پژاك تاكە ئومێدى جەماوەرى ڕۆژهەڵاتى كوردستان ..

Saturday, 12/06/2010, 12:00

1495 بینراوە


لەم ماوەیەدا بۆ ماوەى هەفتەیەك سەردانى وڵاتى ئێرانم كرد و بەتایبەتیش كوردستان و شارەكانى مەریوان و سنە و كرماشان و ڕەوانسەر و جوانڕۆ و كەرەند و ئیسلام ئاباد و سەرپێڵى زەهاو وقەێرى شیرینم بینى و تیایاندا مامەوە و لەگەڵ چەندین كەسى سادە و ساكار و دوكاندار و شۆفێرى تاكسى و فەرمانبەرى دەوڵەت و خوێندەواریشدا گفتوگۆمان كرد لەبارەى هەمەجۆر بابەتەوە و لەناویشیاندا باسمان لە پژاك ((پارتى بوژاندنەوە و ئازادى كوردستانمان)) كرد. وەك پارتێكى سیاسى و چەكدارى سەر گۆڕەپانى ئێستاى كوردستان و ئێران . لەهەموو ئەو گفتوگۆیانەمدا هەستم بەوەكرد كە جەماوەرى كوردستان ئومێدێكى گەورەیان هەڵچنیوە لەسەر خەبات و كارى شۆڕشگێڕانەى پژاك دژى ڕژێمى ئێرانى و هەموان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە تاكە ئومێد و تروسكەى هیوابەخشە بۆیان كە بتوانێت ترس و دڵەڕاوكێ و شڵەژان بخاتە ناو دڵ و دەروونى كاربەدەستانى ئێرانەوە لە پاسدار و سوپا و تەنانەت فەرمانبەرى ئاسایى دەوڵەتیشەوە و حسابى ووردى بۆ بكەن و هەست بەگەورەیى و كاریگەرى پژاك بكەن لەڕووى جەماوەریى و پشتگیرى جەماوەرییەوە. هەربۆیەش ڕژێم ناچارى هەڵوێستەكردن بۆتەوە لە جێبەجێكردنى پیلانە گڵاوەكانیدا و پژاك بۆتە هێزێكى گەورە و ڕێگر لەبەردەم سیاسەتەكانیدا و لە زۆر كات و جێگەى كوردستاندا ڕژێم بەناچارى نەرم و نیانى دەنوێنێت لەبەردەم داواكارى ئەو ناوچانەدا و بەهیواى ئەوەى سۆز و خۆشەویستى جەماوەر لەلایەك بۆخۆى ڕابكێشێت و لەلایەكى تریشەوە لە پژاكیان دووربخاتەوە , ئەوەش بە بەخشینەوەى پوڵ و پارەى زۆر لەڕێگەى بەجاشكردن و بە ئیتلاعاتكردنى دانیشتوانى گوند و شارو شارۆچكەكان بۆ گەڕان و سۆراغكردنى گەریلا و پێشمەرگەكانى پژاكەوە و جێبەجێكردنى هەندێ پڕۆژەى بچوكەوە. ڕاستە لەهەندێ ناوچەدا لەلایەن ژمارەیەك كەسى نەفس نزم و هەل پەرست و خۆفرۆشەوە ڕژێم توانیویەتى پیلانەكانى سەربگرێت , بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە زۆرینەى جەماوەر ڕازى بكات و لە پشتگیرى و پشتیوانى پژاك دووریان بخاتەوە ئەگەر وەك سۆز و خۆشەویستیش بێت و هیچ كات خۆیان بە دۆستى ڕژێم دانانێن هەمیشە چاویان لەو ڕۆژەیە كە پژاك و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى چەكدارى كورد بەسەر ئەو ڕژێمەدا سەربكەوێت و بە دەردى ڕژێمى بەعسى ێدامى بەرن وەك ئەوەى لەباشورى كوردستاندا ڕوویدا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە, بۆچى و چۆن پژاك توانى ببێتە جێگە متمانەى ئەو جەماوەرە پان و پۆڕەى كوردستان؟ ئەى هێز و پارتە تەقلیدیەكانى تر چیان بەسەر هاتوە و لە كوێى ئەم قۆناغ و گۆڕانكاریە سیاسى و چەكداریەى كوردستاندان؟
ئاشكرایە گەلى كورد لەهەر بەشێكى كوردستانى گەورەدا بەدرێژایى مێژووى دروستبونى دەوڵەتانى نەتەوەیى فارس و تورك و عەرەب لەو وڵاتانەدا. هەمیشە بونەتە ئامانجى سەرەكى ڕژێمە دەسەڵاتدار و سەركوتكەرەكان و پیلانى لەناوچوون و تواندنەوە و سڕینەوەى مێژوو و جوگرافیا و كەلتور بونەتەوە. بۆیە هەمیشە هەستیان بە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە كردوە و ئاواتیشیان ئازادى و ڕزگاربوون و دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى كوردى بوە و لەو پێناوەشدا بێ وچان و بە بەردەوامى لە شۆڕش و خەبات و ڕاپەڕین و بێزارى و توڕەبوندا بوون بەرامبەر ئەو ڕژێمانە و پیلانەكانیان و دەریایەك خوێن و فرمێسكیان ڕشتوە و قوربانیان داوە.
هەربۆیەش كارێكى ئاساییە كە هەر پارت و ڕێكخراوێكى سیاسى و سەركردە و ڕابەرێك ئاڵاى خەبات و شۆڕش بەرزبكاتەوە دژى ئەو ڕژێمانە لە كوردستانى گەورەدا ڕاستەوخۆ جەماوەرى گەل لێى كۆدەبنەوە و بەگیان و بەماڵ هاوكارى و پشتیوانى لێدەكەن و دەچنە ڕیزەكانیەوە.ئاشكراشە بەدرێژایى هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى كورد چەند فاكتەرێك لەپشت سەركەوتن و بەردەوامیەوە بوون لەوانەش ((پشتیوانى جەماوەر و ڕەوایى مەسەلەى كورد و داواكاریەكانى و شاخ و دۆڵەكانى كوردستان و خواى گەورە)). هەربۆیەش لە ئێستادا پژاك بۆتە ئەو بزوتنەوەیە و ئاڵاهەڵگرەى كوردایەتى ڕەسەن لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان و جێگەى متمانەى جەماوەرەكەشى.
پژاك بەتەمەنێكى كەم و بەتوانایەكى سیاسى و سەربازى كەمترەوە و بەرامبەر ڕژێمێكى بەناو ئیسلامى و شمولى و خۆسەپێن و دڕندە و چەوسێنەرەوەى خاوەن توانایەكى سیاسى و ئابورى و سەربازى گەورە لەناوچەكە و دونیاشدا توانیویەتى بوون و هێز و كاریگەرى خۆى لەناو جەماوەر و لەلاى ڕژێمیش بسەپێنێت و لەناو جەرگە و قوڵایى شار و شارۆچكەكاندا كارو چالاكى ئەنجام بدات و ترس و دڵەڕاوكێ دروست بكات لەناو دەسەڵاتدارانى ڕژێمدا و قوربانى گەورەش بدات. هەربۆیە لەكاتى لە سێدارەدانى كەمانگەر و هاوڕێكانیدا لەلایەن سەرتاسەرى جەماوەرى كوردستانەوە ناڕەزایى و خۆپیشاندانیان دەربڕى و ڕژێمیش هەموو هێزەكانى خستە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و لە ئێستاشدا و بۆ ماوەى هەفەتەیەك زیاترە كەوتۆتە تۆبارانكردنى ناوچە سنوریەكانى كوردستانى ڕۆژهەڵات و باشورەوە كە بە پێگەى پژاكى دەزانێت و لە ئێستادا پژاك و پەكەكە بونەتە سەرەنێزەى خەباتى ڕەواى كورد لە ڕۆژهەڵات و باكورى كوردستاندا و ڕژێمەكانى تورك و فارسیش پێكەوە هاوكارى مادى و مەعنەوى و جاسوسى دەكەن بۆ هێرشكردن و لەناوبردنیان.
ئەمەش ئەگەر ئاماژەیەك بێت بۆ ڕاستیەك ئەوا ئاماژەیە لەسەر ترس و تۆقاندنى ڕژێمى ئێرانى لە هێز و تواناى ئێستا و ئایندەى پژاك.
بەداخەوە دەڵێم كە هێز و پارت و سەركردە تەقلیدیەكانى ترى ڕۆژهەڵاتى كوردستان لە ((حدك و كۆمەڵە)) و...هتد. كەخاوەن مێژوو و ڕابوردویەكى گەش و درەوشاوەن لە خەبات و قوربانیدان و چەندین سەركردە و ڕابەرى مەزنیان بەخشیە كوردستان. بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕۆڵ و كاریگەر و ناوبانگەیان نەماوە لەناو جەماوەرى كوردستان و لەلایەن ڕژێمیشەوە هیچ ترس و فشارێكیان دروست نەكردوە. ئەو هێزانە بەداخەوە هێندەى سەرقاڵى ململانێى ناوخۆیى خۆیانن و باڵ باڵێنە زاڵبوە بەسەر فكر و كاریاندا نیوهێندە لە خەیاڵ و پلانى شۆڕش و بەرەنگارى و هەستانەوە وپێكەوە كاركردندا نین . هەربۆیە كەوتونەتە پەراوێزى ڕووداو و گۆڕانكاریە سیاسی و چەكداریەكانى كوردستانەوە. مێژوو و ڕابووردو و جەماوەرەكەشیان هێواش هێواش لەكاڵبونەوە و كەمبونەوەدان. كەڕەنگە ئەو هێزانەش هۆكار و وەڵام و بیانوى خۆیان هەبێت لەهەمبەر ئەو ڕەوشەى كەتێیكەوتون. بەڵام هیچ بیانویەك نەدەبوو ببوایەتە هۆكارى پاشەكشەیان لە گۆڕەپانى شۆڕش و خەباتى چەكداریان و داببڕێن لە جەماوەرەكەیان. چونكە هەموو ڕژێمە دژ بەكوردەكان تەنها لە زمانى چەك و شۆڕش و خەبات تێدەگەن و حسابى بۆ دەكەن نەك كارى سیاسى و جەماوەرى و ڕاگەیاندنو قەڵەم و ڕۆژنامە و سەتەلایت لەدەرەوەى وڵات.
ئەى چارەسەر چییە؟
تەنها چارەسەر بۆ گێڕانەوەى هێز و توانا و هەیبەت و قورسایى خەباتى كوردانى ڕۆژهەڵات. گەڕانەوەیانە بۆخەباتى چەكدارى و ناو جەماوەر و شاخ و دۆڵەكانى كوردستان و كاركردنى پێكەوەیى و پێكەوەنانى بەرەیەكى بەهێزى یەكگرتوى كوردستانیە و وەلانانى كێشە و ململانێ ناوخۆییەكان و بەردەوام بونە لە خەبات بۆ گەیشتن بە دوا ئامانج كە ڕووخان و وەدەرنانى ڕژێمە لە كوردستان.و گەرموگڕتركردنى پەیوەندیە ناوخۆیى و دەرەكیەكانیشە لەگەڵ هەموو هێز و دەوڵەتانى ناوچەكە و دونیاش.بەتایبەتیش لەم ساتە وەختەدا كە ڕژێمى ئێرانى بە قۆناغێكى سەخت و دژوار و زۆر هەستیارى ناوخۆیى و دەرەكیدا تێپەڕدەبێت. ئەوەتا لەناوخۆدا گیرۆدەى ململانێى توندى نێوان باڵى موحافیزەكاران و ئیێلاحیەكان و تەنانەت ناو خودى موحافیزەكارانیش بۆتەوە,كێشەى ئابورى و كۆمەڵایەتى زۆر سەریان دەرهێناوە و دەستێوەردانەكانى ئێرانیش بۆ كاروبارى دەوڵەتانى ناوچەكە لە عێراق و ئەفغانسان و بەحرەین و كوێت و لوبنان و فەلەستین و مەغریب و ...هتد. و لەسەرو هەموشیانەوە كێشەى چەكە ئەتۆمیەكەى كەبۆتە هۆى سەپاندنى زیاترى گەمارۆ ئابورى و سەربازى و سیاسیەكان لەلایەن كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیەوە و بەم شێوەیە ڕژێم لە ئێستادا لە حاڵێكدایە كەس حەسوودى پێنابات.
هەربۆیە پێویستە لەسەر هەموو پارت و ڕێكخراوە سیاسى و چەكداریە كوردەكان وەخۆكەون و پلانى تۆكمەى بەگژداچونەوە و مقاوەمەت و فشار خستنەسەر ڕژێم دابنێن و پێكەوە كاربكەن پاڵ وەپاڵى یەكەوەبدەن و لەگەڵ پژاك لەم قۆناغەدا كاروچالاكیان توندتر بكەن و پێكەوە هەموانیان ببنە جێگە ئومێد و متمانەى جەماوەر بۆ گەیشتن بەسەركەوتنى یەكجارەكى.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە