ڕاپەڕین لە نێوان ئامانج و ئەنجامدا!

Saturday, 10/03/2012, 12:00

4283 بینراوە







لەم ڕۆژانەدا یادی 21 ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردوستان دەکەینەوە لە دژی ڕژێمی بەعس ، ڕاپەڕینێک کە دوایین کوچکی لە سێکوچکەی (فاشیزم-نازیزم-بەعسیزم) ی بۆ هەتاهەتایە ڕاماڵی، هەر بەم پێودانگەش دەکرێت ئەو ڕاپەڕینە بە یەکێک لە ڕاپەڕینە گەورەکانی دونیا ئەژمارد بکرێت(سەرەڕای بوونی تێڕوانین وپێناسەی جیاوازو جۆراوجۆر لە سەری).

جێگەی خۆیەتی دوای 21 ساڵ ئەو پرسیارە سادەو سەرەکییە بوروژێنین : ئایا ئامانجەکانی ئەم ڕاپەڕینە گەورەو مێژووییەی خەڵکی کوردوستان چی بوون؟! ئەی ئەنجامەکانی چی بوون؟! ئایا ئامانجەکان و ئەنجامەکان ئاراستەیەکی ڕاستەوانەیان هەیەو تەریبن بە یەکتر یان ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانەیان هەیە؟!

بە بڕوای من ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ی خەڵکی کوردوستان، لە بڕگەی یەکەمیدا (واتە لە بڕگەی ڕاماڵینی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بەعس)دا تەواوی ئامانجەکانی بە دەستهێنا و، لە ماوەیەکی کورتداو بۆ یەکجاری توانی تەواوی مۆڵگەو سەربازگە زۆرو زەبەندەکانی بەعس ڕابماڵێت، وێڕای هەوڵ و تەقەلای زۆری پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردوستان و دەولەتانی ناوچەکەو تەنانەت ئەمریکاش، بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامانجە گرنگەی ڕاپەڕین (واتە ڕاماڵینی بەعس)، لە ڕێگەی هێنانەوەی بەعس بۆ کوردوستان لە شکڵی لیژنەکانی تەنسیق و سەپاندنی میتۆدی مفاوەزات لە گەڵ بەعس بە سەر کۆمەڵگای کوردوستاندا، بەڵام خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردوستان زۆر هۆشیارانە(تەنانەت هۆشیارانەتر لە پارتە سیاسیەکانی) ملی نەدا بە تێکشکاندنی ئەو ئامانجە گرنگەو سووربوونی خۆی نواند لەوەی کە ڕاپەڕین دەبێت ئامانجی یەکەمی(ڕاماڵینی بەعس) بە دیبێنێت، ڕەنگە ئەو نەوەی سەردەمی ڕاپەڕین لە بیری بێت کە کاتێک خەڵکی کوردوستان بۆ جاری دووەم پەلاماری ئەو هێزە سەربازییەی بەعسی دا کە هاتبوون بۆ پارێزگاری لە لیژنەکانی تەنسیقی بەعس، هەر لەوکاتەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی ئەو کارەیان بە ئاژاوەگێڕی و زیان گەیاندن بە پرۆسەی ئاشتەوانی نیشتیمانی وەسف کرد، بەلام خەڵکی کوردوستان زۆر لە سیاسەتمەدارەکانی ئاگاهانەتر بەردەوام بوو لە بە جێگەیاندنی بڕگەی یەکەمی ڕاپەڕین.


بەڵام ڕاپەڕین لە بڕگەی دووەمیدا(واتە بڕگەی لەناوبردنی بەعسیزم و کولتوری بەعسیانە) نەک سەرکەوتنێکی بە دەستنەهێنا، بەڵکو لە هەندێک جێگەدا شکستی یەکجار گەورەشی بە سەرهات، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. من هەوڵ دەدەم بە کورتی و لەم وتارە کورتەدا هەندێک نموونە بهێنمەوە لە سەر ئەوەی کە ڤایرۆسی بەعسیزم نەک لە ناو نەچووە لە ناو لەشی کۆمەڵگای ئێمەدا بەڵکو توانای نەش و نماکردنیشی هەیە!!

لە ڕووی سیاسییەوە: شەڕو پەلاماردانی بارەگای پارتە سیاسییەکان و ڕێگەگرتن لە هەڵسوڕانی سیاسییان، لە کلتورە ناسراوەکانی بەعسیزمە و تا ئێستاش و دوای ٢١ ساڵ لە ڕووخانی بەعس درێژەی هەیە، من پێم خۆش نییە ئەو تاقیکدنەوە تاڵانە بە بیر خەڵکی کوردوستان بێنمەوە بەڵام زۆربەمان لەو سەردەمە تاڵەدا ژیاوین و لە بیرمانە ئەم پارتە دەسەڵاتدارانەی کوردوستان (کە ئێستا لە ماری ئاشقەو ماشقە دەچن، وا لە یەک ئاڵاون)، سەردەمانێک بە هۆی پیادەکردنی کولتوری بەعسیزمەوە مافی ژیان و هەڵسوڕانی سیاسیان لە یەکتر قەدەغە کردبوو. ئێستاش بە هەردووکیانەوە لە ئۆپۆزسیۆنی قەدەغە دەکەن

کێ لە ئیمە دیمەنی پیاوە قاپوت ڕەشەکەی 17 ی شوبات کە بە دەمانچەوە پەلاماری خەڵکی سیڤیل دەدات ، دیمەنی پیاوەکانی بەعسی ناهێنێتەوە بیر کە لە هەمان شوێندا پەلاماری خەڵکی خۆپیشاندەریان دەدا، رەنگە جیاوازییەکە تەنها ئەوەندە بێت کە ئەوان بە عەرەبی جنێویان دەداو ئەم بەکوردی، یان ڕەنگە ئەوەی ئەو، وێنەی نەگیرابێت بەڵام ئەمەی پاڵتۆ ڕەشەکە لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادایەو، هەموو جوڵەیەکی وێناگیرابێت.

بواری ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین:

سەرەڕای بوونی چەندەها ڕۆژنامەو گۆڤارو دەزگای بینراوو بیستراو،سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی کوردی زۆرترین شانازی بەم بوارەوە دەکات کە گوایە کلتورێکی جیاوازتری لە سەردەمی بەعس هێناوەتە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە بەڵام بەعسیزم لەم بوارەدا زۆرترین ئامادەیی هەیە، هەر لە لێدان و گرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسەوە هەتا تۆمەت هەڵبەستن بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازادو بوێر، پەراوێز خستنی قەڵەمە بوێرەکان و کڕین و بە کارهێنانی لەشکرێک لە قەڵەمە کرێنووسەکان(ئەوانەی کە قەڵەمەکانیان تەنها بۆ پیاهەڵدان مەرەکەبی تیایە)، لە سیما دیارییەکانی کلتوری بەعسن کە تا ئێستاش بە داخەوە درێژەی هەیە!

بواری ئابوری و خزمەتگوزاری:

ڕەنگە زیادە ڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ڕاپەڕینی 1991 لە دابینکردن و داسەپاندنی سیستەمێکی جیاوازتری ئابوری لە سیستەمی سەردەمی بەعس گەورەترین شکستی هێناوە، سەروەت و سامانی یەک بەرپرسی پلە ٦و ٧ ئێستای کوردوستان زۆر زیاترە لە سەروەت و سامانی کۆی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەوسای بەعس، ئەمە ئەگەر هیچمان پێنەڵێت، ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە گەندەڵی ئابوری لە ئەوجی خۆیدایەو، کۆی سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگا لە چنگی تاقمێکی حیزبیدا کۆبۆتەوە و، لە ناو ئەوانیشدا سکرتێرو سەرۆکی حیزب بووەتە قوتبێکی ئابوری وا گەورە، کە تەنانەت ئیمکانی ئەوەش نییە لە خەونیشدا بیر لە لابردنیان بکرێتەوە.

سەرەڕای بوونی بودجەیەکی یەکجار گەورە بەڵام بێکاری و هەژاری و گرانی لە کوردوستاندا لە هەڵکشاندایەو، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان لە داکشاندایە، ڕێگاوبان باشتر نەبووە و کارەباو ئاو خراپتر بووە.

ئەنجام:

کلتوری بەعس و بەعسیزم لە کوردوستاندا، هێندە زەربەی بەرنەکەوتووە لە دوای ڕووخانی بەعسیش، کە تەنانەت شوێنی بازگەکان و شێوازی پرسیارو گفتوگۆی بەشێکی زۆر لە بازگەکان هەمان شوێن و شێوازی جارانە، جاران بەعس زۆر هەدەفمەندانە بازگەی یان لە سەرەولێژیدا یان بەپێچەوانەوە دادەنا، تەنها بۆ بێزارکردنی خەڵک بوو، پرسیارەکان کە کارمەندانی ئەو بازگانە دەیانکرد هیچ نەبوون جگە لە وەڕسکردن.

" لە کوێوە هاتوون و بۆ کوێ دەڕۆن" پرسیاری ئەوسای بازگەکانی بەعس بوون، هیچ ئامانجێکی نەدەپێکا جگە لە بێزارکردن و خۆخزاندنە ناو کاروباری تایبەتی کەسی پرسیار لێکراوەوە، کەچی دوای 21 ساڵ نە شوێنی بازگەکان گۆڕان و نە شێوازی پرسیارکردنەکە، من نازانم کارمەندی بازگە چی ئەنجامگیرییەک بە دەست دەهێنێت ئەگەر من ڕاست وەڵام بدەمەوەو بڵێم بۆ هەولێر دەڕۆم یان بە هەڵەو بڵێم بۆ کەرکوک، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو وەڵامی ڕاستی دەست نەکەوتووە و دڵنیا نییە کامیان ڕاستن!!

بە بڕوای من بۆ گۆڕینی کولتوری بەعس و بەعسیزم لە کۆمەڵگای ئێمەدا و جێگرتنەوەی بە کولتورێکی مۆدێرن و ئینسانی، پێویستمان بە ڕاپەڕینێکی تر هەیە، دەکرێت ڕاپەڕینێکی چەکداری نەبێت وەک ئەوەی 1991، بەڵکو دەکرێت ڕاپەڕینێکی فەرهەنگی و هۆشیاری و ڕۆشەنبیری بێت کە پایە سەرەکیەکانی بەعسیزم لە بنەوە هەڵتەکێنێت و بڕگەی دووەمی ئامانجەکانی ڕاپەڕین بە دەست بهێنێت کە کۆتایی هێنانە بە بەعسیزم لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە