ڤییەننا) شەهیدكران، دوابەدواى ئەو هەوڵانە دەسەڵاتدارانى بە ناو لەخوا ترسى رۆژى ئایندە جارێكى دیكە (سەعیدى شەرەفكەندى) و هاوەڵەكانى لە حەڤدەى سێبتەمبەرى 1992 لە فەرەنسا شەهید كردن, ئیدى لەوكاتەوە پرسى چارەنوسسازى گەلى كورد لە ژێر دەسەڵاتى سیاسیى ئیسلامى لە ئێراندا كەوتە جێگاى گومان و تا دەهات دەمامكى دوو روویى و خوانەناسى و مرۆڤایەتیان بەدەردەكەوت.
ئەزمونى سى ساڵ دەسەڵاتى ویلایەتى فەقیە
هەموومان دەزانین هەر لە سەرەتاى هاتنە سەرحوكمى دەسەڵاتى سیاسیى ئیسلامى لە ئێران، ئەم دەسەڵاتە خۆى لەسەر چەندین بیروڕاى جیاواز بنیات نابوو, كە زۆرجار دەگوترا لە ئێران هەر دەزگایە و بۆخۆى حكومەتێكە، ئەوەى چوبێتە وڵاتى ئێران بە باشى ئەم بیرۆكەیەى بۆدەركەوتووە, بەڵام چونكە هەر لە سەرتاوە ئەم دەسەڵاتە هەنگاوى ئەولەویەتى چەسپاندنى شۆڕش بووە لەو وڵاتەدا، بۆیە جیاوازى بیروڕاكان وەك خۆى دەرنەدەكەوت، بە تایبەت لە نێوان باڵى (محافزكاران و ریفۆرم خوازەكان)دا، كە ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ ئەو بیركردنەوەیەى كە لە ناو خودى باڵەكاندا وجودى هەبوو، كە نەیاندەویست سیاسەتى دەرەكى هەرەس بە پێگە و مەقامى دەسەڵاتى ئیسلامى لە وڵاتدا لەق بكات, بەڵكو هەوڵیاندەدا كە رۆژگارێك بێت بە شێوەى یاسایی لە ناو خۆیاندا و بەهێزى میللەت ئەم بیر و بۆچوونە یەكلا بكەنەوە، بۆ نموونە لە دەورانى شەڕى نێوان (عێراق_ ئێران)، (هاشمى رەفسەنجانى) ئێستاى باڵى ریفۆرمخواز سەركۆمارى (ئێران) بوو، پاشان دەورانى حوكمى سەرۆك كۆمارى كەوتە دەست خاتەمى كە بۆ سەلماندنى ئەم قسانەى سەرەوە خاتەمى لە بیرەوەریەكانیدا دەڵێت: "بەدبەختترین میللەت ئەو میللەتەیە، كە چاوى تەنها لە تاكە رابەرێك بێت"، قۆناغى دەورانى (رەفسەنجانى و خاتەمى) كە هەردووكیان لە هێڵى ریفۆرم خوازیدا كاردەكەن، زۆر هەستیار و ناسك بوو، بۆیە لەوكاتانەدا هەوڵى ئەم گۆڕانكاریانەیان نەدەدا و بەپێى راپرسیەكانیش دەركەوتوون، كە لە كاتى هەڵبژاردنەكانى (رەفسەنجانى) بە رێژەى لە (80%)ى دەنگەكانى گەلى ئێرانى بەدەست هێناوە، پاش كۆتایى هاتنى دەورانى ریفۆرم خوازان لە سەرۆك كۆمارى و گرتنە دەسەڵاتى سەرۆك كۆمار لەلایەن باڵى (محافزكار) بە نوێنەرایەتى (محمودى احمدى نەژاد) كە ئەم باڵە بە توندڕەوترین باڵى سیاسیى لە ئێران لەقەلەم دەدرێت، لە دەورانى سەرۆك كۆمارى (محمودى ئەحمەدى نەژاد)دا ئێران چۆتە قۆناغێكى مەترسیدار و وردە وردە متمانەى خۆى لەلایەن وڵاتانى جیهان لە دەست دەدا و، لە رووى ناوخۆیشەوە بە هۆى دیكتاتۆریەتیەكەیەوە و نەبوونى ئازادى لە نێو كایەكانى كۆمەڵگادا، بەرەو لە دەستدانى ئیعتیبارى سیاسیى هەنگاو دەنێ، بە تایبەتى لە نێو چین و توێژى رۆشنبیرى كۆمەڵگاى ئێراندا.
هەڵبژاردنى ساڵى 2009
رۆژى هەینى 12-6-2009 هاووڵاتیانى ئێران بە رێژەیەكى بەربڵاو چوونە بەردەم سندوقەكانى دەنگدان، كە بە گوێرەى راگەیاندنەكانى ناوخۆى ئێران و كەناڵە دەرەكیەكان، ئەمساڵ ئاپۆڕەى دەنگدەران لە ئێران لە ماوەى حوكمى سى ساڵەى دەسەڵاتیدا بێ وێنە بووە، بەپێى چاودێرانى سیاسیى ناوخۆ و دەرەوە، وا چاوەڕوان دەكرا كە باڵى ریفۆرم خوازان سەركەوتنێكى بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ، بەڵام كاتێك وەزارەتى ناوخۆى ئێران دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى راگەیاند و (محمود ئەحمەدى نەژاد) نوێنەرى باڵى (محافز كاران)ى بە هەڵبژێردرا و بۆ سەرۆك كۆمار دەستنیشان كرا، دواى ئەو راگەیاندنە تەواوى گەلى ئێران توشى شۆك بوون و بەگومانەوە دەیانڕوانیە دەرەنجامى هەڵبژاردنەكان، هەرلەم پێناوەشدا كەناڵى (العربیەو الجزیرەو BBC) لە دواى راگەیاندنى دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى ئێران چەندین چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەنگدەراندا كرد، كە كۆى وەڵامى دەنگدەران ئەوەبوو دەیانگوت: "ئێمە دەنگمان بە نوێنەرى ریفۆرم خوازان داوە، كەچى دەنگەكانمان وەك پێویست دیارنیە"، هەرلەم پێناوەشدا (موسەوى) ركابەرى (محمودى احمدى نەژاد) دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى بە ساختە لە قەڵەم دا، هاوكات داواى لە هەوادارانى خۆى كرد كە لە ئاست ئەم خروقات و ساختەكاریەدا بێدەنگ نەبن و رێپێوانى هێمنانانەى خۆیان سازبدەن، ئەوەبوو دواى ئەم ئاگادارییەى (موسەوى) تەواوى چین و توێژەكانى كۆمەڵگاى (ئێران)ى بە گشتى و خوێندكارانى زانكۆى تاران بە تایبەتى، خۆپیشاندانى خۆیان لەمەیدانى (ئازادى و ئینقلاب)دا بەجێ گەیاند، بەڵام هەر لە سەرتاوە هێزە ئەمنیەكانى (ئێران) بە تایبەتى بەشى (وەزارەتى ناوخۆ، بەسیج، سوپاى پاسداران) بێ رەحمانە كەوتنە گیانى خۆپیشاندەران و تەقەكردن لێیان، ئەوەبوو چەندین شەهیدى لێكەوتەوە.
وتارى ئایەتولڵا عەلى خامەنەئى
رۆژى هەینى 19-6-2009 (ئایەتولڵا عەلى خامەنەئى) رابەرى ئینقلاب لە درێژەى وتارى رۆژى هەینى لە تاران بە توندى هەڵوێستى ریفۆرم خوازانى مەحكوم كرد و بە دەستى دەرەكى لە قەڵەم دا، داواشى كرد خۆپیشاندەران نەبنە تێكدانى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران، لە هەمانكاتیشدا هەڵبژاردنەكانى بە هەڵبژاردنێكى پاك وەسفكردو هەڵبژاردنى (محمود ئەحمەدى نەژاد) بە سەرۆك كۆمارى گەلى ئێران ناساند، ئەم پشتگیریكردنەى (ئایەتوڵڵا) بۆ (محمود ئەحمەدى نەژاد) وەڵامێكى توندبوو بۆ ریفۆرم خوازان، ئەوەش دەركەوت كە (عەلى خامەنەئى) بێلایەنى خۆى لە دەستدا و پشتگیرى خۆى بۆ (محافز كاران) ئاشكراكرد، هەر لە وتارەكەشیدا بانگەشەى كرد كە بە هیچ شێوەیەك هەڵبژاردن دووبارە نابێتەوە، ئەوەى ئەو داوایەش دەكات ئەوا دەستى دەرەكیە بۆ تێكدانى رەوشى ئاسایشى ئێران.
انا لله وانا الیە راجعون
(حسین موسەوى) ركابەرى (محمود ئەحمەدى نەژاد) و سەر بە باڵى ریفۆرم خوازە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانى نەخشەسازى شۆڕشى ئسلامى ئێران، كە وەڵامى وتارەكەى هەینى (عەلى خامەنەئى) بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە و گوتى: "انا لله وانا الیە راجعون"، ئەم وەڵامە وەڵامێكى زۆر قورس بوو، نەك تەنها بۆ (عەلى خامەنەئى) رابەرى (ئینقلاب)، بەڵكو بۆ تەواوى ویلایەتى (فەقیە) وەڵامێكى چاوەرواننەكراو بوو، بەڵام (موسەوى) و تەواوى باڵى ریفۆرم دەزانن، كە دەنگى هەڵبژاردنەكان ساختەكارى تێداكراوە و پشت ئەستورن بە خۆپیشاندەرانى گەلى ئێران، بۆیە بێگوێدانە زوڵم و زۆرى دەزگاكانى سەركوتكردن، رۆژانە لەگەڵ (مهدى كەروبى) هاورێ و تەواوى هەودارانى لە مەیدانى (ئازادى و ئینقلاب) لە نێو ئاپۆڕەى خۆپیشاندەراندان، ئەوەبوو سەرەتا دەزگا ئەمنیەكان (5) كەس لە بنەماڵەى (هاشمى رەفسەنجانى) كە لە خۆپیشاندانەكاندا بوون دەست بەسەر كران، بە تایبەت (فائزەى كچى هاشمى رەفسەنجانى و هاوسەرەكەى)، رۆژانە شەپۆلى ئەم خۆپیشاندانانە تا دێت بەرفراوانتر دەبێت و تەواوى شارەكانى (تەبرێز، شیراز، ئەێفەهانى) گرتۆتەوە، تەنانەت شارە كوردیەكانیش بۆ پشتگیریكردنى دەنگى ریفۆرم خوازان وردە وردە ناڕەزایەتى تیا بە دەركەوتووە، دەكرێت بڵێین دەسەڵاتى (محافز كاران) لە ئێران ئامادەنین راستى رووداوى هەڵبژاردنەكان ئاشكرا بكەن، ئەمە لە لایەك لە لایەكى دیكەشەوە باڵى (ریفۆرم خوازان)یش بەڵێنیان داوە، كە تا بەدیهێنانى ئامانجەكانى هەڵبژاردن دەست لە خۆپیشاندان هەڵنەگرن، هەر بۆیەشە (خاتەمى) ئیشارەتى دا و وتى: "مجلیس ێیانە دەستوور بێلایەن نییە"، كە ئەم وتەیەى (خاتەمی)ش بەشێكە لە هەڵدانەوەى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى (محافز كاران).
دەستوورى ویلایەتى فەقیە
دواى تێپەڕبوونى سى ساڵ بەسەر حوكمى دەسەڵاتى سیاسیى ئیسلامى لە ئێران، كە خاوەنى دەستوورە كەچى دەبینین دامەزرێنەرانى شۆڕش و دەستوور پێچەوانەى داخوازیەكانى میللەت دەجوڵێنەوە، دەیانەوێت خۆیان بكەنە دەسەڵاتێكى دیكتاتۆر و كپكردنەوەى بیروڕاجیاوازیەكان لە ئێراندا، هەرچەندە لە دەستوورى ئێراندا بە تەواوى وا دەردەخات، كە هەموو بەڕێوەبردنى كارەكانى دەوڵەت تەنها لە گروپێكى دەسەڵاتدا كۆبوەتەوە، كەچى ئێستا (باڵى ریفۆرم) و گەلى ئێران بە دواى مافى بیروڕاكانى خۆیاندا كەوتوونەتە سەر شەقامەكان و دەسەڵاتى رەها رەت دەكەنەوە، هەندێك لە نموونەكانى دەستوورى ویلایەتى (فەقیە) ئەمانەن:
_ رادەى دەسەڵاتى سەرۆكى ئاینى ویلایەتى فەقیە بە پێى یاسا لە بەندى 57 دەڵێت: "ویلایەتى فەقیە بەرزترین دەسەڵاتى وڵاتە و هەموو ئۆرگانەكانى سیاسیى و لەشكرى و كۆمەڵایەتى و ئاینى لە ژێر فەرمانیدایە".
_ لە بەندى 59ى دەستووردا دەڵێت: "هەر پرس و كێشەیەكى سیاسیى و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ئابوورى وڵات كاتێك پەسەند دەكرێت، كە 3|2ى بەشداران دەنگیان بۆ دابێت، بەڵام ئەگەر ولایەتى فەقیە پەسەندى نەكرد، دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.
لێرەدا دەردەكەوێت كە گەلى ئێران سى ساڵە بە دەست دەسەڵاتێكى رەهاوە پەنگى خواردوەتەوە و نایەوێت چیتر لە ژێر دەسەڵاتى تاك رەویدا ژیان گزەر بكات.
ئاڕاستەى خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ؟!
ئەو خۆپیشاندانانەى ئەمڕۆ كە لە شار و شارۆچكەكانى ئێراندا و بە پاڵپشتى باڵى (ریفۆرمخوازەكان) دەبیندرێت، هەموومان دەزانین كە تا دوێنێ ئەندامى بەرزى باڵى (ریفۆرمخوزەكان) خۆیان دامەزرێنەرى شۆڕشەكەى ئێران بوون، بەڵام وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە سەرەتاى شۆڕش ئەوان ئەوەلیاتى كاریان ئەوەبووە، كە شۆڕشەكە لە وڵاتدا بچەسپێنن، بەڵام بەو مانایە نا كە هەموو مافەكانى گەلى ئێران زەوت بكرێت و وڵات غەرقى گەندەڵى و دەسەڵاتى رەهاى تاك رەوى بێت، هەرچەندە لە 9\ 7\ 1999 خوێندكارانى زانكۆ لە تاران خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام ئەم خۆپیشاندانە لە لایەن ئەندامانى (جمعییت موتلفە ئیسلامى) كە ئەم جەمعیەتە لە لایەن (واعیزى تەبەسى و ئایەتوڵڵا مەهدەوى كەنى) سەرپەرشتى دەكران، سوكایەتیەكى زۆریان بە (ئایەتوڵڵا مونتەزەرى) كرد، كە داینەمۆى خۆپیشاندانەكان بوون، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەى ئێستا جیاوازیەكى زۆرى هەیە، چونكە تەواوى جیهان لە گۆڕاندایە و كۆمەڵگاى وڵاتانیش وشیار بوونەتەوە لە هەموو شێوازێكى دیاریكردنى مافى خۆى لە چوارچێوەى ئەو دەسەڵاتەى كە هەیە، ئەم خۆپیشاندانەى ئێستاى ئێران كە شارەكانى (تاران، تەبرێز، شیراز، ئەسفەهان) و بەم دواییانەش شارە كوردیەكانى وەك (بۆكان، موكریان) بە ئاگادارى پارت و لایەنە سیاسییە ئۆپۆسزیۆنەكانى ناوەوە و دەرەوەى وڵات دەچنە پاڵ پشتگیرى كردنى خۆپیشاندەرانى تاران و شارەكانى دیكە، كە دەكرێت بڵێین، بەرفراوان بوونى حەلقەى ئەم خۆپیشاندانە كە رۆژ بە رۆژ سەرتاسەرى ئێران دەگرێتەوە، دەكرێت بڵێین ئەم فشارى خۆ پیشاندانى گەلى ئێرانە ئەوەى لێ چاوەڕوان دەكرێت، كە باڵى (محافزكار) چۆك بە هەڵەكانى خۆیدا بدات و دووبارە گۆڕانێكى بنەڕەتى لە دەسەڵاتى سیاسیى ئسلامى ئێراندا بێتەكایەوە.
گۆڕان لە ئێران و گۆڕان لە هەرێمى كوردستان
موسەویەكانى گۆڕانى ئێران شەو و رۆژ لە خۆپیشاندانى بێوێنەدان بۆ دەرخستنى راستیەكانى هەڵبژاردنە ساختەكاریەكەى ئەمجارەى ئێران و بێ جیاوازى تەواوى خیابانەكان بوونەتە مەشخەڵى بەگژداچوونەوەى دەسەڵاتى سیاسیى بۆ چارەسەركردنى گۆڕانى دەسەڵات لە ئێراندا، كە ئەمەش هەمووى دەگەڕێتەوە بۆ حوكمى سى ساڵ سیاسەتى نەبوونى ئازادى كایەكان لە ناو كۆمەڵگاى ئێران، بە تایبەت لە ناو چینى رۆشنبیران و ئازادى را دەربڕین لە میدیاكاندا. هەرێمى كوردستان كە 18 ساڵە ئازادى بە دەستهێناوە، دەتوانرێت بگوترێت كە موعاناتى كۆمەڵگاى كوردیش بەرامبەر بە دەسەڵات، هەمان گرفتیان هەیە، بەڵام چارەنووسى هەڵبژاردنەكان لە كوردستاندا نادیارە و كۆمەڵگاى كوردى خوازیارە، كە دەسەڵات لە هەرێمى كوردستاندا نەچێتە ژێربارى كارى ساختەكارى، چونكە بینیمان لە خیابانەكانى ئێراندا هەوادارانى (موسەوی) و 0موسەوى و مەهدى كەرووبى و خاتەمى)ش خودى خۆیان چۆن پێشڕەوایەتیان لە خپیشاندانى گەلەكەیاندا كرد، ئەگەر خۆ بە زلزانینى دەسەڵاتى هەرێم و ساختەكارى بێتە كایەوە، ئەوا لایەنگرانى (گۆڕان)یش لە هەرێمى كوردستاندا ناچار دەبن، كە پەیامى خۆیان لە ناو شەقامى شار و شارۆچكەكاندا را بگەیەنن، هەروەها ریفۆرمخوازەكان بە دەسەڵاتى محافزكارەكانیان راگەیاند كە كۆتاییتان پێدەهێنین، ئایا (گۆڕانخوازەكانى) هەرێمى كوردستانى بەرامبەر بە دەسەڵاتى رەها دەڵێن چى!
تێبینى: لەم چەند سەرچاوانە كەڵكم وەرگرتووە
_ كوردستان و كورد_ قاسملۆ
_ بزوتنەوەى نەتەوەى كورد و هیواى سەربەخۆیى، بەرگى یەكەم_ كریس كۆچێرا
_ بزوتنەوەى نەتەوەى كورد و هیواى سەربەخۆیى، بەرگى دووەم_ كریس كۆچێرا
_ ئایندەى بارودۆخى ئاسایش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا_ نۆرا بێنسال_ ل. بیمان
_ رۆژنامەى كۆنگرە_ دەرچووى ئەوروپا
_ كەناڵى العربیە، bbc

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە