پارتى مێژوو ئاوەژوو دەكات یان قانعى فەرد خیانەت لەمیژوو دەكات ؟ (كێ تیرمان دەكات لە بیستنى هەقیقەت)

Tuesday, 31/08/2010, 12:00

1685 بینراوە


میژوو هەمیشە خوێندنەوەى جیاوازى بۆدەكرێـت و لەهەرخوێندنەوەیەكى واقیعیانەدا بەشێك لەڕاستى وەدەردەخات و بەشێكى تریش لەگومان بەرجەستە دەكات, بەڵام ئەوەى گرنكە بۆ خوێنەر مانەوەى گومانە لەسەر چیرۆكى ڕوداوەكان وخۆبەدەستەوەنەدانێتى لە ئاست سیحرى چیرۆكەكانداو گیرانەوەى ساتە بەسەرچوەكان لەڕابردویاندا .
گۆڤارى(لڤین) لە ژمارە (134) دا لەرێگەى(قانعى فەرد) ەوە دەڵێت "بارزانى بە ئۆڵسنى وتوە قازە محمد پیاویكى ترسنۆك بوە " یان دەلێت " ڕیوایەتێك لە لەندەن هەیە دەڵێت ئینگیلیزەكان بارزانیان هەڵفڕاند كە بێتە ئێران لەسەر ئەوەى كەكۆمارى مهابات بڕوخێنێت " ئەم قسە دەبێت هەڵوەستەى لەسەر بكرێت ؟ چونكە سەرچاوەمیژویەكان دەڵێن بارزانى بەرلەشۆرش و دامەزراندنى كۆمارى مهابات رۆشتوەتە مهابات , كەچى چیرۆكەكەى ئۆڵسن لەزمانى قانعى فەردەوە شتێكى تر دەگێرێتەوە ؟! هەربۆیە دەبێت مێژوى دەگێرینەوە خۆمان لەگومان بپارێزین ودەبێت ئەوەبڵێن كەڕویداوە نەك ئەوە بگیڕینەوە كە تا بەئێمەگەیشتوە چەندین سات بۆروداوەكە زیادكراوەو چەندینى تریشى لێكراوەتەوە؟! ئەگەر نا تەواوى گیرانەوەكەمان گومانى زیاتر لە ڕاست بونى دروست دەكات و دەبیتە شێواندنى مێژووكە , من قسەم لەسەرئەوەنییە بارزانى چۆن پیناسەى قازى محمد دەكات ؟ چونكە ئەوەیان عیرفانى فەرد دەلێت (ئۆڵسن) وەهاى وت .
عیرفان قانعى فەرد قسەلەسەر مێژوویەك دەكات كەئەو تیدائامادنییە و لەئێستا دەمان باتەوە بۆ ساتێكى مێژووى كە تاگەیشتو وەتە ئیستامان دەیان سیناریۆى بۆدرەستكراوەو هەركەسێك لەبەرژەوەندى خۆى چەند دێرێكى بۆزیاد كردوەو بەپێچەوانەیشەوە, ڕێك ئەوە راستە كە گومان دەكەم لە100ساڵى ئایندەدا كەسێك هەبیت بەم چەشنە ئێستا چى ڕویداوە وەك خۆى بیان گێرێتەوە بەبَى ئەوەى شتێكى بۆزیاد بكات , گومانم لەهەرچى هەبێت لەوەیاندا بیگومانم كە ئەوەى میژوو دەنوسێتەوە ڕاستگۆنییە ئەگەر هەركەسێك بێت ؟ چونكە ئەگەر نمونەیەك وەربگرین تائێستا (پارتى) باس لەوە دەكات كە " قازى محمد ئاڵاى كوردى داوەتە بارزانى و وەك ڕابەرى شۆڕشى كورد ناساندویەتى " كەچى (قانعى فەرد) دەلێت " ئەوقسەڕاست نییە " كەچى (عەلى قازى محمد) دەڵێت قانعى فەرد درۆدەكات و میژوى تێكداوە ؟ لەنێوان ئەم دوو گیرانەوەیەدا گومانێكى زۆر بەرجەستە دەبێت , ئایا پارتى مێژووەكە ئاوەژو دەكاتەوە, یان قانعى فەرد خیانەت لەمیژوو دەكات ؟.
لەبەشیكى دیارەكەیدا قانعى فەرد دەڵێت " من میژوو نوسم و قسەیەكى تازەم پێیە بۆمێژوو من لەوانە نیم بەدڵى دەسەڵات بنوسمەوە " ئەو قسەیە جواترین وتەى مێژوو نوسێكە ئەگەر لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆبێت ؟ چونكە ئەگەر میژوو نوس بەدڵى دەسەڵات یان لایەنێكى دیارى كراو هەوڵ نەدات مێژوو بنوسێتەوە ئەوا هەرگیز مێژوو بە ئاوەژوكراوى سەردەمەكان نابرێت و كەسیش ناتوانێت خیانەت لەمیژوو بكات , بەڵام ئاغاى فەرد وەك ئەوەى بەكەسێكى ئاڵۆز ناسراوە و گۆڤارى لڤیندا واهاى پێناسەى دەكات , تاچەند ئەو قسەیەى لەو پەڕى ئاڵۆزیدا نەكردوە, ئەو كە " قسەیەكى تازەى پێیە بۆمێژوو " وەك خۆى دەڵێت تاچەند لەدەروەى جەبرەكانى دەسەڵات دەتوانێت میژوو وەك خۆى بگێرێتەوە ؟ئایا میژوو نوسەكانى ترى كورد چۆن لەو قسانەى قانعى فەرد دەڕوانن ,ئەوانەى لەنزیكەوە لەگەڵ بارزانى بون و ئێستا لەژیان ماون تاچەند ڕاستگۆیانە قسەیەك زیاد دەكەن بۆ قسەكانى فەرد و تاچەند بە میژوو نەناسێك ئەژمارى دەكەن ؟
پارتى و قانعى فەرد كامیان میژوو ئاوەژوو دەكەن و كامیان تائێستا ڕاستگۆیانە لەو ساتە مێژوویەى بارزانى لەگەڵ قازى محمەد و كۆمارەكەیدا ڕاستۆگۆبون ؟ ئایا قانعى فەرد لەبەرژەوەندى دوژمونانى كورد مێژووى یەكێك لەسەركردەكانى كورد بەوشێوەیە دەگێرێتەوە و گومان لاى هەریەكەمان دروست دەكات یان ئەو ڕاست دەكات و پارتى هەمیشە میژووى وەك خۆى نەگیراوەتەوە ؟
پارتى كەخاوەنى میژویەكى درێژە لە كەوتن و هەستانەوەلەشۆڕش وخەباتكردن تاچەند لەوەڵامەكانیدا گومانەكانى ئێمە دەخاتە سەرقسەكانى ئاغاى قانعى فەرد و بڕوامان پێدەهێنێت كە قانعى فەرد جگەلە پیاوێكى ئاڵوز هیچى تر نییە؟
هەربۆیە دەڵێم لەهەمو شتیك بەگومانبن ,ڕەنگە گومان بمان باتەلاى هەقیقەت , ڕەنگە هەقیقەت لەكۆتایدا ئاشنامان بكات بە چێژى گومانەكانمان ؟ چونكە ئەوەى وەك فریشتە خۆى نیشان ئەدات ڕەنگەلەهەمویان شەیتان تر بیت , ئەوەى دەڵێت ڕاستى لاى منە ئەوە هەڵەیەكى گەورە دەكات , ئەوانەى میژوو دەنوسنەوە سەد دەرسەد ڕاستگۆنین , ئەوانەى دەقەنوسراوەكان دەخوێنتەوە خوێنەریكى جدى نین , ئەوانەى واهەست دەكەن گومان دەكەن و گومانەكانیان لەجیگەى خۆیدایە دەبیت گومان لەگومانەكانین بكرێت,هەركەسیك خیرا بكەویتە ژێر كاریگەرى دەقێك یان هەرنوسراویكى ترەوە ئەوە گەمژەترین بونەوەرى سەردەمەكەى خۆیەتى .
تێبینى : ئەم وتارە لە لاپەرى بیروراى رۆژنامەى (چەتر) لەژمارە (22) دا بڵاو كراوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە