ئارامی کۆمەڵگە بپارێزن..!

Wednesday, 25/09/2013, 12:00

1404 بینراوە





بۆ ڕای گشتی..
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی ناوخۆ

چەند ساڵێکە ململانێی سیاسیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو و دوور لە ھەموو سیمایەکی شارستانی شەقامیان کردۆتە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێکانی خۆیان و ھیچ بەھاو نرخێکیان بۆ ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە نە ھێشتۆتەوە, قوربانی ئەم سیاسەتە نا شارستانی و نامەدەنیانەش تەنھا ھاوڵاتیانی ئاسایی و گەنج و پیر و منداڵی ئە ھەرێمەن, بەشێوەیەک کە لە ھەر بۆنەو دروستکردنی نائارامیەکدا چەندین ھاوڵاتی بوونەتە قوربانی و چەندان کوژراو و برینداری لێ کەوتۆتەوە.
دیاردەی رژانە سەرشەقام و تەقەکردن و ھاندانی خەڵک بۆ شێواندنی ئارامی ھاوڵاتیان و دروستکردنی ژاوەژاو و پیسکردنی ژینگەی پاک بۆتەپیشەی ھێزە دەستەڵاتدار و حوکمرانەکانی ئەم ھەرێمە، بەمەش لاوازی و بێ متمانەیی ھاوڵاتیان بە ھێزە ئەمنیەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا دەبینین بە بەرچاوی ئەوانەوە تەقەدەکرێت و سەقامگیری تێکدەدرێت و خەڵک دەکوژرێ و ربریندار دەکرێت بێ ئەوەی ھیچ لێپێچینەوەیک ھەبێت و کەس دەستگیربکرێت، بۆیە دڵسۆزی و متمانەبوون بە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش تا ئێستاش لە ژێر پرسیاردایە. لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و کاردانەوەی چەند لایەنێکی سیاسی و سیناریۆکانی پشت تەقەکردن، ترس و دڵەراوکێ تەواوی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە و باری دەرونی ھاوڵاتیان بە جۆرێک تێکچووە کە چاوەرێی ھەموو کارێکی نەخوازراو بکەن، چونکە خەڵکی کوردستان خاوەن ئەزمونێکی تاڵە لە ئاشوب و یەکترکوژی و هتد، ئەم کارە ناشارستانیانە خەریکە دەبن بەدیاردەو دووبارە دەبنەوە و بەرێکخراوەيی دەکرێن. بۆیە ھۆشداری دەدەین لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەو رووداوانە حاڵەتی نە خوازراو و تێکچونی ئاشتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و وڵات بەرەو پشێوی دەچێت. ھەر لێرەوە رایدەگەیەنین زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم دياردانە دەکەین کە نوێترینیان ئەو تەقانەبوو کە لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بەناوی تەقەی خۆشییەوە کران و چەندان برینداری لێکەوەتەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت ھێزە دەسەڵاتدار و دەست رۆیشتووەکان ئەخەینە ژێر بەرپرسیاریەتی تێکچونی ئارامی ھەرێم و ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە لایەن ھەر تاقم و گروپێک بێت.
داواش لە سەرجەم رێکراوە مەدەنی و چالاکوانان و رۆشنبیران و خەمخۆرانی ئاشتی دەکەین ھەموو فشارەکانی خۆیان بخەنەگەر و ھەڵوێست وەربگرن بۆ ئەوەی کاری لەم جۆرە دووبارە نەبێتەوە و ئارامی و سەقامگیری ھەرێمەکەمان بپارێزین لە دەستی ھەندێ تاقم و گروپی ئاژاوەگێر و بەرژەوەندی خواز.

کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی ڕانیە
٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە