هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


کتێبی(لە سێبەری شاخ)ی ئاشتی برایم ئەفەندی بڵاوکرایەوە

Saturday, 14/11/2020, 20:30

18832 بینراوە


کتێبی " لە سێبەری شاخ" لە نووسینی "ئاشتی برایم ئەفەندی" کەوتە بازاڕەوە، کە لەم شوێنانەی خوارەوە دەستدەکەوێت. خوێنەر دەتوانێت لە ڕێگەی ئینتەرنێت کتێبەکە داوا بکات، یان بە شێوەی ئیبوک و پیدیئف فایەل راستەوخۆ لەو شوێانەی خوارەوە بکڕێت.
کوردستانپۆست پیرۆزبایی لە خاتو ئاشتی برایم ئەفەندی دەکات بۆ ئەو بەرهەمە جوانەی کە دانەیەک لە کتێبەکەی بۆ کتێبخانەی کوردستانپۆست ناردووە. لەبەر ئەوەی کتێبەکە بۆ فرۆشتن دانراوە ئێمە لەناو کتێبخانەی کوردستانپۆستدا داینانێن، هەروەها هەموو بەشەکان کە کاتی خۆی بڵاومانکردبوویەوە، لە سەر داخوازی خۆی لامانبرد، ئەمەی لەو کتێبەشدا هاتووە، پێیدا چوونەوە، دەستکاریی کراوەتەوە هەڵەی زمانەوانیی چاککراوە هەروەها هەندێک زانیاریی بۆ زیاد کراوە. لە خوارەوە ئەو پێشەکییەی کە بۆ کتێبەکە نووسراوە بڵاوی دەکەینەوە:
2) Fishpond
3) isubscribe
4) eBay 
5)  Amazon
ئەمەی خوارەوە گفتوگۆی رادیۆی ئوسترالیایە لەگەڵ ئاشی برایم ئەفەندی سەبارەت بە کتێبەکە:
کلیکی وێنەکە بکە:
***********************************
ئەمەی خوارەوەش پێشەکی ناو کتێبەکەیە:
*********************************************

لە سێبەری شاخ

In the Shadow of the Mountain
پێشەکی
نازانم چارەنووسی گەلەکەم یان خۆم بوو، چارەنووس منی بەرەو شاخ و پێشمەرگایەتیی برد، بووم بە شایەدحاڵی ڕووداوە سیاسییە مێژووییەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. دواتریش ئەرکی گێڕانەوەی ڕاستگۆیانەی سروشتی جوڵانەوە و سەرانی پارتەکانی باشوور بکەوێتە ئەستۆم و ئەو زانیاریانەی کە لە هەگبەی ژیانی پێشمەرگایەتییمە بۆ نەوەی ئەمڕۆ و دواڕۆژ هەڵیڕێژم؟! بە هیوای ئەوەی توانیبم خزمەتێکی بچووکیی مێژووی گەلی کوردم کردبێت، کە هەردەم دوژمنان، خۆفڕۆشان، بەرژەوەندییپەرستان و سەرانی پارتەکان بۆ مەرامی تایبەتی لە نووسینەوەیدا ئەو مێژووەیان شێواندوە. 
لەم پەڕتوکەدا، هەوڵم داوە گێڕانەوەم بۆ ئەو قۆناغە مێژوویە دیاریی بکەم بە وردی دەربارەی ڕووداوەکان، ژیانی پێشمەرگایەتی، وەسفی شێوە، جلوبەرگ، تەمەن، خودوخوی کەسەکان، دیارییەکان تا دەگات بە وەسفی سروشت و جوانی کوردستان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی بچووکیی پێشمەرگایەتی. بێگومان ئەوەش بە مەبەستی ئەوە بووە کە ببێت بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مێژووی بۆ نەوەی داهاتوو و هەروها ئەگەر لە دواڕۆژدا هەر کەسێک خواستی بوو بیکات بە فلیمی سینەمایی کارئاسانی زۆری تێیدا هەبێت. 
بۆ یەکەم جارە پەڕتوکێک پێش چاپکردنی بڵاوبکرێتەوە، پەنجە بۆ ڕووداو و بابەتە پڕ هەستیارەکان درێژ بکات. پەردە لەسەر گەلێک ڕاستی و خەیانەتی کۆمەڵێک سەرکردە لە هەردوو ئاستی ناوەخۆ و لە گەمەی نێودەوڵەتی و لە یاریکردن بە پرس و چارەنووسی نەتەوەی کورد بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی لە باشوور هەڵبداتەوە، لە کاتێکدا هەموویان لە ژیاندا مابوون کە ڕەشنووسی "لەسێبەری شاخ" لە ٩/٢/ ٢٠١٥ تا ٢٦/١٠/٢٠١٧ لە ماڵپەڕی کوردستانپۆستدا بڵاوکرایەوە.
خاڵێکی گرنگی دی ئەم پەڕتوکە ئەوەیە کە جگە لەوەی گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکانی قۆناغێکی مێژووی دیاریکراوە لە هەمان کاتدا وەڵامێکە بۆ زۆربەی ئەو پەڕتووک و نووسراوانەی کە لەلایەن کۆمەڵێک نووسەرەوە بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت چۆنیان ویستووە بەو شێوەیە باسی ڕووداوەکانیان کردوە، هەروها هەندێک نووسەری دیش دوای مردنی جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفا ئەمین بیرەوەریەکانیان و نووسینەوەی مێژووی ئەو قۆناغە دیاریکراوەیان کرد بە پەڕتووک و بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتداراندا دارشتنەکەیان گونجاندووە و لە کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵات پروپاگەندەیان بۆ کراوە کە بێگومان لە ئایندەدا نابێت بە سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بۆ خوێنەری شارەزا و ئەوانەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوە دەکەن. من پێم وایە "لە سێبەری شاخ" پێگەیەکی تایبەتی دەبێت لە بوون بە سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو و بوێرانە نووسراوە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی تایبەتی، خۆدەرخستن و پارە پەیدا کردن. 
گەلێک سوپاسی ستاف و بەڕێوەبەرانی "کوردستان پۆست" دەکەم بە تایبەتی سەرنووسەر و بەرێوەبەری ئەو ماڵپەڕە(کەمال جەمال موختار) کە بە بایەخ پێدانێکی زۆر هەوڵ و یارمەتییان دام بۆ ئەوەی بتوانم مێژووی ئەو ڕووداوە گرنگانە بە خوینەر و گەلەکەم بگەیەنم. ئەگەر تەقەلا و کارئاسانی کردنی ئەوان نەبوایە ڕەنگە من نەمتوانیبوایە ئەو پڕۆژەیە بەو شێوە کاڕێگەرە ئەنجام بدەم، هەروها سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەسانەی پەیوندییان پێوەکردم و وێنە و زانیارییان دەربارەی شەهیدەکان بۆ ناردم، بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە لە ٩/٢/ ٢٠١٥ تا ٢٦/١٠/٢٠١٧ لە ماڵپەری کوردستان پۆستدا خوینەر بوون و هانیان دام بەردەوام بم. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە کاک "کەمال جەمال موختار" لە ڕووی هونەری و تەکنیکی و زمانەوانیش یارمەتی زۆری داوم، کە جێگەی ڕێزە. 
سوپاسی تایبەتیشم بۆ مامۆستای زمانی کوردییم شاعیر (عەبدوڵا پەشێو)، کە بەبێ بەرابەر، یارمەتی زۆری زمانەوانیمی دا، هەر هەڵەیەکی زمانەوانی لەو پەرتووکەدا هەبێت ئەوا بێگومان لە ئەستۆی خۆمە نەک مامۆستاکەم لەبەرئەوەی ئەو پێداچوونەوەی بۆ ئەو پەڕتوکە نەکردوە. سوپاسی هونەرمەندی شێوەکار ڕێبوار خالید دەکەم کە ئەرکی کێشانی هونەری بەرگی پەرتووکەکەی بەخۆبەخشی لە ئەستۆ گرت. 
بۆ مێژوو پێم باشە ئاماژە بەوەش بدەم کە تێچوون و خەرجی ئەم پەڕتوکە لە خۆم بترازێت بە یارمەتی هیچ کەسێک و لایەنێک نەبووە.
ئاشتی برایم ئەفەندی
٣١/١/٢٠٢٠ سیدنی
-----------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە