پاسەوانەكانی دكتۆر بەرهەم هێرش دەكەنە سەر رۆژنامەنوسێك

Friday, 16/04/2010, 12:00

1281 بینراوە


پاش ئەوەى ئەمڕۆ پۆلیسەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا بە مەبەستی ئەوەى بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان نەگۆڕدرێت كە چەند رۆژێكە بڕیاردراوە (حسێن مەنسور) بەڕێوەبەری پۆلیسی گەریمیان لەپۆستەكەى لاببرێت.
بەو مەبەستە كامێرامانێكی تەلەفزیۆنی مەحەلەی ئازادی لەكەلار بە دووری 1000 مەتر هەستاوە بە وێنەگرتنی خۆپیشاندانەكە، بەڵام پاسەوانەكانی دكتۆر بەرهەم سەرۆكی حكومەت هێرشی تونیدان كردووەتە سەری و برینداریان كردووە، شكور ئەحمەد تۆفیق كامێرامانی تەلەفزیۆنی ئازادی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنە وتى "تەلەفۆنم بۆ كرا كە خۆپیشاندانێك هەیەو بچم وێنەى بگرم، پاش ئەوەى چوومە ئەو شوێنەو بە دوورى 1000 مەتر دەستم كرد بە وێنەگرتن، كەچی لەناكاو پاسەوانەكانی دكتۆر بەرهەم هێرشیان كردە سەرم و پێیان وتم كە وێنە نەگرم، منیش پێم وتن لەتەلەفزیۆنی ئازادی كاردەكەم و رۆژنامەوانم، وتیان قەدەغەیەو نابێت وێنە بگریت، پاشان من سوور بووم لەسەر ئەوەى كە كارى خۆم ئەنجام بدەم، بەڵام بە توندی هێرشیان بۆ هێنام و دەرگاو زوومی كامێراكەیان شكاندم و پاشان كامێراكەیان لێسەندم و بردیان".
شكور ئەوەشی وت پاسەوانە تایبەتییەكانى دكتۆر جگە لەوەی زۆر قسەى ناشیرین و نەشییاویان پێ وتم و بە مستەكۆڵە كەوتنە لێدانم و عەزیەتێكی زۆریاندام، ئێستا كامێراكەم لەلای ئەوانەو بردوویانە".
بورهان ئەحمەد وەك شایەتحالێك كە بینیویەتی لەو رۆژنامەوانەیان داوە وتى "زۆر بە بێ بەزەییانە هێرشیانكردە سەر ئەو رۆژنامەوانەو لێیاندا، بۆ دكتۆر بەرهەم دەڵێم تۆ بۆ تیماركردنی برینەكان هاتی یان بۆ تێهەڵدانی رۆژنامەنووسان".
شایەنی باسە بۆ بەشداریكردن لەمەراسیمی یادكردنەوەى ئەنفال و گوێگرتن لەداواكارییەكانی خەڵكی گەرمیان، دكتۆر بەرهەم دوو رۆژە لەگەرمیان ئامادەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە