کاوەکان نامرن

Wednesday, 05/12/2018, 0:31

8892 بینراوە


کاوەتان کوشت!
لە بەر دەرگای ماڵی
دایکی ئەنفال
خوێنێکی دیکەتان رشت!
ئێوە حەرامزادەی بێ ناسنامەن
بە وێنەی دێو جامە
خوێنی پێنووسێکی بوێرتان مژت!
خۆتان بە جەنگاوەر دەزانن؟
رێگای رزگاری پێدەزانن؟
تفەنگەکانتان دەسکردی دووژمنە
ئاکارتان وێنەی کەوی بنە
بە رۆژ پاڵەوانن
بە شەویش سیخۆری بیانی و
نۆکەری گوێ لەمستی  دوژمنن
کاوەکان بکوژن!
لە داریان دەن ودەنگیان ببڕن
دەزانن دواڕۆژ چیتان بە سەر دێ؟
چارەنووستان چی لێدێ؟
پێگەی ژیانی ئێوە خاکی پیرۆزی کوردستان نییە
دارستانی پڕ لە رەمزو ڕازی
نیشتمان نییە
ئێوە زادەی زبڵن
گەندوگوی ئاژەڵی گۆڵ ودێڵن
هەرکات تاقە دارێک لە گۆی زەویدا نەما
هەمووی لە ریشەوە بڕا
ئەوکاتە کە پێنووس بەرهەم نایە
پەڕاو لە نووسین نایە
دەوەرن،خامەی کاوەکان ترۆر کەن؟
وشەیان لێ هەڵپاچن وشێعریان
لە گۆڕ نێن و دەنگی ئازاد درۆنەکەن
ئێوەش پێشمەرگەن؟
یان جەردەی ڕێگاو چەتەن؟
کاوە کوژن یان پیاوی بێگانەن؟
تا ماون،تاهەن
نە کاوەکان لە یاد دەچن
نە خامەیان لە نووسینی وشەو
شێعروئازادی ماندوو دەبن
بۆ هەتا هەتاش تا دونیا هەیە
هیچکات  کۆڵ نادەن.
جەعفەر کەریمی
سندووقی: کوردستانپۆست.
---------------------
کوردستانپۆست: 5 / 12 / 2013 کاتژمێر (نۆ و دوو دەقیقە)ی شەو، کاوە گەرمیانی سەرنووسەری گۆڤاری (رایەڵ) و نووسەری کوردستانپۆست، لە شاری (کەلار) وەک دایک و خێزانەکەی رووداوەکە دەگێڕنەوە دوو کەس لە دەرگا دەدەن، داوای کاوە دەکەن، دایکیشی بێ ئاگا لە هیچ مەترسییەک بانگی کاوەی کوڕی دەکات، کاوەش بە دەنگی دایکییەوە دەچێت، کاتێک دەگاتە لای پیاوکوژەکان، هەردوو پیاوکوژەکە دەیدەنە بەر دەستڕێژی گوللە، گوللەیەکیش بەر سەری دەکەوێت، دوای ئەنجامدانی کارەکە، هەردووکیان رادەکەن و دەچنەوە ناو ئەو سەیارەیەی، کە هێناونی و دوور دەکەونەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە