تۆبەكەى تاڵەبانى قەبوڵ نییە

Thursday, 15/03/2012, 12:00

2616 بینراوە


من زۆر شارەزایم لە ئایندا دانییە، بەڵام ئەوەى كە بیستوومە كاتى یەزدان لێپیچینەوە لە مرۆڤەكان دەكات، باس لەتەمەنى گەنجى دەكات، كەسێك كە هەموو تەمەنى گەنجى لە خراپەكاریدا خەرج كردبێت و دواتر لەسەرە مەرگدا تۆبە بكات تۆبەكەى لێ قەبوڵ ناكرێت ، یان وەك ئەو كەسە حیسابى بۆ ناكرێت كە هەر لەتەمەنى گەنجیدا رێگەى خواپەرستى گرتووە و لەسەرەمەرگیش تۆبە دەكات، ئەگەر ئەم قسانە بۆ رەهەندى ئاینى راست بێت، ئەوا بۆ رەهەندەكانى تری ژیانیان راست و گونجاوە.
- پێش ئەوەى بچمە سەر ناوەڕۆكى باسەكەم، دوو نمونە بۆ ئەو مەبەستە دەهێنمەوە:
لە بیرمە مام سابیر كە پیاوێكى تەمەن 50ساڵە بوو ، چەند ساڵێك لە گەڕەك دراوسێمان بوو، دواى ئەوەى بڕیارى دا ژنى دووەم بێنێت ، لەلایەن كوڕ و كچەكانى كە گەنج بوون رێگڕی لێكرا و هەڕەشەى ئەوەیان لێكرد ، ئەگەر بێت و ژن بەسەر دایكیان بێنێت ئەوە حاشاى لێدەكەن و دەچنە لاى دایكیان، بەڵام مام سابیر ئەو كاتە هێشتا بە بەریا مابوو هاوكات زەنگینیش بوو، گوێى بە قسەى منداڵەكانى نەداو، هێنانى ژنانى دووەمی پێ باشتر بوو لە حاشاكردنەكە، بەڵام رۆژگار هات و تێپەڕى مام سابیر پیر و پەك كەوتە بوو، بەم هۆیەشەوە گەڕایەوە لاى ژنى یەكەم و منداڵەكانى، هەرچەندە ژنى یەكەم و منداڵەكانى وەریان گرتەوە، بەڵام ئەو سۆز و خۆشەویستیەیان بۆی نەبوو، كە جاران بۆیان هەبوو، لەوەش تێگەیشتن ئەو لەبێئومێدى و بێهیواى ژیان ئەم پەشیمانیە دەردەبڕێت.
- نمونەى دووەم بەمام عوسمانى ناسیاومان دەهێنمەوە ، ئەو پیاوێكى زەنگین بوو، بەڵام تابڵێى رەزیل بوو ماڵەكەى خۆى نەدەخوارد و ژن و مناڵەكانى هەمیشە گلەییان لێى هەبوو ، كە لەسەر ئەم سەروەت و سامانە هەمیشە برسی و بێ جلوبەرگن، رۆژان هات و تێپەڕى مام عوسمان توشى نەخۆشى شێرپەنجە بوو، بەم هۆیەشەوە لە سەرەمەرگدا وەسیەتى ئەوەى كرد زۆربەى سەروەت و سامانەكەى ببەخشن و خێرو سەدەقەى بۆ بكەن، بەڵام لەپاش مەرگى منداڵەكانى كەوتنە دابەشكردنى میراتەكەى بەسەر خۆیان و تەنانەت یەك دیناریشیان بۆ نەكرد بەخێر، چونكە منداڵەكانى دەیان گووت" مادام تاخۆى مابوو لە ژیان خێر و چاكەى نەكرد ئێمە بۆچى بۆی بكەین.

تائێرە چەند نمونەیەكى باسەكەم بوو ، ئەوەى كە دەمەوێت باسى لێوە بكەم دیمانەكەى مام جەلال سكرتێرى گشتى یەكێـتى نیشتیمانى كوردستانە لە چەند رۆژى رابردوو لەگەڵ رۆژنامەى هاوڵاتى سازیدابوو، من پێموایە خودى ئەنجامدانى دیمانەكەى تاڵەبانى لە بێئومێدیدایە و ویستى لە رێگەى رۆژنامەى هاوڵاتى لە دواساتەكانى تەمەنى خۆشەویستى خۆى بۆئەو كەسانە بگەرێنێتەوە كە لێى زویرن. ئەگەر نا بۆچى چەند ساڵێكە بایكۆتى رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكانى كردووە و دیمانە لەگەڵ كەسدا سازناكات.

تاڵەبانى كە نزیكەى 40ساڵە سكرتێرى حزبەكەیەتى و لە شەش كۆنگرەى حزبەكەى بە بێ ركابەر بەسكرتێر هەڵبژێردراوەتەوە، بەڵام لە دواساتەكانى ژیانى و لەبێ ئومێدى ئەوەى تەمەن رێگەى پێنادات خولێكى تر ببێتەوە سكرتێرى حزبەكەى، ئینجا دەیكات ب ەپیاوەتى و دەڵێت" مانەوەى سەركردەكان تا دواهەناسە لەهەڕەمى دەسەڵاتدا بە خراپ وەسف دەكات، ئاشكراى دەكات لەگەڵ ئەوەدایە كات یان دوو خول دابنرێت، بۆ سەركردەكان . دەشڵێت "لە كۆنگرەى داهاتوودا ئەو پێشنیارە دەكەم".
مام جەلال لە17ى شوباتى ساڵى رابردوو ئەمساڵدا پیاوەكانى ئەو پەڕى بێویژدانانە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانى مەدەنى وەستانەوە، كەچى نوقەیەكى لێوە نەهات، بەڵام لە ئێستاداو لەدواساتەكانى تەمەنیدا دەڵێت" بەتوندى ئیدانەى ئازاردانى رۆژنامەنووسان دەكەم و بەپێچەوانەوەو دژ لەگەڵ بیروباروەرى یەكێـتى ناودەبات و جەختیش لەسزادانى ئەو كەسانە دەكاتەوە كەئەو كارە دەكەن، من پێموایە تاڵەبانى لەبێومێدى ئەم قسانە دەكات و ئەم قسانەى لەبێئومێدى تەمەن و بێ هیوا بوونیەتى لەژیان، بۆیە وەك تۆبەى سەرەمەرگ ، تۆبەكەى تاڵەبانى قەبوڵ نییە.

 ئەم وتارەم بۆ چەند دەزگایەكى ئەهلى و ئۆپۆزیسیۆن نارد، بەڵام تەنیا دەستخۆشیان كرد و داواى لێبوروردنیان كرد لەوەى ناتوانن بڵاوى بكەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە