ڕێز گرتن لە شەهیدان و بنەماڵەكەیان هەر وا دەبێت

Thursday, 30/09/2010, 12:00

2287 بینراوە



چەند بە شانازییەوە ڕۆڵەكانى ئەم میللەتە گیانى خۆیان دەخستە سەر دەستیان و بەرەو ئەو ڕێگا پیرۆزە بۆ ڕزگارى گیانى خۆیان دەبەخشى و تاجى نەمریان دەكردە سەریان , چەندە سەر بەرز بوین كە ڕۆڵەیەكمان لە سەنگەردا یان لە بن پەتى سێدارە بۆ ڕزگارى نەتەوەیەك , نەتەوەیەكى زوڵم لێكراو گیانى خۆى بەخت دەكرد , ئەم حكومەت و دەسەڵاتەى ئەمڕۆ بەرهەمى خوێنى ئەوانەیە كە بۆ ڕزگارى كورد گیانى خۆیان لا هیچ بوو , زۆر بە شەرەفەوە دكتۆراى شەهید بونیان وەردەگرت , ووڵات ڕزگارى بوو ,حكومەت و حیزب هاتە بەرهەم , نۆزەدە ساڵە ئێمە بەناو ئازادین , كەچى هەتا ئێستاش بەتەواوەتى هەواى ئازادیمان پڕ سییەكانمان هەڵنەمژیوە , ئەوانەشى بە خوێن ئەم ئازادییەیان بۆ بەرهەم هێناین ئەوەتا بێ ڕێزیان زۆر پێ دەكرێ , نەك شەهیدەكان بگرە بە بنەماڵەكانیان , بە براو خوشكى شەهیدەكانیش ,ئەو بێ ڕێزییەى تاڵەبانى لەو نامەیەدا بەرانبەر بە قارەمانترین ڕۆڵەى ئەم میللەتە كردویەتى كە شەهید جەلالى حەمەى محەیە كەس نەیكردوە , ئەمە یەكێكە لەو سەدان نمونانەى كە ئەو لێپرسراوانەى ئێستاكە لە سایەى خوێنى شەهیداندا پێگەییون و ئاوا بێ ڕێز ى دەكەن بەرانبەر بەو شەهیدانە و كەس و كارە سەربەرزەكانیان , چەندین ساڵ شەڕى ناوخۆ بوو , بە هەزاران لاوى بەش مەینەتى ئەم ووڵاتە بونە سوتەمەنى ئەو شەڕەى بەینى مەلایى و جەلالى ساڵى شەستەكان , سەرەتا شەڕ لە سەر شارێك و لوتكەیەك و ڕێگایەك بوو , كە لەوە وەڕس بوون , زانیان بەرژەوەندیەكانیان لە مەترسیدایە , بۆیە بە درۆیەكى شاخدار بۆ یەك ڕیزى گەلى كورد و پاراستنى دەستكەوتەكانى میللەت , وازیان لە تفەنگ هێناو ئینجا كەوتنە مژینى خوێنى میللەت , هەردوو حیزب و بنەماڵە دەست سوربوو بە خوێنى ڕۆڵەكانى ئەم میللەتە دەستان كرد بە دزى , بە ڕاست و چەپدا كەوتنە دزى , هەرچى هاتە بەردەستیان وەكو دەریا لوش هەڵیان لوشى , ئەوەى كردیان بەیەك كردیان , دوایش ئەو دەستانەى خۆێنى لێ دەچۆڕا ,كردیانە ملى یەكتر و دۆلاریان پێ سەفتە دەكرد , ئەمانە ئەو دەسەڵاتەن وەفایان بۆ ئەو خوێنانەش نیە كە ئەوانەى كردوە بە كەڵەگا , ئەوان بۆ ڕزگارى میللەت گیانیان بەخشى نەك بۆ دەوڵەمەند بونى خۆسەپێنەكانى ئەمڕۆ,ئەوان بۆ تاریكى مۆمیان هەڵكرد , بەعسیان ڕوخاند , نەیان زانى بەعسزادەكان تەواو نابن , بەختیارى شێخ عوسمان خاوەنى دوو براى شەهیدە , وەكو بنەماڵەى دوو شەهیدى قارەمان بێ بەش نیە لەو بێ ڕێزییەى دەسەڵاتى مافیا و نۆكەرەكانى بەرامبەر بە سەرجەم كەس و كارى شەهیدانى ئەیكەن , ئەمە دووەم جارە دەسەڵات و نۆكەرەكانى دەسەڵات , ماڵى براى ئەم دوو شەهیدە ((شەهید سەردار كە لەبەر دەم ئامادەیى ڕۆشنبیر گوللە باران كرا و شەهید ڕێبوار)) دەسوتێنرێ , تەنها لە سەر ئەوەى بیرو ڕاى جیاوازە , تەنها لە سەر ئەوەى ئەیەوێت وەكو برا شەهیدەكانى بۆ ئازادى و بەر قەرار كردنى یاساو نەمانى بێ عەدالەتى و چەسپاندنى دیموكراتی , ئەو ئامانجەى براكانى و هەزاران براى ترى لە سەر شەهید بوون بەردەوام بێت لە سەر خەبات, كەچى ناهێڵن , بەختیارەكانى كوردستان نایانەوێت خوێنى ڕۆڵەكانى ووڵاتەكەیان وون بێت , ئەوان بۆ ئەوە شەهیدیان بەخشى تا میللەت ئاسودە بێت , نە ك ئاوا سەرگەردان و ماڵ وێران بێت , وویستیان پەروەردەى بەعس نەمێنێ , بەڵام وا زیادى كرد , ئەوان بۆ ئازادى تاك و میللەت خەبات یان كرد كەچى , جەللادەكانى ئەمڕۆناهێڵن دەنگە ئازادەكان هاوار بكەن و ئازاد بن , بۆیە ماڵى بەختیاریشیان سوتاندەوە تا بە هەموومان بڵێن ئێوە مافتان نیە ئازاد بن, بۆیە سۆران و سەردەشت یان شەهید كرد تا بڵێن ئێوە ئازادیتان لێ حەرامە , ئەوەیە ڕێز گرتن لە كەس و كارى شەهیدان , بەعس جەرگى سوتاندن , وا بەعسیەكانى ئەم كوردستانەش جارێكى تریش شەهیدیان كردنەوە , بەختیار ئەیەوێت ڕێبازى ڕاستەقینەى براكانى زیندوو ڕابگرێ كەچى بە ماڵ سوتان وەڵامى دەدەنەوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە