ڕۆڵی ئەمریکا لە کوردستانی باشوور

Monday, 31/08/2015, 22:09

2429 بینراوە


کاریگەری ئەمریکا لەسەر باشووری کوردستان بەئاشکرا لەو کاتەوە دەستی پێکرد کەتوانی ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی بەناکۆکی شەڕی ناوخۆ بهێنێ ، ئەو کات دوو هێزەکەی باشوور(یەکێتی و پارتی) لەسەر پارەی گومرگەکان بەهەزارەها کوڕی هەژاریان بەکوژداو دواتر ئەمریکا پێکی هێنان. لێرەوە بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو پارتە بەناو سیاسیە کەخۆیان تەنها لە(دوو بنەماڵە)دا ئەبیننەوە تاڕاددیەکی باش وەك یەك دابەشکراو لەو ڕۆژەوە تا هەنووکە درێژە بەم شێوە لەسیاسەت ئەدەن. وە ئەبێ ئەوە لەیاد نەکەین کەوا سیاسەتی ئەمریکا تا ئەگاتە ساڵی ٢٠٠٣ بەرانبەر کورد تەنها لەبواری مرۆییدا خۆی ئەبینیەوە،واتا هەر کارێك پێی هەڵسابێ تەنها وەك یارمەتی مرۆیی و سۆزدارانە بوە،نەوەك شتی تر و چوبێتە خانەی سیاسەتی دەرەو بەرژەوەندی هەردوو لا. 
ساڵی ٢٠٠٣ ئەو کاتەی ئەمریکا عێراقی داگیر کرد بۆ یەکەمین جار کورد خرایە هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکە.هەر بۆیە لەپۆست عێراقدا چانسی سیاسی بۆ کورد ڕەخسێنراو کورد وەك دروست کەرەوەیەکی ئەو ووڵاتە دانرا کە وەك کاولبوەیەك سەیری ئەکرا. واتە گەر هەڵپەی کورد نەبوایە عێراق هەر ئەو کات پارچە پارچە ئەبوو،لێ چاوچنۆکی جەلال تاڵەبانی لەسەر ئاستی عێراق و مەسعود بارزانی لەسەر ئاستی کوردستان ،وای لێکردن بەرژوەندەی کورد بخەنە ژێر پێی خۆیان و ئەوەی تەنها لەبەرژەوەندی خۆیان بوو کردیان و جارێکی تر کوردیان خستەوە نێو ئەو گێژاوەی کەهەتا ئێستاش کەس نازانێ کۆتاییەکەی چۆن ئەبێ. عێراق جگە لەیاریەکی دۆڕاو بۆ کورد هەرگیز مایەی دڵخۆشی نابێ و کورد لەهەموو حکومەتەکانی پێشووش هەر بە زەرەمەند لێی هاتۆتە دەرێ. دیارە ئەم جارەش هەر وایە و خراپتریش.
ئەڵبەتە ئەمریکا ئەم جارە لەم قەیرانەی ئێستای کوردستان جگە لەوەی وەك چاودێرێك تەماشای ڕووداوەکان ئەکا،هیچ جۆرە جرپنیەك ناکا لەکارو باری قەیرانی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم،هەروەك چۆن خۆشیان دانیان بەوەدا نا کەئەوان بەدوور و نزیك دەست ناخەنە نێو ئەو قەیرانەو ئەوە تەنها کێشەی هێزەکانەو ئەبێ خۆیان لەسەری ڕێکبکەون. تاکە ئامانجێکی ئەمریکا ئەوەیە کە جارێکی تر شەڕێك دروست نەبێتەوە لەنێوان ئەو هێزانەی کەوا لەبەرەی داعش پێکەوە لەجەنگدان. هەربۆیە بەهەر شێوەك بێ جەنگی ناوخۆیی بەری پێ ئەگیرێ و بەربەستی بۆ دروست ئەکرێ لەلایەن ئەمریکاوە.
وەك ئاشکرایە ئەمریکا کاتێ عێراقی داگیر کرد نەیویست بەشێوەك عێراق جێبهێڵێ کەوا قەیران لەسەر قەیران دروست ببێ. ئەوان وا خوازیار بوون دیموکراسیەت بڵاو ببێتەوەو جێگای دیکتاتۆریەت بگرێتەوە.هەر بۆیە پێشبینی ئەکرێ مەسعود بارزانی جارێکی تر ئەو چانسەی نەمێنێ بۆ جارێکی تر وەك سەرۆکی هەرێم. دانەوەو جارێکی تر درێژکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم پێش ئەوەی شکستی هێزەکانی باشوور بێ،ئەوا شکستیکی گەورەی بەڕیوەبەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لەناوچەکە. لەبەرئەوە ئەگەر چی دەست تێوەردانیش نەکەن،ئەوا لانی کەم پشتگیری ئەو بیرۆکەیەن کە نابێ مەسعود بارزانی لەپۆستەکەی  بمێنێ.مەسعود بارزانی مایەی کێشەی دوور و درێژە لەناوچەکە نەك هەر بۆ کورد،بەڵکە بۆ ئەمریکاش. لەبەرئەوەی دەستی لەگەڵ تورکیاو داعش تێکەڵ کردوە و لەیەك بەرەن دژ بە کورد و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا. بۆیە پێ ئەچێ لە کۆتاییدا مەسعود بەناچاری خۆی لەو پۆستە دوور بخاتەوە. نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کەوا سیاسەتی ئەمریکا لەهەر شوێنێك بێ لەقۆناغی سەرەتاییدا وەك چاودێر و پاشان وەك ناوبژیوان و پاشان وەك ڕاوێژکار و دواتر وەك بڕیار دەر. لەماوەی ئەم ٢ مانگەدا باروو دۆخ وەك خۆی ئەمێنێتەوەو لایەنەکان تەنها یاری بەکات ئەکەن و ئەمەش بۆیەکەمین جارە کە پارتی نازانێ یاریکردن بەکات لە قازانجی ئەو نیە. پێداگری گۆڕان و یەکێتی و هەندێ هێزی تر لەم ڕۆژانەدا گەشەی زیاتر بەخۆوە ئەبینێ و زیاتر قاچی خۆیان لەزەویەکە گیر ئەکەن و زیاتر قیرسچمانە ڕەفتار ئەکەن و لەوەدا تەنها پارتی و بنەماڵەکەی دۆڕاوی گەورەن. هاتنی مەسووری بکوژی سەردەشت عوسمان لە پیاوکوژی و تیرۆرەوە بۆ کاری دیبلۆماسی ئەوە دەرئەخا کەوا قوڕەکەی بۆ پارتی گیراوەتەوە گەلێ خەستە. هەر بۆیە نێچیرڤان وەلا نرا و لەو کارە دوور خرایەوە. ئەم جارە مەسعود هەر دوو قاچی لەفاقەکە گیربوەو مەحاڵە هیچ هێزێ بتوانێ ڕزگاریان بکا.

تێبینی: بمبەخشن ئەمە دوا ووتارە لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە