گفتووگۆ لەگەڵ (نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا) سەبارەت بە: بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان / بەرزە

Friday, 25/03/2016, 0:47

4965 بینراوە


سازدانی : سالار ڕەشید
شایانی باسە ئەم گفتوگۆیە و چەندین گفتوگۆی دیکە کە "سالار ڕەشید" ئەنجامی داون  سەبارەت بە چەپ و کۆمۆنیزمی نوێ لە کورستاندا لە دەیەی هەشتاکاندا  لە دووتوێی کتێبێکی قەشەنگدا  بەناوی (مێژوویەک لە یادەوەریدا)  لەلایەن "سالار ڕەشید"ەوە ڕێکخراوەو لەسەر ئەرکی خۆی  چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لەساڵی ٢٠١٥.
بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان/بەرزە یەکێك بووە لەو سازمانە کۆمۆنیستیانەی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کوردستانی عێراق. (بەرزە) ئەگەر چی لەناوەڕاستی هەشتاکاندا وەک ڕێکخراوێك خۆی ئیعلان کرد، بەڵام ڕیشەی ئەم سازمانە بۆ سەردەمانێکی گەلێک لەوەوبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێك کە جەمعێك لە کادرانی (کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان / کملک) دەست لەکاردەکێشنەوە و دەیانەوێت بە جۆرێکی دی درێژە بەکار و هەڵسوڕانی کۆمۆنیستی خۆیان بدەن. ئەو ڕێکخراوە بە یەکێك لە ڕێکخراوە دیارەکانی ئەو دەمە دێتە ژماردن کە دامەنەی ڕێکخراوەیی بە بەراورد لەگەڵ ئەڵقە و گروهەکانی ئەو دەمە فراوانتر و نووسین و باسەکانیشی زۆرتر بوون. بۆ ئاگاداری وردتر لەمەڕ ئەم سازمانە، لەگەڵ (نەجمەدین فەقێ عەبدولا) وەك یەکێک لە دامەزرێنەران و کەسایەتی دیار و ناسراوی نێو ئەم سازمانە و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لەو دەمەدا گفتوگۆیەك ساز ئەکەین.

پرسیار: بەڕێز نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا بێگومان ئەو هێڵە سیاسیەی دواتر ناوی (بەرزە)ی لە خۆنا کە سالانێكی زۆر لەنێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق لە مەیداندا بوو بەچەندین دەورە و قۆناغدا گوزەری کرد. سەردەمی پێش بەرزە و سەردەمی بەرزە و سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی و پاشان کارکردن بە نێوی دیکەوە. لەو نێوەندەدا نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا وەک کەسایەتیەکی دیاری نێو ئەم ڕێکخراوە دەرکەوتبوو وەیان دەکرێت بڵێین تەنانەت بەر لەوەیش وەك کەسایەتیەکی چەپ و خاوەن فکر و نەزەر ناسرابوو. بۆیە بە پێویستی دەزانین سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێبکەین و بپرسین: پێش ئەوەی نەجمەدین فەقێ ئەڵقە سەرەتاییەکانی بەزرە بنیات بنێ کادرێکی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان بوو ناکۆکیەکانی نەجم لەگەڵ (کملک) لەسەر چی بوون و لەکەیەوە دەستی پێکرد ، وە لە چ وەختێکدا ئیتر وازی لییان هێنا؟
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: بەڵێ! بەر لەوەی باس لە بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشان بکرێت ، پێویستە ئاماژەیەك بۆ پێشینەکەی بکرێت کە بۆ ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە لە سەروبەندی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێراندا ڕەوشی گشتیی ناوچەکە کەم و زۆر کەوتە ژێر کاریگەریی ئەو گۆڕانکاریانەی لەو ڕاپەڕینەوە وەک مۆدێلێکی تازەی خەبات هاتە کایەوە. چەند کەسێك کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین کەمن بۆخۆم یەکێك بووم لەوان و هەر هەموشمان دەرچووی قوتابخانەکەی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان (نەك کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی نەوشیروان مستەفا) بووین، هەر یەکە و لەبەر هۆیەك یان زیاتر لە کۆمەڵە دوورکەوتبووینەوە و ڕەخنەی تووندمان (بە تێڕوانینی ئەو دەمەمان) لە بەرامبەر جوڵانەوەی چەکداری کوردستان بەگشتی و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و کۆمەڵە هەبوو کەلە دەوری ئەم خاڵانەدا ئەسووڕایەوە:
١- ڕەتکردنەوەی درووشمی (دیموکراسی بۆ عێڕاق و حوکمی زاتیی ڕاستەقینە بۆ کوردستان) و پێداگرتن لەسەر درووشمی (مافی بڕیاردانی چارەنووس تا رادەی جیابوونەوە).
٢- ڕەخنە لە مۆدێلی شێوە خەباتی چەکداری لە شاخەوە. ئەو بیرۆکەیەی بە تایبەتی لەگەڵ شۆڕشی ئێراندا بە تەواوی لەلای من چەسپی.
٣- ڕەخنە لە کۆمەڵە کە (گوایە) بەتەواوی کە بنەماکانی مارکسیزم – لێنینیزم لای داوە و ناوزەدکردنی بە ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی وردەبۆرژوازیی.
٤- ڕەخنە لە کار و کردەوە و ئەو ڕەفتارە ڕۆژانەییانەی لەناو جووڵانەوە چەکدارییەکەوە برەویان هەبوو.
٥- ڕەخنە لە زاڵبوونی بۆرژوازیی قەومیی کوردی (کە نیوی جۆراوجۆرمان لێ دەنان لە چەشنی: بۆرژوازیی عەشایەری ، مشەخۆر ، کۆمپرادۆر ، نیمچە نیشتمانی ، ناڕەسەن ......هتد) بەسەر جووڵانەوەی کوردیدا کە نیاز وابوو، کاتێك مەفرەزە سەرەتاییەکانی درووستکرد (کەمن بۆخۆم لە بەرواری ١٢/٧/١٩٧٦ لێپرسراوی سیاسیی یەکەم مەفرەزەی گەرمیان و قەرەداغ بووم ، تا لە بەرواری ٢٤/١٢/١٩٧٦ ئیستقالەم داو بە نهێنی گەڕمەوە شار)، نیاز وابوو کۆمەڵە سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە بکات بەڵام هاوکێشەکان هەمووی بە پێچەوانەی خەیاڵی ئێمەوە دەرچوون. 
کە وابوو ڕەخنەکانمان لە کۆمەڵە و لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی مەیلێکی ڕادیکاڵانەی ناسیۆنالیستیدا پەنگیان خواردبووەوە و جیاکردنەوەی ناسنامەی فکریی لەسەر بناغەی ڕەخنەی مارکسیستی ئەسڵ و بناغەیەکی ڕۆشنی نەبوو. 

پرسیار: کاتێك لە کملک وازت هێنا بێگومان لە نێوان واهێنان لە کملک و پێکهێنانی بەرزە مەودایەک و سالانێک هەیە ئەو ساڵانە بە چ کارێکی سیاسیەوە خەریک بوون؟ بیرتان لە چی دەکردەوە؟ مەبەستم ئەوەیە : ئایا لە کۆڕ و کۆمەڵدا خۆتان ڕێکخستبوو؟ ئەگەر وەلامەکەی بەڵێیە .... ئەو کۆڕ و کۆمەڵانە چۆن بوون؟ ژمارەتان چەند دەبوو؟ قسە و باس و کارەکانتان چی بوون؟ 
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: بەلای ئێمەوە (باسی خۆم دەکەم) لەگەڵ هەل و مەرجە ورووژێنەرە ناڕۆشنەکانی ساڵی ١٩٧٩دا بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی چەپی تازەم لەلا گەڵاڵە بوو. بیرۆکەکەم لەگەڵ تاکتاکی ئەو برادەرانەی تر (کە چوار کەس بوون) بە جیا باس کرد، یەکێکیان کە زۆر هاوڕێی نزیکم بوو ، زۆر سەرسەختانە دژی وەستایەوە و پاش دوو ساڵ بۆم دەرکەوت (لە ڕێگای ئازاد هەورامیەوە) هەموو قسە و باسەکانی بۆ کۆمیتەی کەرکووکی کۆمەڵە گواستبۆوە و ئەوانیش لەو ماوەیەدا دوانزە ڕاپۆرتیان لەسەر بیر و باوەڕ و جموجۆڵەکانم بۆ نێوزەنگ ناردبوو. هەرچی سێ برادەرەکەی تر بوون دوانیان کشانەوە بەڵام چوارەمیان کە سەباح حەسەن خورشید (سۆران) بوو بە حەماسەتەوە بیرۆکەکەی وەرگرت. سەبارەت بە قسە و باسەکانیشمان لەسەر ئەم خاڵانە ئەوەی لە یادم بێت بۆ ئیشی داهاتوومان ڕێککەوتین: 
١) پەرەپێدانی بیرۆکەی پێویستیی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مارکسی وەکو کاکڵەی پارتی پێشڕەوی کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئاراستەکردنی ڕەخنەی هەمەلایەنە لە دژی ڕێکخراوە قەومیەکان بەتایبەتی کۆمەڵە و یەکێتی و سیاسەت و درووشم و بیر و باوەرەکانیان.
٢) بەرزکردنەوەی درووشمی مافی بڕیاردانی چارەنووس تارادەی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک درووشمێکی ئەڵتەرناتیڤی تاکتیکی بەرامبەر ڕێکخراوە قەومیەکان.
٣) خەبات لە دژی دیکتاتۆریەت و ڕووخاندنی لە ڕێگای جووڵانەوەیەکی دیموکراتیی گشتی و دابینکردنی مافە دیموکراتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتیی و .....هتد.(دیدی ڕۆشنمان بۆ ئەڵتەرناتیڤی سیاسیی نەبوو). 
٤) ڕەتکردنەوەی شێوازی خەباتی چەکدارانە لە شاخەوە بەرەو شار. پەرەپێدانی بیرۆکەی ڕاپەرینی گشتیی تا ئاستی ڕێکخستنی ڕاپەڕینی چەکدارانە.
٥) پەرەپیدانی بیرۆکەی پارتی پێشڕەوی کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک مەرجی حاشا هەڵنەگری ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ڕاپەڕینی گشتیی و چەکدارانە و بە سەرکەوتن گەیاندنی. گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی مارکسیزم-لێنینیزم و مۆدێلی حزبی بۆلشەڤی و شۆڕشی ئۆکتۆبەر.
٦) ڕەتکردنەوەی ماویزم،ئەلبانیزم ، تێزی سێ جیهان ، گیڤاریزم ......هتد.
٧) دووپاتکتدنەوەی هەڵوێست بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەت وەک سۆسیال_ئیمپریالیزم. دژایەتیکردنی ڕێڤیژینیزم لەگشت ڕوویەکەوە.
٨) لەڕووی عەمەلیەوە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هەموو جۆرە خەڵکێکی نارازی لە وەزعەکە و ڕێکخستنیان بە دوو قۆناغ: 
آ)لە ئەڵقەی ڕۆشنبیریدا تا ئەو ئاستەی دەگاتە بڕواهێنان بە پێویستیی دامەزراندنی حزبی پێشڕەوی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
ب) خۆڕێکخستن لە شانەیەکدا بەرەو خۆ ئامادەکردن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی مارکسی وەکو کاکڵەی حیزب، ئەرکی سەرەکی بریتی بوو لە  یەکەم: خۆ وشیارکردنەوە. دووەم: درووستکردنی ئەڵقەی ڕۆشنبیری تازە.

پرسیار: کاتێك بەرزەتان پێکهێنا، ئایا بەیانێکتان بۆ دامەزراندنەکەی دەرکرد؟ وە ئایا بەرنامەیەک یان هێڵێکی گشتی بەرنامەیی هەبوو، کە ڕێکخراوەکەتان لەسەری بنیات بنێن؟
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: هەروەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ئێمە پێشتر چەند ئەڵقەیەکی ڕۆشنبیری_مارکسی بووین و ئەوەی کۆی کردبووینەوە و لەسەری کۆک بووین، بیرۆکەیەکی گشتی بوو مەبەستم پێویستیی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مارکسی-لێنینیە لەسەر بناغەی ئاراستەکردنی ڕەخنەی هەمەلایەنە بۆ ڕەوتی چەپی باو، لەلایەکەوە ڕەخنە لە چەپی ناو جوڵانەوەی کوردایەتی کەلە کۆمەڵەدا بەرجەستە ببوو، لەلایەکی تریشەوە ڕەخنە لە ڕیڤیژینیزمی باو کەلە حیزبی شیوعی عێڕاق و پاشخانە جیهانیەکەی واتە یەکێتی سۆڤیەتدا بەرجەستە ببوو. بەڵام لەهەمان کاتدا ڕەخنەی تووندمان ئاراستەی ماویزم و خەتی چینی و تیۆری سێ جیهانی دەگرت و ڕەتمان دەکردەوە. 
لەمانگی ئۆکتۆبەر یان نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٨٢شدا کاتێك من و سەباح حەسەن خورشید و هۆشیار عەبدولخاڵق لەگوندی (مەلا سەفی) کۆبووینەوە پێشنیاری دامەزراندن و ڕاگەیاندنی بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشانم کرد. سەباح دژی بیرۆکەکە وەستایەوە، بەڵام ئێمە سووربووین لەسەر بە ڕەسمیکردنی ئەو ڕێکخراوەیە و هەر بەوجۆرەش بوو. دیارە سەرجەم ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان کەپەیوەندیان بە ئێمەوە هەبوو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بوون بە (بەرزە). لەوکاتەدا و دەستبەجێ ئێمە هیچ بەیاننامەیەکی تایبەتمان بۆ دامەزراندن و ڕاگەیاندنی بەرزە دەرنەکرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت نامیلکەیەکی تایبەتم بە ناونیشانی (مەنتیقی سەردەم و مەنتیقی گەشەکردنی کۆمەڵ) گەڵاڵە کرد و نووسیەوە کەلە راستیدا هێڵە سەرەکیەکانی بەرنامەی لەخۆ گرتبوو و بوو بە ناسنامەی سەرەکی (بەرزە). بەدوای ئەوە لەساڵی ١٩٨٣ دا گۆڤاری (ڕێبازی زەحمەتکێشان)مان دەرکرد کەتا سەرەتای ساڵی ١٩٨٥ وابزانم سێ ژمارەی لێ دەرچوو پێم وایە ژمارەی دووەمیان تایبەت بوو بە مەسەلەی مافی بڕیاردانی چارەنووس و مەسەلەی ڕێکخراوی سەرتاسەریی (عێراق) و کوردستانی و پەیوەندیی پاشکۆیەتیی و ژێردەستەیی قەومی و ئەگەرو ڕێگاکانی چارەسەری مەسەلەی قەومی لە عێراقدا. بێگومان ئێمە پێشتریش چ لەشێوەی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکاندا و چ ئەو کاتەی ناوی بەرزەمان لە خۆمان نا ، لە بۆنە کرێکاریەکاندا هەروەتر لەگەڵ ڕووداوە گشتیەکاندا بەیاننامەمان چ بۆ هەڵوێست نواندن یان بۆ هاندان بووبێت دەرکردووە. زۆربەی ئەوانەش لە بازنەیەکی تەسکی ناوخۆمان یان دەرەوەی خۆماندا دەبینران و دەخوێندرانەوە و دەستاودەستیان پێ دەکرا. 
لەلایەکی دیکەوە هەر لەساڵی ١٩٨٥ دا لەسەر پێشنیاری من خالید مەجید (ناسراو بە دکتۆر خالید) کە کادیرێکی هەرە چالاکی بەرزە بوو لەسەر ئاستی شاری کەرکووکدا دەستپێشخەریی بۆ دەرکردنی بڵاوکراوە یان گۆڤارێکی ناوخۆیی بەناوی (هەنگاو)ەوە کرد کەتایبەت بە ئەندامانی بەرزە بوو هەر هاوڕێیەک بابەت و بیروبۆچوونی خۆی هەبوایە لەوێدا بڵاودەکرایەوە. ئەو بڵاوکرایەوە ڕەنگدانەوەی دیموکراسیەتی ناوخۆیی بوو کە تا ئەودەمە نموونەی نەبوو. ئەگەرچی بەناکامیش مایەوە و پاشان بەبێدەنگی هەر وەکوو چۆن بەرزە هەڵوەشایەوە ، هەڵوەشایەوە. 
من پێم وایە نامیلکەی (ڕیڤیژینیزمی پۆپۆلیستیی تەیفەکان) کەلە پایزی ساڵی ١٩٨٥دا نووسیمەوە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هەڵوەشاندنەوەی بەرزە و پاشان دامەزراندنی (یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی) لە جێگایدا بینی. لەو نامیلکەیەدا کە پێم وایە شەش یان حەوت فەسڵ بوو ، ڕەخنەی تووندی تیۆری ئاراستەی ڕەوتە چەپەکانی ئەو سەردەمە بە بەرزەشەوە کرابوو و ڕەگ و ڕیشەی فکریی و شێوازی کاری پۆپۆلیستی و ڕیڤیژینیستی ئەو چەپە لە ڕوانگەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕەوە خرابوونە بەر نەشتەری باس و ڕەخنەی تووند.
من لەدوای نووسینەوەی ئەو نامیلکەیەوە هیچ بڕوا و هیوایەکی ئەوتۆم بەو چەپە پەرت و بڵاو و ناکۆک و ڕۆشنفکرە نەما. دامەزراندی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیش هەر لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە هەوڵێکی تری نەزۆکانە بوو بۆ درێژەپێدانی کار و خەباتی ئەو مەحفەلە (بەرزە)بوو لە ژێر ناوێکی کۆمۆنیستیدا. 

پرسیار: ئەو دەورەیە لەژێر چ ناوێکدا کارتان دەکرد و شێوەی ڕێکخستن و پەیوەندیەکانتان لەگەڵ شانە و ئەڵقەکانتان چۆن بوو؟ بازنەی کار و هەڵسوڕانتان چ شار و ناوچەیەکی گرتبۆوە؟ قسە و باسەکانتان چی بوون؟ 
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: ئەو دەورەیە تا ڕادەیەکی زۆر لەرووی کار و هەڵسووڕانەوە، هەمان شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەیی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی جاران بوو. پەیکەرەیەکی ڕێکخراوەیی دیاریکراومان نەبوو. سەرکردە و بنکردەمان نەبوو، ناوێکی دیاریکراومان لە خۆمان نەنابوو چونکە پێمان وابوو ئێمە ڕێکخراو نیین بەڵکو کۆمەڵێك ئەڵقە و شانەی ڕۆشنبیریی مارکسین کەدەمانەوێ ڕێکخراوێك درووستبکەین. پەیوەندیەکانمان هەرهەمووی ئاسۆیی بوون، نەک ستوونی. هەموو ئەڵقە و شانەکان پەیوەندیان بە خۆمەوە هەبوو ، یان بە سەباحەوە (سەباح حەسەن). لەماوەی نزیکەی ساڵێکدا تا دەستپێکردنی جەنگی عێراق-ئێران توانیمان ڕایەڵەیەکی بەرچاو لە بەغدا ، کەرکووک ، سلێمانی ، هەولێر درووست بکەین. لەو کەسە هەڵسووڕاوانەی ئەو دەورانە (ئەوەی بێتەوە یادم): سەباح مەحموود ، خالید مەجید ، گوشاد عەبدولڕەحمان ، هۆشیار عەبدولخالق ، سیروان ، عوبێد خالید مەعروف ، حوسێن سێودین ، ئەحمەد موزەمید ، نەسرەدین ، ئازاد فەقێ عەبدوڵا ............هتد     
بێگومان سەباح حەسەنیش تۆڕی پەیوەندی هەبوو. ئەو کەسانەش لەشوێنی خۆیانەوە ئەڵقە و پەیوەندی خۆیان هەبووە و بەو جۆرە کارەکانمان لەچوارچێوەی هەوڵی شەخسیدا ئەنجام ئەدران. هەڵایسانی جەنگی عێراق-ئێران بووە مایەی ورووژاندنی قسە و باس لەسەر چەمکەکانی لێنینیزم لەبارەی جەنگی ناڕەوا ئەگەرەکانی قوڵبوونەوەی تەنگژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی گشتی (خودبەخودی)، ......هتد.

پرسیار: پەیوەندی و وتووێژتان لەگەڵ سازمان و گرووهەکانی ئەو دەمە چۆن بوو؟ ئایا هیچ پەیوەندیەکتان لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەدا هەبوو، بیر و بۆچوونەکانی ئەوان کاریگەریی زۆریان بەسەر بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی عێراقەوە هەبوو ئەو کاریگەریە بۆ ئێوە چۆن بوو؟
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: سەرەتا با ئەوە بڵێم کەبەهۆی ئاشکرابوونی کۆمیتەی ئاگری سەر بە کۆمەڵە لە کەرکووک و گرتنی پتر لە ٧٠ کەسیان لە کەرکووک و هەولێر لەمانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨١دا ئێمەشی ناچارکرد (بەهۆی پەیوەندییە کۆنەکانەوە) کە شار بەجێ بهێڵین. سەباح حەسەن بەلایەکدا و هۆشیار عەبدولخالق بەلایەکی تردا و حوسێن سێودین بەهەمان شێوە. من و سەباح مەحمود و خالید بەلایەکی تردا  گوشاد و کەسانی تر لە هەولێرەوە .... بە پەرتەوازەیی نیمچە ئاش بەتاڵێکمان لێکرد و هەموو پەیوەندیەکان بۆ ماوەی پتر لە ساڵێك هەڵوەشانەوە. جا لەو دەورەیەدا بوو واتە لەسالانی نێوان ١٩٨١-١٩٨٢ دا لەبڵاوکراوەی کۆمەڵە گۆڤاری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان چەند وتارێکم بڵاوکردەوە، کە سەرنجی زۆر کەسی بۆخۆی ڕاکێشابوو. ئیتر هەر لەوێشەوە ناوی (عێراقچی)یان بەسەردا بڕیم. هەرلەوکاتەشاد لە نێوزەنگ لەگەڵ هەندێک لە برادەرانی (کارگەران) ئاشنایەتیم پەیداکرد، لەوانە ساڵحی مەلا دەڵگەیی(نادر عەبدولحەمید) ، ئاسۆی کەریم زەند ، ڕێبوار ، ئەڵوەند خانەقینی ، عەفان عوسمان .....هتد لەهەمان کاتدا ئاشنایەتیم لەگەڵ کۆمەڵەی ئێراندا پەیداکرد و لەبەهاری ساڵی ١٩٨٢دا لەگەڵ سەباح مەحمود بەسەردان بۆناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان چووین و چەندی ڕۆژێک لەوێ ماینەوە و چەند جارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ دکتۆر جەعفەری شەفیعی ، فاروقی بابەمیری ، عومەری ئێلخانیزادە ، ئیبراهیمی عەلیزادە کرد. لەو دەمەدا ئەوان لەگەڵ سازمانی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیستدا پەیوەندیەکانیان زۆر چووبووە پێشەوە و (پڕۆژەی بەرنامەی کۆمۆنیستی)یان نووسیبووەوە. کۆپیەکم لەو بەرنامەیە لەگەڵ خۆمدا هێنایەوە کەلەسەر داوای من ئازاد هەورامی بۆ کوردی وەریگێڕا. بۆ ئێمە ئەوە شتێکی زۆر تازە بوو، کەلەسەر بناغەی بەرنامەیەکی کۆمۆنیستی ناسنامەی چینایەتی و ڕێکخراوەیی ڕێکخراوێک دیاری بکرێت و سەرخەتی گشتی و ڕەخنەی مارکسیستی لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی مەوجود بەیان بکرێت.      ئێمە لە نێوەزەنگ دا پێنج کەس بووین و نزیکەی دوو هەفتە جارێک بە نهێنی کۆبوونەوەی خۆمان دەکرد، هەر زوو کەوتینە ژێر کاریگەریی بۆچوونەکانی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیستەوە و لەوێوە ئاشنایەتیمان لەگەڵ چەمکی مارکسیزمی شۆڕشگێڕدا پەیداکرد. هەرلەوکاتەشەوە ساخکردنەوەی ناسنامەی چینایەتی ڕێکخراوێکی چەپی مارکسیستی هەروەتر مەرجی کۆبوونەوەی گروپ و دەستە و تاقمە چەپەکان لەدەوری بەرنامەیەکی لەو چەشنە کەوتە بەرنامەی کارمانەوە. ئەم باسانەمان لەگەڵ هەندێ لە برادەرانی کارگەرانیش لەگوندی (توژەڵە) هێنایە پێشەوە بەڵام بێسوود بوو.
خۆپیشاندانەکانی بەهاری ساڵی ١٩٨٢ (کەبەحەق بەیاننامەی دەستپێکردنەکەی لە قەڵادزێ وە لەلایەن ساڵحی مەلا دەڵگەیی یەوە نووسرابوو کەپێش بڵاوکردنەوەی لە ئێزگەوە پیشانی دام و قسەمان لەبارەیەوە کرد) بووە دەرفەتێک بۆ کارگەران بۆ بڵاوکردنەوەی زنجیرەیەک لە بەیاننامەی هاندەرانە بەناو خەڵکدا. من پێنج یان شەش بەیاننامەم لەوانە لە نێوزەنگ پێ گەییشت. دەستبەجێ لەگەرماوگەرمی ڕووداوەکاندا وتارێکی دوورودرێژم لەسەر ئەو بەیاننامە نووسی و بە دوو تەوەرە  ڕەخنەم لێگرتن یەکەم: ناوەڕۆکی سەندیکالیستیی بۆچوونەکانیان. دووەم: هەندێک مەیلی سێ جیهانی کەلەوێدا هەستیان پێ دەکرا. بەڵام ئەو ڕەخنانە بوونە هۆی ئەوەی ئەو برادەرانە زیاتر بەچاوی نەیارێکەوە تەماشام بکەن. ئەو هاوینە سەردانی سەباح حەسەنم لە گوندی (قەمچوغە) کرد (وابزانم عەدنان کەریمیش ئەو دەمە لەوێ بوو) بیرووبۆچونە نوێیەکانم هێنایە بەرباس بەڵام سەباح تەقەی سەری ئەهات و بۆی قووت نەچوو! هەر لەو ماوەیەدا لەڕێگای چەند نامەیەکەوە پەیوەندیم لەگەڵ هەندێ برادەری ناو شارەکان درووست کردەوە و بیرووبۆچوونە تازەکانم لەبارەی خەباتی بەرنامەیی و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ بۆیان نووسی. 

پرسیار: بێگومان تۆ وەک کەسێکی دیار کەخاوەن بیرووبۆچوون و لێکدانەوەی خۆت بوویت و ڕەخنەشت لە یەکێتی و کۆمەڵە هەبوو، لەوماوە زۆرەدا کەتۆ لەناوچەی ژێردەسەڵاتی ئەواندا بوویت ئایا تووشی هیچ گوشار و هەڕەشەیەک نەبوویتەوە؟ ئەگەر بکرێ پەیوەندی خۆت لەگەڵ ئەوان و چۆنیەتی مامەڵەی ئەوان لەگەڵتدا باس بکەیت؟
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: لەدوای کۆنفڕانسی دووی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٢ لە نێوزەنگ شاڵاوی دژە عێڕاقیەکان چڕ و تووند و ئاشکراتر بوو. ئەو بردەرانەی خۆمم ڕاسپارد لە یەکێتی بکشێنەوە و هەریەکە لە گوندێک دابنیشێ و پەیوەندی لەگەڵ ناوشاردا درووست بکەنەوە جا لەودەمەدا بوو لەسەر تەکلیفی نەوشیروان مستەفا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەگەڵ من کرد، بە ئامادەبوونی فەرەیدوون عەبدولقادر وەکو ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە و هەڤاڵ کوێستانی کاکە عەبە و ڕێکەوت عوسمان ...هتد وەکو کادرانی ڕاگەیاندنی ناوەندی کۆمەڵە لەسەر ئەوەی یان بگەڕێمەوە ناو کۆمەڵە وەیان وەکو (عێراقچیەک) ئەوێ بەجێبهێڵم. منیش ناچار چووم لە گوندی (کانی توو)ی بەری ئاسۆس دانیشتم. بەڵام هەر بەوەندە وازیان لێم نەهێنا و لەمانگی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا بڕیاری ناوەندی کۆمەڵەیان هێنا کەمن بە فەرمی لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەرکراوم. لەوکاتەدا هۆشیار عەبدولخاڵق لە گوندی (مەلا سەفی) خوار کانی توو نیشتەجێ بوو. لەمانگی ١٠ی هەر ئەو ساڵەدا (١٩٨٢) و لەسەر داوای من سەباح حەسەن بەسەردان بۆ مەلاسەفی هات و چەند کۆبوونەوەیەکمان بە نهێنی ڕێکخست و لەوێدا بیرۆکەی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی چەپم زیندوو کردەوە کە تەوەری هەڵسوڕان و چالاکیەکانی بریتی بێت لە : ساخکردنەوەی بەرنامەی کۆمۆنیستی وەک بنەمای یەکگرتنەوەی دەستە و تاقمە چەپەکان بەرەو پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی. هەر لەوێشدا بۆ یەکەمین جار ناوی بەرەی ڕزگاریی زەحمەتکێشانم هێنایە ئاراوە. سەباح حەسەن بەتەواوی دژی بیرۆکەکە وەستایەوە و چیدی لەگەڵ ئێمەدا کاری نەکرد. بەو جۆرە بەبێ هیچ کۆبوونەوەیەکی فراوان یان گەڕانەوە بۆ کەسەکانی تر پێکهێنانی بەرزەم بە ئەڵقە و شانە کۆنەکان ڕاگەیاند و بەوجۆرە هەموویان بوونە بەرزە. 
ئەو زستانە لەوێ لەژێر چاودێریدا مامەوە، پێم وابێ لەمانگی ١١ یان ١٢ ی هەر ئەو ساڵە بوو بە ئیجازەی کەرتی ڕێکخستنی دوکانی کۆمەڵە کە خاوەنی چاودێریەکە بوو بەبیانووی سەردانی نێوزەنگ و ئازاد هەورامی. لەگەڵ سەباح مەحمود دا چووین بۆ ئەودیوەی ئێران بۆ بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە (بیژوێ)، لەوێ ئاگادارمیان کردەوە بەپێی هەواڵ و برووسکەیەکی ناوەندی خۆیان ئەگەری کوشتنی من و چەند کەسێکی تر لەئارادایە و چاکتر وایە لای ئەوان بمێنمەوە. هەر لەوێ پێم زانی کە برادەرانی کارگەران لەوێ ماڵێکیان هەیە و ساڵح و کۆمەڵێکی دیکە لەوێن. چووین بۆلایان و ئەو شەوە بووە کۆبونەوەیەکی دە دوانزە کەسی، لەبەرنەبوونی میتۆدی هاوبەش نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو. ئێمە ئەوانمان بەجێ هێشت. لەگوندی (بێتووش)ی ئێران کەلەسەر ڕێگای پێشمەرگە بوو تووشی (ڕ) و مەفرەزەکەی بووین کەپێنج کەس بوون. پێیان ڕاگەیاندنم ئەوان بە ڕێگەوەن بۆ کانی توو بۆ کوشتنی من بەڵام بڕیاریان دابوو ئەو کارە نەکەن و بەنیاز بوونە تەنها من ئاگادار بکەنەوە و خۆشیان ڕابکەن. ئیتر ئەوان لەوێوە چوون بۆ شاری سەردەشت و تاران و پاشان چوون بۆ خاریج سەباح بۆ ناوشار گەڕایەوە منیش بۆ کانی توو. 
پاش ماوەیەک بەپێی بەڵێنێک کە دابوویان ساڵحی مەلا دەڵگەیی و عەفان بۆ دووشەو بۆ کانی توو هاتن، کۆی موناقەشەکانمان ئەنجامێکی دیاریکراوی لێ نەکەوتنەوە. لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە راپۆرتێکیان بۆ ناوەندی کۆمەڵە لەسەرمان نووسیبوو، گوایە کۆنفرانسمان بەستووە و منیشیان بە سکرتێر هەڵبژاردووە. بەو جۆرە کۆبوونەوەی سێ کەسیان لێ کردین بە کۆنفڕانس ئەویش سێ کەسی سەربە دوو گروپی جیا! لە شوباتی ساڵی ١٩٨٣دا هێزێکی گەورەی (ینک) کە مستەفا چاوڕەش و ئازاد هەورامیان لەگەڵدا بوو هاتنە ناوچەکە ئازاد وەکو ڕەفیقی شەخسی ئەوەی دووپات کردەوە کە بڕیاری کوشتنی من و چەند کەسێکی تر لە ئارادایە جۆیە چاکتر وایە بەلایەکدا بڕۆم ناچار منیش گەڕامەوە بۆ شار. 

پرسیار: پاش ئەوەی گەڕایتەوە نێو شار کار و هەڵسووڕانتان چۆن بوو؟
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: کاتێك کە گەڕامەوە شار زیندووکردنەوەی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەڵقە و شانەکاندا کارێکی فەوری بوو. خاڵکانێک بۆ ئیش لە بەغدا ، کۆیە ، سلێمانی و ڕانیە هاتنە ڕیزەوە. بەڵام گیر و گرفتە کۆنەکان وەکوو خۆیان هەر بەردەوام بوون: 
١)نەبوونی ڕیزێک کادری بەتوانا بۆ سەرپەرشتیکردن و دابەشکردنی کارەکان.
٢)زاڵبوونی پەیوەندی ئاسۆیی نەک ستوونی و نەبوونی هەیلەکی ڕێکخراوەیی.
٣)نەبوونی خەتێکی دیاریکراوی ڕۆشن. 
واتە ئەوەی هەبوو ڕێکخراو نەبوو بەڵکو کۆمەڵێک ئەڵقەی ڕۆشنبیریی بوون. بەدرێژایی ساڵانی ١٩٨٣-١٩٨٤ تووشی دووکەس بووم کە لیاقەی ورووژاندنی بابەتی جیدی فکریان هەبوو ئەوانیش دکتۆر ئەکرەم و مرۆڤ یەحیا (شەماڵ عەلی) بوون. 
لەهاوینی ساڵی ١٩٨٤دا هەوڵمان دا کە یەکەمین کۆبوونەوەی فراوانی جیدی ڕێک بخەین، ئەو کۆبوونەوەیەمان لە گوندی (ئیلینجاغ)ی دەشتی کۆیە گرت. ئەوەندەی من بێتەوە یادم ٩ کەس لەشارەکانی کەرکووک ،سلێمانی ، و هەولێر بەشداریان تیدا کرد. کۆبوونەوەکەمان دوو ڕۆژی خایاند و بڕیارمان لەسەر چەند مەسەلەیەک دا: 
١)جەختکردنەوە لەسەر تێزی ساخکردنەوەی بەرنامەی کۆمۆنیستی وەک بناغەی لێکنزیکبوونەوەی گروپە چەپەکان و پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیست. 
٢)بڕیاری دەرکردنی ئۆرگان یان گۆڤارێکی فکریی.
٣)پەیوەندیکردن بە گروپە چەپەکانەوە.
٤)جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کەکەمتر خۆمان بە چەپی باوی حیرفییەوە خەریک بکەین و هەوڵ بدەین بچینە ناو خەڵک و ناو کرێکاران و ڕێکیان بخەین. 
٥)گەڵاڵەکردنی هەیکەلێک بۆ بەرزە. 
بێ ئەوەی دەستەیەک بۆ سەرپەرشتیکردن (وەک رابەرایەتیەک)ی بەرزە دیاریبکرێت. کێشەکە بریتی بوو لەنەبوونی کادری ڕابەرایەتی. ئەو برادەرانە تێکڕا چاوەڕوانی دەمی من بوون ئەوەش بۆخۆی کارەساتێک بوو (لانی کەم بۆ شەخسی خۆم). 
سەرەنجام ئەو گۆڤارەش کەدەرمان ئەکرد واتە (ڕێبازی زەحمەتکێشان) هەر بەتەنها خۆم دەرم ئەکرد و یەک حەرف لەلایەن هیچ کەسێکەوە نەنووسرایەوە لەماوەی ساڵێکدا (تا هاوینی ساڵی ١٩٨٥) سێ ژمارەم لێ دەرکرد. ڕەخنە لە پۆپۆلیزم لە نێو بزووتنەوەی چەپ (بە بەرزەشەوە) پێداگرتن لەسەر مارکسیزمی شۆڕشگێر و بایەخ بۆ ڕۆڵی فکریی و عەمەلی بەرنامەی کۆمۆنیستیی تەوەرەی قسە و باسەکانی ئەو ساڵانە بوون. 

پرسیار: سەرەنجام بەرزە بەرەو هەڵوەشاندەنەوە ئەڕۆیشت و پاشان هەر خۆشتان هەڵوەشاندنەوەیتان ڕاگەیاند ئەمە چۆن و لەچ ساڵێکدا بوو؟ بەدوای ئەوەدا پێکهێنانی ڕێکخراوی دیکەتان ڕاگەیاند ئەو ڕێکخراوە ناوی چی بوو؟ وەلەگەڵ بەرزەدا چ جیاوازیەکی هەبوو؟ سەرەنجام ئەو هێڵە بەچی گەیشت و هەتا کوێ ڕۆیی؟ 
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا: سەرەتا با لەوێوە دەست پێبکەم لەهاوینی ساڵی ١٩٨٤ دابوو ژمارەیەک لە برادەرانی کارگەران لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکران و ناوی من سەباح مەحموود و هۆشیار عەبدولخاڵق لەلایەن ئەڵوەند خانەقینی (کەبەداخەوە دوایی ئیعدام کرا) درا و جارێکی تر بەر شاڵاوی ڕاوەدوونان کەوتینەوە. سەباح مەحموود دەستگیرکرا ، هۆشیار بەرەو ئێران ڕۆیی ، منیش بە نهێنی لە دەشتی کۆیە و ناوشوان تا نەورۆزی ساڵی ١٩٨٥ مامەوە. پەیوەندیەکانمان دیسانەوە ساد و سڕ بوونەوە. 
لەدوای ئەوە بۆ خۆشاردنەوە بۆلای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران چووم (پێم وابێ مرۆڤ یەحیا ئەو کارەی بۆم تەرتیب کرد). ساڵێک و سێ مانگ لەوێ مامەوە، دووهەمین ژمارەی گۆڤارەکەم لەوێ دەرکرد کەپتر قسە و باسێک بوو لە پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەپانەی کە نوقمی بیر و ئایدیا و شێوەکاری پۆپۆلیستی بوون. هەر لەوێوە هەڵوەشاندنەوەی بەرزەم ڕاگەیاند و بانگەوازم بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێک کرد، لەسەر بناغەی ڕەخنەگرتن لەو چەپانەی کەلەئاراد بوون و جەختکردنەوە لەسەر چەمکی بەرنامەی کۆمۆنیستی. لەو جێگایە تەنها دکتۆر خالید بۆی هەبوو سەردانیم بکات، یەک دوو جاریش مرۆڤ یەحیا سەردانی کردم. یەک جاریش سەید قادر مستەفا لەگەڵ دکتۆر خالید بۆلام هاتن. حیزبی کۆمۆنیست لە ترسی ئاشکرابوونی خۆیان لەبەردەم (ینک)دا منیان بەتەواوی ئابلۆقە دابوو. وەبەهیچ شێوەیەک پەیوەندیم بە دنیای دەرەوەی ئەو چادرە کەمنیان تێدا شاردبۆوە نەمابوو. دوای ئەوە و لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٥دا بوو، ڕێکخراوی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیم لەو چادرەوە ڕاگەیاند و بیرووبۆچون و نووسراوەکانم بە دکتۆر خالید دا ڕەوانەی لای کەسە سەرەکیەکان و ئەڵقە و شانە کۆنەکانی بەرزە کرد. لەوێدا مەسەلەکان هەر بە ڕووکەش گۆڕانیان بەسەردا هات بەڵام شێوەکاریی ئەڵقەیی هەروەک خۆی مایەوە و سێ بارە بووەوە. من لەوێدا چیتر بڕوام (لەناخی خۆمدا) بەتوانای ئەو برادەرانە و ئەو شێوە کارە ڕۆشنفکرییە ئەڵقەییە کە چەپەکان لە شیوێکدا چینی کرێکاریش لەشیوێکی مەریخدا بێت نەما. ئیتر کۆڵم دا و بۆ ئەو گوندانەی دیوەی مەرزی ئێران (لای بانە) گواستمەوە و ساڵێکیشم لەوێ گوزەراند. 
دیاربوو بەشێک لەو برادەرانە (بەتایبەتی کەرکووک) هەربەناوی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیەوە درێژەیان بە کارەکانیان دابوو. لەبەهاری ساڵی ١٩٨٧دا نوێنەرێکیان (نەسرەدین) بۆلام نارد، تاوەکو قسە و باس و گیروگرفتەکانی خۆیان بەمن بگەیەنن، ئەگەرچی من نەسرەدینم هەر لە منداڵیەوە دەناسی بەڵام نەمزانی بوو کە بەرزە و پاشان یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی بووە. نەسرەدین هۆشیارانە قسەی دەکرد. بێ هیوایی خۆمم لەبەرامبەر ئەو چەپە ڕۆشنفکرییە دەربڕی و ڕاشکاوانە خوازیاری ئەوە بووم هەمووی هەڵوەشێتەوە. من نەم ئەتوانی جووڵانەوەیەکی کرێکاریی درووست بکەم بۆ ئەوەی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی واتای عەمەلی و ڕاستەقینە پەیدابکات. 
لەهاوینی ساڵی ١٩٨٧دا بە نهێنی و بەیارمەتی دکتۆر ئەکرەم و مەمەند چاوشین هاتمە ناوشاری ڕانیە. لەماوەیەکی کورت دا زەمینەی کۆبوونەوەیەکمان لە کەرکووک ڕێکخست و منیش لە ڕانیەوە بۆ کەرکووک چووم. شەش یان حەوت کەسی سەرەکیی ئامادە بوون و کۆبوونەوەکە دووڕۆژ درێژەی کێشا. ئەو برادەرانە لەنێو خۆیاندا زۆر ناکۆک بوون. قەناعەتم بە هەموویان هێنا (یەک دەنگ نەبێت کە دژی بڕیارەکە بوو) کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیی بدەین. نووسینی ڕاپۆرتی هەڵوەشاندەنەوەکە بەمن سپێردرا. منیش پاش گەڕانەوەم بۆ شاری ڕانیە لەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە ڕاپۆرتەکەم نووسیەوە و بانگەوازی ئەوەشی بۆ گرووپە چەپەکانی تر تێدا بوو کە ئەوانیش هەمان هەنگاو بنێن. ئەمەش بەبێ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی ترم خستبێتە بەر چاو. ئیتر بەو جۆرە ئاشبەتاڵمان لێی کرد. 
دیارە هەندێک لەو برادەرانە درێژەیان بە کاری ئەڵقەیی دابوو بەڵام هیچێکی ئەوتۆ نەبوو. 

----------------------------------------------
١- نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا (نەجمەدین ڕەشید عەبدولا) لەساڵی ١٩٥٦ لەشاری کەرکووک لەدایک بووە خوێندنی سەرەتایی ناوەندی دواناوەندی هەولەوشارە تەواوکردووە و پاشان زانکۆی بەغدا / کۆلێجی کشتوکاڵ/بەشی ئابووری کشتوکاڵی لە ئەبوغرێب وەردەگیرێ. بەڵام لەساڵی ١٩٨١ و لەقۆناغی سێهەمی خوێندنیدا بەهۆی مەترسی ئەو شاڵاوی گرتنەی کەبۆسەر کۆمیتەی ئاگری (کۆڕەک) لەشاری کەرکووک دەستی پێکرد دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و دەچێتە شاخ. لەساڵی ١٩٨١ لەشاخ یەکەمین لێکۆڵینەوە بە نێوی (سیاسەتی بە عەرەبکردن لە کەرکووکدا) چاپ و بڵاودەکاتەوە. لەساڵی ١٩٨٢ لە دەستەی نووسەرانی خولی دووەمی گۆڤاری (کۆمەڵە) بووە. لەساڵی (١٩٩٧)ەوە لە هۆڵەندا نیشتەجێ بووە و لەساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی دیپلۆم لە ژمێریاری تەتبیقی لە زانکۆی ئیراسمۆس لەو ولاتە بەدەست دەهێنێ. 
کۆمەڵێ کتێب وتار و وەرگێڕانی لەزمانی هۆڵەندیەوە هەیە. ئێستا لەدەستەی نووسەرانی گۆڤاری (کەوانە)یە و سەرۆکی (دەزگای خەندان)ە بۆ پەخش و بڵاوکردنەوە.

پاشکۆ: 
ناونیشانی بەشێک لەوانەی کەلەشاری کەرکووک لەگەل بەرزەدا کاریان کردووە و ئەندام بوون:
١)حوسێن عەزیز سێودین: دەرهێنەری سینەمایی ناسراو کە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە. ناوبراو لەساڵی ١٩٨٠ەوە لە ئەڵقە ڕۆشەنبیریەکاندا ڕێکخراو بووە. لەساڵی ١٩٨١ بەهۆی جەنگی عێراق – ئێران و بەهۆی نائەمنی ژیانی چووە دەرەوە بۆ ئێران لەوێشەوە بۆ هۆڵەندا کۆچی کرد.
٢)سەباح مەحموود: لەساڵی ١٩٨٠دا لە ئەڵقە ڕۆشنبیرەکاندا ڕێکخراو بووە و پاشان لەساڵی ١٩٨١دا بەهۆی ئاشکرابوونی کۆمیتەی ئاگری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە ناچاربووە لەگەڵ نەجمەدین فەقێ و د.خالید ڕوو لەشاخ بکەن و بچنە بارەگا و سەرکردایەتی (ی.ن.ک) لەپایزی ساڵی ١٩٨٢ لەگوندی مەلا سەفی لەگەڵ نەجمەدین فەقێ و هۆشیار عەبدولخالقدا بەشداری لە دووهەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی بەرزەدا کردووە (یەکەمین کۆبوونەوە ئەوەیان بوو کە سەباح حەسەن خورشیدی تێدا بوو بەڵام کشایەوە). لەمانگی هەشتی ١٩٨٤ دا لە هەولێر لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە گیراوە و خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی زۆر قورسەوە حوکمی بیست ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. پاشان بە لێبووردنی گشتیی ئازاد ئەکرێ و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی سوێدە. 
٣)عوبێد خالید تۆماری: لەساڵی ١٩٧٩دا کاتێک لەبەغدا دەیخوێندا بەشداری لە دامەزراندنی یەکەمین ئەڵقەی ڕۆشنبیریی سەرەکیی لەگەڵ نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا و سەباح حەسەن خورشید و گوشاد عەبدولڕەحمان کرد. یەکێک بوو لە هەڵسوڕاوە چالاکەکانی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان و پاشان یەکێک بووە لە کادیرە سەرەکیەکانی بەرزە. ماڵەکەیان لە گوندی تۆماری سەر بە ناحیەی شوان ببو  بە حەشارگەیەکی نهێنی بۆ بەرزە. کەسوکارەکەیشی بە دایک و برا خوشک مام و ئامۆزاکانیەوە ناڕاستەوخۆ بە ئەوپەڕی دڵسۆزیەوە خزمەتی بەرزەیان دەکرد. لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بەرزەوە لەکاری سیاسی کشایەوە و خەریکی کار و گوزەرانی خۆی بوو. 
٤)مامۆستا بەکر لەتیف: لەکادیرە سەرەتاییەکانی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان بوو، پاشان لە ڕیزەکانی بەرزەدا کادیرێکی هەڵسوڕاو بوو تا هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیی.
٥)شەهید محەمەد ئەحمەد: ناسراو بە محەمەد ئاڵتونچی یان محەمەد کەلارە. پێشتر لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەرپرسی کەرتی شەهید سیروان لە شاری کەرکووک بوو. ئەم کەرتە پەیوەندی بە کەرتی ڕێکخستنی جەباری و تەهای جەبارییەوە هەبوو. بۆیە کاتێک کە کۆمیتەی ئاگر کەوتە بەر پەلاماری گرتن و ڕاونان و تێکوپێک چوو ئەم کەرتە زەربەی نەخوارد.کاتێک کە کۆمیتەی ئاگر پێک ئەهێنرێتەوە. کەرتی شەهید سیروانیش ئەدرێتە کەرکووک و محەمەد وەک لێپرسراوی ئەم کەرتە ئەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخراوی کەرکووک.
زۆری پێ ناچێت کۆنفرانسی دووی کۆمەڵە ئەبەسترێ و محەمەدیش بەشداری تێدا دەکات. پاشان بەهۆی ناکۆکیی فکریەوە واز لە کۆمەڵە دەهێنێت. لەدوای گفتوگۆکانی ساڵی ١٩٨٤ ی نێوان (ی.ن.ک) و ڕژێمی عێراق شەهید محەمەد دێتە ڕیزەکانی بەرزەوە و دەبێتە هەڵسوڕاوێکی چالاکی ئەو ڕێکخراوە. پاشان دوای هەڵوەشاندنەوەی بەرزە و دامەزراندنی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی درێژە بە تێکۆشانی خۆی ئەدا. کۆبوونەوەی فراوانی کادیرە سەرەکییەکانی کەرکووکی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٧دا لەماڵی شەهید محەمەد لە کەرکووک ئەنجام درا، کەلەوێدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێندرایەوە.
لەڕاپەڕینی ١٩٩١دا لە بزووتنەوەی شووراکاندا بەشداربوو. لەرووداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ شەهید محەمەد لەلایەن هێزی سەبازی و هەواڵگری عێراقەوە لەشاری هەولێر دەگیرێ و پاشان سزای زیندانی بەسەردا دەدرێت و ڕەوانەی ئەبوغرێب دەکرێت. دوای ئەوە جۆری حوکمەکەی دەگۆڕن و هەرلەوێ ئیعدام دەکرێت.
ئەوەی شایانی باسە ماڵی ناوبراو چ لە کەرکووک و چ لە هەولێر لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەمیشە پەناگەی حەشاردانی خاڵکانی چەپ بووە کەمەرج نەبووە بەرزە بووبن. 
٦)سالار کەریم: برای دکتۆر نەجمەدین کەریمە و ئێستا نیشتەجێی ئەرمریکایە.
٧)تاهیر ڕەحیم (دکتۆر تاهیر): کارمەندی تەندرووستی بوو. ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایە.
٨)نورەدین شێخ ئەبدولواحێد: ناسراو بە حەمەڕەش و پێشمەرگەی دێرین لە ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی (ی.ن.ک)دا.
٩)کەمال ئەمین: پێشمەرگەی دێرین و ئێستا نیشتەجێی شاری کەرکووکە.
١٠)نەجمەدین عەبدولقادر: ناسراو بە کاکەسوور و ئێستا نیشتەجێی سوێدە.
١١)ئەحمەد شۆڕیجەیی: کارمەندی تەندرووستی بوو. لە ئەڵقە ڕۆشنبیرییە سەرەتاییەکانەوە بەشداربووە.
١٢)سەید قادر سەید مستەفا: ناسراو بە قادر ئاڵتوونچی، تێکۆشەرێکی دێرینی ئەڵقە چەپەکانی شاری کەرکووک و هەڵسوڕاوێکی بەرزە و یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی بوو. لەگەڵ د.خالید دا بەشداری چالاکانەی هەبوو لەڕەخنەگرتن لە چەپی حیرفەیی بە (بەرزە)شەوە و لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بەرزە و دامەزراندنی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستیدا بوون. ئێستا کارگێڕی بەشی پەیوەندیەکانە لەمەڵبەندی دووی (ی.ن.ک) لە کەرکووک.
١٣)شەهید عوسمان عەلی: کرێکاری بیناسازی بوو، لەڕێگای د.خالیدەوە لە بەرزە و پاشان لە یەکێتی خەباتی کۆمۆنیسیدا ڕێکخراو بوو. شەهید عوسمان لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە بەتۆمەتی فیراری لەسەربازی دەستگیردەکرێ و لەڕۆژی ١٣/١/١٩٨٦ دا شەهید دەکرێ. شەهیدی ناوبراو زۆر قارەمانانە پێش گوللـەبارانکردنی هوتافی لەدژی ڕژێمی بەعس دەکێشا.
١٤)نەسرەدین کەریم: ناسراو بە نەسر یان کەمال و ئێستا نیشتەجێی سویسرایە. 
١٥)جەمال مەحموود: پێشمەرگەی دێرین و خەڵکی کەرکووک بوو، بەڵام دانیشتووی سلێمانی بوو پەیوەندی بە هاوڕێیانی سلێمانیەوە هەبوو. ئێستا دانیشتووی کەنەدایە.
١٦)ئەحمەد "برای سۆران گەرمیانی".
١٧) شەهید ئازاد فەقێ عەبدوڵا.
١٨)مەلا ناسیح تۆماری: ناوبراو تێکۆشەرێکی سەرەتاکانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی بوو. لەڕێگای عوبێد خالیدەوە پەیوەندی بە بەرزەوە کردبوو. لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەنەخۆشی شێرپەنجە لەشارۆچکەی تەقتەق کۆچی دوایی کرد.

تێبینی
(١): بێگومان هەر یەکێک لەو ناوانە پەیوەندی بەکەسانی ترەوە هەبوو. کەلە ئەڵقەی ڕۆشنبیری یان لە شانەی تردا ڕێکخراو بوونە. هەروەها لەشارەکانی سلێمانی هەولێر ، ڕانیە ، قەڵادزێ ، هەڵەبجە ، پێنجوین و شوێنی تریش کەسانی سەر بە بەرزە هەبوونە.
(٢): ئەم پاشکۆیە لەلایەن "د.خالید"ەوە ئامادەکراوە و لەلایەن "نەجمەدین"ەوە داڕێژراوەتەوە و پێناسەی هەندێک لەو کەسانە کراوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە