چوار ساڵ دۆڕان لە بەغدا

Tuesday, 09/02/2010, 12:00

1534 بینراوە


چوار ساڵی ململانێی سیاسیی و بەشداریی سەرکردایەتیی کورد لە سەرۆکایەتیی پارلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی حکومەت و دەزگاکانی تر لە بەغدا تەواوبو. دوای چوار ساڵ، لەبری بەهێزبونی پێگەی کورد و چەسپاندنی دەستکەوتەکان، ئێستا گومان لە بەهێزیی پێگەی کورد دەکرێت. ئەو دەستکەوتانەی کە لە عێڕاقی نوێدا بەدەستهاتبون و چارەنوسساز بون، ئێستا لەدەستدانیان لە مەترسیی دایە.
سەرکردەکانی کورد ئەو چوار ساڵە عێڕاقیی عەیار بیست و چوار بونە. هەمیشە عێڕاقییانە بیریانکردۆتەوە. کەمتر لە بیری کوردستاندا بونە. هەرە باڵاکەیان خەمی ئەو پۆستەی هەبووە کە چەند ساڵێکە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پێیدەناسرێ. ئەندام پارلەمانەکانی هاوپەیمانیی کوردستانیی، بەبەراورد بە زۆرێک لە لیستەکانی دیکە، تەنها لەسەر ئیمتیازاتەکانی خۆیان بە وەڵام بون. وەزیرەکان دەستکەوتێکی وایان دیار نییە.
ئێستا کاتییەتی چەند پرسیارێکی سادە بکەین. ئەوان پێیان وابووە زۆرترین داکۆکییان لە مافەکانمان کردووە زۆرترین دەستکەوتیان هێناوەتەوە لە بەغدا. بەڵام؛
ئایا زمانی کوردی لە عێڕاقدا بۆتە زمانی رەسمیی؟ ئەگەر بەڵێ بۆ رۆژێک لە پارلەمان کوردێک بە عەڕەبیی قسەینەکرد خۆ بیستمان ئەندام پارلەمان هەبووە عەڕەبیی نەزانیووە؟
ئایا گرێبەستە نەوتییەکانی کورد جێگیر کراون؟ بۆچێ نازانین پارەکەی بۆ کوێ ئەڕوات؟
ئایا %17ی پشکی هەرێم بە یاسا چەسپاوە؟
ئایا پرسی پێشمەرگە چارەسەرکراوە؟ بۆچی پێشمەرگە لە ناوخۆی هەرێم یەکینەگرتۆتەوە؟ ئەگەر ئێوە یەک پێشمەرگە و یەک ئاساییشتان نەبێ، چۆن ئەتووانن بەو هێزەوە بەرامبەر بەغدا بووەستن؟ بۆ نایکەنە هێزێکی نیشتیمانیی؟
ئایا عێڕاق هەر لای میدیای یەکێتیی و پارتیی عێڕاقی فیدڕاڵە یان شتێکی بەو جۆرە لە بەغداش هەیە؟ ئایا هیچ کۆڕ و کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتیی هەیە عێڕاق بە عێڕاقی فیدڕاڵ ناوی هاتبێ؟ تاڵەبانی خۆی باوەڕی پێ نییە، ئاخر ئەگەر باوەڕی پێبووایە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی ئەتنوسی "کۆماری عڕاقی فیدڕال نەک کۆماری عێڕاق، جمهوریه‌ العراق الفیدرالیه‌ نەک جمهوریه‌ العراق و Republic of Federal Iraq نەک Republic Of Iraq."
ئایا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا چۆنن؟ بۆچی پەیوەندییەکان هێشتا هی بنەماڵەکانن لەوەی ببن بە پەیوەندیی نەتەوەی کورد بە حکومەتی بەغداوە؟
ئایا کەرکوکی "دڵ و قودس" بەرەو کوێ ئەڕوا؟ بۆچی هێشتا دو دەزگای ئاساییش، پۆلیس و پەروەردەتان لە کەرکوک هەیە؟
ئایا مادەی 140 چی بەسەر هاتووە؟ بۆچی ئیبڕاهیم جەعفەری گوتی سەرکردایەتیی داوای جێبەجێکردنی ئەو مادەیەیان لە من نەکردووە تا من جێبەجێیبکەم؟
ئایا دەستور ئەگەر هەموار بکرێتەوە گەرەنتیی چییە لە بەرژەوەندییەکانی کورد نادرێتەوە؟
ئایا بۆ ئەوەندە هەوڵ بۆ ئەوە ئەدەن عێڕاقێکی بەهێز دروستبکەن و کوردستانێکی لاواز؟ بۆچی لە بەغدا ئەتووانن جلە کوردییەکانتان فڕێبدەن بەڵام لێرە ناتووانن برای یەکتر بن؟
ئایا سود لە چی دایە عێڕاق لەژێر بەندی حەوت بێتە دەرەوە؟
ئایا بۆ بە تەلەفۆنێک واز لە داخوازییەکانی کورد دەهێنن؟
ئایا ئەم هەمو سازشانە لەپێناو چی؟ بۆچی هاشمی سازش ناکات و لای ئەمریکا هەر حیسابی بۆ ئەکرێ و کورد بەو هەمو سازشانەشەوە هێشتا ئەمریکا وەک هاوپەیمان داینانێ؟
ئایا ئێوە چیتان لەوە دەستکەوتووە کە ئەڵێن ئەمریکا هاوپەیمانی ئێمەیە، بۆچی ئەمریکا کورد بە هاوپەیمانی خۆی دانانێ؟
ئایا ئێوە ئەمجارە ئەگەر بتانەوێ بە خەڵک بڵێن دەنگمان بۆ دەدەن، چۆن هەڵیان دەخەڵەتێنن؟
پێشنیارێکم بۆتان هەیە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بڵێن "دەنگمان بۆ بدەن بۆئەوەی ئەوەی کە ماوە لە بەغدا بیدۆڕێنین."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە