شەرەفمەندی لەچیدایە ژنەكەی خۆت بخەینە ژێر بەتانی نەیارەكانتەوە

Sunday, 09/08/2015, 10:32

10848 بینراوە


مەلا كریكار بەقسەیەكی زۆر جوان وەسفی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەكات و ئەڵێ" ‌هەر كەس پێنج شەهادەی دكتۆراو ماجستیری هەبێت و،خاوەن دە پانزە بەكالۆریۆسیش بێت، ئەگەر ئوستازی جامیعەو پرۆفیسۆریش بێت، كە چووە ناو پارتی، بە كەر و گایی دێتە دەرەوە"!.
ساڵی 2008 بەكارێكی رۆژنامونووسی رێم كەوتە ئەنجومەنی وەزیران و كارەكەش لای سەرۆكی دیوانی ئەنجومەن بوو كە پلەی دكتۆربوو، بەڵام بەوە ناسرابو، كە پیاوێكی بەدرەوشتە و پۆستەكەی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكار ئەهێنێت.
یەكەمجاریشم بو ئەم پیاوە ببینم و هەر لەسەرەتای دانیشتنەكەمانەوە بەبێ هیچ موناسەبەیەك وەكو ئەوەی بیەوێت عەرزی عەزەلاتی حیزبەكەی بكات ، یاخود من بترسێنێ وهەوڵ بدات بەم رێگایەوە وام لێبكات كاری رۆژنامەنووسیم لە رۆژنامەیەكی دەولیدا بیخەمە خزمەتی ئەوانەوە، كەوتە باسكردنی حاڵەتێك كە زۆر سەرسامی كردم. وتی لە ساڵانی نەوەدەكان كاتیك كوردستان كەوتبووە ژێر كاریگەری ئابلۆقەیەكی ئابوریی زۆر توندەوە، ئەو كاتەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراك هاتە جێبەجێكردن لەعیراقدا و كوردستانیشی گرتەوە،بەرپرسێكی عەرەبی سۆدانی لەكوردستان بەرێوەبەری بەرنامەكە بو. زۆرجار ئەم بەرپرسە كێشەی بۆ ئیدارەكەی پارتی لەهەولێر دروست ئەكرد. بەقسەی ئەو سەرۆك دیوانە گوایە حكومەتەكەی پارتی ویستویەتی لە رێگەی بودجەی ئەم بەرنامەیەوە چەند قوتابخانەیەك لە كوردستان دروست بكات، بەڵام ئەم نوێنەرەی نەتەوە یەكگرتوەكان رازی نەبووە،ئەوانیش واتە حكومەتەكەی پارتی هەستاوە بەناردنی ئافرەتێكی سۆزانی بۆ لەخشتەبردنی ئەو بەرپرسە و وێنەگرتنی لە ژووری نووستنەكەدا، ئیدی بۆ بەیانی بانگیان كردووە و وێنەكەیان پیشانداوە و پێیان وتوە ئەگەر ئەوەی ئێمە ئەمانەوی بۆمان نەكەی ئابڕوت ئەبەین لەهەمو دونیادا!.
ئەم كارەی پارتی بەر لەوەی ئابڕوچوونی بەرپرسەكە بێت، ئابروچونی هەمو میللەتی كوردە، چونكە ئەمە نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان بووە لە كوردستان، رەنگە ئەم كارەیان بۆ ئەوە بووبێت تا بتوانن سود لە بودجەی بەرنامەكە وەربگرن بۆ خۆیان، بەڵام لە روویەكی ترەوە ئەو راستییە دوو پات ئەكاتەوە كە پارتی وسەرانی بۆ پارەو دەسەڵات ئامادەن شەرەفی خۆشیان بفرۆشن.
ئێستا بەهۆی ئەوەی كەوا هەندی رۆشنبیرو پەرلەمانتار و خەڵكیتر لە دژی درێژكردنەوەی ماوەی بەغەدر درێژكراوی سەرۆكە موقەدەسەكەیانەوە هەڵوێستیان وەرگرتووە، پارتی وپاراستنەكەیان كەوتونەتە خۆ بە هەڵبەستنی تۆمەتی نائەخلاقی بۆیان، چەندین كچ و ژنی رێكخستنەكانیان راهێناوە بۆ ئەوەی تەشقەڵەی سێكسی بە هەندی لەمانە بكەن و دواتر بڵاوی بكەنەوە. ئەم كارەش كارێكی زۆر نامۆیە هەم بە كۆمەڵگەی كوردەواریی هەم لە بواری ململانێی سیاسیشدا، چونكە قەت شۆرشەكانی كورد بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوش پەنای بۆ فرۆشتنی كچ و ژنانی خۆی نەكردووە لە پێناو دەسكەوتێكی سیاسی.
ناشزانم شەرەفمەندی ئەم كارە لە چیدایە لەكاتێكدا تۆ كچ و ژنانی خۆت ئەخەیتە ژێر بەتانییەك لەگەل دوژمن ونەیارەكانتدا دەیانخەوێنیت.
خۆ ئەگەر مەسەلەكە ئەوە بێت وەكو چەكێك ئەم كارە بەكار بهێنرێت، خۆ سەرانی پارتیی و بەرپرسەکانیان فریشتە نین، ئەو مەسەلەیە و ئوتێلی خانزادی نزیك مەسیف شاهیدی هەزران كاری بێ شەرفانەی تێدا دەکرێت، كە تەنها و تەنها پیاوان و بەرپرسانی پارتی تێوەی گلاون.
باسی گەندەڵی ودزینی سامان و برسی كردنی میللەت و بێ ئومێدكردنی گەنجەكانمان خۆ ئەمانەش هەر ئەچنە خانەی ئەتككردنی كەسایەتی كوردەوە.
من پێموایە ئەو لایەنانەی ئێستا پارتیی و دەزگای پاراستنی بەم شێوە زۆر نزمە دژایەتییان ئەكات، ئەوانیش بایی خۆیان هەزاران بەڵگەی وێنەگیراوی وەكو ئەوانەی پاراستنیان هەیە بیخەنە روو، بەڵام ئەم كارە ئەوانیش بیكەن كاریكی شەرەفمەندانە نییە.
لە كۆتاییدا عەرەب ئەڵێ" الاناء ينضح بما فيه".
واتە پەرداخەكە هەر ئاوەكەی ناویەتی ئەیرێژێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە