ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەمان لە ئێوە نەدەکرد!

Sunday, 19/05/2024, 19:07

6290 بینراوە


هەر کوردێک پێی وابووبێت/ وابێت، کە تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە ڕووداو، پرۆسە، بزوتن و سەرهەڵدانەکانی لە شوێن و کاتی جیاوازدا، تایبەت بە دەڤەرێکی کوردستان و بەشێکی جیاواز لە نەتەوەکە بووە/ دەبێت، بێگوومان لە بزووتن و بیرکردنەوە گشتییەکە و دووربووە، جا یا بەهۆی تێنەگەشتن و نەزانییەوە بووە کە تا ڕادەیەک لێی بە عەیب ناگیرێ  لێپرسراویی کەمترە، یا بەهۆی وابەستەییەوە بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە کە لێی بە عەیب دەگیرێ و لێپرسراوە بەرانبەر بەوەی کە ڕوویداوە/ ڕوو دەدات.
هەموو کورد لە بزووتنەوە سیاسییەکەیدا بەشدار نییە/ نەبووە، بەڵام هەموو کوردێک لە ژیانی ڕۆژانەی نەتەوەکەدا وەک هەموو مرۆڤەکانی دنیا، هاوبەشی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی خۆیەتی و خەم لە بوون و نەبوونی مەرجەکانی ژیانەکەی خۆی دەخوات، )ئازادی) ش ڕەنگە دوا شت بێت کە بە خەیاڵیدا بێت، ئەمەش لە هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا بەو جۆرەیە، بە پێی هەڵکشانی ئاستی ڕۆشنبیریی تاک یا خوو و خدەی بۆ ماوەیی و بەدەستهێنراوی، هەڵوێست وەردەگرێت بەرانبەر بە ڕووداوەکان.
پێوانەکە ئەو هەڵوێست، ڕێڕەو، ئاڕاستە، بەرهەم و بیرەیە کە ژمارە دەستچنەکە، کە توانای وتن و هەڵوێست وەرگرتن و تێگەیشتنیان لە ڕووداوەکان هەیە لە خۆیانی پیشان دەدەن، بەرهەمی دێنن و ئەو (چی بەرهەمهێنان!!)ە یە گرنگە و ڕۆڵی گرنگ دەبینێ کە بە کۆمەڵگای خۆیانی پێشکەش دەکەن و وشیاریی نەتەوەیی و ئاستی بیرکردنەوەیان، دەباتە سەرەوە. واتە بەرهەمهێنانی ڕوانین، بزووتن و ئاڕاستەدان بە بزووتنەکە.
ماوەیەکی گەلێک درێژە، ئێمە لە بەرەنگاریدا بووین بەرانبەر بە داگیرکارانی نیشتمانەکەمان، تا ڕادەیەکی زۆر لە سنوورێکی تەسکدا چالاکییە سیاسییەکانی خۆمان ئەنجامداوە، کە چالاکی حیزبایەتی بووە، ئەوەش دوو شێوەی بە خۆوە گرتووە:
- یەکێکیان مەرامی خەڵکەکە بووە کە خۆی لە ئازادیدا بینیوەتەوە و بە خەیاڵ و بەکردار، ئەوەی کە ئەنجامی داوە، بەلای خۆیەوە بۆ ئازادیی نیشتمانەکەی بووە، بۆیە لەم پێناوەدا هەرچی هەبووە بەخشیویەتی، بێگوومان ئەم خەیاڵ و کردارەی ناڕێکخراو بووە و ئامانجدارنەبووە، واتە وەک تاک لەسەر هێڵێکی دیاریکراو کە بەرهەمی لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ بووبێت، نەبووە. ئەمەش یەکێک لەو هۆیانەیە کە بەلایەوە لە ئاوخواردنەوە ساناتر بووە کە بازبازێن بکات لە نێوان لایەنەکاندا و شەڕی کوردکوشتن و خوشک کوشتنیش بکات، کە لە مێژووی قێزەوونی ڕامیاریی کورددا بە شەڕی برا کوژی ناسراوە، کە ئاشکرایە شەڕی خواستی دەروونی سەرکردەیەتی لایەنەکانی پێک هەڵپژاو بووە، بەبەڵگەی ئەوەی کە نەتەوەکە نە لەسەر ئاو، نە لەسەر زەوی، نە لە سەر کارخانە، نە لەسەر ژن، نە لەسەر بازاڕ، نە لەسەر گەنم و جۆ، نە لەسەر جێگای وەستانی عەرەبانە و ئوتومۆبیل، نە لەسەر گۆرانی و شایی، بە کورتی هیچ وەخت لەسەر ئەو ئامڕازانەی ژیان و ژیار وا بەگژ یەکدا نەهاتوونەوە، کە دە هەزار و زیاتریش لەیەکتربکوژن و شکۆی مرۆڤ بوون و کوردبوونی یەکتر ورد ورد بکەن، بەڵام کە بوونە ئەندامی حیزب و دەستەیەکی دیاری کراو، ئەم کارەیان بەیەکتر کرد، ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ بیرلێکردنەوە!!!.
- دووەمیان، مەرامی ناڕوون و ئاڵۆز و نەزانراوی سەرکردەیەتی دەستەو تاقمە سیاسییەکانی کورد بووە بۆ خەڵک بە گشتی. چوونکە ئەو کارانەی کە ئەنجامیان داوە، زۆر جاران بەتەواوی پێچەوانەی مەرامی خەڵکەکە بووە و لە زۆر پێچی مێژووشدا دژی خواستەکانی خەڵک بووە. 
ئەم تاقم و دەستانە یا لە چوارچێوەی حیزبگەلی ئەو وڵاتەی کە بەشێکی کوردستانی بەسەردا دابەش بووە، خۆیان ڕێک خستووە، یا لە کۆنە ئەندام و کادیری ئەو حیزبە سەرتاسەریانەوە، بەناوێکی کوردییەوە تاقمێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە و خەڵکەکەش کە تامەزرۆی ئازادی بوون، لە دەوریان خڕ بوونەتەوە، واتە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، ئەوە سەرکردەیەتی ئەو تاقم و دەستانە نەبوون کە بەهۆی چالاکی فراوان و رێکخستنی تۆکمە و ئامانجدار و دروستەوە، بە پلەی یەکەم خەڵکیان بزواندبێ، بەڵکو مەرامی خەڵک بۆ ئازادیی نیشتمان بوو کە لەگەڵ خوێن و ئێسک و پرووسکیاندا تێکەڵ ببوو، ئەو تەوژمە بەهێزەی دروست دەکرد و لەدەوری ئەو سەرکردەیەتییە کۆدەبوونەوە. ئەوەش دەزانین کە زۆرینەی ئەو خەڵکەی دەوری ئەو سەرکردەیەتییەیان دابوو، بە تەواوی لە مەرامی سەرکردەیەتییەکە حاڵی نەببوون، ئەوان دەیانویست جمووجوڵێک هەبێ و بەرەنگارییەکە زیندوو بێت، بە ئومێدی مانەوە و نەفەوتان. 
تۆ دەبینی خەڵکانی زۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە، تێکەڵ بە خەباتی باشوور دەبن و ڕێبەرێتی بەشێک لە بزووتنەوەکە دەکەن، نموونەیەک: شەهید(عەلی شیعە) هەر لەساڵی ١٩٦٤وە سنەی بەجێهێشت و تێکەڵ بە بزووتنەوەی باشوور بوو و ڕێبەرێکی سەربازیی زۆر لێهاتوو زانا و کوردستانی بوو، هەروەها لە باشوورەوە ئەفسەرانی ناو سپای عێراقی جلی ئەفسەری عێراقی فڕێدەدەن و دەچنە ناو سپای کۆماری کوردستانەوە لە ڕۆژهەڵات، باکوورییەکان و ڕۆژئاواییەکان هاوبەشی بزووتنەوەکە دەبن لە باشوور.
کە بەم مێژووەدا دەچیتەوە تێدەگەیت کە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەیەتی حیزب، تاقم و دەستە ڕامیارییەکانی ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە چ زیانێکی گەورەیان بە بزووتنەوەی خەڵک گەیاندووە و چ فرسەتگەلێکیان لە کیسی نەتەوەکە داوە، چۆن نەتەوەکەیان دابەشکردووە بەسەر کۆمپانیای خێزانیی و پشکداریدا لە بەرگی کوردایەتی ، ناسیونالیزمی کوردی درۆزنانە و ڕێبازی ساختە و دژە میللەتدا، برینەکەی فرە قووڵ و بەسوێیە....... .
ئێمە لە باشوور، مەبەستم خەڵکە، چاوەڕوانی نوێمان لە حیزب، دەستە و تاقمەکانی ڕۆژهەڵات هەبوو، کە وریاتر، زاناتر و ئەزموونی باشتریان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەوە سەریەک نابێت و وەک کورد دەڵێت: پەرۆیەکیان لەوانەی باشوور دادڕیبێت!!!. هەر ئەو کاتەی کە دەستان چووە خوێنی یەکتر، ئیدی فاتیحە لەسەر بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات خوێندرا و هەنگاو بەهەنگاو ساڵ لە داوای ساڵ مەرامی سەرکردەیەتییەکانی تاقم و دەستەکان ئاشکرا تر دەبوون، خەڵکی باشوور بەو قەناعەتە گەیشت، کە ئەمە هەر کۆپییەکی بەزمی سەرکردەیەتییەکانی باشوورە و ڕوخسارێکی ڕۆژهەڵاتی پۆشییوە، دەنا بەموو لەوانەی باشوورییان لا نەداوە!!!.
باشووریان هیچ کاتێک خۆشحاڵ نەبوون کە ڕۆژهەڵاتییەکان ئۆردوگانشین کران، نەفرەتیان لە شەڕی کوردکوژیتان کرد، ئەو قەوانەی دەستهەڵگرتن لە بزوتنەوەکەتان بە بەهانەی پاراستنی قەوارەی هەرێم، کە لە بنەڕەتدا ڕێکەوتنی سەرکردەیەتییەکانتان بوو، لەگەڵ سەرکردەیەتی چەتەگەریی لە باشووردا(کە ئێستا ڕوونتربۆتەوە)، قەوانێکی سواو بوو لای باشوورییان و تەنیا لە بەرژەوەندی سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکاندا بوو، ئەوەش کە بێدەنگیتان هەڵبژارد بەرانبەر بەو هەموو ستەمەی کە دەسەڵاتی چەتەگەریی باشوور لە خەڵکی باشووریان کرد، نیشانە و بەڵگەیە کە ئێوە خەمخۆرێکی کوردستانی نەتەوەکە نەبوون، بەڵکو هەروەک ئەسڵەکە، کۆمپانیا گەلێکی ڕەواجدار بوون بۆ سەرکردەیەتی تاقمێک و قوربانگای لاوانی کیژان و کوڕانی کورد، هەمان دەستوور و شێوازی کۆمپانیا زۆرەکانی حیزبی باشووریی. 
باشوورییان کاتێک لە دوای ڕاپەڕینەوە و هاتنەوەی سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکان بۆ ناو شارەکان، گرێی دەستیان خستە ناو دەمیان!!!، یەکێک لە ئومێدەکانیان، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات بوو، بە سەدان و هەزاران لاوی باشووری و پێشمەرگەی باشووری، لە خۆ کۆکردنەوەدا بوون بۆ ڕێکخستنی خۆیان لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، بەڵام کە ڕوانییان ئەو وێرانەیە بە وان نەک ئاوەدان ناکرێتەوە، بەڵکو ئەو تروسکە ئاوەدانییەش کە لە ڕۆحیاندا مابوو و بۆ ئازادیی نیشتمان لێی دەدا، ئەویش وێران و نابووت دەکات. 
وەک ئەوەی ئێمە لەناکاو کەوتبین بەسەر ڕەفتار و کردەوە دژەکوردەکانی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالیدا و بەتایبەت قیادە مووەقەتەدا، کاتێک سەرکردەی دزانی باشوور چوو بۆ تاران و بەیعەتی کۆیلایەتی نوێکردەوە بۆ مەلاکان، گفتوگۆیەکی زۆر لەناو ئێلیتی ناحیزبی و تا ڕادەیەک پێشمەرگەی حیزبەکاندا و هەندێ جار ناو کادیرانی پلە سەرووی حیزبەکانیشدا، وەک بۆمبا تەقییەوە و سەریان سوڕما لە قسە و ڕەفتاری ئەو کەسایەتییە باشوورییە.
تەنانەت لە کادیری سەرووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانم بیستووە کە دەیگووت: نێچیرڤان لە رووی دبلۆماسییە زۆر لاوازە و کە بەراوردی دەکەیت لەگەڵ دیبلۆماسییەتی مەسروردا، جیاوازیان زۆرە!
من نازانم ئەم کادیرە دێرینەی ئەو حیزبە، بەکام دبلۆماسییەتەی، مەسروریان... شاگەشکە ببوو من چی بڵێم؟! ئاخر پاش ئەو هەموو ڕسوایی و کارەساتانە، ئایا ئەم خورافاتە وەڵامێکی هەیە؟! ئەمە چ نەهامەتی و کۆڵەوارییەکمان بۆ دەردەخات لە ناو حیزبێکی هەشتا ساڵیدا، کە بڕیار بوو چارەنووسی نەتەوەکە، هەر هیچ نەبێت لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتیدا بە لایەکدا بخات!!!.
ئایا بەڕاستی ئەمانە نازانن؟! دەزانن و خۆیانی لێ گێل دەکەن؟! یا هەر بەڕاستی بەرژەوەندییەک ئەم هەڵوێستەیان پێدەگرێت؟! پاش سی و سێ ساڵ لە ستەمی سەرکردەیەتی بەتایبەتی قیادەمووەقەتە، تازە بەتازە دەیانەوێ ڕوخساریی قیادەمووەقەتە لای خەڵکی ڕۆژهەڵات شیرین و پاک بکەنەوە؟! سی و سێ ساڵ تێپەڕیووە، نەوەیەک لە ناو ستەمی قیادەمووەقەتە و جەلالیدا گەورە بووە، سەرگەردان و وەیلان و بێ ئومێد و داهاتوو ون!!!.
خەڵکی ستەمدیدەی باشوور هەرگیز چاوەڕوانی ئەمە نەبوون لە ئێوە، چاوەڕوان نەبوون کچان و کوڕانتان، لە کەناڵ و ڕادیۆ وپەیجاکانیانەوە، دەم بە خەندە، ڕوخسارێکی شیرین و مۆدێرن و سەردەمیانە لە قیادەمووەقەتە، لە زیهنی کچەلاوێک و کوڕەلاوێکی نەدار و بێدەرەتانی ڕۆژهەڵاتدا، بەرجەستە بکەن، ئەوە خیانەتە بە ڕاستی، مێژووی کورد، حیزبەکەتان و خوێنی شەهیدانی ناوڕیزەکانی حیزبەکەتان کە بەدەستی قیادەمووەقەتە شەهید کران، خیانەتە بەو ڕەنجەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە پێناوی بە زیندوویی ڕاگرتنی ئێوەدا کێشای، ڕەفتارەکانی ئێوە ئەو کچەگەنج و کوڕەلاوانە بێ هیوا و نائومێد دەکات و سەریان پێدەکا بە کۆشی دوژمنی داگیرکەری کورددا!!!.
ئێوە لەگەڵ هاوڕاز و هاوکار و هاوپیشەکانتان لە باشوور، بەرانبەر بە داداگای گەل دەبێت وەڵامی پرسیارە زۆرەکانی نەتەوەکە بدەنەوە.....ئێمە پرسیاری زۆرمان هەیە کە چاوەڕوانی وەڵامن.
ئەو بەشە داگیرکراوە لە ڕۆژهەڵات، بێ خاوەن نییە، کاتێک ئێوە خاوەندارێتی ئەوانتان دایە دەست کۆماری ئیسلامی و خۆتان و چارەنووسی پێشمەرگە و مێژووی خۆتان سپارد بە قیادە مووەقەتە، ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە خۆی بووە خاوەن و بە ژیرێتی و هێز و توانای خۆی، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە هەموو جیهان گەیاند و ڕۆڵ و هەڵوێستی هەموو ئێوەشی ئەزموواند و تێگەیشت کە کەمایەسییەکان لە کوێ و لە کێدا و بۆچی بەو شێوەیە دەردەکەون کە هەن!. ئەو ئیتر خۆی و ڕێگای ڕزگاری خۆی دەناسێ و ئێوەش ئاگاداری نێچیر و مەسروورتان بن، نەوەک دبلۆماسییەکەیان تۆزی لێ بنیشێت، بە ئومێدی دیدار لە هۆڵەکانی دادی گەلدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە