ئەنجومونى شوراو .. لوشکە لوشکى جەمال غەمبار

Tuesday, 25/08/2015, 21:47

7878 بینراوە


جەمال غەمبار یەکێک بوو لەو پاڵەوانە قانونیانیەى یەکێتى نیشتمانى کە ئیمزاى لەسەر رەئى ئەنجومەنى شوراى هەرێم ژمارە   ٣٠ لە    ١٧- ٨ – ٢٠١٥ کە ڕایەکى ئیلزامیە ، کرد . تیایدا هاتووە سەرۆکى هەرێم بەهەموو دەسەلاتێکیەوە ئەمێنێتەوە هەتا هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمى داهاتوو . ئەم بڕیارە لە پینە و پەڕۆیەکى یاساییى زیاتر هیچیتر نیە بۆدرێژکردنەوەى بەناهەقى ماوەى سەرۆکایەتى هەرێم، بەپێى بەندى یەکەم لەمادەى نۆ لەیاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێم ژمارە  ١٤ سالى ٢٠٠٨ ، کەیسەکە ئەبوایە لەڕوى شکڵیەوە وەرنەگیرایە، چونکە ئەو نوسراوەى پەڕلەمان لەلایەن سەرۆکى پەڕلەمان نەنێردراوە، ئەگەر لە لایەن سەرۆکى پەڕلەمانەوە نوسراو بنێردرایە لەڕووى بابەتیەوە ئەبوایە هەر نەبینرایە، چونکە ئەو مادەیە بەسەر ئەو جۆرە بابەتەدا جووت (تطبیق) نابێت، پینەکردنەکە کە ویژدانى هیچ یاساناسێکى زیندوو قبولى ناکات ، پەنا بۆ مادەى ٧٢ لەدەستورى عێراق ئەبات کە دور و نزیک بەم بابەتەوە پەیوەندى نیە, یان پەنا بۆ پرۆژەى دەستور ئەبات کە تەنها پرۆژەیە و کاری یپێناکرێت .
لەوانەیە بۆ دەزگایەکى وەها کارێکى ئاساییى بێت چونکە ئەوانەى کە لەوێدا دانراون زۆرینەیان کادرى حیزبن مەرجى یاسایان نییە یان لە لایەن پارتییەوە کڕدراون ، ئەوتا خۆیان کڕکردووە ونقەیان لە خۆیان بریوە . بەڵام ئەوەى کە پاڵنەر و هەوێنى نوسینى ئەم وتارە بو دەرکەوتنى کاک جەمال غەمبار بوو لە کەناڵى NRT کە لەلایەک بەرگرى لەو کردە ناقانونیە ئەکرد و پاکانەى سەرشۆڕانە و بێچاو و ڕوى ئەهێنایەوە . بەجارێک وەها شپرزە بوو کە بە یاساناسانى ئەوت یاساکار و بەشوراى ئەوت شوران، دەیەها جار ووشەى بیخوێننەوەى بەکارهێنا، بۆیە لێرەدا ئێمە لێدەپرسن لە بڕیارەکەدا هاتووە سەرۆک بەردەوامە لەدەسەڵاتەکانى  ئەڵێت کێ وا ئەڵێت ، ئەپرسن تۆ ئیمزات کردووە، خۆى گێل ئەکات، ئەپرسن سەرۆکى ئەنجومەنى شورا ئیمزای کردووە ، ئەڵێت لەخۆى بپرسن ئەمجا ئەڵێت سرى میهنەیە،  دواتر داواى بەڵگەى ئیمزا نەکردنى سەرۆکى ئەنجومەن ئەکات ، بۆ بینینى تەواوى چاوپێکەوتنەکە بڕوانە ئەم لینکە :
   ئەو قسانە پێش هەموکەس ئەیەوێت یەکێتیەکان هەڵبخەڵەتێنێت ، ئینجا وەکو خۆى ئەڵێت ئەدەب دۆستان وهەوادارانى، بەکورتى ، ئەم کابرایە ئەوەى نایزانێت قانونە، ئەهلى ئەو شوێنە هەستیارە  نییە ئیتر ئەوە حیزب وحیزبایەتى ئەم وڵاتەیە ، ئەمە هەلێکە هەتا بزانین ئەم غەمبارە کێیە ، زۆر سوپاسى ئەکەم  وەڵامم بداتەوە و  بڵێت وانیە .
غەمبارێک بەهۆى بەعسیبونى و تێکەڵاوى لەگەڵ دەزگاکانى بەعس لەتەمەنێکى گەنجیدا توانى لە تەلەفیزێونى کەرکوک (تەئمیمى جاران) بەرنامەیەکى ئەدەبى وەربگرێت، دواى تەواوکردنى زانکۆ هەتا سوپاى عێراق لەکوردستاندا بوو ئەم هەر سەربازێکى بەوەفاى قادسیەى سەدام بوو بەلام وەکو ئەو هەزاران سەربازە نەگبەت وبێچارانە نا ، کە لەمپەرى بەرەکانى جەنگى عێراق و ئێران و کوێت بوون، بەڵکو لەبەشى قەڵەم  جێگەى باش کاروبارى یەکە سەربازیەکانیان ئەڕواند ، ئەم جۆرە کارە تەنها بەکەسانى بەعسی و جێباوەڕ ئەدرا، چونکە نهێنى سەربازى تیابوو . ساڵى ١٩٨٤ بوو، حکومەت بێبەزەییانە و بە دەستە دەستە سەربازى هەڵهاتوى لە حامیەى سلێمانى (پارکى ئازادى ئێستا) و ئۆردوگاى سەربازى تانجەرۆ گوللە باران ئەکرد، کۆڕێک لەناو مەعەسکەر سەڵام زۆر شپرزە ئەپاڕایەوە ، لەوانە لە جەمال غەمبار، هەتا نووسراوێکى بدەنێ براکەى وەکو سەربازى هەلهاتوو گیراوە و پێشترخۆى تەسلیمکردووە و بۆ ئەوەى گوللە بارانى نەکەن، نەک هەر ڕووى ناداتێ بەڵکو دەری ئەکات ، ناچار سەربازێکى کوردى عەرەبىزان پێ بەجەرگى خۆیدا ئەنێت، داوا لە سەربازێکى عەرەب ئەکات و حاڵەکەى تێئەگەیەنێت ئەویش مەردانە نوسراوى بۆ ئەکات لە کاکى غەمبار ئەپرسن بۆ یارمەتیت نەدا ، ئەڵێت : واز لەو لادێیە سەگبابانە بهێنە با فێر نەبن.
دواى ڕاپەڕین  بۆ دوسێ ساڵیک ئەبێت بە پارێزەر، بەلام پارێزەرێکى نەزان و بێمتمانە و جانتا هەڵگرى پارێزەرێک بە ناوى سالار حەفید. لە گەڵ شەپۆلى کۆچى کوردان بۆ هەندەران لە سوریا  هەر خۆی گێڕاوێتەوە کەوا چۆن یەکێتی سوکایەتییان پێی کردووە و چ شتێکی ناشرینیان دوای خستبوو، (کاک جەمال گیان ئەوانە لە بیر ناچنەوە).
لە ناوەڕاستى نەوەدەکان بەولاوە ئەمیش بەخێزانى لە ئوسترالیا ئەگیرسێتەوە، ئەوەبوو لە کوردستانى نوێ پیرۆزبایى وەرگرتنى پەناهەندەیى سیاسى لێکرا، بەر لەخولى چوارەمى پەڕلەمان ئەگەڕێتەوە، ئەبێتە کاندیدى یەکێتى و لاى کوردسات سەرچۆپى هەڵپەڕکێکەى ئەدەنە دەست و بەڵام کەمترین دەنک ئەهێنێت، کە بەشى قاچەکورسیەکى پەڕلەمان ناکات، ئیتر ئەوە یەکێتیە و ئەوە جەمالیشىە هاتۆتەوە ، ئەبێت وەزیفەیەکى بۆ داتاشن ئەگەر لەسەر نەگبەتیی و نەهامەتى هەمو کوردیش بێت، هەرچەند مەرجى تەمەن و ڕاژەى قەزائى نەبوو، بەلام پاڵێکى یەکێتى ئاسایان پێوەنا و خستیانە لیستى ئەوانەى داواى بوون بەدادوەریانکردبوو، ئەبوایە لەسەرەتاوە قبوڵ نەکرایە، ئەوەش سیستەمى قەزائى ئەم وڵاتەیە، پێش مەرجى ئەم پرۆسەیە تاقیکردنەوەیەکە ئەم یاساناسە لەو تاقیکردنەوەیە (٢)لە (١٠٠)ى هێنا، واتە دادوەریشمان فت، ئەمجا یەکێتى کردى بەئەنجومەنى شوراى هەرێمى کوردستان، دور لەهەموو ڕێسایەکى دامەزراندن ئەوەتا لەمادەى (٢٣)ى یاساى ئەنجومەنى شورادا هاتووە : کە ئەبێت خاوەنى بکالۆرێسى یاسا بیت و(٢٠) ساڵ خزمەتى قەزائى یان پارێزەرایەتى هەبێت، ئەگەر ئەم شوراخوازە خزمەتى کۆمسێۆنى کۆچبەرانى ئوسترالیاشى بۆبهێنین هەر داواى قەرزمان لێئەکەن .
شورایە ک ئەمەحاڵى بێت ئەمە ئەندامى بێت، ئەبێت چ فتوایەک بدات چ رەئیەکى هەبێت چ ناوبژیوانیەک بکات چ بڕیارێکى دادگاى کارگێڕى جیابکاتەوە، جەمالێک بەکۆڵێک غەمى تەکێندراو لەهەموو مانایەک کلۆر و بۆش ، چیترى لێچاوەڕێ بکرێت، ئەڵێت من مساوەمە ناکەم و دەست لەکار ئەکێشمەوە ، کاکە ئەگەر تۆ وەکو قانونیەک خاوەنى وێژدانێکى زیندوو ببویتایە قەت ئەو وەزیفەیەت قبوڵ نەئەکرد، بەڵام ئێستا خاوەنى دەستکەوتى زۆریت ئەو قسەیە لەم قەیرانى داراییە کڕیارى نییە ، کەواتە چ لەمپەرێک هەیە هەتا پارتى ئەم کوتاڵە هەرزانە نەکڕێت، ئەگەر بە گۆڕان بڵێیت لە وەزارەتەکانى تۆ خەڵکیان لێکڕدراوە دورنییە گردى زەرگەتەت بەسەرا بڕوخێنن، خۆ ئەگەر بە یەکێتى بڵییت، ئەڵین: ئێوە کوێراییتان داهاتووە لوشکە لوشکى غەمبار نابینن بەدەم بادەى گوڵڕەنگى شیعرەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە