ئەمە ئەو رۆحەیە کە ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستمانە

Saturday, 14/03/2015, 12:00

7606 بینراوە


(رۆژی یەکشەمە رێکەوتی ١٥/٠٣ کۆڕێک دەربارەی شێخ مارف بەرزنجی لە ستۆکهۆڵم دەگیرێت. لەم کۆڕەدا فلیمێک پیشان دەدرێت کە کاک "عەبدوڵا ئەحمەد" ئامادەی کردووە. کاک عەبدوڵا لە سلێمانییەوە بەم دیارییەی دەستییەوە گەشتۆتە سوید.)
ساڵی ١٩٠٩ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمودی نەمر لەگەڵ شێخ ئەحمەدی کوڕی و ژمارەیەکی تردا لە شاری موسڵ بە فیتی تورکی شۆڤینیی و دەسیسەی کۆمەڵێک بازرگانی سلێمانی شەهید کران. دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیی کەوتە لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە. بەڵام یەک کەس لە ئەنجامدا سزا نەدرا.
ساڵی (١٩٢٣)ش لە شاری کەرکوک فەرتەنەیەک لە ناو بازاڕەوە نرایەوە. هێزی لیڤی کە بۆ شەڕی دژی کورد لە سلێمانی گەشتبوونە کەرکوک کەوتنە کوشتاری دانیشتوانی کەرکوک. زیاد لە پەنجا کەس کوژارو و برینداری لێ کەوتەوە. هێزی لیڤی لەشکری ئینگلیز بوو لە خەڵکی ئەو وڵاتەی داگیری کرد بوو. بە رستەیەکی تر، جاشی ئینگلیز بوون. دەستەڵاتی ئینگلیزو حکومەتی عێراقەکەی چەند کەسێکیان گرت و حوکمیان دان. بەڵام پاش ماوەیەک هەموویان بەردران.
ئەم دوو روداوەو دەرئەنجامەکانیان ئەوە دەردەخەن کە ئەو کوشتارانە بە دەستێکی تری دەستەڵاتی حوکم ئەنجام درابوون.
مارف بەرزنجی لە هۆنراوەیەکدا دەڵێت:

لەم سەدە بەرزەی زانست و فەننا
هەر تۆ خنکاوی لە ناو بۆگەنا
بێ بەش لە مێژووی نەژادانی خۆت
بێگانەیەکن رۆڵەکانی خۆت.

بەڵام کاتێک لە یادی شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨دا کە حوکمی مەلیکیی لابرد، بە دەسیسەی ئینگلیزو کۆمپانیاکانی نەوتی کەرکوک ئاژاوەیەک نرایەوەو کوشتاری لێ کەوتەوە، ئیتر دوژمنی کورد بە هەلی زانی. شێخ مارف و کەسانی وڵاتپارێزی تریان تێوەگلان. بەرەبەیانی ٢٣/٠٦/١٩٦٣ شێخ مارف بەرزنجی و شێخ حسێن، دووبرا، دوو پارێزەر، دوو چەپ، دوو ئەدیب لەگەڵ ٢٦ کەسی تردا لە کەرکوک لە دار دران. لەناوبردنی شێخ مارف، شێخ حسێنی برای و هاوەڵەکانیان نموونەیەک بوون لە سڕینەوەی تێکۆشەرانی کورد لە مەیدانی سیاسییدا. دەرئەنجامی ئەم تاوانە تا ئێستاش شتێکی سەیرمان دەخاتە روو:
ئەو کەسانەی کە دەستەڵاتە خوێنڕێژەکان کوشتوونی جگە لە خۆیان کەسوکاریشیان بەر سزا کەوتوون. بۆ نموونە، جاری وا هەیە کە نەوەی ئەو کەسانە بۆیان نییە پۆستی گەورە وەربگرن لە حکومەتدا یان سامان و موڵکیان دەستیان بەسەردا دەگیرێن. لە کاتی ئاساییدا دوای لەناوچوونی ئەو دەستەڵاتانە ئەو بڕیارانە لە لایەن حکومەتی تازەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە ساڵی (١٩٦٣)ەوە هەتا ئێستا شێخ مارف، شێخ حسێن و هاوەڵەکانیان ئەو یاسایانە لەسەریان لانەبراوە کە بە گوێرەیان لە دار دران و ناهەقییان پێ کراون. ئەم دیاردەیە پرسیار دەخاتە سەر دەستەڵاتی ئەمڕۆش بە تایبەتیی لە رەوشی سیاسیی کورددا لە کەرکوک.
لە دروستبوونی حکومەتی هەرێمدا زیاد لە نیووەی خاکی باشوری کوردستان وازی لێ هێنراوە. کەرکوک بەشێکە لەم خاکە وازلێهێنراوە. خاکێک وازی لێ هێنرابێت شەهیدەکانیشی پێم وانییە ئاسایی بێت توانیبێتیان مافی خۆیان وەربگرنەوە. هەتا ئێستا هەموو پارتە کوردییەکانی باشور باسی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی خاکی دابڕاو دەکەن. ئەمەش هیچ نییە جگە لە گوزراشت لە وازهێنان لە خاکی نیشتیمان. ئەگینا وەکو پێشتر وتوومە ئەگەر راست دەکەن با داوای دەستنیشانکردنی سنوری کوردستان بکەن.
بۆیە دەستبردن بۆ کەسانی وەکو مارف بەرزنجی تەنها باس نییە لە کەسێکی شاعیر، چیرۆکنوس، رەخنەگرو تێکۆشەر. بەڵكو دەرخستنی رەوشی سیاسیی ئەو خاکەشە کە ئەوانی لەسەر بەرز کرانەوە تا ئاستی مردن.
شێخ حسەین بەرزنجی دانەری ئاوازی ئەی رەقیب بوو. لەگەڵ شیخ مارف و دڵداری شاعیردا لە سەرەتای چلەکاندا لە کەرکوک رێکخراوی "دارکەر"یان دروست کرد. دوای ئەوە لقی کەرکوکی پارتی هیوایان دامەزراند. مارف بەرزنجی هەتا ئێستا گرنگییەکی تەواوی پێ نەدراوە. مێژوویەکی درێژ بەرهەمەکانی بە هۆی باری ناهەمواری کوردستانەوە قەدەغە بوون. بەسەرکردنەوەی مێژوویەک لە رێگای کەسانی وەکو شێخ مارفەوە هەڵبژاردنێکی چاک و بەبڕشتە. چونکە مرۆڤ لە پشت ئاوێنەی کەسێکەوە دەنەڕێت کە ئەمە رۆحێتی:

"یەک شت هەیە کە دڵی من ئەداتەوە. ئەویش ئازادیی گیانمە. ئەم گیانەم دیل نەکردووە. تا ئەمڕۆ سەرم بۆ ئارەزوی هەواو هەوەس، نان و خوان، کۆشک و دەستەڵات دانەنواندووە. رێگای سەختی شەرەفم هەڵبژاردووە. لەم کۆمەڵ و دەسگایەدا یا ئەبێت رێگای ئازادیی بگریت کە سەختە. یان رێگای دیلیی کە ئاسانە بۆ بێ گیانەکانی."
کاتێک هه‌وڵی رزگارکردنی به‌رزنجی له‌ مردن ئه‌ده‌ن ئه‌و کێشه‌که‌و موراڵی لا گرنگتره‌ له‌ ژیانی خۆی. بۆیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی خزمێکی ئه‌داته‌وه کە دەیەوێت بە پلانێک مارف بەرزنجی لە بەندیخانە دەربهێنێت:

"له‌ بیرێکی زۆر ته‌سکه‌وه‌ سه‌رنجی ژیان ئه‌ده‌یت. هیمه‌تی ناوێت ئه‌گه‌ر بمه‌وێت به‌ نامه‌ردیی رزگار ببم. هه‌ر منیش نیم. خه‌فه‌ت بۆ من مه‌خۆ! زۆرباش ئه‌زانم چی ئه‌که‌م و چیم له‌ رێگادایه‌. مردن هه‌ر مردن نییه‌. منداڵی منیش باوکی نامه‌ردی ناوێت. منیش بڕۆم هه‌موو ئینسان که‌سوکاری منداڵی منن."

خواتان له‌گه‌ڵ
27/04/1961
سجنی به‌غداد


ئەمە ئەو رۆحەیە کە سەدان کەس پێی چووە بەردەمی قەنارە.
ئەمە ئەو رۆحەیە کە هەزارەها پێشمەرگە دەستی پێ دایە چەک.
ئەمە ئەو رۆحەیە کە کوبانی پێی راوەستا.
ئەمە ئەو رۆحەیە کە فەوتا:
خوێنی شەهیدان کرا بە دۆلار.
چارەنوسمان درایە دەست بازرگان و قاچاخچی.
پیسخۆریی بوو بە کانسەرو تەنییەوە.
کێشەی خاک و میللەت بوو بە یاری مندڵان.
ئەمە ئەو رۆحەیە کە ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستمانە.

ناسر حەفید
ئۆپسالە- سوید





سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت

------------------------------------------
تێبینی:
رۆژی یەکشەمە 15 / 3 / 2015 لە ستۆکهۆڵم لە شیستا کۆڕیک بۆ شێخ مارف بەرزنجی دەگیرێت. لەم کۆڕەدا فلیمێکی دۆکۆمێنتیی نمایش دەکرێت. ئەم فلیمە لە لایەن میدیاکار "عەبدوڵا ئەحمەد"ەوە ئامادە کراوە. کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یەتەبۆری چالاکییەکەی ساز کردووە. هاتن بۆ هەموو لایەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە