دۆزەخی زەرد

Thursday, 27/08/2015, 20:06

3604 بینراوە


هاورێیەكم ئەندامی سەركردایەتیە پێی وتم كەوا لەیەكێك لە كۆبونەوەكانی ئەم دواییەی پارتی و یەكێتیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی پینج جارەی هەرێم و ئەندازیارە نازدارەكەی پێشكەوتنی هەرێم و، نمونە بەناو جوانەكەی ناو سەركردایەتی پارتی، گلەییەكی زۆری لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردبو سەبارەت بەداڵدەدانی ئەو نوسەرو رۆژنامەنوسانەی نەیاری پارتین یاخود لەدژی پارتی بابەت ئەنوسن، ناوی منیشیی بە تەحدید هێنابو كەوا چۆن ئەم پیاوەتان داڵدە داوە"؟!.
بارزانی و كۆیلەكانی بیریان چۆتەوە كەوا زۆنی سەوز  هەمیشە زۆنی ئازادیخوازان بوە، هەرواش ئەمێنێتەوە، زۆنی زەردیش دۆزەخێكە بۆ هەمو ئەو كەسانەی وەكو شیڤان ئازاد بیر ئەكەنەوە یا هەوڵی گۆڕانیك ئەدەن لەم سیستەمە دیكتاتۆرەی ئەمرۆ باڵی بەسەر هەولێرەكەمدا كێشاوە.
لەدوای خیانەتە تاریخیەكەی مەسعود بەرزانی خۆم و خێزانم ئاوارەی سلێمانی بوین، جارجار خەسوم بەرەحمەت بێت ئەهات بۆ سەردانمان، ژنیكی نەخوێندەواری عەشایەر بوو، بەڵام هەمو جاری بۆی ئەگێڕاینەوە كەوا لەدوای دەرچونی لەئاخیر سەیتەری پارتیەكانەوە هەستی بەسازگاری هەواكەی زۆنی سەوز ئەكرد، بەڵێ تەنانەت هەواكەشمان جیاوازە لەوان.
برواتان بێت ئەو كچە خنجیلانەی فەیسبوك (نمە نەریمان) ئەگەر لەهەولێربوایە ئەویشیان بەو تەمەنە چوار ساڵییەوە دەستگییر ئەكرد و ئەیانخستە ناو زیندانەكانی پاراستنەوە، ئەگینا باوك و دایكیان رەوانەی  زیندانەكانی ئاكرێ ئەكرد، خۆ سیخورەكانی سەدامیش كاتی خۆی هەمیشە بەدوای مناڵانی قوتابخانەكانەوە بون بۆ دەستنیشانكردنی هەڵویستی باوك و دایكیان، ئەم بەچكە بەعسیانەی هەولێریش كە ئێستا زۆربەیان پلەی راوێژكار و بەرێوەبەری گشتیان هەیە لەوانەوە ئەم دەرسانە فێر بون.
سەرۆكی حكومەت و جیگری سەرۆكی پارتی ئەیویست لەو گلەییانەی بەرامبەر داڵدەدانی ئێمەومانان وەك ئەوەی بیەوێت یەكێتیش پارتی ئاسا نەیارەكانی خۆیان تەسلیم بكاتەوە، چۆن ساڵانی حەفتاكان مەلا مستەفای باپیری سلێمان موعینی وهاورێكانی لە سەركردایەتی شۆرشی رزگاریخوازی كوردستانی رۆژهەڵاتی تەسلیم بە ئێران كرد و لەوێ لەسێدارە دران، مەسعود بەرزانیش لەوی كەمتر نەكرد كاتێك پەرلەمانی كوردستانی خستە ژێر پۆستاڵەكانی بەعسەوە و، بەم دواییانەش فەرمانیدا بە دەركردنی هەر كەسێك كە بە حوكمی ئەوانەوە رازی نەبێت، هەر بۆیەش سەیتەرەكانی سەردەمی براكۆژییان هێنایەوە و سەگیشیان بەردایە پەرلەمانتارەكانمان، ئەی ئەگەر نەیارە سەرسەختەكانیان دەست بكەوێت ئەبێ چییان لێبكەن.
جوزیف غۆبلزی وەزیری راگەیاندنى رژێمی نازی هیتلەری دەیوت" هەر كە گوێم لەوشەی رۆشنبیر ئەبێت، دەست بۆ دەمانچەكەم ئەبەم". پارتیش كە دوژمنی بابەكوشتەی سەقافەت و كلتوورە، بەهەمان شێوە گەورەترین دوژمنی خاوەن قەڵەمەكان و لەناویشیاندا خاوەن هەڵویستەكانە.. بۆیە هێلكەبارانكردنی مامۆستایەكی زانكۆی وەكو دكتۆر كەمالی سەید قادر رێك دەربڕی ئەو كلتور و شكستی ئەخلاقی سەرانی پارتییە نەوەك حەیابردنی ئەم دكتۆرە بەرێزە. كۆشتنی سەردەشت عوسمانیش، كوشتنی هەموو بنەمایەكی دیموكراسییە كە بە زوڵم و بوهتانەوە پارتی لكاندویەتی بەناوی حزبەكەیەوە.كۆچكردنی بەلێشاوی ئەمرۆی گەنجانی هەولێریش خاڵێكی رەشە بەنیوچاوانی پێنج حوكومەتەكانی نیچیرڤان و پارتەكەی و بۆ دە ساڵی حوكمی ناڕەوای مامەكەشیەوە.
شارەكەی من ئەمڕۆ غەرقی فرمێسكی دایك و باوكی ئازادیخوازانە، بەر لەوەی خەڵتانی خوێن بكرێتەوە ئەبێت دەیان و سەدان و هەزاران شیڤانی چاونەترسی تر  بێنە دەنگ..
شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی ئەفەرموی" ئەگەر بەدەست مردندا چارت نەبێت، شەرم و شورەییە بە ترسنۆكی بمریت".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە