• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


(كوردو عارەب برایە) ئەو دروشمەى تەنها كورد بەرزی كردۆتەوە!

Monday, 29/09/2014, 12:00

1841 بینراوە


تێبینى: ئەم بابەتە مەبەست لێی هاندان و جۆشدانى گیانى نەتەوەپەرستى نییە، بەڵكو هەندێ راستن و پێویستە باسبكرێن. تا پەندیان لێوەربگرین بۆ داهاتوو.

پێشەكى:
دروشمێكە دەیان ساڵە نەتەوەى كورد لەباشوورى كوردستاندا بەرزیكردۆتەوە، دڵنیام ئەم دروشمە هەڵقوڵاوى ناخى كوردەو شتێك نییە بۆ موزایەدەو بەرێكردنى كات و بەرژەوەندییەكى تەسك و یەك لایەنە، كورد ئەوە ئەزانێ كە برایەتى و پێكەوە ژیانى گەلان و نەتەوەكانى ناوچەكە پێویستییەكى گرنگ و چارەسنووسسازە، بێ پێكەوە ژیان و رێزگرتن لەیەكترى، شتێك بۆ ئارامى و ئاشتى لەناوچەكەدا نایەتە دی وەكو ئێستا ئەیبینین.
برایەتى یەك لایەنە
پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە، ئایا لایەنى بەرامبەر كە (نەتەوەى عارەب)ە، تاچەند برواى بەو برایەتییە هەیە كە نزیكەى سەدەیەكە كورد بەرزیكردۆتەوە؟ تاچەند رێزیان لەنەتەوەى كورد ناوە وەكو نەتەوەیەكى سەرەكى و گەورە لە رۆژهەڵاتى ناوەراست؟ ئەفسوس ئەو برایەتییە تەنها یەك لایەنە باسیلێوەكراوەو بەدەستێك ئاڵاكەى هەڵگیراوە، تەنها كورد بووە كە لەناخەوە ئەو دروشمەى خۆشویستووەو لەسەر ئەزرى واقعیش كارى لەسەركردووەو باوەڕى پێی هەبووە، وەلێ نەتەوەى بەرامبەر (عەرەب) نەك لەناخەوە بڕواى بەو برایەییە نەبووە، بەڵكو هەمیشە وەكو نەتەوەەیەكى پلە دوو برابچوكێك و ژێردەستەیەك تەماشاى نەتەوەى كوردى كردووە، كارەسات و تاوانى گەورەى بەسەر كوردا هێناوە، لەهەمبەر نەهامەتییەكانى كورد، بێهەڵوێست و تەماشاكەربووە، ئەركى مرۆڤانەو ئاینیانەو درواسێتى بەرامبەر نەتەوەى كورد جێبەجێنەكردووە.

نمونە:
لەو هەموو دەردەسەرى و ماڵوێرانى و ئاوارەیی و كوشت و برەى بەسەر كورددا هاتووە, لەمێژوودا لەكۆى 22 وڵاتى عارەبى، نزیكەى 250 ملیۆن عارەب، گردبوونەوەیەك، خۆپیشاندانیك، ناڕەزایەتیەك، بەیاننامەیەك، بۆ هاوسۆزى و پشتگیرى كورد نەكراوەو دەرنەچووە.. (ئەكەر بووە تكایە باسى بكەن و بڵاویبكەوە)
- ئەگەر لێرەو لەوێ، دەنگێكى شاعیرێك, یان نووسەرێك, یان رۆشنبیرێك هەبێ و بەشێوەیەك لە شێوەكان هاوسۆزى بۆ كورد و كێشەى كورد دەربڕیبێ، ئەوا یەكەم: هیچى لەمەسەلە نەگۆریوە، واتا كاریگەرى نەكردۆتە سەر هەڵوێستى شەقامى عارەبى سەبارەت بەمەسەلەى كورد.. دووەم: ئەو وەكو شاعیرێك و نووسەرێك و كەسێكى بژاردە ئەبێت هەڵوێستى وەهابیچت و خۆ ناكرێت وەكو خەڵكێكى ئاسایی عارەبى بیربكاتەوە.

1- ئەوەى لە مێژووى نوێدا لەسەدەى بیستەمدا، كورد قڕانى ئەنجام دا لە (ئەنفال و كیمیاباران و وڵات روخاندن و ئەتككردنى شەرەف و نامووسى كورد) عارەبى عێراق بوو, یەك تاكە وڵاتى عارەبى و شەقامێكى عارەبى لە كۆى 22 وڵاتە عارەبێكە مێش میوانیان نەبوو..!
2- ئەوەى لە سەدەى 21یشدا، بۆ جارێكى دیكە كوردە ئێزیدییەكانى ئاوارەو ئەنفال و كۆمەلأكوژكرد، دیسان (عارەب) بەس ئەمجارە بەناوێكى دیكەوە (داعش).. كەچى نەمانبیى تاكە وڵاتێكى عارەربى و شەقامێكى عارەبی بچووكترین هەڵویست دەرببڕن لە ئاست ئەو تاوانانەى داعشدا.. 
لە هەردوو خاڵى سەرەوەدا وەكو پەندەكەى خۆیان ئەلێت: (سكوت علامە رضا) بێنگوبوون نیشانەى رەزامەندییە...!

خەنجەرى غەدر
برایانى عارەب نەك هەر هاوسۆزى كورد نەبوونە، بەڵكو لە پشتیشەوە خیانەتیان لە براكەیان كردووە! دواى رووداوەكانى موسل و كۆنترۆڵكردنى ئەو شارە لەلایەن داعشەوە، عەشیرەتە عارەبەكانى ئەو سنوورە، بەهەلیانزانى كەلەپشتەوە خەنجەر لەكورد بدەن. ئەوەبوو لەناوچەكانى شەنگال و زومارو مەخممورو جەلەولاو كەركوك و شوێنەكانى دیكە، بوونە هاوكارو پشت و پەناى داعش لەشەریان لەدژى كورد.
كۆمەڵێك پێشمەرگە رێگە هەڵەدەكەن و دەچنە گوندێكى عارەبەوە، (براكان) لەجیاتى ئەوەى هاوكاریانبن، كەچى بەدیلیان دەگرن و دواى سوكایەتى پێكردنێكى زۆر تەسلیمى داعشیان ئەكەنەوە،! ئەمەیە برایەتى!

عارەب و رۆژئاواى كوردستان
كورد لە رۆژئاواى كوردستان، لەسایەى رژێمە دیكتاتۆرەكانى ئەوێدا، دەیان ساڵبوو دەچەوسەنێنرایەوە، مافەكانى پێشێل دەكرا، تەنانەت مافى ناسنامەیشى پێڕەوانەبینرا، دواى شۆرشى سوریا، هەلێك بۆ كورد هاتەكایەوە، ئەوە بوو زۆر بەباشى و بەشێوەیەكى بەرنامەرێژى و بەپلانێكى تۆكمەوە، سوود لەو هەلە وەرگیراو كوردانى رۆژئاواى وڵات بوونە خاوەن دەسەڵات و بوونى خۆیان، بوونە خاوەن ماف و ناسنامە لەسەر خاكى هەزاران ساڵەیان، ئەوەى مەبەستە ئاماژەى پێبكەم، تا ئێستایش ئۆپۆزسیۆنى سوری ئامادەنین دان بەمافى گەلى كوردا بنێن، ئەمە لەكاتێكدا كورد لەو پارچەیەى كوردستان، هەرگیز زیانى بۆ نەتەوەو پێكهاتەكانى دیكە نەبووە، تەماحى لە زەوى كەس نەبووە، مافى كەسى پێشێل نەكردووە، ئەمە خاڵێك، خاڵێكى دیكە ئەوەیە، بەهۆى ئەو شەڕو شۆڕەوە كە سوریاى گرتۆتەوە، بەسەدان هەزار ئاوارەى عارەب لە شارو ناوچەكانى رۆژئاواى كوردستان نیشتەجێن، ئەوپەرى هاوكارى و یارمەتى دراوون، سەرەراى ئەو هەموو كیشە ئابوورى و كۆمەڵایەتى و سیاسییەى كە لەوێ هەیە، ئەمەیش سەلمێنەرى ئەو راستیەیە كەتەنها گەلى كورد بەراستى دروشمى (كوردو عارەب برایە)ى بەرز كردۆتەوەوەو كاریشى پێكردووە لەسەر ئەرزى واقیع، لایەنى بەرامبەریش زۆرجار لەدژى ئەو دروشمە جووڵاوەتەوە..

رووداوەكانى موسڵ و باشوورى كوردستان
پیش روداوەكانى موسلأ و دواى رووداوەكانى موسلیش، شارو ناوچەكانى باشوورى كوردستان، ئەو شوێنە پارێزراوو پڕ لە ئاسایشە بووە كە داڵدەى سەدان هەزار خێزانى عارەبى دا، خێزانە عارەبەكان كە ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێ ئەهێشت، روویان لە شارو ناوچە عارەبییەكانى دیكە نەئكرد، بەڵكو بەزووى روویان لەباشوورى كوردستان ئەكرد، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ كە كورد بەراستى مرۆڤ دۆست و راستگۆیە، بەپێچەوانەوە، عەشیرەتە عارەبەكانى شەنگال و مەخمورو جەلەولاو كەركوك، خەنجەرى ناپاكیان لە كورد ئەوەشاند، ببوونە هاوكارو یارمەتیدەرى داعش لە دژى كوردو هێزى پێشمەرگەى كوردستان، كورد هەرگیز وەكو عارەب بیرى نەكردۆتەوە، بیرى لەوە نەكردۆتەوە كارى ناشەریفانەو نارەوایش بەرامبەر دوژمنەكانیشى بكات، چ جاى ئەوانەى كە هانایان بۆ هێناوە، باشترین نمونە ئەوەیە: كاتێك چەتەیەكى داعش ئەكەوێتە دەستى پێشمەرگە یان شەرڤانانى رۆژئاوا، بەو پەرى رێزەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت بەپێی یاسا نێونەتەوەییەكانى جیهانى هەڵیوكەوتى لەگەڵدا ئەكرێت، كەچى ئەوان بەپێچەوانەوە، كاتێك منداڵێكى كورد ئەكەوێتە دەستیان سەرى لەلاشەى جیائەكەنەوە..

دوا پەیڤ
ج لە مێژووى كۆن و نوێدا، چ لە سەردەمى ئەمرۆماندا، ئەوە سەلمێنراوە كە نەتەوەى كورد، هەمیشە دەستى برایەتى و پێكەوەژیان و ئاشتى بۆ نەتەوەكانى دیكەى (تورك و فارس و عارەب) درێژكردووە، بڕواى بەوە بووە كە ناوچەكە بێ پێكەوە ژیانێكى راستەقینەو رێزگرتنى یەكترى و سەلماندنى مافەكانى یەكترى، ئاشتى و سەقامگیرى بەخۆیەوە نابینىَ، وەكو ئێستا دەیبینین، بۆیە ئەوە نەتەوەكانى (تورك و فارس و عارەب)ن كە بڕوایان بەبرایەتى كورد نییە لە ناوچەكەدا، بەڵام رەورەوەى مێژوو ئەوەى سەلماندووە كە كورد نەتەوەیەكى زیندووەو سەرەراى ئەو زوڵم و زۆرەى بەرانبەرى كراوەو ئەكرێ، سازش لە مافەكانى ناكات و نەكردووە، بەڵكو بەدەستێك چەكى بەرگرى لە خاك و مافەكانى و بەدەستەكەى دیكەى چەپكە گوڵى ئاشتى و برایەتى هەڵگردووە..


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)