قەڵای هەولێر و ئاڵای تورکیی و ڤیەتنامیەکان!

Tuesday, 30/04/2024, 22:29

2257 بینراوە


میللەتێک کە خۆی بە داگیرکەر بڵێت، فەرموو خاک، وڵات، ئاڵا، ئازادی و کەرامەتمان بشکێنە، ئەوا ڕێک ئەوەیە کە قەڵاتی هەولێر، بە ئاڵای تورکیی پۆشرا، دەستوسنگ بۆ ئەردوغان ڕاوەستان و کڕنۆشتان برد! 
کاتێک کە مێژووی هەڵوێستی پڕ لە مۆڕاڵی میللەتانی دنیا دەخوێنینەوە، ئەوجا بۆمان دەردەکەوێت، کە لای میللەتی ئێمە، نەکەرامەتی نیشتمانی، نەکەرامەتی مرۆڤایەتی، نەکەرامەتی نەتەوەیی و تاک بەهەند وەرنەگیراوە. میللەتی کورد پێ خۆش بێت یان نا، ئەوەی کرا ئاوێنەیەکی ڕوونە بۆ میللەتانی دنیا، چاودێرانی سیاسی، خەڵکی ڕۆشەنبیری ئازادی خوازی دنیا و ناوچەکە و نێوەخۆ و دۆست و غەمخۆڕانی پرسی میللەتێکی ٤٠میلیۆنی داگیرکراو، ماهیەتی ئەو میللەتەی تێیدا ببینن. 
لە ساڵی ١٩٧٣دا کاتێک کە ئەمریکا لەسەر خاکی ڤیەتنامدا، هەندێک سەرچاوە دەڵێت ٢٥٠هەزار کوژراوی هەبووە هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ٥٨هەزار کوژراوی هەبووە، بەهەرحاڵ واتە ئەمریکا لە جەنگەکەدا شکابوو بۆیە کیسنجر داوای لە ڤیتنام کرد، کە لە پاریس دانیشن و گفتۆگۆ بکەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە و کۆتایی هێنان بە خوێنڕشتن. ڤیەتنامیەکان ڕازی بوون، شاندێکی سێ چوار کەسیان پێک هێنا و چوون بۆ پاریس، بەڵام لە هیچ هۆتێلیک دانەبەزین، لە سەفارەی ڤیەتنام لەو شاردا دابەزین و لەوێ مانەوە. 
هینری کیسنجر و لی دوس تیۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ئاشتی١٩٧٣
کیسنجر لە دنیای سیاسەتدا بە ڕێوی ناسراو بوو کە فێڵ و تەڵەکەی زۆری لەژێر سەردا بوو، بەهەرحاڵ کیسنجر پێشنیاری کرد، کە  بۆ خۆش کردنی کەشوهەوای گفتوگۆ، پەیوەندیی لەگەڵ شاندی ڤیەتنامی و هەڵسەنگاندن و هەڵخەڵاتاندیان، ئێوارەخوانێکیان بۆ ئامادە بکەن، لەگەڵیاندا لەسەر یەک سفرە کۆببنەوە و بزانن دەگەن بەچی؟ ئایا دەتوانێت بیانکڕێت یان هەوڵبدات بە ڕێگەی گفتوگۆی دیبلوماسی سازشیان پێ بکات. بە ئۆتۆموبیلی شاهانە ئەمریکیەکان چوون بۆ سەفارەی ڤیەتنامی و بانگێشتەکەیان گەیاندە دەست شاندی ڤیەتنام. 
ئەوان پرسیاریان کرد گوتیان، ئەم بانگهێشت کردنە بۆ نان خواردن مانای چییە؟ لە وەڵامدا ئەمریکیەکان گوتیان، لێرە بەدواوە هیچ بەستەڵەیەک و کۆسپێک لەنێوانمان نەماوە و ئێمە هاورێی یەکترین. ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان، نەخێر ئێمە هاوڕێ نین، بەستەڵەکیی نێوانمان هەرماوە، ئێمە دوژمنی یەکترین، ئێوە وڵاتی ئێمەتان داگیر کردووە، هاتووین لەگەڵتان لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەین و پێتان بڵێن، ئەگەر خاکی ئێمە بەجێنەهێڵن، ئەوا ئێمە دەگەڕێنەوە و شەڕتان دەکەین، ئامادە نین سازش لەیەک بستی خاکی وڵاتەکەمان بکەین، دەجەنگین بۆ گەڕانەوەی سیادەی ڤیەتنام، لەگەڵ ئێوەشدا لەسەر یەک خوان دانانیشین و نان ناخۆین. سەرەڕای هەڵوێستی شاندەکە، ئەوجا ئەمریکا ناچار کرا، ملکەچی داوای ڕەوای ئەو میللەتە بێت، لە ٢٧/١/١٩٧٣دا ڕێککەوتن واژۆ کرا، بۆ ڕاگرتنی شەڕ، دەرچوونی سوپای ئەمریکا لەو وڵاتە و بەرقەرار بوونی ئاشتی لە ڤیەتنام.
 ئەم خۆڕاگریەی ئەو کاتی سەرکردایەتی ڤیەتنام، یەکێک بوو لە هۆ گرنگەکان، کە ڤیەتنامیەکان خۆڕاگر بوون لە جەنگ دژی ئەمریکا، کە یەکێک بوو لە وڵاتە هەرە بەهێزەکان، بەبەراورد بە ڤیەتنامیەکان کە شەڕی پارتیزانی و جەنگەڵیان دەکرد. ئەمریکا خاوەن سوپایەکی پتەوی پڕ چەکی، تۆکمەکراو بە تەکنەلۆژیای ئەو کات، بەکارهێنانی چەکی بەکۆمەڵکوژی، ئەوجاش ڤیەتنامیەکان  لەسەر خاکی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا دوای ساڵانێکی زۆری بەرەنگاری و ئەمریکایان دەرپەڕاند.  لەو  بەروارەدا واتە ساڵی ١٩٧٣دا بوو، کە سەرانی کورد لە باشووری کوردستاندا، ئەمڕۆ ئاسا بەشێکیان ببوون بە جاشی حکومەتی بەغداد و ڕایانکردبووە میسر. بەشەکەی دی لەژێر سێبەری ڕوسیا لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری بەعس ڕێککەوتبوون، هاوکات کڕنۆشیان بۆ شای ئێران دەبرد، هەنووکە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، نەوەی هەمان سەرانی کورد، بەشێکیان کڕنۆشبەری تارانن، بەشەکەی دیان کڕنۆشبەری ئەنقەرەن، بۆیە تا ئێستا ئەو میللەتە هەر ژێر دەست، خاک داگیرکراو، وەک میزی حوشتر هەر بەرەوە دواوە دەڕوات.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە