ئیدارەى گەرمیان و دیوەخانی ئاغا

Saturday, 08/05/2010, 12:00

1323 بینراوە


ئەڵێن رێبوارێک رێی دەکەوێتە گوندێک و لەکاتی نانی نیوەڕۆدا خۆی دەکات بە ماڵی ئاغاى گونددا، کاتێک پیاوەکانی ئاغا پێشی دەکەون و دەیبەن بۆ دیوەخان، کابرا کە چاوی بە دیوەخان دەکەوێت دەبینێت دیوەخانەکە 10 مەتر درێژیی و 5 مەتر پانییەکەیەتی، بەڵام بۆ نانی نیوەڕۆ یەک دۆڵکە ماستاوو نانێکی بۆ دەهێنن، بۆ ئێوارەش 2 هێلکەى کوڵاوو نانێکی بۆ دەهێنن، ئیدی کابرا بە بەرچاوی ئاغاوە هەڵدەستێت پێ بە پێ حسابی درێژی و پانی ئەو دیوەخانە دەکات، ئاغا لێی دەپرسێت کابرا ئەو چ دەکەی، دەڵێت وەڵڵا منیش کە رۆشتمەوە لەماڵەوە دیوەخانێکی وا گەورە دروست دەکەم، ئاغاش دەڵێت دانیشە دیوەخانی وا گەورە بە تۆ بەڕێوە نابرێت، کابراش دەڵێت جا توخوا ئاغا لەدیوەخانێکدا سێژەمە نان و ماستاوو هێلکەى کوڵیو دەرخواردی میوان بدرێت ئیتر بۆ ناتوانم نەک دیوەخانێکی 10 مەتری، بەڵکو دیوەخانێکی 20 مەتری بەڕێوە ببەم.
ئا ئەمەیە ئەو بەندە کە بیلزەبت ئیدارەى گەرمیان دەگرێتەوە، جا توخوا ئیدارەیەک تەنها ناوێک گەورەو ماڵێکی وێرانە بێت و تەنها بۆ دڵخۆشکردن و رازیکردنی گەرمیانییەکان بێت، ئیدی بۆ ناتوانین نەک ئیدارەیەکی وا، بەڵکو 10 ئیدارەى وا کارتۆنی بەڕێوە ببەین، کەواتە نەبوونی باشترە وەک لەوەى حکومەت بیکات بە منەت و هەر رۆژەى بەرپرس و سەرۆک حکومەت و کابینەیەک دێت بە موزایەدەوە دەڵێت حسابی پارێزگا بۆ ئیدارەى گەرمیان دەکەین و پێویستە گرنگی پێبدرێت.
دەبینین ماوەى چەند ساڵێکە گەرمیان لەژێر ناوی فەرمانگەیەکدا لەسلێمانی دابڕێنراوەو لەژێر چەترێک ئێکسپایەردا بە ناوی (ئیدارەى گەرمیان) دامەزرێندراوە، ئەوەى جێی نیگەرانی گەرمیانییەکانە ئەو ناوە زەبەلاح و ناوەڕۆکە بەتاڵەیە، بە ناوی ئیدارە، واتا رێبەر یان بەڕێوەبردن، ئەسڵەن نەک گەرمیان، بەڵکو رێبەرایەتی خودی خۆشی نەکردووەو بەڕێوەنەبردووە.
ئەمڕۆ گەرمیان پێویستی بەوە نییە بە دابڕاندنی لەپارێزگاى سلێمانی و لەژێر ناوێکی زەبەلاحدا هەڵبخەڵەتێنرێت، چونکە بۆمان روونبووەتەوەو دەرکەوتووە کە تەنها لەپێناو گەورەکردنی چەند بەرپرس و کەسێکدا کراوە بە ئیدارەیەکی تایبەت، نەک لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵکو کارو کردەوەکانی رابوردووى ئەو ئیدارەیە ئەو راستییەى سەلماندووە.
ئاخر چ پێویست دەکات دوو قەزاو ناحیەیەک (کفری و کەلارو رزگارى) لەشێوەى پارێزگایەکدا گردبکرێتەوە، بەڵام چۆن پارێزگایەک، ناوێکی گەورەو ناوەڕکێکی بەتاڵ، لەهەر ویلایەتێکی ئەمریکا واتا پارێزگا یان کانتۆن هێندەى هەموو کوردستان گەورەیە، بەڵام لای ئەوان خزمەتکارى و گوزارى گرنگە نەک پارچەپارچەکردن، کەچی لێرە هەر دوو شار کراوەتە پارێزگایەک بە کەمترین خزمەت و خزمەتگوزارى وەک ئیدارەکەى لای خۆمان.
بۆمان روونبووەتەوە کە لەبەرخاتری چاوی کاڵی گەرمیانییەکان نییە کە لەراگەیاندنەکانەوە هەمیشە ئەو قەوانە لێدەدرێتە (پێویستە بایەخ بە گەرمیان بدرێت)، بەڵام روونە بایەخدانەکەى بە نەوتەکەیەتی نەک خەڵکەکەى، ئەمەش کەرکووکمان دەهێنێتەوە یاد کە هەموو حزب و دەسەڵات و سیاسییەکان بازرگانی پێوە دەکەن و هێندەى گرنگی بە دروشم و نەوتەکەى دەدەن، هیچ گرنگی تەنها تاکێکی ئەو شارە نادەن، ئێمەی گەرمیانیش هەروا.
ئەگەر ئەو ئیدارەیە دابخرێت بەدڵنیاییەوە مەسروفێکى کەمتر لەحکومەت کەم دەبێتەوەو بڕە پارەیەکیش دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانى میللەت، چونکە باشترە مەسروفاتى دەیان مۆنیکاو وەنەوشەى بەرپرسەکانی و چەندین ئۆتۆمبیل و بودجەو نەسرییەى ئیدارەکە بکرێتە پرۆژەیەکی خزمەتگوزارى باشترو قازانجترە.
لەخۆڕا نییە حکومەتی هەرێم گەرمیانی پاشگوێ خستووەو گرنگی ئیدارى پێنادات، چونکە حکومەت وای لێکداوەتەوەو دەڵێت ئەوەنییە گەرمیان خاوەنی ئیدارەى خۆیەتی و دەتوانێت رێبەرایەتی خۆی بکات، بۆیە دەبینین بەرپرسانی حکومەت تەنها لەکاتی هەڵبژاردن و بۆنە خەماوییەکاندا سەردانی گەرمیان دەکەن و بیریان دەکەوێتەوە، باشتر وایە نەهێڵرێت و لایەنی ئیدارى سەرەوە گرنگی پێبدات.
مافی خۆمانە بپرسین ئیدارەى گەرمیان چی دەکات و چی کردووە؟، ئەى بۆ داهاتوو چی دەکات؟، دەخوازین لەبرى ئیدارەیەکی کارتۆنی بە ناوی ئیدارەى گەرمیان، پارێزگاو ئیدارەى سلێمانی و حکومەت گرنگی زیاتر بە گەرمیان و گەرمیانییەکان بدات، جا ئیتر کەیفی خۆتانە لێم وەردەگرن یان نا بەندە ناڕازیم لەئەداو بوونی ئەو ئیدارەیە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە