جێندەر بە زمانێکی سادە
Friday, 16/12/2022, 22:06
ئەم ماوەیە لە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر لەسەر جێندەر دەکرێت. ڕەوتەئیسلامییەکان و بەشێکی مەلاکان لەگەڵ کەسانی کۆنەپارێز بۆ دزێوکردنی پرسی یەکسانیی جێندەری بە دڵی خۆیان - بەبێ بەڵگەی زانستی و ئارگۆمێنتی لۆژیکی تەفسیر و شرۆڤەی جێندەر دەکەن. خەڵکی ئێمە مافیانە زانیاریی دروستیان پێ بگات و بەرچاویان ڕوون بێت، لەبەرئەوە هەوڵ دەدەم لێرەدا بەسادەیی و بەکورتی ڕوونی بکەمەوە کە جێندەر و یەکسانیی جێندەری چییە. هیوادارم ببێتە دەروازەیەک کە خۆتان بەدوای زانیاریی زیاتردا بگەڕێن.
کاتێک مرۆڤ لە دایک دەبێت، لە ڕووی بایۆلۆژییەوە خاوەنی زایەندی جیاوازە. بە جەستە هەندێک لە مرۆڤەکان مێیینە و هەندێکیش نێرینەن. لەو نێوەندەدا بەشێکی دیکەی مرۆڤ هەن کە هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە لە باری بایۆلۆژییەوە نێوانەزایەندیان هەیە. واتە هەردوو ئەندامی نێرینە و مێیینەیان هەیە (intersex) کە لە جڤاکی کورداندا پێی دەگوترێت «نێرەمووک». بەشێکیش هەن ترانس (Trans)ن. ترانس بەو کەسانە دەگوترێت کە لە کاتی لەدایکبووندا بەهۆی هەبوونی ئەندامی نێرینە یان مێینە بە نێر یان مێ دەستنیشان کراون، بەڵام کەسایەتی و حەز و ئارەزوویان لەگەڵ زایەندیی دەستنیشانکراو یەکناگرێتەوە. واتە ناسنامەی زایەندیی بایۆلۆژی و ناسنامەی زایەندیی جڤاکیی دڵخوازی خۆیان لەگەڵ یەکتر یەکناگرێتەوە.
لەوانەیە تا ئێرە بابەتەکە ڕوون بێت و ئاسایی بێت. چونکە زانست بە ئارگۆمێنتەوە «زایەندی بایۆلۆژی (ڕەگەز) - Sexجنس»ی ڕوون کردووەتەوە. ئێستا با بەئارامی بچینە سەر باسی جێندەر:
جێندەر(Gender) وشەیەکی ئینگلیزییە و هاومانای لە زمانی کوردی و زۆر زمانی دیکەدا نییە. لەبەرئەوە وشە ئینگلیزییەکە ئیدی لەناو زۆرینەی زمانە زیندووەکاندا چەسپاوە. لە ڕووی واتاییەوە جێندەر واتە زایەندی جڤاکی (ڕەگەزی کۆمەڵایەتی).
لە خێزانێکی کوردستاندا خوشک و برایەک هەن ناویان نازێ و دارا-یە. دارا ١٢ ساڵانە و ڕۆژانە یاری تۆپی پێ دەکات. نازێ ٩ ساڵانە و تەواوی ڕۆژەکان لە ماڵەوە بە «یاریی کچانە!» بەسەردەبات. دارا خەون بەوە دەبینێت لە داهاتوودا ببێتە فڕۆکەوان. هاوکات خواستی نازێ ئەوەیە لە داهاتوودا ببێتە پەرستار.
بەڵام بۆچی بەم جۆرەیە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە؛ لەبەرئەوەی پاڵنەرە جڤاکی و کولتوورییەکان کاریگەری لە زایەندی ئێمە دەکەن. بەم پاڵنەرە جڤاکی و کولتوورییانە دەگوترێت جێندەر (زایەندی جڤاکی). ئەوەی کە کێ نێرینەیە یان مێیینە، لەسەر بنەمای زایەندی بایۆلۆژییە و سروشتکردە. بەڵام ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا چییە، پێگەیان چییە، ئەرک و مافیان چییە و چاوەڕوانیی چییان لێ دەکرێت لەسەر بنەمای زایەندی جڤاکییە و سروشتکرد و خواکرد نییە.
دارا لەژێر کاریگەریی خێزان و کەسانی دەوروبەریدا فێر دەبێت کە دەبێ چۆن وەک کوڕێک ڕەفتار بکات. هەروەها بە ڕادەیەکی زۆریش لەژێر کاریگەریی میدیا، فیلم و مامەڵەی دەوروبەر شێوەی پیاو وەردەگرێت. نازێش هەروەها بەزوویی لە ماڵەوە - لە سەرگەرمی ژیانی ڕۆژانە، پێلستۆکی «کچانە»، چێشتخانە و جلوبەرگ شێوەی کچبوونی پێ دەدرێت. زۆربەمان دەڵێین منداڵ لاپەڕەیەکی سپییە و دڵی پاکە. زۆر جار بینیومانە کە لە بەرایی تەمەنیدا کە هەڵسوکەوتێکی دژەباو بە خێزان و کۆمەڵگەکەی دەکات، سەرکۆنە دەکرێت و بەتووندی ئاگادار دەکرێتەوە. بە کچەکە دەگوترێت، ئەو ڕەفتارە کوڕانەیە و عەیبە. بە کوڕەکەش دەگوترێت، ئەو ڕەفتارە کچانەیە مەکە، پیاو بە!
بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر دارا و نازێ بڕیار بدەن کە لەسەر بنەمای زایەندی بایۆلۆژی ڕەفتار نەکەن؟ واتە دارا ببێتە ئاشپەزی ماڵەوە و نازێ ببێتە فڕۆکەوان؟
ئەو کەسانەی لەپێناو یەکسانیی جێندەری کار دەکەن، تێدەکۆشن بۆ ئەوەی ڕۆڵی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای زایەندی بایۆلۆژی نەبێت. بەڵکوو بەبێ هیچ هەڵاواردن و جیاکارییەک دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان هەبێت. زایەندی بایۆلۆژیی مرۆڤەکان ڕێزلێگیراو بێت، دانی پێدا بنرێت و نەبێتە کەرەستەیەک بۆ بچووکخستن و پەراوێزخستن. لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو زایەندە بایۆلۆژییە هەموان بتوانن بڕیار لەسەر ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بدەن.
خۆ ئەگەر نازێ و دارا لە سەردەمێکی دیکە یان لە بەستێنی جڤاکیی شوێنێکی دیکەدا لە دایک بوان، دەکرا ڕۆڵ و پێگەی ئەوان جیاوازبا یان گۆڕانی بەسەردا هاتبا. خەدیجەی هاوژینی پێغەمبەری ئیسلام (بەر لە ١٤٠٠ ساڵ) بازرگان بوو، کەچی هاوژینەکانی مەلا عەلی باپیر (لەم سەردەمەدا) ژنی ماڵەوەن. دەکرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژدا فەلات فەرماندەی جەنگ بێت و لە ئەورووپا ئارنۆ دۆنکێل باشترین ئاشپەز بێت. لەیلا بەدرخان سەماکار بێت و لەیلا قاسم شۆڕشگێڕ. سەردەمێک سمکۆی شکاک سمبوول بێت و سەردەمێکیش ژینا ئەمینی. کەواتە ئەرک و ڕۆڵی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا بابەتێکی سروشتکرد و خواکرد نییە، بەڵکوو ئەوە بەستێنی جڤاکی و کولتوورە بڕیار دەدات نازێ بەهێز بێت یان لاواز، کابانی ماڵەوە بێت یان پزیشک، پەرستار بێت یان پێشمەرگە، پێڵاوی بەرز لەپێ بکات یان پێڵاوی نزم، پانتۆڵ لەبەر بکات یان مانتۆ، لەچک بکات یان نەیکات، قژی کورت بکات یان درێژ…هتد هەروەک چۆن بەستێنی جڤاکی و کولتووری بڕیار دەدات دارا ببێتە فڕۆکەوان یان ئاشپەز، پاڵەوانی لەشجوانی بێت یان ئارایشتکار، منداڵ پاک بکاتەوە لە کاتێکدا هاوژینەکەی خەریکی ئاشپەزییە یان قاچ بخاتە سەر قاچی، بەڕێوەبەری فەرمانگە بێت یان سکرتێر، ڕیشی هەبێت یان بیتاشێت، قژی کورت بکات یان درێژ…هتد. ئەم نۆرمانە بەردەوام دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. وەک چۆن پاشای فەڕەنسا لویسی چواردەهەم (١٧٠١) پێڵاوی پاژنەبەرزی لەپێ دەکرد، کەچی ئەمڕۆ ئەم شێوە پێڵاوە ژنان لەپێی دەکەن.
بیرمەندی فەڕەنسی سیمۆن دۆبۆڤوار (Simone de Beauvoir) ساڵی ١٩٤٩ بە نووسینی کتێبی «ڕەگەزی دووەم - Le Deuxième Sexe» شۆڕشێکی لە بواری فێمینیزمدا کرد کاتێک گوتی، جیاوازیی نێوان ژن و پیاو سروشتکرد نییە، بەڵکوو کۆمەڵگە ئەو جیاوازییە دروست دەکات.
لێرەدا من سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ چاوپێکەوتنێکی گرنگی دۆبۆڤوار لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ کەناڵی فەڕەنسا. لەو چاوپێکەوتنە گرنگەدا کە کاک ئەحمەد ئەسکەندەری تەرجەمەی کوردی کردووە و خاتوو ژیلە سورچی و منیش لە پۆدکاستێکدا دۆبلاژمان کردووە، دۆبۆڤوار باسی ئەم پرسە دەکات.
بەستەری چاوپێکەوتنەکە بە نووسین:
بابەتی هاوشێوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست