جەنگی ئابووریی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە هەڵکشانە و ئەردوغان پەشۆکاوە

Wednesday, 15/08/2018, 16:32

4919 بینراوە


لە میدیا و سەرچاوە بیانەکانەوە، ١٦/٨/٢٠١٨دا هاتووە،
لەگەڵ گرژبوونی پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بە واژۆی ئەردوغان بڕیاری زیاد کردنی گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەی ئەمریکی بۆ تورکیا درا. گومرک لە سەر ئەو ئۆتۆموبیلانەی کە هاوردە دەکرێن لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا بە بڕی سەدا  ٦٠ زیاد کرا، لەسەر توتن لە سەدا ١٤٠زیاد کرا، هەروها گومرگ لەسەر خواردنەوە (ئەلکهوڵ)ی کە لە ئەمریکا بۆ تورکیا هاوردە دەکرێت لە سەدا ١٢٠ زیاد کرا و گورمرک لەسەر کاڵای جوانکاری و برنج و کولا دوو قاتی جاران زیاد کرا. وەزیری بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەی ئەمریکی بە ڕێژەی ٥٣٣ میلیۆن دۆلار زیادی کردوە.

تورکیا، ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریی و شکانی بەهای لیرەی تورکیی بووە، لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا لە سەدا ٤٥ بەهای لیرەی تورکیی کەمی کردوە. ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو لیرەی تورکی تا نزمترین ئاست دابەزیبوو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازارەکانی ئاسیای پاسفیک.

بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئابوورییە و رزگارکردنی لیرەی تورکیی لە دابەزینی زیاتر، پسپۆرانی ئابووریی لە تورکیا بڕیاریان داوە  سوودی بانکەکان بۆ بڕی لە سەدا ١٠ زیاد بکەن.

قەیرانی ئابووریی تورکیا دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ بە مەبەستی فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ئازاد کردنی قەشەیەکی ئەمریکی بە ناوی برونسۆن کە لە تورکیا دوو ساڵە زیندانی کراوە بە تاوانی ئەوەی کە گوایە یارمەتی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەدات بڕیاری زیاد کردنی گومرگی دوجای دا لەسەر کاڵای هاوردەی تورکیی بۆ ئەمریکا وەک  مادەی ئەلەمنیۆم و ستیلی تورکیی. دوا بە دوای بڕیارەکەی ترامپ، ئەردوغانیش بڕیاری زیادکردنی گومرگی دا لەسەر کاڵا هاوردەکانی ئەمریکی بۆ تورکیا.

ئەردوغان، ڕەتی کردۆتەوە کە سوودی بانکەکان زیاد بکات بۆ دەربازکردنی لیرەی تورکییی لە دابەزین و دەڵێت، تورکیا کراوە بە ئامانج  بۆ دژایەتی کردن و هەڵگیرساندنی جەنگی ئابووریی بەرامبەری و داوا لە تورکەکان دەکات کە ئەگەر دۆلار و یۆرۆیان هەیە بیفرۆشن و پارێزگاری لە پارەی نەتەوەیی بکەن و کۆمپانیا تورکییەکانیش هەوڵبدەن مامەڵە بە دۆلار نەکەن.

گەلێک لە چاودێران و پسپۆرانی  ئابووریی تێبێنیان هەیە لەسەر گوتەی ئەردوغان و ڕێگرتنی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانک و  پێیان وایە کە ئەردوغان کابرایەکە لە بواری ئابووریی هیچ شارەزاییەکی نییە و لەوە ناگات کە لەکاتی ڕووبەڕووبووەنەی قەیرانی ئابووری لەم جۆرەی تورکیا یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە دەبێت سوودی بانکەکان زیاد بکرێت دەنا قەیرانەکە زیاتر بەرەو قوڵبوون دەچێت و هەروها ئەوەش دەڵێن کە ئەردوغان بەبێ هیچ شارەزاییەک خۆی هەڵدەقوڵتێنێتە نێو بڕیاردان لە هەموو بوارەکاندا و ئەو لەوە ناگات کە بڕیاری ئابووریی پێویستی بە پسپۆری ئابووریی هەیە نەک سەڕۆکی وڵات کە سەرودەر لەم بوارە دەرناکات.

ئەردوغان نیگەران بووە و دەڵێت  ئەمریکا لە پشتەوە چەقۆی لە تورکیا وەشاندوە. شایەنی باسە باری ئابووریی تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت، ئەگەر ئەردوغان سووربێت لەسەر بڕیارەکانی و ملکەچ نەکات بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا ئەوا وا چاوەڕەوان دەکرێت دواڕۆژی ئەردوغان هەمان دواڕۆژی سەدام حوسێنی سەڕۆکی پێشووی عیراقی هەبێت. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە