هانی هانیەكەی پارتی

Saturday, 22/08/2015, 20:52

3576 بینراوە


سروشتی دیكتاتۆر جیاوازیەكی ئەوتۆی نیە جا ئەم دیكتاتۆرە لەشەرق بێت یا لەغەرب.. لەكیشوەری ئاسیا بێت یا ئەفریقیا،لەئەمریكای لاتینا بێت یا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.. هیتلەر فرنی غازی بۆ قەتلوعامی جولەكەكان دامەزراند..سەدام حوسینیش كوردی ئەنفال و كیمیابارانكرد.. كیم جونغ ایلی دیكتاتۆری كوریای باكور میللەتەكەی لەبرسا كوشت،لای خۆشمان سەرۆك زۆر باكی بەبێ موچەیی و وەستانی كاروكاسبیەوە  نیە..
دەڵێن سەدام  رێژەی سەدا پێنجی داهاتی نەوتی عیراقی بۆ بنەماڵەكەی لەحیسابە بانكیەكانی دەرەوەدا دائەنا، لای خۆمان لەسەدا پەنجای داهاتی نەوت بۆ گیرفانی بنەماڵەی بارزانییە.
دیكتاتۆر هیچ ئینتمایەكی بۆ خاك و نەتەوە و ئینسانیەتیش نیە..
 مەسعود بارزانی زۆر ئاسایی بو لای سوپای سەدام بهێنێتە سەر هەولێر و پەرلەمانەكەی داگییر بكات تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتەوە دەست.. بەشار ئەسەد ئەمرۆ ئەوەی ئەیكوژێت میللەتە عەرەبەكەی خۆیەتی كە لەم وڵاتەدا خەڵتانی خوێنكراوە، هیچكات نە ئەمو نە ئەویش پەرۆشی میللەتەكەیان نەبونە..
دیكتاتۆرەكانی رواندا و بۆسنیا و كەمبودیاش یاسا نێودەوڵەتیەكانیان ئەخستە ژێر پێیانەوە كاتێك لەگەل نەیارەكانیان مامەڵەیان ئەكرد، لای خۆشمان ساڵانە راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان قەبارەی پێشلیكارییە یاساییەكان دەرئەخەن كە دەسەڵات دژی مافە سیاسیەكان و مافە دیموكراتەكان و تاكەكەسیەكانیش دەیكەن و دەسەڵاتیش پێی پینە ناكرێت.
سەیركەن ئێستا لەم كوردستانەدا چی ئەگوزەرێت:
- دەسەڵاتی پارتی بۆ مانەوەی سەرۆكی ماوەبەسەرچویان لەسەر كورسیەكەیدا بەملیۆنان دۆلار وەكو بەرتیل و كڕینی ویژدانی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار و نووسەرو رۆژنامەنووسان سەرف دەكەن، تەنها بۆ ئەوەی پشتگیری لەپرۆسەیەكی ئاشكرای پێشیلكردنی یاسای بكەن و  ویژدان وئایین و ئەخلاقیشیان بفرۆشنە ئەم حیزبە.. خۆ سەدامیش كاتی خۆی لەپارەی نەوت دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم چەشنە بونەوەرانە سەرف ئەكرد!.
- بەجۆرەها هەڕەشەو گوڕەشەو تۆقاندنی خەڵك بەهەڵگیرساندنی جەنگ و ترساندنیان بەشەڕی براكۆژی پارتی هەوڵی درێژكردنەوەی ویلایەتێكی دووجار بەسەرچووی سەرۆكەكەیان ئەدەن، تەنها بۆ ئەوەی سەرەتای حوكمێكی دیكتاتۆریانە لەم هەرێمەدا بچەسپێنن.
- لەساڵانی شەستەكاندا حكومەتی عیراق هەزاران  دۆلاری بۆ كڕینی ویستگەی تەشویشی ئێستگەی شۆرشی كورد سەرف ئەكرد بۆ ئەوەی دەنگی میللەتێكی چەوساوە كپبكات، بەهانی هانیەكەی نەیئەهێشت قارەمانییەتی پیشمەرگەكان میللەت دلخۆش بكات، ئیستاش پارتی كە رابەری ئەو شۆرشە بو، بەملیۆنان دۆلاری داناوە بۆ تەشویش خستنە سەر كەناڵە ئاسمانیە نەیارەكان و  راگرتنی سایتەكان و ترساندنی نووسەر و رۆژنامەنووسە ئازا و دلێرەكان، كار گەیشتە ئەوەی بێ شەرمانە لە كۆبۆنەوەی فەرمی پارتی و یەكێتیدا داوای دەمكوتكردنی بەندە بكەن و گلەیی داڵدەانم بكەن لە زۆنی ئازادی سەوزدا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە خودی سەرۆكی هەرێمەكەیان فەرموبوی ئەوەی بە ئیمە رازی نییە با بارگەی هەڵگری و بڕوات!.
- كاتێك حافز ئەسەدی دیكتاتۆری سوریا مرد، بەشار تەمەنی 36 ساڵ بوو، بەپێی دەستور ئەبوایە تەمەنی 40 ساڵبوایە، بەڵام دەستورەكەیان بۆ گۆری و كردیان بە جێگرەوەی باوكە دیكتاتۆرەكە، ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە ئەگوزەرێت هەمان شتە لە پێشێلكردنی یاسا و دەستورێك كەجاری روناكیشی نەبینیوە كەچی بەدەس حیزبی دیكتاتۆرەوە ئەتك كراوە، جا دەستور  چ  فایدەیەكی ئەبێت ئەگەر بۆ تەنها كەسێك بنووسرێتەوە.
- لە مومارەسەی سیاسەت و حوكمرانیشدا هەمیشە دیكتاتۆر پەنای بۆ تەزویر و تەزویركاری بردوە، باسی رێژەی 99سەدی دیكتاتۆرەكان ناكەم كە مەحالە بۆ پارتی لێرەدا بچێتەسەر، بەڵام سەیركەن چۆن پارتیش وەك حیزبی بەعس لە رێگەی (جەبهەی وەتەنی دیموكراتی پێشكەوتنخواز)ی سەردەمی بەعسی لەناوچوو  چەندین حزبی كارتۆنی وەكو توركمان و مەسیحیی و ژمارەیەك لە حزبۆكەكانی بەناو نەتەوەوە دروست كردوە بۆ روتوشكردن و جوانكردنی روخساری دیكتاتۆریانە و لەهەڵبژاردنەكانیشدا سود لە كورسیەكانیان وەرئەگرێت.
- لە سیاسەتی حوكمرانی و بەرێوەبردندا،هەمان سیاسەتی دیكتاتۆرەكانی مێژوو دووبارە ئەكاتەوە، كۆڵەکەی ئەم سیاسەتەشیان"سەگەكەت برسی بكە بەدوات ئەكەوێت" بەهەمان پێوەرەوە میللەتیان برسی كرد بۆ ئەوەی هەمیشە چاوی لە دەستی ئەوان بێت، نەیانهێشتوە میللەت لەوە تێبگات كەوا بەشیان هەیە لە سەروەت و سامانی ئەم هەرێمەدا.
-تەنانەت لەپەیوەندییە سیاسەكانیشیاندا هەمیشە خۆیان بەحیزبی قائید و ئەوانی تریش بە پاشكۆ زانیوە، بۆیە ئەمرۆ  سەرۆكی پارتی لە تاڵترین و ناخۆشترین رۆژگاریەتی، لەبەر پرۆژەی ئەو چوار حیزبەی ئەیانەوێ سیستەمی سیاسی بگۆرن كە ئەمەش لای ئەو شكاندنی شكۆمەندی و هەیبەتی سوڵتانیەكەیەتی، ئەو وەك زاتێكی موقەدەس تەسەوری نەئەكرد رۆژێك  لەرۆژان كەسێك یا لایەنێك زاتی ئەوە بكات بەرامبەری بوەستێت، ئەو بەعەقلیەتی عەشایەرییەكەی وا راهاتوە خەڵك كۆیلە بن ئەویش ئاغا.
لە كۆتاییشدا دەڵێم" سوننەتی ژیان هەر وابوە قەت دیكتاتۆر تا كۆتا بۆی نەچۆتە سەر، سوننەتی خواییە هەر ئەبێت لەسەر دونیاش ببێت بەپەند و عیبرەت. قەت مێژوو سزای ئەم دیكتاتۆرانەی فەرامۆش نەكردوە، بەچاوی خۆمان چارەنووسی دەیانیانمان بینی، چارەنوسی ئەوەی خۆشمان باشتر نابێت لەوانیتر، چونكە ئەمە حوكمی مێژووە بەسەر هەمو دیكتاتۆریك كە فیرعەون ئاسا  ئەڵی" من خوای گەورەی ئێوەم".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە